|
دو پرسیار |
نوسه‌ر: مه‌لا فه‌رمان
|
Saturday, June 15, 2013 |
کاتی خۆیەتی دو پرسیاری کورت ئاراسته‌ی حیزبه‌کانی کوردستان، پەرلەمان، سەرۆکی هەرێم و حکومەتی هه‌رێمی کوردستان بکرێت.
به‌شداریکرن له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن چ ده‌نگدان بێت یان خۆ کاندیدکردن، جگه له‌وه‌ی یه‌کێکه له مافه ساده‌کانی تاک و ئاسانترین رێگه‌شه بۆ به‌شداریکردنی تاک به حیزبی و نا حیزبیه‌وه له پرۆسه‌ی سیاسی وڵات. بۆیه بێبه‌شکردنی هه‌ر تاکێک له و پرۆسه‌یه جگه له‌وه‌ی سیسته‌می حوکمڕانی و پرۆسه‌که ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، غهدرێکیشه له ساده‌ترین مافی دیموکراتی ئه‌و تاکه ده‌کرێت، بێبه‌شکردنی تاکی کوردی دانیشتوی ناوچه دابڕاوه‌کان غهدرکردنێکی دوجارهیه: یه‌که‌م وه‌ک مافێکی دیموکراتی، دوه‌میش وه‌ک هاوڕهگەزی ده‌بێته غه‌درێکی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی.
نزیکه‌ی دو مانگی ماوه (ئه‌گه‌ر ئه‌نجام بدرێت) بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، سه‌رۆکی هه‌رێم، خه‌ڵکی که‌رکوک له‌م پرۆسه‌یه ته‌نها رۆڵی ته‌ماشاکه‌رێکی دور ده‌بینن. له لایه‌کی تره‌وه له‌م رۆژه‌دا پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان - عێراق مشتومڕێکی زۆری له‌نێوان هێزه سیاسیه‌کانی کوردستان دروستکردوه. رای ده‌سه‌ڵات له‌م باره‌وه دیاره، ئه‌وانه‌ی داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و پرۆژه‌یه ده‌که‌ن بۆ په‌رله‌مان و هه‌موارکردنی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ره‌خنه و سه‌رنجه‌کانیان له جێی خۆیانن، به‌ڵام پرسی که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کان له چوارچێوه‌ی داواکانیان جێی نهبوەتهوه.
له‌م روانگه‌وه کاتێتی و له‌جێی خۆیه‌تی ئه‌م دو پرسیاره‌ی خواره‌وه به‌ر له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان – عێراق له حیزبه کوردیه‌کان بکرێن:
پرسیاری یەکەم: له هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەمو عێراقیەکانی دەرەوەی وڵات ( هەندەران) هه‌ر له شوێنی نیشته‌جێبونیان بەشداری هەڵبژاردن ده‌که‌ن و دەتوانن خۆیان کاندید بکەن، چه‌ندینیان بون به ئه‌ندام په‌رله‌مان.
بۆچی کوردستانیان لە هەندەران ناتوانن بەشداری دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان بکەن؟
پرسیاری دوەم: کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بەپێی دەستوری عێراق ناوچەیەکی کێشە لەسەرە، ئەگەر رێکەوتنی نهێنی نەکرابێت له نێوان ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم و حکومه‌تی فیدراڵی عێراق ئەوا تا جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ لە روی دەستوریەوە هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ هەمان ماف و ده‌سه‌ڵاتی دەستورییان لەو ناوچانە هەیە، ده‌توانن پێکه‌وه و به هاوبه‌شی ئیداره‌ی ئه‌و ناوچانه بده‌ن. به‌ڵام تا ئێستا دانیشتوانی ئەم ناوچانه ته‌نها به‌شداری دەنگدان لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌که‌ن و نوێنه‌ریان هەیە.
بۆچی مافی دەنگدان و مافی بونی نوێنەریان تەنانەت ئه‌گه‌ر رەمزیشبێت له په‌رله‌مانی کوردستان نیه؟
به‌شدارینه‌کردنی دانیشتوانی ئه‌م ناوچانه له پرۆسه‌ی ده‌نگدانی په‌رله‌مانی کوردستان و نه‌بونی نوینه‌ریان، فه‌رامۆشکردنی پرسی که‌رکوک له پرۆژه‌ی ده‌ستور ده‌ریده‌خه‌ن که:
١-تا چ راده‌یه‌ک ده‌سه‌ڵاتی کوردی که‌مته‌رخه‌من به‌رامبه‌ر به‌م ناوچانه.
٢-تا چه‌ند ده‌سه‌ڵاتی کوردی له ماف و ده‌سه‌ڵاته ده‌ستوریه‌کانی خۆی له‌و ناوچانه بێئاگابونه، یان فه‌رامۆشیان کردوه. واته پشتگوێخستنی ئه‌و ناوچانه له روی ده‌ستوریه‌وه. قسه‌کردنیش له‌سه‌ر ماده‌ی 140 له‌بواری تیۆری ده‌رنه‌چوه، بۆیه هه‌مو هه‌نگاوه‌کانی ده‌سه‌ڵات و حیزبه کوردیه‌کان زیاتر ریکلام و موزایه‌ده‌ی سیاسی له‌خۆگرتوه.
بەڵێ، ئه‌م دو پرسیاره و چه‌ندینی تر لامان پرسیارن و گومانی لا دروست کردوین! |
|
|