|
سیاسه‌تی (ده‌سکه گوڵه‌که‌ی) ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Friday, May 17, 2013 |
وروژاندنی بابه‌ته‌کانی مانه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم له پۆسته‌که‌یدا و ئایندهی ده‌ستوری هه‌رێم، باسکردنی جۆراوجۆریان لێكهوتهوه و ده‌روازه‌کانی ناکۆکی و ململانێکانی نێو هێزه‌کانی کوردستان و له‌ناو رای گشتیشدا واڵاتر کرد. ئاکام دۆخێکی ته‌ماوی و گرژ و ئاڵۆز سه‌رتاپای دۆخی باشوری کوردستانی ته‌نیوه، که‌سێک نیه بتوانێت چاوه‌ڕوانیه‌کی کۆنکرێت بۆ ئایندهی نزیک دارێژێت.
پارتی و سه‌رۆکه‌که‌ی له‌م بابه‌ته‌دا، راشکاوانه دیدوبۆچونی خۆیان به‌یان کردوه و به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له گێژاوی ئه‌م شڵهقاندنهدا گه‌مه‌یه‌کی مه‌ترسیداریان ده‌ست پێ‌کرد و بۆته هۆکاری سه‌ره‌کی زیاتر ئاڵۆزی و گرژی دۆخه‌که.
ئه‌م ده‌سته ده‌سه‌ڵاتداره له‌سه‌ر چه‌ندین په‌ت یاری ده‌که‌ن و له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌کگرتو نین و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان ئاراسته‌ی جیاواز و نه‌گونجاویان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا هه‌یه، ده‌بینین وه‌ک ئه‌کته‌ره‌کانی سێرکێک هه‌ر یه‌ک لێیان به‌جیا سه‌رقاڵی نمایش‌کردنی هونه‌ری خۆیه‌تی.
ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی له سه‌ره‌تادا روکه‌شانه به‌حه‌ماسه‌وه به‌ده‌نگ داواکانی پارتیه‌وه هاتن، دوای ناڕه‌زایی ئۆپۆزسیۆن و چه‌ندین ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند و به‌شی زۆری قاعیده‌که‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه وه‌رچه‌رخاندنێکی بچوکی روکه‌شی تهماویان پیشاندا، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا عه‌رزی داواکاریه تایبه‌تیه‌کانی خۆیان به فه‌ردی گه‌یانده ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی و عێراق و ناوچه‌که و هاوکاتیش که‌وتنه په‌یوه‌ندی ژێربه‌ژێر له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن. ئه‌مانه به‌مه‌به‌ستی راگرتنی دۆخه‌که به‌ئاڵۆزی و گرژی تا ده‌رفه‌تێکیان بۆ بره‌خسێت به‌که‌مترین زه‌ره‌ر خۆیان ده‌رباز بکه‌ن. سیاسه‌تی موجامه‌له و رازیکردنی هه‌مو لایه‌ک نیشانه‌ی هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی و ناڕونی هه‌ڵوێستیانه و خۆلادانیشه له چاره‌یه‌کی گونجاو که کۆده‌نگی کوردی دایرێژێت.
ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی له "جر الحبل"ی نێوان پارتی و لایه‌نه‌کانی ناڕه‌زا له‌م سه‌ر بۆ ئه‌و سه‌ر فڕکهفڕکیانه و جاربه‌جار سوکه‌ڵه هه‌ر دو سه‌ری تاوه‌که راده‌کێشن و له‌و به‌ینه‌شدا وه‌ک حه‌که‌مێکی وه‌همی ره‌فتار ده‌که‌ن. له حزوری تاڵه‌بانیدا هاوکێشه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنبونی به‌شداری یه‌کێتی له حوکمڕانی هه‌رێمدا راگیرا بو، له‌مڕۆدا و له غیابی تاڵه‌بانیدا هاوکێشه‌که زۆر لاسه‌نگ بوه و ئه‌م شانۆگه‌ریه‌ی "ده‌سکه گوڵه‌که‌ی" ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی روبه‌روی هه‌ڵوه‌رینی کردوه و وه‌رزی پایز یه‌خه‌ی ته‌مه‌نی گرتوه. بۆیه کێشه‌ی سه‌ره‌کی پارتی له‌م روه‌وه له‌گه‌ڵ په‌رته‌وازه‌یی و جه‌مسه‌رگه‌ری و دڵه‌راوکێی و ناجێگیری هێزه هاوپهیمانهکهیهتی.
بۆ ئه‌و جۆره ده‌سه‌ڵاتدارانه مانه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم له پۆسته‌که‌یدا بۆته کلیلی ئایندهی سیاسیان، بۆ ئه‌م خواسته‌یان ناتوانن چی زیاتر راشکاوانه ریکلامی بۆ بکه‌ن، چونکه روبه‌روی جه‌ماوه‌ری رێکخستنه‌کانیان ده‌بنه‌وه و له‌لایه‌کی تریشه‌وه بێهوده‌یی خۆیان به‌رامبه‌ر به رێکه‌وتنێکی تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ گۆڕاندا ده‌سه‌لمێنن. بۆیه هه‌ر یه‌ک لێیان بهپاساوێک خۆی له‌و رێکه‌وتنه ده‌دزێته‌وه، بۆ نمونه به لێکتێگه‌یشتن، رونکردنه‌وه، روداوێکی عابر وه‌سفی ده‌که‌ن. وشه و رسته‌کانی ئه‌و رێکه‌وتنه زۆر ئاشکرا و رونن و نیه‌تی پاک نایخاته به‌ر چه‌قۆی بێنه وبیبهی بێ سه‌مه‌ره‌و و ئیجتیهادی پوچه‌ڵه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی له‌و راستیه گه‌یشتون که ئه‌م ده‌سته ده‌سه‌ڵاتداره‌ی یه‌کێتی له ناخیاندا په‌رۆشی مانه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم نین، به‌ڵکو ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌و مانه‌وه‌یه ئولفه‌تیان گرتوه و به‌مه‌زه‌نده‌ی خۆیان له "غیابی تاڵهبهنیدا" به‌زامنی سه‌ره‌کی ده‌زانن بۆ مانه‌وه‌یان له پۆسته‌کانیاندا و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان و ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتیش له‌م ماوه‌یه‌دا درێغیان لێ نه‌کردون، بۆیه به هه‌مو توانایه‌نه‌وه کار ده‌که‌ن تا هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم دوابخه‌ن و ده‌ستوریش به ته‌وافق تێپه‌ڕێنن. دواخستنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێم دوای هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی کوردستان توشی ئیحراجیان ناکات به‌رامبه‌ر به پارتی و قاعیدهکهیان و مه‌به‌ستیانه به تیرێک دو نیشان بپێکن. سه‌باره‌ت به ده‌ستوریش بانگه‌شه بۆ ته‌وافقێک ده‌که‌ن که هه‌رلایه‌ک مافی ڤیتۆی هه‌بێت، به‌مانای سفر به‌ده‌سته‌وه و مانه‌وه‌ی دۆخه‌که بائاڵۆزی.
|
|
|