|
كێشه‌یه‌كی گه‌وره و پرۆسه‌یه‌كی شێواو |
نوسه‌ر: عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی
|
Wednesday, July 10, 2013 |
وه‌فدی كوردی به‌رده‌وامه له‌سه‌ردان بۆ به‌غدا، دیسان بێ پلان و بێ به‌رنامه، به‌پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی دانوستاندنه‌وه، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌ڕوات ئاگای له‌وه نییه دوێنێ كێ رۆیشتوه و باسی چیكراوه؟ خاڵه ناكۆكه سه‌ره‌كییه‌كان كامانه‌ن و چه‌ندیان بونه‌ته ئه‌جێنداو به‌رنامه‌ی كاری دیپلۆماتكاران و نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا، ئه‌م پرۆسه‌ی سوڵح‌و ئاشته‌واییه به كوێ گه‌یشتوه‌و ئه‌وه‌ی ماوه بۆ ناچێـته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه؟
كێشه‌ی ئێمه له هه‌رێمی كوردستان و كێشه‌ی سه‌رجه‌م گه‌له‌كه‌شمان له پارچهیەكانی تردا، كێشه‌یه‌كی كۆنی به‌رده‌وامه، كێشه‌ی راستهقینهنو له پێناو مافی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤ‌و گهلێكدان، پێویستی به نوێنه‌رانی به پلان‌و به‌رنامه‌و كارا هه‌یه له‌بواری دیپلۆماسییهتو دانوستاندندا بۆ داكۆكیكردن، پێویستی به بهدواداچونو بهردهوامیدانو گرتنه‌به‌ری هه‌مو رێوشوێنه سیاسی‌و دیپۆماسییهكان هه‌یه له‌پێناو پچڕاندنی به‌شی زیاتری مافه‌كانمان، وه‌رگرتنه‌وه‌ی بڕی زۆرتری خاك و ئاومان، ئه‌م كێشه گه‌وره‌یه پێویستی به دامه‌زراوه هه‌یه، پێویستی به میللیكردن هه‌یه نه‌وه‌ك به نوخبه‌یی كردن، پێویستی به‌وه هه‌یه دامه‌زراوه‌ی دانوستاندنو سیاسییه دانوستانكارهكان له ئاستی گه‌وره‌یی كێشه‌كه‌دا بن.
ماوه‌ی نزیكه‌ی هه‌شت ساڵه كه‌سێك له به‌غدا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه، ئه‌گه‌ر هه‌مو شتێكیش نه‌بێت له به‌غدا ئه‌وه به‌شی گه‌وره‌ی شته‌كانه‌و بڕیاری سیاسی له‌چوارده‌وری ئه‌و ده‌خولێته‌وه، له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌شت ساڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی نوری مالیكی‌دا، ئێمه‌ش یه‌ك له‌دوای یه‌ك وه‌فد ده‌نێرینه كوردستان، جارێك سه‌رۆكی ههرێمو جارێك سه‌رۆكی حكومهتو جارێك هی ئه‌م كابینه‌و جارێكتر هی ئه‌ویان، وه‌فدی وامان هه‌یه پڕیه‌تی له حیزبی كوردی، چ ئه‌وانه‌ی ده‌نگی خه‌ڵكیان له‌گه‌ڵه‌و چ ئه‌وانه‌ی هیچ رۆڵێكیان له كوردستان نییه، له‌لایه‌كی تره‌وه نوێنهرانێكمان له پهرلهمانو حكومه‌ته‌كه‌ی به‌غدا هه‌یه‌و ئه‌مانیش بۆ خۆیان دانوستانكارنو نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان‌و به‌رژوه‌ندییه‌كانی ده‌كه‌ن، تۆ ته‌ماشای ئه‌م فه‌وزایه بكه به‌م حاڵه‌ته‌وه ده‌بینرێت؟ به‌ڕاستی كاری دانوستان واناكرێت، پێویستی به یهكخستنو كۆكردنه‌وه‌و پلان و به‌دواداچون و دواجار به‌ئاگایی میلله‌ت هه‌یه له ده‌رئه‌نجامه‌كان، پێویستی به دامه‌زراوه‌ییكردنی ئه‌م مه‌له‌فه هه‌یه، ئه‌گه‌رنا ده‌یان ساڵی تریش وه‌ك ئه‌م 10 ساڵه‌ی رابردو بهڕێدهكهینو هیچ شتێك ناخه‌ینه سه‌ر به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئازار.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئێمه وه‌ك خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت بپرسین وه‌فده‌كان له به‌غدا چی دهكهنو سه‌ره‌نجامیان به‌چی گه‌یشتوه؟ چیان بۆ كێشه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كان كردوە؟ مانه‌وه‌ی كێشه‌كان چه‌ندیان په‌یوه‌ستن به سه‌رسه‌ختی نهیارهكانمانو چه‌ندیشیان په‌یوه‌ستن به ململانێی نێوخۆیی‌و به‌شه كێكه‌كه‌ی حیزب‌و ئهندامو سه‌ركرده سیاسییه‌كان هه‌یه؟ بۆچی به‌رژوه‌ندییه حیزبیهكانو پۆست‌و پله دهوڵهتهییهكان به‌ده‌ستدێن، به‌ڵام شه‌مه‌نده‌فه‌ری مافه‌كانمان هێشتا له وێستگه‌ی یه‌كه‌میدایه؟
وا بۆ ماوه‌ی زیاتر له 10 ساڵه ئێمه چاوه‌ڕێین كێشه ناكۆكه‌كانی نهوتو هێزی پێشمه‌رگه‌و مادده‌ی 140 هه‌نگاوێك بۆ پێشه‌وه بنێین كه‌چی بێجگه له‌وه‌ی له راگه‌یاندنه‌كانه‌وه پێمانده‌ڵێن لیژنه دروستكراوه هیچ شتێكی تر له ئارادانییه، له‌ڕاستیدا گفتوگۆ‌و دانوستاندن هونه‌رێكی گه‌وره‌ی سیاسییه، به‌مجۆره‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد ده‌یكات ناكرێت، هه‌ر جاره‌و كه‌سێك بڕوات‌و هیچ یه‌كێكیش ئاگای له‌كاره‌كانی پێشخۆی یان هاوڕێكه‌ی ته‌نیشتی نه‌بێت، كورد ئه‌گه‌ر وه‌فدێكی تۆكمه‌و ده‌سته‌یه‌كی دانوستانكاری به‌هێزیشی هه‌بێت ئه‌وسا ئاسان نییه بگاته ئه‌نجامێكی پێویست‌و دڵخۆشكه‌ر بۆ خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ نه‌یاره‌كانیدا، ئه‌ی به‌م میكانیزمه شێواو و بێ سه‌رو به‌ره‌یه‌ی له وهفدهكانماندا ده‌یبینین به چی ده‌گه‌ین؟
|
|
|