|
که‌رکوک و ئه‌م په‌رله‌مانه‌ی کوردستان -1- |
نوسه‌ر: مه‌لا فه‌رمان
|
Tuesday, July 2, 2013 |
بەشی یەکەم:
له 2008 له سه‌روبه‌ندی ده‌رکردنی ماده‌ی 23 و 24 .... تا ده‌گاته ئه‌و هه‌مو مادانه‌ی له سایه‌ی په‌رله‌مانتاره‌کانی که‌رکوک له عێراق ده‌رچون. ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک، که زۆرینه‌یان سه‌ر به لیستی به ناو برایه‌تین، به هاوکاری هه‌ندێک ئه‌ندام په‌رله‌مانی که‌رکوکی نامه‌یه‌کیان دا به په‌رله‌مانی کوردستان، ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی بریتی بو له ( داوا له په‌رله‌مانی کوردستان به ده‌رکردنی یاسایه‌ک که‌رکوک بگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، ئه‌گه‌ر حکومه‌تی عێراق ماده‌ی 140 ی جێبه‌جێ نه‌کرد)، بۆ ئه‌م شانۆگه‌رییه حیزبیه که‌سانێکی زۆر بانگهێشتکران، به‌نده یه‌کێک بو له‌وانه‌ی ئاماده‌نه‌بوم بچمه ئه‌و گردبونه‌وه‌یه، چونکه ده‌مزانی ئه‌مه شانۆگه‌ری حیزبییه. تا ئێستا ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداربم ئه‌و نامه‌یه نه‌ک هه‌ر په‌رله‌مانی کوردستان ئاوڕێکی سه‌رپێیی لێنه‌داوه‌ته‌وه، به دوری نازانم فڕێدرابێته ژێری ژێره‌وه‌ی فایله فه‌رامۆشکراوه‌کانه‌وه.
دوای 5 ساڵ له ناردنی ئه‌و نامه‌یه به مافی خۆمی ده‌زانم لێتان بپرسم ( ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک، ئه‌ندام په‌رله‌مانه کورده که‌رکوکیه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق، به‌رپرسه‌کانی ئه‌وسا )، کوا وه‌ڵامی ئه‌و نامه‌یه، به کوێ گه‌یشت و ئێستا له کوێیه، تا چه‌ند په‌رله‌مانی کوردستان نامه‌که‌تانی به‌هه‌ند وه‌رگرت؟ به هه‌قی خۆشمی ده‌زانم دوای 5 پێنج ساڵ له نوسینی ئه‌و داواکاریه‌تان، داواتان لێبکه‌م، جارێکی تر بۆ ئه‌نجامی ئه‌و نامه‌یه‌تان هه‌مان ئه‌و که‌سانه کۆبکه‌نه‌وه و به هه‌مان حه‌ماسه‌تی ئه‌وساوه قسه‌یان بۆ بکه‌ن. داوا له په‌رله‌مانی کوردستانیش ده‌که‌م ئه‌گه‌ر له په‌ناوپه‌سێری ژوره‌کانتان به رێکه‌وت کۆپییه‌کی ئه‌و نامه‌یه‌تان لاماوه، یان ئه‌گه‌ر هه‌رزو فڕێنه‌دراوه، تکایه ته‌نها بۆ هێنانه‌وه‌ی بیر وێنه‌یه‌ک بۆ ئه‌نجومه‌نی که‌رکوک بنێرنه‌وه.
له‌و په‌رله‌مانه دپرسم، ئه‌گه‌ر که‌رکوکتان ته‌نها بۆ فشار، ریکلامی حیزبی، داپۆشینی قه‌یرانه‌کانی خۆتان و ده‌ستکه‌وتی تایبه‌تی به‌رامبه‌ر به‌غدا بەکارنه‌هێناوه، بۆمان رونبکه‌نه چیتان بۆ که‌رکوک کردوه:
1- له نزیکه‌ی 700 گوندی وێرانه چه‌ندی ئاوه‌دان کراوه‌ته‌وه.
2- چیتانکردوه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کانی که‌رکوک له سنوری هه‌ولێر و سلیمانی، بۆ ئاگاداریتان به‌شی زۆری ئه‌و که‌رکوکیانه‌ی له سنوری هه‌ولێر ماون، به‌وانه‌ی فۆرمی خۆراکیشیان گواستۆته‌وه، له لیستی ده‌نگده‌رانی هه‌رێم ناویان هاتوەته‌وه، چونکه ناویان له لیستی خۆراکدا نه‌سڕدراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر به‌مه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی نییه، بۆ چیه؟
3- جه‌نباتان، ئاگادارن له گه‌ڕانه‌وه‌ی نزیکه‌ی 70 مامۆستای که‌رکوکی به ره‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی هه‌رێمی کوردستان، بۆ شاره‌کانی هه‌ولێر و سلیمانی.
4- جه‌نابتان ئاگاداری کۆچی پێچه‌وانه‌ن له دوزخورماتو و که‌رکوکه‌وه بۆ هه‌رێمی کوردستان.
5- جه‌نابتان ئاگادارن به هۆی سیاسه‌تی چه‌وتی حیزبیی ئه‌و حیزبانه‌ی جه‌نابتان له په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تیان ده‌که‌ن، له چۆڕینی خوێن له جه‌سته‌ی که‌رکوک.
6 – ده‌پرسم، له پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمدا تا چه‌ند داکۆکێتان له ناوچه دابڕاوه‌کان کرد؟
7- جه‌نابتان ئاگادارن ( 40% براکانتان و خاکه‌که‌تان رۆڵی ته‌ماشاکه‌ری دور ده‌بینن له ده‌ستور و هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێم)، ده‌زانن که‌رکوکیه‌کان له‌م باره‌وه ده‌ڵێن " که گامان له گاگه‌ل نه‌بێت، پێمان بۆ به‌فر بیبات".
8- پێشنیارتان بۆ ده‌که‌م، بۆ زانینی راستیه‌کان و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنتان بۆ که‌رکوک، پێداچونه‌وه‌یه‌ک به هه‌مو وتار و به‌یاننامه و ریکلامی سه‌رکردایه‌تیه‌کانی کوردا بکه‌ن له 2003 وه تا ئێستا ( ئه‌گه‌ر ویستان به کۆکراوه‌یی ده‌ستده‌که‌وێت)، لێره‌وه بۆتان ده‌رده‌که‌وێت ده‌سه‌ڵاتی کوردی تا چ راده‌یه‌ک که‌رکوکی وه‌ک ریکلامی حیزبی به کار هێناوه. به‌و هیوایه‌ی ئه‌گه‌ر خوا بکات ویژدانی هه‌ندێکتان بجوڵێنێت.
دانیشتنه‌که‌ی 30/6/2013 تان بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و درێژکردنه‌وه‌ی دو ساڵی ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم، به‌و شێوه‌یه و به‌و په‌له په‌له، ئه‌وه‌نده‌ی تر هیوای ویژدان جوڵانتانی لای من که‌مکرده‌وه. پێشبینی ده‌که‌م بۆ ئه‌و بڕیاره‌تان و بۆ خۆڵکردنه چاوی دانیشتوانی هه‌رێم، ئه‌م جاره‌ش که‌رکوکتان ئاماده کردوه وه‌ک ماده‌یه‌کی ئه‌و شانۆگه‌ریه.! ( له‌م باره‌وه چاوه‌ڕوانی به‌شی دوه‌می ئه‌م وتاره بن ).
|
|
|