|
دید و هه‌ڵسه‌نگاندنێک بۆ حوکمڕانی بارزانی |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Thursday, April 18, 2013 |
مه‌لا مسته‌فا و کورد
کورد دوای به‌یانی ئازار، به هه‌مو توێژ و ره‌وت و گروپه‌کان و ته‌نانه‌ت باڵی جه‌لالی و کادره سه‌ره‌تاییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران له ده‌وری خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا کۆبونه‌وه و به‌سه‌رۆکی کوردیان ده‌زانی. مه‌لا مسته‌فا، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆربه‌ی باڵی جه‌لالی بۆ ناو پارتی، له‌سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌کانی پارتی و رێکخراوه‌کانی سه‌ر به‌پارتی پشکێکی به‌رچاوی به‌رپرسیاریه‌تی به کادره‌کانی دا له‌وانه (شه‌هید ئارام، شه‌هید مامۆستا عه‌زیز، خوالێخۆشبو شێخ دارۆ، عەبدولرەزاق فه‌یلی، سه‌ربه‌ست بامه‌رنی، سالار عه‌زیز، محەمەد قه‌ره‌داغی و چه‌ند به‌ڕێزێک له کادره ناوداره‌کانی باڵی جه‌لالی به‌پێی به‌یانی ئازار له‌سه‌ر پشکی کورد له لایه‌ن پارتیه‌وه له سیلکی دیبلۆماسی دامه‌زرێندران و... هتد).
کاتێک له ئازاری 1975 شه‌ڕ ده‌ستی پێکرده‌وه مه‌لا مسته‌فا چه‌ندین پۆستی هه‌ستیاری ناو شۆڕشی دا به کۆنه کادره‌کانی باڵی جه‌لالی، که نه‌واتی کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانیان دروست کردبو (مام جەلال نوێنه‌رێکی تایبه‌تی خۆی بو، شه‌هید خاڵه شه‌هاب به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌مو فرۆشگاکانی شۆڕش بو، شه‌هید ئارام به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئیداره‌ی دادی شۆرش بو، شه‌هید جه‌باری حاجی ره‌شید سه‌رپه‌رشتیکاری هه‌مو ئۆردوگاکانی خوێندکاران بو، خوالێخۆشبو شازاد سائیب له رێکخراوهکای شار مابوه‌وه و چه‌ندین کادری پێشمه‌رگه و رێکخراوه‌یی تر پێگه‌ی به‌رپرسیاریه‌تیان له ده‌زگاکانی شۆڕشدا هه‌بو). مه‌لا مسته‌فا، وێڕای ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی باڵی جه‌لالی شه‌ڕی خه‌ستیان کردبو و به سه‌دان پێشمه‌رگه و کادریان له یه‌کتر کوشتبو، باوه‌ڕی وابو راستکردنه‌وه‌ی یه‌کڕیزی کورد به کرده‌وه نه‌ک ته‌نها به‌قسه دێته‌دی.
مسعود بارزانی و به‌راوردکردنێک
پاش دروستبونی گۆڕان مسعود بارزانی له گه‌ڵ دروستکردنی کابینه‌ی دوه‌می مالیکی پێداگری کردبو ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت پۆستی یه‌ک فه‌راش بدرێت به گۆڕان ئه‌و به‌شداری حکومه‌ته‌که‌ی ناکات، به‌ڵام زۆر بێده‌نگ بو به‌دانی پۆستی وه‌زاری به کوتله‌ی عه‌ره‌بی خاوه‌ن چه‌ند کورسیه‌ک، مسعود بارزانی چه‌ندین جار به که‌سانی ده‌وری خۆی وتوه: وێڕای ره‌وایه‌تی چه‌ند داوایه‌کی گۆڕان، به‌ڵام رازی نابێت بۆیان جێبه‌جێ بکرێت، چونکه ئه‌وان نیه‌تیان به‌رانبه‌ری باش نیه. مسعود بارزانی زۆرجار به سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی وتوه له گه‌ڵ گۆڕان رێکه‌ون و ئه‌م سهرئێشهیهمان له کۆڵ بکه‌نه‌وه، مەسعود بارزانی له کاتی رێکه‌وتنی ده‌باشان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بو و له په‌یوه‌ندیه‌کی ته‌له‌فۆنی له گه‌ڵ یه‌کێک له سه‌رکرده دێرینه‌کانی شۆڕشی ئه‌یلول ئه‌وپه‌ڕی توڕه‌یی و ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر به رێکه‌وتنه‌که ده‌ربڕیوه و به‌پلانێک دژ به‌خۆی له قه‌ڵه‌می داوه. ئه‌م کارانه بێجگه له نانبڕین و سزادانی سیاسی و سته‌مکاریه‌کی زۆر له رۆژنامه‌نوسان و رۆشنبیران وسوتاندنی باره‌گاکانی یه‌کگرتوی ئیسلامی و گۆڕان، که له‌ماوه‌ی حوکمڕانیدا له لایه‌ن حیزبه‌که‌ی و یه‌کێتی و کارمه‌ندانی حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه ئه‌نجام دراون. ئه‌مانه به‌رامبه‌ر هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆنێکی فه‌رمی یاسایی کراون بێئه‌وه‌ی یه‌ک فیشه‌کیشیان ته‌قاندبێت.
دو سه‌رده‌می زۆر جیاواز له زۆر روه‌وه، به‌ڵام جیاوازی به‌رچاوی نێوان مه‌لامسته‌فا و کوڕه‌که‌ی له نیهتدایه. ده‌شێت نیه‌ت خۆی له گه‌ڵ کاتدا بگونجێنێت، به‌ڵام کاتێک ده‌که‌وێته به‌ر جهرزرهبهی کات و گۆڕانکاریه‌کان و له ده‌ست خاوه‌نه‌که‌ی ده‌رده‌چێت ئیتر ئاراسته‌کردن بۆ گه‌یشتن پێی زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت. خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خۆی بهقهناعهتێکی جێگیر و چه‌سپاو کوردایه‌تی ده‌کرد و شه‌ڕه‌که‌ی بۆ کورد بو، جا هه‌رچۆنێک بۆی کرابێت کورد بۆ ئه‌و له مه‌قامی یه‌که‌مدا بوه، مه‌لا مسته‌فا ده‌یتوانی به یه‌ک دو وشه قبوڵی دابڕانی که‌رکوک له ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی بکات و توشی شه‌ڕی دڕنده‌ترین رژێم نه‌بێته‌وه، ئه‌وه‌ی نه‌کرد، چونکه هیچ کات نیه‌تی نه‌بوه سازش له سه‌ر که‌رکوک بکات.
بارزانی کوڕ له‌و ساته‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆکی هه‌رێمی گرتۆته ده‌ست نیشانه‌کانی چه‌ندین نیه‌تی ناجێگیر و گۆڕاو و نه‌گونجاوی له گه‌ڵ یه‌کتردا پیشان داون. ناڕونی و نائارامی سیاسی و نه‌بونی سیاسه‌تێکی جێگیر ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌رچاویان له ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌یدا هه‌بوه، وه‌ک شێوازی مامه‌ڵه‌کردن و ئاراسته‌کردنی کێشه‌کان له گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی هه‌رێم و تایبه‌ت گۆڕان، که‌م ده‌نگی و که‌نارگیری له سزادانی تاوانبارانی 17 شوبات، ته‌م و لێڵی ده‌رباره‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی کوردی، سروشتی ته‌ماوی ئه‌سڵی کێشه‌کان له گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی و پراکتیزه نه‌کردنی کاری یه‌کلاییکه‌ره‌وه بۆ که‌رکوک و ناوچه‌کانی تری دابڕێنراو له کوردستان، ناشه‌فافی و گومانێکی بێئه‌ندازه سه‌باره‌ت به نه‌وتی هه‌رێم، هه‌وڵه‌کانی وه‌ک گه‌مه‌که‌رێکی خاوه‌ن نه‌وت و گاز بۆ داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی وزه له ناوچه‌که و له ئاستی ئه‌وروپیشدا (به‌سه‌رکه‌وتنی ئه‌م هه‌وڵانه نمونه‌ی حوکمڕانی کورد بازدانێکی سیاسی و ئابوری زۆر مه‌زن ده‌دات) له ئێستادا زۆر گه‌وره‌ترن له تواناکانی هه‌رێم و زلهێزه‌کانی دنیای نیگه‌ران کردوه (ئه‌مەریکا و روسیا)، گرژی و ئاڵۆزی له گه‌ڵ ئێران و ته‌نانه‌ت له گه‌ڵ هاوپه‌یمانه ستراتیژیه‌که‌ی و چه‌ند بابه‌تێکی تریش. زیاده بۆ ئه‌مانه‌ش بارزانی متمانه‌ی سه‌ره‌کی به بازنه‌یه‌کی داخراوی ده‌وروبه‌ری خۆی هه‌بوه و ئه‌و بازنه‌یه مه‌قامی یه‌که‌می هه‌بوه بۆ پێگه و پله‌کان و بۆ تۆکمه‌کردن و کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته ره‌هاکانی هه‌رێم و ئاکامه‌که‌ی دروستبونی توێژێکی ده‌سه‌ڵاتداری ئۆرۆسترۆکراسی دابڕاو بوه.
ئه‌م نائارامی و داخراوه‌یی و کۆکردنه‌وه‌ی (کۆمپاکت کردنی) ده‌سه‌ڵاته‌کان زه‌مینه سه‌ره‌کیه‌کانی زۆربه‌ی ئه‌و کێشه و ئاڵۆزیانه‌ن که له ئێستادا روبه‌ڕوی سیسته‌می سیاسی و حوکمڕانی بونه‌ته‌وه. بۆیه وێڕای ئه‌وه‌ی بارزانی به رێژه‌یه‌کی زۆری ده‌نگ بۆته سه‌رۆکی هه‌رێم، وه‌لێ نه‌یتوانیوه و ناتوانێت وه‌ک مه‌لا مسته‌فا کورد له‌ده‌وری خۆی و سهرکرداتیهکهی کۆبکاته‌وه. ده‌بوا ئه‌م کاره زۆر ئاسانتر بوایه بۆی وه‌ک له‌وه‌ی سه‌رده‌می مه‌لا مسته‌فا، سه‌رده‌مێک که ته‌نها ئیراده‌ی خۆی و میلله‌تێكی سته‌م لێکراو و چه‌ند تفه‌نگێکی کۆنی له‌به‌رده‌ستدا بو به‌رامبه‌ر به دوژمنێکی دڕنده و به‌هێز و ره‌وشێکی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی زۆر ناله‌بار و بێ متمانه، له کاتێکدا بارزانی کوڕ حوکمڕانی خۆماڵی و ئازادی و نه‌مانی مه‌ترسی گه‌وره له‌سه‌ر کورد و بایه‌خ و پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی و پاره‌یه‌کی زۆری له به‌رده‌ستدا هه‌بون و هه‌ن.
ئه‌م سهردکردنهی سه‌ره‌وه سڕینه‌وه‌ی کاره باش و ده‌سکه‌وته‌کان نیه که له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی بارزانیدا هاتونه‌ته‌دی، بۆ من پاراستن و گه‌شه‌پێدانی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێم له سه‌ر ئاستی ناوچه‌که و دنیا له مه‌قامی یه‌که‌مدا دێت، مه‌سه‌له‌ی نه‌وت، وێڕرای ناشه‌فافی و قۆرخکردن و داخراوه‌یی له ئێستادا، به‌ڵام بهپێرهوکردنی سیاسه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی دروست ده‌بێته بنه‌مایه‌کی سه‌ره‌کی گه‌شه‌کردنی ئابوری و که‌ره‌سه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی بۆ ده‌وڵه‌تی کوردی، باشبونی گوزه‌رانی خه‌ڵک و تا راده‌یه‌کی زۆر به‌رچاویش پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم و کردنه‌وه‌ی هه‌رێم به‌ڕوی دنیای ده‌ره‌وه‌دا له ریزبه‌ندی کاره باشه‌کاندان.
ئه‌م دو لایه‌نه له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بارزانیدا هاوسه‌نگ نین، باشبون و گه‌شه‌کردن له ئاستی ده‌ره‌وه و ئاڵۆزی و گرژی له ئاستی ناوه‌وه، بۆیه ره‌وشێکی تایبه‌ت خوڵقاوه که پێویست به هه‌ڵوه‌سته‌ی ورد وجدی هه‌مو لایه‌نێک ده‌کات.
ئه‌م ره‌وشه چیه و به‌ره‌و کۆێ ده‌مان بات؟
هه‌ندێک له به‌رپرس و نوسه‌رانی پارتی به دژایه‌تی و لێکترازانی یه‌کریزی نێوماڵی کورد وه‌سفی ده‌که‌ن، شیکردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی دور له راستی، ئه‌م دۆخه نه دژایه‌تیکردنه بۆ بارزانی و نه بۆ پارتی، به‌ڵکو گۆڕانکاری و واقیعێکی تازه‌یه. واقیعێک وێناکێشی نیه‌ت و خواسته‌کان وه‌ک ئه‌وان مه‌به‌ستیانه دانهڕشتوه. وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم و پارتی هه‌وڵیشیان داوه له گه‌ڵیدا مامه‌ڵه بکه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ناخ و ده‌رونیاندا دید و هه‌ڵسه‌نگاندنی گوماوی پێشوه‌ختیان لێی هه‌بوه نه‌توانراوه تێهه‌ڵکێشی هزر و هاوکێشه‌کانی خۆیانی بکه‌ن و شتێکی نوێی لێ گه‌ڵاڵه بکه‌ن، لێره‌وه، به‌ده‌ر له موجامه‌له‌ی سیاسی و دانوستانی بێ به‌رهه‌م و نزیکبونه‌وه‌ی مه‌وسمی، لێكترازان و دابڕان سه‌ریان هه‌ڵداوه. له‌به‌رئه‌وه‌ی بارزانی نه‌یتوانیوه راشکاوانه و جێگیر و دادپه‌روه‌رانه هیوا و ئومێده گه‌وره‌کانی هاوڵاتیانی گۆڕه‌پانی حوکمڕانی رابگرێت و بیان هێنێته‌دی، ده‌بینین له به‌شێکی وێستگه‌کانی کاره‌کانیدا ته‌نیا ماوه‌ته‌وه و روبه‌ڕوی ناڕه‌زایی و ره‌خنه بۆته‌وه و ته‌نانه‌ت ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت دو دڵیه‌کی زه‌ق به هاوپه‌یمانیه ستراتیژیهکهوهی دیاره.
له‌م واقیعه تازه‌یه‌دا به‌ره‌ی ناڕه‌زا نه که‌من و نه نهفامیشن و بونه‌ته هێزێکی کاریگه‌ر و پشتگوێ خستن و پهراوێزکردنیان له خزمه‌تی پرسی نه‌ته‌وه‌ییماندا نابێت.
هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات و رێکه‌وتن
له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه له‌م هه‌رێمه‌ی ئێمه‌دا مێژو حوکم ده‌کات، رابه‌ر و سه‌رکرده و حیزب و بنه‌ماڵه و شه‌رعیه‌تی شۆڕشگیری و فه‌رمانده‌ی ئازا و فه‌رمانده‌ی سه‌رکرده و... به‌شێکی ره‌وایه و مافی خۆیانه. وا رۆیشتوه که ئیرسی حوکمڕانی مێژو هه‌ره‌می و توند و تۆکمه و داخراوه، وێڕای چه‌ند هه‌ڵبژاردنێک و به‌رۆیشتنی کات تا ده‌هات یاسا و رێساکانی مێژو به‌شێوه و شێوازێک خۆیان ده‌سه‌پاند که گه‌رده‌لوله‌که‌ی زۆربه‌ی زاده‌ی سه‌رده‌می نوێی هه‌ڵلوشیوه (زۆربه‌ی پێکهاته‌ی کابینه‌کانی هه‌رێم و کاراکته‌ره کاریگه‌ره‌کان و به‌رپرسانی ده‌زگا گرنگه‌کان له چه‌ند بهڕێزیكی بازنه داخراوه‌کان تێنه‌په‌ڕیوه و چه‌ند باره‌ش بونه‌ته‌وه). حوکمڕانی مێژو بۆ به‌رده‌وامبونی ده‌بێت به‌رده‌وام که‌ره‌سه‌کانی ژیانی دابین بکات و خۆی بژێنێت، له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌کات زۆر زو په‌ژمورده ده‌بێت، بۆیه مێژو شۆڕشگێڕ و خه‌باتکه‌ر و کوڕانی خۆی کرده پاسه‌وانی شوراکانی و فه‌رمانبه‌ر و موحاسبی جه‌مع و ته‌رحی ده‌سکه‌وت و مایه، لێره به‌دواوه پرسه‌کانی حوکمڕانی و دیموکراسی بونه ده‌سکه‌لا "ره‌واکه‌ی" حوکمی مێژو و ره‌ونه‌ق و به‌هاکانیشیان کاڵ بونه‌وه. له گێژاوی ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا هیوا، هیوای نه‌ته‌وه‌یه‌ک که له خودی ئه‌و مێژوه‌دا گردار و به‌جۆش بو، وه‌ک تارماییه‌ک به‌کزی به‌رچاو ده‌که‌وێت. هه‌ر هه‌مان مێژو هیوای زاده‌ی سه‌رده‌مانی دڵسۆزی و وه‌فاداری خۆی کرده سوته‌مه‌نی ئێستای. مه‌خابن ئه‌مه ئاکامێکی نه‌خوازیاری زیاتر له بیست ساڵ حوکمڕانی خۆماڵیه. لێره‌دا بێ ویژدانیه هه‌مو به‌رپرسیاریه‌تی بخرێته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وان به‌رپرسی یه‌که‌من و پشکی گه‌وره‌ی ئاراستهکردنهکهش به‌ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌یه.
له‌م پرۆسه‌یه‌دا که له سه‌ره‌تاوه به‌و شێوه‌یه هاتبو هه‌ره‌مێکی ده‌سه‌ڵات دروستبوه، له‌و هه‌ره‌مه‌دا ده‌سه‌ڵات و پێگه بۆ دامه‌زراوه‌کان و په‌رله‌مان و پسپۆڕ و شاره‌زاکان هاوته‌ریبن له گه‌ڵ وه‌لا و گوێرایه‌ڵیان بۆ لوتکه و راگرتنی لوتکه‌که. رێکه‌وتنی ستراتیژی که له ئاکامی بێ متمانه‌یی و ترس له یه‌کتر سازکرا ئه‌و هه‌ره‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتی وه‌ک که‌عبه‌ی مه‌که له به‌رگێکی ره‌ش ئاڵاند و له‌سه‌ر "موئمنینی" تاپۆ کرد و "کفار" که‌سانی نامۆ پێی په‌راوێز کرد، ئیتر بوارێکی ئه‌وتۆ نه‌مایه‌وه بۆ نوێگه‌ری و گۆڕانکاری و ملمڵانێی ره‌وا و ئیبداع له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هاوکێشه‌یه. لێره‌دا ئه‌رکی سه‌رۆکی هه‌رێم بو، که سه‌رۆکی هه‌مو توێژ و هێز و گروپ و که‌مایه‌تیه‌کانی مهملهکهتهکهیهتی، رێگری بکات له‌وه‌ی هه‌ره‌م و رێکه‌وتن ببنه "عه‌سا جادوگهریهکهی" ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی و له مه‌قامی یه‌که‌مدا به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌سه‌ڵاته‌کانی دو هێز پارێزراو بن. مه‌خابن ئه‌مه‌ش نه‌کرا و تا ده‌هات هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات و رێکه‌وتن به‌جوته ده‌ستیان له گه‌ردنی هیواکان توند ده‌کرد و بڕیاریان له ئاینده ده‌دا. ئه‌زمونه‌کانی ناڕه‌زایی خه‌ڵک و خۆپیشاندانه‌کان و به 17 شوباتیشه‌وه فێریان کردوین له سایه‌ی هاوکێشه‌ی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات و رێکه‌وتن سه‌روه‌ری یاسا و سه‌ربه‌خۆیی سیسته‌می داد و سه‌ربه‌خۆیی په‌رله‌مان و دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی... تاد هه‌ر وه‌ک خه‌ونه‌کانی هیوا مه‌زنه‌که‌ی جاران ماونه‌ته‌وه. ئه‌م دامودەزگا و چه‌مک و خه‌ونانه له بونیه‌ت و به‌رده‌ڵانی ئه‌و هه‌ره‌م و رێکه‌وتنه‌دا پهنگدراون و پێده‌چیت له ئێستادا هیچ ده‌رفه‌تێکی ده‌ربازبونیان نه‌بێت.
لێره‌دا زۆر دروسته پرسیارێک ئاراسته‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم بکه‌م: ئه‌گه‌ر به‌ڕێزتان هاوڵاتیه‌کی ئاسایی ئه‌م مه‌مله‌که‌ته بونایه و ئه‌وه‌ی هه‌زارانی وه‌ک من باسی ده‌که‌ن به هه‌ست و ده‌رک و چاوی خۆت بیان بینیت و قه‌ناعه‌تیان پێ بهێنێت، چیت ده‌وت و هه‌ڵوێستت چۆن ده‌بو؟
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم
له‌م رۆژانه‌دا بابه‌تی هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم زۆر گه‌رم بوه. زۆریش باسکراوه و له‌سه‌ری نوسراوه، مرۆڤ ده‌بێت واقیعبینانه بیربکاته‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن بکات، نه‌ک بۆ ته‌سلیمبون به واقیع، به‌ڵکو بۆ مامه‌ڵه‌کردنی دروست و له هه‌مان کاتیش‌دا خهڵقاندنی ئه‌گه‌ری نوێ.
که‌سێک هه‌یه بڕوا بکات که سبه‌ینێ ( X – ئێکس، له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ره‌م و رێکه‌وتن) ده‌بێته سه‌رۆکی هه‌رێم و بواری پێده‌درێت ده‌سه‌ڵاته‌کانی به‌کاربهێنێت، یا پارتی و یه‌کێتی پشتگیری بکه‌ن و کێشه و کێشمه‌ی بۆ دروست نه‌که‌ن، خوازیارم وابێت، به‌ڵام ئه‌وه بێگومان وانابێت . کۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌پێی رێکه‌وتنی شه‌راکه‌ت 8 ساڵه جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمه، تازه به‌تازه و له‌غیابی مام جەلال دا بچێک ئاوڕی لێده‌ده‌نه‌وه و بهپینهکردن لیوایه‌کی بۆ دروست ده‌که‌ن و چه‌ند هه‌واڵێکی بۆ یه‌که‌م جار له ماڵپه‌ڕی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم بڵاوده‌که‌نه‌وه. ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و کاره ده‌یان پرسیار و ده‌ریایه‌ک له گومانی لای هاوڵاتیان دروست کردوه. خه‌ڵک گه‌مژه نیه و وه‌ک ده‌وترێت له‌م سه‌رده‌مه‌دا کاغه‌زی سپی ده‌خوێننه‌وه.
خاڵێکی تری گرنگ له‌م ره‌وشه‌دا کێشه‌ی ئۆپۆزسیۆن و زۆر تایبه‌ت گۆڕان له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا پابه‌نده به سیسته‌می سیاسیه‌وه. پێداگری له سیسته‌می په‌رله‌مانی کرۆکی مه‌سه‌له‌که‌یه، به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ده‌سکه‌وته ئه‌گه‌ر له ئێستاشدا ئه‌وه‌نده کاریگه‌ری نه‌بێت، به‌ڵام بۆ نه‌وه‌کانی ئاینده ده‌بێته بنه‌مایه‌کی به‌هێز بۆ حوکمڕانیه‌کی دروستی سه‌رده‌مانه. پێم سه‌یره باس له‌وه ده‌کرێت که لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن بیر له کاندیدێکی هاوبه‌ش بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌که‌نه‌وه، چۆن ده‌کرێت باوه‌ڕت به سیسته‌مێک نه‌بێت و کار بۆ گۆڕانی بکه‌یت و خۆتی بۆ کاندید بکه‌یت.
ئه‌م راستیانه پێمان ده‌ڵێن گۆڕانکاری له‌م سیسته‌مه‌دا بێ به‌رچاوڕونی بۆ ئهلتهرنهتیڤاکان و بێ ئاماده‌سازیه‌کی پته‌و بۆ ئه‌گه‌ره‌کان کارێکی مه‌حاڵ نیه، به‌ڵام ئه‌سته‌مه و نرخێکی زۆر ده‌خوازێت. له دۆخی ئێستادا هه‌لومه‌رجه بابه‌تی و مهوزوعیهکان بۆ ئه‌و بازدانه نه‌گه‌ییون و له‌بار نین.
باسکردن و پێداگری کردن له بڕگه‌ی یاساکان و چه‌مکه‌کانی دیموکراتیه‌ت و شه‌رعیه‌ت کاری زۆر سودمه‌ندن بۆ هوشیارکردنه‌وه و گه‌یانی په‌یام به ده‌سه‌ڵات. ئه‌و سه‌رده‌مانه به‌سه‌رچون چیان بوێت به‌ئاره‌زوی خۆیان بیکه‌ن، ئه‌مڕۆ له به‌رده‌م هه‌ر هه‌نگاوێکیان ده‌یان پرسیار و له‌مپه‌ر دروست ده‌بێت. له هه‌مان کاتیش‌دا ده‌بێت ئه‌م هه‌ڵمه‌ته وا پیشان نه‌درێت که هه‌مو ئامانجه‌کانی ده‌پێکێت تا چاوه‌ڕوانیه‌کی ناواقیعیانه که‌ڵه‌که نه‌بێت.
به‌لای منه‌وه شتێکی ئه‌وتۆ ناگۆڕیت ئه‌گه‌ر که‌سایه‌تیه‌کی هه‌مان هه‌ره‌م ببێته سه‌رۆکی هه‌رێم و به‌هه‌مان نیه‌ت و شێواز حوکمڕانی بکات. گرنگه یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌ریم که ره‌هه‌ندێکی نیشتمانی هه‌یه هه‌موار بکرێته‌وه و بۆ په‌رله‌مانی بگۆڕدرێت و ئه‌نجا باس له کاندیده‌کان بکرێت.
ده‌نگه‌کانی ناڕه‌زایی و میلۆدیاکهی زۆر جوان به‌رچاو ده‌که‌ون و هه‌ستیار به‌رگوێ ده‌که‌ون، ته‌نها سیسته‌مێکی دیموکراسی ره‌سه‌ن ده‌توانێت ئه‌وانه له ئامێز بگرێت. ئێمه خاوه‌نی ئه‌و سیسته‌مه نین و بۆئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ونه گه‌وره‌یه‌مان وه‌ک خه‌ونه‌کانی تر نه‌کرێته قوربانی "قه‌زا و قه‌ده‌ر" ده‌بێت ژیرانه و به‌سه‌بره‌وه مامه‌ڵه بکه‌ین. |
|
|