Print
 
 سه‌رۆك ‌و راوێژكاره‌كانی‌
نوسه‌ر:  عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی‌
Sunday, April 14, 2013

ئه‌و داوایه‌ی‌ هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵات ئاراسته‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانیان كرد له‌ڕێگه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌، مشتومڕێكی‌ گه‌وره‌ی‌ دروستكردوه‌‌ و جێگه‌ی‌ بایه‌خه‌ چ لای‌ ئه‌وانه‌ی‌ په‌یوه‌ستن به‌ پرسی‌ یاسا و ده‌ستوره‌وه،‌ چ لای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌.

ئه‌گه‌رچی‌ پاش ماوه‌یه‌كی‌ كه‌می‌ كۆبونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆن، هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ نه‌ ئه‌وان‌ و نه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم داوای‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ خولی‌ ئێستای‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیان كردبێت، به‌ڵام لێدوانی‌ راوێژكاره‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت له‌ ئێستا‌دا هه‌ریه‌كه‌ له ‌سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ‌و هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵات ‌و به‌تایبه‌ت پارتی‌ دیموكرات سه‌رقاڵی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ لێكدانه‌وه‌یه‌كی‌ دروستن بۆ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، تا له‌و گرفته‌ رزگاریان بێت‌و سه‌رۆكی‌ ئێستای‌ هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌‌ و دیموكراسیانه‌ بتوانێت خۆی‌ بۆ خولێكی‌ تری‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم بپاڵێوێت.

به‌وردبونه‌وه‌ له‌خودی‌ كێشه‌ دروستكراوه‌كه‌ ئه‌وه‌مان بۆ رونده‌بێـته‌وه‌ له‌هه‌مو حاڵه‌تێكدا یه‌ك مه‌به‌ست له‌ ئارادایه‌، ئه‌ویش سێباره‌ خۆپاڵاوتن ‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌ و پارتی‌ دیموكرات بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ ئه‌و كاره‌ش ده‌بێت یاساناسان هه‌وڵبده‌ن كه‌لێنێك له‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمدا بدۆزنه‌وه‌ و ئه‌وكاره‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ له‌ روكاردا تێپه‌ڕببێت، ئه‌مه‌ش هیچ له‌و راستییه‌ كه‌م ناكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م هه‌وڵ‌و داوایه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ روحی‌ دیموكراسییه‌و پێشێلكردنی‌ نه‌ریتێكی‌ ئاشكرای‌ شێوازی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ دیموكراسییه‌ كه‌ خۆی‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ بۆ ماوه‌ی‌ دو خول بۆ هه‌ر كه‌سێكدا ده‌بینێته‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ دیموكراسی‌ بوه‌ته‌ كەلتور له‌لایەن هیچ سه‌رۆك‌و یاساناسێك به‌دوای‌ كه‌لێن‌و چه‌مانه‌وه‌ی‌ یاساكاندا ناگه‌ڕێت‌و هه‌ر سه‌رۆك خۆی‌ پاش ته‌واوكردنی‌ واده‌ی‌ یاسایی‌ ده‌ست له‌و پۆسته‌ هه‌ڵده‌گرێت‌و پابه‌ندی‌ نه‌ریتی‌ شێوازی‌ ئاشتیانه‌ی‌ ئاڵوگۆڕی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌بێت‌و ئاماده‌ نییه‌ مێژوی‌ سیاسی‌ خۆی‌‌و ده‌ستكه‌وته‌كانی‌ له‌پێناو خولێكی‌ نوێی‌ سه‌رۆكایه‌تیدا ناشیرین بكات، ئه‌مه‌ وێڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك‌و رای‌ گشتی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ش له‌ ئاستێكدان هیچ كه‌سێك ناتوانێت ئه‌م نه‌ریته‌ پێشێل بكات، با له‌وه‌ش گه‌ڕێین كه‌ لێكۆڵه‌ره‌ زانستییه‌كان پێیان وایه‌ هه‌ر كه‌سێك ته‌نها ده‌توانێت له‌ ماوه‌ی‌ 8 ساڵدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش‌و سه‌ركه‌وتوانه‌ له‌ پۆستێكدا بمێنێـه‌وه‌و داهێنانی‌ خۆی‌ بكات، له‌ دوای‌ ئه‌وه‌وه‌ ئه‌و توانایه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌ له‌و بواره‌دا به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی‌ داده‌به‌زێت‌و ناشێت به‌رده‌وام بێت له‌و پۆسته‌دا.

هه‌ربۆیه‌ بۆ پاراستنی‌ ناوبانگی‌ سیستمی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ كوردستان‌و سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و هه‌ر سه‌رۆكێكی‌ تری‌ ئێستا‌و داهاتوی‌ سێ‌ پۆسته‌ گرنگه‌كه‌مان (هه‌رێم‌و حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان) واباشتره‌ راوێژكاره‌كانیان نه‌گه‌ڕێن به‌ دوای‌ كه‌لێنه‌ یاساییه‌كاندا بۆ شكاندندنی‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین كۆڵه‌كه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌، كه‌ ئێمه‌ به‌درێژایی‌ 22 ساڵی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ خۆمان تاقیمان نه‌كردوه‌ته‌وه‌، ئه‌و نه‌ریته‌ی‌ به‌سه‌نگی‌ مه‌حه‌كی‌ هه‌ر كه‌س‌و سیستمێك دێته‌ ئه‌ژمار بۆ باوه‌ڕبون به‌ شێوازی‌ ئاشتیانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌گه‌رنا گه‌ڕان بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ته‌فسیرو كه‌لێنی‌ یاسایی‌ له‌م هه‌رێمه‌ی‌ ئێمه‌دا كارێكی‌ هێنده‌ زه‌حمه‌ت نییه‌و ده‌كرێت به‌ ئاسانی‌ هه‌ریه‌كێك له‌ سه‌رۆكه‌كان زیاد له‌ 20 ساڵ به‌م ته‌فسیرو لێكدانه‌وانه‌ له‌ پۆسته‌كانیاندا بمێننه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئێمه‌یه‌ك كه‌ نه‌ده‌ستورمان هه‌یه‌و نه‌ دادگایه‌كی‌ ده‌ستوری‌‌و نه‌ ده‌زگایه‌كی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌هێز تا رێبگرێت له‌ خستنه‌پێشی‌ به‌رژوه‌ندی‌ تاك‌و حیزب به‌سه‌ر به‌رژوه‌ندی‌ گشتیدا.

راوێژكاره‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم پێویسته‌ لێگه‌ڕێن وڵات به‌ ئاقاری‌ دیموكراسیانه‌دا بڕوات‌، سه‌رۆكی‌ ئێستای‌ هه‌رێمیش له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حیزبه‌كه‌یدا به‌ به‌شداری‌ سیاسی‌ مۆدێرن خزمه‌تی‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ كوردستان بكات، ئه‌گه‌رنا پێویسته‌ گه‌ل فاتیحه‌یه‌ك بۆ سیستمی‌ دیموکراسی‌‌و قبوڵكردنی‌ جیاوازی‌و رۆحی‌ ئاشتیانه‌ی‌ ئاڵوگۆڕی‌ ده‌سه‌ڵات بخوێنێت‌و راوێژكاره‌كانیش بگه‌ڕێن، به‌دوای‌ ناوێكی‌ دیكه‌دا بۆ سیستمی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ هه‌رێم، هه‌ر شتێكیشی‌ ناوده‌نێن گرنگ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ناوی‌ نه‌نێن دیموكراسی‌.
Sbeiy.com © 2007