|
درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌ت و گێڕانه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستور |
نوسه‌ر: مه‌لا فه‌رمان
|
Saturday, July 13, 2013 |
له‌سه‌ره‌تای دروستکردنی قه‌یرانی پرسی ده‌ستوری هه‌رێم، سیسته‌می هه‌ڵبژاردن، سه‌رۆکی هه‌رێم و دواکه‌وتنی هه‌ردو هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان و په‌رله‌مان، واته هه‌رچی له‌وێ ده‌گوزه‌ری له لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه بۆ منی که‌رکوکی مایه‌ی سه‌رنج نه‌بون، چونکه له دور و نزیک باس له خه‌مه‌کان و پرسی شاره‌که‌م ناکه‌ن، که‌رکوکیه‌کانیش رۆڵی ته‌ماشه‌که‌ری زۆر دوری به‌ڕێز ده‌بینن. له هه‌ندێ شوێنیش بۆ کاری ساخته‌کاری سود له ده‌نگه‌کانمان ده‌بینن.
په‌رله‌مانی کوردستان به‌رپرسی یه‌که‌مه له دروستکردنی هه‌مو ئه‌و قه‌یرانانه، چونکه له چوار ساڵی رابردوی ته‌مه‌نیدا ده‌یتوانی زۆر به شێنه‌یی باس له‌م پرسانه بکات، نه‌ک پاشیبخات بۆ دواساته‌کانی ته‌مه‌نی، ئه‌مه دوه‌م جاره په‌رله‌مان هه‌ڵه‌ی وا دوباره ده‌کاته‌وه، تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم له 24/6/2009 له‌به‌ر که‌می کات په‌له‌پروزێی زۆری پێوه دیاربو. پێده‌چێ دواخستنی ئه‌م پرسه گرنگانه به به‌رنامه و به‌مه‌به‌ست بێ!
درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم و گێڕانه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم بۆ په‌رله‌مان، وه‌ک مه‌ته‌ڵێکی سیاسی هاته به‌رچاو و سه‌رنجی راکێشام. هه‌ردولایه‌نی خۆ به‌خاوه‌نزانی ئه‌م دو پرسه هه‌ریه‌ک به‌شێوه‌یه‌ک باسی لێوه ده‌که‌ن. ئه‌و رێککه‌وتنه یان ده‌قی ئه‌و قسانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته کراوه، به هه‌مان شێوه‌ی رێککه‌وتنی ستراتیجی ناوه‌ڕۆکه‌که‌ی بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه و دیار نیه. بۆیه ده‌زگاکانی راگه‌یاندنی خۆماڵی و ده‌ره‌کی، حیزبه سیاسیه‌کان و سیاسه‌تمه‌داران وه‌ک مه‌ته‌ڵێک باس له‌م دو پرسه ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌رنجی راکێشام وشه‌ی (احراج بونه)، واته ئه‌گه‌ر بڕیاردان له‌سه‌ر ئیحراج بون ده‌درێت، ئه‌مه له‌ڕوی سیاسیه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی زۆر مه‌ترسیداره، دورنیه له رابردودا ئه‌م شێویه به شێوه‌یه‌کی شاردراوه له گفتوگۆکانی کورد له‌گه‌ڵ نه‌یارانی به کار هاتبێت، له‌یه‌کێ له گفتوگۆکانی کورد له‌گه‌ڵ به‌غدا، سه‌دام حوسێن به سه‌رکرده‌یه‌کی کوردی گوتبو "اسوی لک شی، راح یرفع راسک امام کل الاکراد"، به‌مه‌ش ئه‌و سه‌رکرده‌یه توشی احراجی بوبو له ئاست سه‌رۆک سه‌دام حوسێن. بۆیه ئێستاش مه‌ترسیه‌که زیاتر له به کهلتوریکردنی ئه‌م وشه‌یه‌دایه.
پرسیاره‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایا درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆک و گێڕانه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ده‌ستور بۆ په‌رله‌مان یه‌ک گورزه‌یه؟ یان دو گورزه‌ی له‌یه‌ک جیان؟ یان پرسی تری وه‌ک ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌کان تێکه‌ڵیان ده‌بن؟
به‌پێی لێدوانه‌کانی پێشتری جه‌نابی بارزانی و لێدوانی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی و په‌رله‌مانتاره‌کانی پارتی، پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه په‌رله‌مان بێ چه‌ندوچۆن ده‌خرێته راپرسیه‌وه، چونکه پێیانوایه ئه‌م پرۆژه‌یه به رێکاره یاسیهکاندا تێپه‌ڕیوه و ته‌نها میلله‌ت له راپرسیه‌کدا ده‌توانێ قسه‌ی خۆی بکات، به به‌ڵێ یان نه‌خێر. واته ئه‌م دو پرسه له‌یه‌ک جودان.
له لایه‌کی تره‌وه به‌شێ له سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان کادیر و دۆسته‌کانی خۆیان دڵنیا ده‌که‌نه‌وه، که نه‌ک پرۆژه‌ی ده‌ستور ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌ڵکه به‌ڕاشکاوی و به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێن "پرۆژه‌ی ده‌ستور گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه په‌رله‌مان و ته‌واو". ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، لای یه‌کێتی ئه‌م دو پرسه پێکه‌وه له یه‌ک گورزه‌دا به‌ستراون. واته جه‌نابی بارزانی مولزه‌مه به واژۆکردنی ئه‌و دو پرۆژه یاسایه‌ی له په‌رله‌مانی کوردستان تێپه‌ڕێندراو ره‌وانه‌ی جه‌نابی بارزانی کرا. به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبونی 10 رۆژ له‌ناردنی ئه‌و دو پرۆژه‌یه، بارزانی نه ئیمزایانی کردوه و نه قسه‌یان له باره‌وه ده‌کات. بۆیه لێره‌وه گومان و گریمانه‌یه‌ک سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. گریمانه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌م دو پرۆژه‌یه لێکجیاکرانه‌وه! چی روده‌دات؟ زیاتر پێده‌چێت هه‌ردو پرۆژه‌که ئیمزا نه‌کرێت، یاخود ته‌نها درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ویلایه‌ت (6 مانگ، ساڵێک ... دو ساڵ) ئیمزا بکرێت. له‌وکاته‌دا په‌یوه‌ندی یه‌کێتی و پارتی به‌ره‌وکوێ ده‌چێت، یان هه‌ڵوێستی هه‌ریه‌که‌یان چۆن ده‌بێت، دو یان یه‌ک هه‌ڵوێست.
ئۆپۆزسیۆنیش له جیاتی ئه‌وه‌ی دوا قسه‌ی خۆی هه‌بێت و به کرده‌وه هه‌نگاو بنێ، که‌چی وه‌ک هه‌ر تاکێکی ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه چاوه‌ڕوانی دوا قسه‌ی سه‌رۆکه، له ده‌زگاکانی راگه‌یاندنیشدا به تێکه‌ڵکردنی زۆر بابه‌تی له‌یه‌ک جیاواز له‌پایه‌ی ئه‌م پرسه گرنگانه زۆر که‌م ده‌که‌نه‌وه و ده‌یهێننه ئاستێکی زۆر نزم. ئه‌مه‌ش له قازانجی راگه‌یاندنی لایه‌نه‌کانی به‌رامبه‌ره، که له‌ڕوی ژماره و توانای داراییه‌وه لاسه‌نگی زۆر هه‌یه. |
|
|