|
پارتی بۆ وا ده‌کات؟ |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Thursday, June 13, 2013 |
سێ مانگێکمان ماوه بۆ سێ هه‌ڵبژاردنی گرنگ له هه‌رێم، که‌ش و هه‌وای سیاسی رۆژ به‌رۆژ گه‌رمتر و ئاڵۆزتر دێته به‌رچاو، ئه‌م دیارده‌یه ته‌نها به په‌تای هه‌ڵبژاردنه‌وه پابه‌ند نیه، به‌ڵکو زه‌مینه‌که‌ی چه‌ندین هانده‌ر و فاکته‌ری تریان له‌خۆ گرتوه.
یه‌کێک له ئاڵۆزیه‌کانی دۆخه‌که نه‌بونی هێڵێکی دیاریکراوی کێشراوه له‌نێوان به‌رنامه‌ی هێزه سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن له‌مه‌ڕ خاڵه سه‌ره‌کیه‌کان، وه‌ک ده‌ستور و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و چاکسازی و ئایندهی رێکه‌وتنی ستراتیژی و ئایندهی هاوپه‌یمانی لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن له‌لایه‌ک و خودی هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆن به‌جیا و ئایندهی بازرگانی به نه‌وت و گازی کوردستانه‌وه و چه‌ند بابه‌تێکی تری گرنگ.
سه‌باره‌ت به عێراقیش ئه‌گه‌رچی هه‌مو لاکان زاره‌کی به‌به‌رگێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه به‌رنامه‌ی خۆیان بۆ ئایندهی په‌یوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا نمایش ده‌که‌ن، به‌ڵام ئه‌زمونه‌کانی ده ساڵی رابوردو خه‌ڵکیان هوشیار کردۆته‌وه و فێرکردوه واقیعبینانه و به داماڵینی ئه‌و به‌رگه چاوه‌ڕوانیه‌کانیان دارێژن و ده‌ستخه‌رۆی به‌ڵێن و قسه سواوه‌کانی ده‌سه‌ڵات نه‌بن.
ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه چه‌ند تایبه‌تمه‌ندیه‌ک له‌خۆ ده‌گرن:
- ئه‌نجامدانی سێ هه‌ڵبژاردن به‌یه‌که‌وه بۆ هاوڵاتیان کارێکی ئاسان نیه، ده‌بێت لایه‌نه په‌یوه‌ندداره‌کان و هێزه‌کان بائاگاییهوه خۆیان بۆ ئه‌م قه‌ره‌باڵغیه "دیموکراسیه" ئاماده بکه‌ن.
- بۆ یه‌که‌م جاره له‌دوای راپه‌رینه‌وه مام جەلال حزوری له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا نیه، ئه‌م راستیه فاکته‌رێکی گرنگه و به زه‌ره‌ر و قازانجی هێزه‌کان به‌جیا ده‌شکێته‌وه.
- دو هێزی حوکمڕانی به‌لیستی جیا ده‌چنه هه‌ڵبژاردنه‌کان، بۆیه هاوسه‌نگی له هه‌ڵبژاردنه‌کان و ئاکامهکانیدا ده‌گۆڕێت و زۆربه‌ی قورسایی هه‌ڵبژاردنه‌که ده‌که‌وێته پایته‌ختی هه‌رێمه‌وه.
- له‌م هه‌ڵبژاردنانه و ئه‌وانه‌ی تریش له ئاینده‌دا ده‌بێت روداوه‌کانی 17 شوبات وه‌ک مۆته‌که بن بۆ ده‌سه‌ڵات، ئه‌گه‌ر بیره‌وه‌ری خه‌ڵک له خه‌ڵوه‌تا نه‌بێت ناکرێت له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا سزای ده‌سه‌ڵات نه‌دات و به‌بیریاندا بهێنێته‌وه که 17 شوبات په‌ڵه‌یه‌کی ئه‌وه‌نده ره‌شه له روخساریاندا که سڕینه‌وه‌ی مه‌حاڵه.
- خاڵێکی تریش که شیانی ئاماژه پێکردنه نه‌مانی هێزه سه‌ربازیه‌کانی ئه‌مەریکایه له عێراق، بونێک له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی دوای روخاندنی سه‌دام رۆڵی به‌رچاوی هه‌بوه.
- ناشێت زیادبونی ده‌سه‌ڵاتی ئێران و تورکیا له کوردستان وه‌ک فاکته‌رێکی نه‌بینراو له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا حسابی بۆ نه‌کرێت.
- ساخته‌کاری و به‌خشیش به‌خشینه‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، وه‌ک چاوه‌ڕوانیه‌ک پڕ به‌پێستی دۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، بونه‌ته نه‌ریتێکی چه‌سپاو و ئه‌زمونه‌کانی رابوردو ده‌یسه‌لمێنن که به‌شێکی هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵات وه‌ستای عه‌یاره 24 ن له‌م بواره‌دا.
له‌م که‌ش و هه‌وایه‌دا هه‌رێم رو له هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌کات، لێره‌دا پێموایه دو ئه‌ڵقه‌ی زۆر لاواز کاریگه‌ری بێئه‌ندازه له‌سه‌ر پرۆسه‌که و ئاکامه‌کانی ده‌که‌ن.
یه‌که‌م: پرسی ده‌ستور و کاندیدکردنه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم
زۆر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته وتراوه و باسکراوه، ئه‌وه‌ی سه‌رنج راکێشه که لاوازی یاسایی و سیاسی له پێداگری پارتی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئه‌م دو خاڵه به‌ویستی ئه‌وان پیشانمان ده‌ده‌ن که ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی سه‌یری ده‌ستور ناکه‌ن، وه‌ک به‌هێزترین ئامراز بۆ پاراستنی خه‌ڵک له پله‌ی یه‌که‌مدا له ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌که‌ی خۆی، به‌ڵکو بۆ ئه‌وان پێچه‌وانه‌که‌ی راسته و ده‌ستور بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵات و مسۆگه‌رکردنی هێز و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان ده‌زانن و راپرسی له‌سه‌ر ده‌ستوریش به ته‌نها رێگه ده‌بینن بۆ مانه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم له پۆسته‌که‌یدا.
پارتی له‌م خاڵه هه‌ستیاره‌دا هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ی کردوه، وای کردوه مه‌قام و پله‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمی کردۆته بنێشته خۆشه‌ی ژێر زمانی هه‌مو لایه‌ک، کاتێکیش ده‌ڵێن به‌پێی رێکه‌وتنی ستراتیژی پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ پارتیه، ئیتر چ پێویست به هه‌ڵبژاردن ده‌کات؟ ئایا به‌حیزبکردنی زه‌ق و پێشوه‌ختی ئه‌و پۆسته سیادیه گرنگه وای نه‌کردوه خه‌ڵک دو دڵ و نائارام هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بکات؟ پارتی ئه‌م بابه‌ته‌ی ته‌قانه‌وه و کردی به‌و هه‌ڵڵایه، چونکه باش ده‌زانێت یاساکانی ئێستا رێگه به سێیه‌م خول نادات و وه‌ک کارتێکی فشار ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ی به‌کارهێناوه، زۆر باشتر بو به‌رێگه‌یه‌کی زۆر هێمنانه و بێ وروژاندن و ته‌حه‌داکردن و ئاڵۆزکردن و ئیحراج کردن بیریان له چاره‌یه‌کی دروست بکردایه‌وه.
کاتێک به‌رپرسانی پارتی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته هێرش ده‌که‌نه‌سه‌ر هێزه‌کانی ئۆپۆزسیۆن، نیشانی ده‌ده‌ن که تێرامان و بۆچونیان بۆ چه‌مکی ئۆپۆزسیۆن زۆر سه‌ره‌تایی و ساده‌یه، چونکه په‌یوه‌ندی حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆن ته‌نها له یه‌ک روانگەی تایبه‌ته‌وه و بۆ چه‌ند بابه‌تێکی کاتی و تایبه‌ت داناڕێژرێت، به‌ڵکو ئه‌و په‌یوه‌ندیه به‌ره‌چاوکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه باڵا هاوبه‌شه‌کان پرۆسه‌یه‌کی زیندوی دینامیکه که‌تێدا ده‌بێت مافی هه‌مو لایه‌ک پارێزراو بێت و له ئاکامدا هه‌ڵبژاردن له ده‌نگدانێکی ئازاد و بێ ساخته‌کاریدا هاوسه‌نگی ئه‌و په‌یوه‌ندیه دیاری ده‌کات. بابه‌ته‌که، ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی خۆشیان بوێت یا تاڵ، بۆته به‌شێک له گه‌مه سیاسیه زۆر و زه‌به‌نه‌کانی باشوری کوردستان، ده‌بوا وا نه‌بوایه و وایان نه‌کردایه.
دوه‌م ئه‌ڵقه‌ی لاواز: دودڵی و ناڕونی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتیه له‌سه‌ر ده‌ستور و کاندیدکردنه‌وه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم
هه‌ڵوێستی فه‌رمیان تا ئه‌م ساته زۆر مه‌تاتی و نادیاره: "سازانی نیشتمانی بۆ ده‌ستور و پرسی سه‌رۆکی هه‌رێمیش به ده‌ستوره‌وه پابه‌نده".
ده‌سه‌ڵاتدارانی ناو مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی له غیابی تاڵه‌بانیدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان لێ چاوه‌روان ده‌کرێت و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌شیان پێده‌کرێت. گرێ کوێره‌که لێره‌دا نیه، به‌ڵکو له شێوازی مامه‌ڵه‌کردنی لایه‌کانی تره له‌گه‌ڵ ئه‌م واقیعه‌ی یه‌کێتیدایه و به‌تایبه‌ت مامه‌ڵه‌کردنی پارتی هاوپه‌یمانی.
ده‌شێت و زۆر گونجاوه که به‌بیری پارتیدا بهێنینه‌وه که پشکێکی به‌رچاوی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و جاه و نیعمه‌ته‌ی ئێستایان بۆ نه‌رمی و دڵفراوانی مام جەلال به‌رامبه‌ریان ده‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌و ساتانه‌ی تاڵه‌بانی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی به‌رامبه‌ریان ده‌سه‌پاند و یه‌کێتی پێره‌وی ده‌کرد، زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌کانی ئێستای مه‌کته‌بی سیاسی به زۆر نادڵیه‌وه ئه‌و سیاسه‌ته‌ی سکرتێری گشتیان پێڕه‌و ده‌کرد و له گله‌یی و گازه‌نده و بۆڵهبۆڵێش نه‌ده‌که‌وتن، ناهه‌قیان نه‌بو، چونکه مێژویه‌کی تفتوتاڵیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی هه‌بو. ئه‌وان پێیان وابو، وه‌ک رۆشنبیرێکی کورد وه‌سفی ده‌کات: که رێکه‌وتنی ستراتیژی درێژه‌پێدانی شه‌ڕی ناوخۆیه به‌شێوازی تر جیا له چه‌ک و له‌م هاوکێشه تازه‌یه‌دا ئه‌سته‌مه متمانه هانده‌ر و بنه‌مای سه‌ره‌کی پێکه‌وه کارکردن بێت.
ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی له دۆخه‌که‌ی ئێستادا و له‌ژێر فشاری زۆربه‌ی سه‌رکردایه‌تی و بنکه جه‌ماوه‌ریه‌که‌ی چه‌ند هه‌نگاوێک له پشتگیریکردنی داواکاریه‌کانی پارتی پاشه‌گه‌ز بوه. بۆ ساتی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌م هه‌نگاوانه به‌س نین، ساتی ده‌نگدان ساتی راستیه له‌گه‌ڵ ویژدانی ده‌نگده‌ردا، بۆیه بۆ راستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانی پێویست ده‌کات ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی یه‌کێتی واز له گه‌مه‌ی خورمژ بهێنن.
ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنج راکێشه راگه‌یاندنی پارتی و له زاری وته‌بێژه‌که‌یه‌وه به‌ناوی یه‌کێتییه‌وه لێدوان ده‌دات و سیاسه‌تی یه‌کێتی شیده‌کاته‌وه. باسم لێره‌دا له‌و نیهتهیه له پشت کارێکی له‌م جۆره. پێده‌چیت پارتی زۆر باش له گۆمێ شڵه‌قاوی ناو یه‌کێتی و نه‌بونی سه‌نته‌رێکی تۆکمه‌ی بڕیاردان و له فشاره‌کانی گۆڕان له سه‌ریان تێگه‌یشتبن، پارتی باش ده‌زانێت که ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی له ناوچه‌ی به‌ناو (سه‌وزی جاران) له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌رامبه‌ر ئۆپۆزسیۆنێکی زۆر به‌هێز ده‌بنه‌وه، ئۆپۆزسیۆن و ته‌نانه‌ت یه‌کێتییش زۆر به‌وردی و تیژیه‌وه چاویان بڕیوه‌ته هه‌ولێر، بۆیه کاتێک پارتی ده‌ڵێت؛ دابه‌زاندنی یه‌کێتی به‌لیستی جیاواز ته‌کتیکه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ی به گۆڕان دراون، مه‌به‌ستیه‌تی شه‌ڕه قورسه‌که بخاته ناوچه‌ی سلێمانی و گه‌رمیان و له هه‌لێر و دهۆکی دوربخاته‌وه، بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ته‌سکی لۆکا‌ڵی که هیچ ئاراسته‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی له‌خۆ نه‌گرتوه. ئه‌م جۆره لێدوانانه له خزمه‌تی دۆخی ئێستای یه‌کێتییدا نیه، په‌یامێکه بۆ زیاتر شڵه‌قاندنی دۆخی ناوخۆی یه‌کێتی و لاوازکردنی.
له سه‌ره‌تای غیابی تاڵه‌بانیدا پارتی هه‌وڵه‌کانی بۆ راگرتنی دۆخی ناوخۆی یه‌کێتی و دورخستنه‌وه‌ی له گۆڕان خستنه‌گه‌ڕ، تاڕاده‌یه‌ک سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا، وه‌ک پشتگیری سه‌ره‌تایی بۆ داواکاریه‌کانی پارتی له مه‌سه‌له‌ی ده‌ستور و سه‌رۆکی هه‌رێم و په‌شیمان کردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی له رێکه‌وتنی ده‌باشان. پاش ناڕه‌زایی توندی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند و به‌شێکی به‌رچاوی سه‌رکردایه‌تی و به‌شی هه‌ره زۆری جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی هاوکێشه‌که ئاراسته‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ی داوا و خواستی پارتی گرتۆته‌به‌ر، به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی نوێی پارتی هه‌مو هه‌وڵدانێک بۆ ده‌سته‌مۆکردنی یه‌کێتی واده‌کات یه‌کێتی زیاتر لێی دورکه‌وێته‌وه و هێزه ناڕه‌زاکانی ناو یه‌کێتی به‌هێزتری ده‌که‌نه‌وه، بۆیه یه‌کێتییه‌کی په‌رته‌وازه و لاواز له‌م ساته‌دا له به‌رژه‌وه‌ندیه‌تی، چونکه له‌لایه‌که‌وه پێیانوایه ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی زیاتر په‌نایان بۆ ده‌به‌ن و له گۆڕان دورده‌که‌ونه‌وه، له‌لایه‌کی تریشه‌وه ده‌زانن له‌به‌رامبه‌ر لاوازبونی یه‌کێتییدا گۆڕان به‌هێز ده‌بێت، پارتی له‌ئێستادا گوێ بیستی نیه‌تی گۆڕانه بۆ به‌شداریکردن له حوکمڕانی ئاینده‌دا، بۆیه پارتی وه‌ک ئهڵتهرنهتیڤێکی به‌هێز بۆ یه‌کێتی ئاماده‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌مری واقیعدا بکات. سیاسه‌تیك زۆر پارادۆکسانه و ورد داڕێژراوه، بێجگه له ئه‌گه‌ره ته‌کتیکیه‌کان شتێکی ئه‌وتۆی تێدا نادۆزرێته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، سه‌یری یه‌کێتییان (به‌ده‌ر له هه‌ڵه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی) وه‌ک هێزێکی ره‌سه‌نی کوردایه‌تی نه‌کردوه، به‌ڵکو وه‌ک هێزێک له ئاڵوگۆری سیاسی‌دا بینیویانه و ئاستی توانا و هێزی یه‌كێتی بۆ پارتی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی ئاستی ئاڵوگۆڕه‌که بوه. ئه‌م ئه‌قڵیه‌ته به‌شیکی زیندوه له که‌له‌پوره سه‌ره‌تاییه‌کان بۆ مانه‌وه و خۆ به‌هێزکردن.
بێگومان پارتی به‌هه‌مان زه‌مینه و دیده‌وه سه‌یری گۆڕانیش ده‌کات، جیاوازی گۆڕان له‌م هاوکێشه‌یه‌دا ئه‌وه‌یه که گۆڕان نه پارتی و نه یه‌کێتی به دوژمن و مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆی نازانێت، به‌ڵکو وه‌ک دو هێزی کوردایه‌تی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کات. من بێگومانیشم که ئاکامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌م راستیه ده‌سه‌لمێنن، چونکه گۆڕان باوه‌ڕی ته‌واوی هه‌یه که سه‌رجه‌م هێزه نیشتمانییه‌کانی کوردستان، به‌ده‌ر له هێز و توانایان، ده‌بێت به‌شداری به‌رچاویان له بنیاتنانی ئاینده‌یه‌کی گه‌ش بۆ نه‌ته‌وه‌که‌مان هه‌بێت. |
|
|