Print
 
 بۆچی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان ئه‌نجام نه‌درا؟
نوسه‌ر:  عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی‌
Sunday, July 7, 2013

زیاتر له‌ 8 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، ئه‌نجومه‌نی‌ هه‌ڵبژێردراو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردولایه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ له‌ ماناوناوه‌ڕۆكی‌ خۆی‌ خاڵیكرایه‌وه‌ و ئه‌و ئه‌رك‌ و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ پێویستبوهه‌یبێت لێیان سه‌نده‌وه ‌و ئه‌و رۆڵه‌ی‌ پێویستبو بیگێڕێت رێگه‌یان پێنه‌دا، بۆ ئه‌م كاره‌شیان هیچ پاساوێكی‌ یاسایی‌ باوه‌ڕپێكراویان نه‌بو تا به‌خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ بڵێن.

په‌رله‌مانی‌ كوردستان یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌مواركرده‌وه‌، ده‌بو هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ئه‌نجامبدرێت ‌و نوێنه‌رانی‌ خه‌ڵكی‌ له‌ پارێزگاكاندا به‌پێی‌ یاسا نوێیه‌كه،‌ حكومه‌تێكی‌ خۆجێی‌ به‌ڕێوه‌به‌رن له‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌ خۆجێیه‌كانی‌ پارێزگاكاندا، گه‌ڕان به‌دوای‌ هۆكاره‌كانی‌ ئه‌نجامنه‌دان ‌و دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هێنده‌ ئاڵۆزنییه‌، به‌ڵكو به‌ ئاشكرا دیاره‌ له‌لایه‌ك هۆكاری‌ سیاسی ‌‌و له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ هۆكاری‌ كارگێڕی‌ هه‌یه‌ له‌و دواخستنه‌دا.

هۆكاره‌ سیاسییه‌كه‌ بریتییه‌ له‌ ترسی‌ لەكیسچون‌ و دۆڕاندنی‌ هه‌مو یان به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی ‌‌و هه‌ولێر له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌و پارتییه‌وه ‌‌و كه‌وتنەده‌ستی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌نجومه‌نه‌كان ‌و به‌ڕێوه‌بردنه‌ خۆجێییه‌كان له‌لایه‌ن ئۆزسیۆنه‌وه‌، له‌وه‌شدا یه‌كێتی‌‌ و پارتی‌ ئه‌وه‌یان دوپاتكرده‌وه،‌ كه‌ تا ئێستاش ئاماده‌نین بچنه‌ هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌ دۆڕانی‌ خۆیان ‌و ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات تیایدا ئه‌گه‌رێكی‌ به‌هێزبێت.

هۆكاریێكی‌ تریش ئه‌وه‌یه‌، تا ئێستا ئه‌قڵیه‌تی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان په‌یڕه‌وی‌ له‌ سیستەم‌ و ڕێبازێكی‌ كۆنی‌ به‌ڕێوه‌بردن ده‌كات، كه‌ خۆی‌ له‌ مه‌ركه‌زییه‌تدا ده‌بینێته‌وه ‌‌و پشتكردنه‌ سیستمی‌ لامه‌ركه‌زی‌، ئه‌گه‌رچی‌ خودی‌ ده‌سه‌ڵاتیش زۆر باش ده‌زانێت ئه‌م شێوازه‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌ كارگێڕییه‌ی‌ ئێستا شكستی‌ هێناوه ‌و سیستمی‌ لامه‌ركه‌زی‌ زۆرتر گونجاوه‌، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هاوچه‌رخ ‌و هاوكاری‌ باشتری‌ گه‌شه‌ی‌ خێرای پارێزگاكانه‌ له‌ هه‌موو روه‌كانه‌وه،‌ به‌تایبه‌ت له‌روی‌ چاككردن‌و باشتركردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان ‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ وره‌ و لایه‌نی‌ مه‌عنه‌وی‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان له‌ پێشكه‌شكردنی‌ تواناكانیان‌و فراوانكردن ‌و باشكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی‌ حكومه‌تتدا، سه‌ره‌ڕای‌ نزیككردنه‌وه‌ی‌ فه‌رمانگه‌كان له‌ هاوڵاتیان‌و به‌شداریكردنی‌ خه‌ڵكی‌ له‌ ده‌سه‌ڵات‌ و باشتر به‌ده‌مه‌وه‌چونی‌ كێشه‌ی‌ هاوڵاتیان ‌و خێراكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ بڕیاردان ‌و جێبه‌جێكردنی.

ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی‌ وتاره‌كه‌م كورتكه‌مه‌وه‌ ئه‌وا پێویسته‌ بڵێم، په‌یڕه‌وكردن له‌ به‌ڕێوه‌بردن له‌ شێوازی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكاندا شێوازێكی‌ نوێی‌ شارستانیانه‌یه ‌و نزیكتره‌ له‌رۆحی‌ دیموكراتییه‌وه ‌‌و خۆی‌ له‌ تۆخكردنی‌ به‌شداری‌ هاووڵاتیاندا ده‌بینێته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ به‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه،‌ جارێكیتر مه‌یلی‌ ده‌سه‌ڵات پیشانده‌دات له‌ خۆدورگرتن له‌ بنه‌مادیموكراتییه‌كان، سه‌ره‌ڕای‌ زیانی‌ هاوڵاتیان له‌مانه‌وه‌ی‌ دۆخی‌ خراپی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، چونكه‌ ده‌كرا كاراكردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان‌ و په‌یڕه‌وكردنی‌ یاسا نوێیه‌كه‌ی‌ رێگه‌ی بدایه‌ هه‌رپارێزگایه‌ك باشتر گه‌شه‌بكات‌و  ئاستی‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ره‌وپێش به‌رێت.
Sbeiy.com © 2007