|
وه‌همی دیموكراسی و سازانی بازرگانی |
نوسه‌ر: د.محه‌مه‌د ئه‌مین
|
Saturday, July 20, 2013 |
له‌كاتێكدا مه‌رگی دیموكراتیه‌ت راده‌گه‌یه‌نرا به درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی بۆ دو ساڵی تر به‌بێ بونی هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی و دیموكراسی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ندام په‌رله‌مانه بوێره گوێڕایه‌ڵه‌كانی هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵات، عه‌قڵانیه‌ت و بنه‌ما ئه‌خلاقی و سیاسی و یاساییه‌كان كه‌وتنه ژێرپرسیاره‌وه، من وه‌ك خۆم زۆر له‌زوه‌وه بڕوام وابوه عه‌قڵیه‌تی سیاسی حیزبی كوردی به‌گشتی و به‌تایبه‌تی عه‌قڵیه‌تی هه‌ردو پارته سیاسیه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر دو بنه‌مای سه‌ره‌كی دروستبون و تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش به‌و ئاراسته‌یه كاریان كردووە:
یه‌كه‌م... بنه‌مای ده‌سه‌ڵات و سامان و خزمایه‌تی
دوه‌م... خۆبه‌ڕاست زانینی خود و ته‌خوینی به‌رامبه‌ر، هه‌ربۆیه عه‌قڵیه‌تی حیزبی ئه‌م دو هێزه سه‌ره‌كیه‌ی ده‌سه‌ڵات قۆناغی شه‌ڕی ناوخۆ و براكوژیان به‌ڕێنه‌كردوه سه‌ره‌ڕای بونی رێكکه‌وتنی ستراتیجی! ده‌رئه‌نجام هیچ پانتاییه‌ك له هزروفیكریاندا نه‌ماوه بۆ پاراستنی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ری و به‌فیڕۆنه‌دانی ره‌نجی تێكۆشه‌ران و خوێنی شه‌هیدان .
وه‌ك پاساوێك بۆ درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌كته‌ب سیاسیه‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌یانه‌وێ بمانگه‌وجێنن گوایه ئه‌م به‌ڕێزانه له‌ژێر فشاری دو بژارده‌ی نه‌خوازراوی دژبه‌یه‌ك بون، بۆیه وه‌ك حیزبێكی سۆشیال دیموكرات بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كه‌ی دیموكراسیان پێشێلكرد له‌پێناو پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌ل و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و سازانی نیشتمانیان هه‌ڵبژارد، به‌مه‌ش پارتی دیموكراتی كوردستان تاوانبار‌و ته‌خوین ده‌كه‌ن به‌تێكدانی پرۆسه‌ی سیاسی له‌كوردستان گه‌ر ئه‌م به‌ڕێزانه واده‌ی سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی یان بۆ دو ساڵی تر درێژنه‌كردایه‌ته‌وه .
به‌هه‌رحاڵ ئه‌و سیناریۆ قێزه‌وینه‌ی 30ی حوزه‌یرانی 2013 کە لە پەرلەمانی كوردستان به‌ڕێوه‌چو یه‌ك مانای هه‌بو، ئه‌وه‌ش ئێمه هه‌مومان له‌وه‌همی دیموكراسیه‌تدا ده‌ژین، به‌ڵێ له‌وه‌همی دیموكراسیه‌تدا ده‌ژین، به‌ڵام كێ به‌رپرسه لێی، ئێمه‌ی هاوڵاتی و لایه‌ن و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و حیزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كان یاخود به‌رپرسه به‌ڕێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات، دیموكراسیه‌ت پێش ئه‌وه‌ی موماره‌سه‌بێت عه‌قڵیه‌ته، پێچه‌وانه‌ی بۆچونه‌كانتان گوایه میلله‌ت نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی له‌دیموكراسیه‌ت بگات و گه‌شه‌ی پێبدات وه‌ك وڵاته پێشكه‌وتوه‌كانی دونیا، به‌ڵێ ئێوه خۆتان خاوه‌نی عه‌قڵیه‌تی دیموكراسین خۆشتان ئه‌زانن چۆن دیموكراسیه‌ت ئیفلیج بكه‌ن به‌ناوی سازانی نیشتیمانی و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی .
ئێمه ناڵێین ئێوه‌ی به‌رپرسی باڵا له 30 ی حوزه‌یرانی 2013 چیتان كردوه، فه‌رمو خۆتان پێمان بڵێن، ئێوه خاوه‌نی كه‌سایه‌تی زۆر شاره‌زان له‌بنه‌ماو پرسه دیموكراسیه‌كان! زیاتر له‌ئێمه‌ی هاوڵاتی له‌مانای دیموكراسه‌ت گه‌یشتون! ئایا ئه‌وه‌ی كردوتانه مه‌رگی دیموكراسیه‌ت نییه؟ كوده‌تای حیزبی نییه؟ پێشێلكردنی گشت عورف و یاسا‌و عه‌قڵانیه‌ت نییه؟ تێكدانی سازانی نیشتمانی نییه؟ سوكردن و ریسواكردنی وشه‌ی سازان نییه؟ یان ئێمه هه‌مومان گه‌وج و نه‌خۆشین له‌گشت عورف و ئه‌خلاق و یاساكان ئێناگه‌ین، له‌عه‌قڵانیه‌ت بێئاگاین، سازان له‌ترازان جیا ناكه‌ینه‌وه؟
به‌ڵێ راسته له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام هه‌مومان نه‌خۆشین به‌خۆشمه‌وه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوینه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی سازان له ترازان جیانه‌كه‌ینه‌وه، عه‌قڵیه‌ت و بۆچونی ئێوه له‌مه‌ڕ پرسه دیموكراسی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتورییه‌كان به‌ته‌واوی له‌عه‌قڵیه‌ت و بۆچونی ئێمه جیاوازه، ئه‌وه‌ی ئێوه به سازانی نیشتمانی ناوی ده‌به‌ن لای ئێمه‌ی هاوڵاتی و له‌ڕاستیدا سازانی مافیایی بازرگانییه نه‌ك سازانی بازرگان‌یش، نازانم به چ لۆجیك و عه‌قڵانیه‌تێك ناوی ده‌به‌ن سازانی نیشتمانی، ئه‌وه عه‌قڵیه‌تی ئێوه‌یه پشت به‌ده‌سه‌ڵات و سامان و خزمایه‌تی ده‌به‌ستێت نه‌ك ئێمه، ئایا ئێوه چونه‌ته ناو خه‌ڵكه‌وه تابزانن چ ده‌گوزه‌رێ و چیتان پێده‌گوترێ؟! ئایا ئه‌م سازانه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه به‌چ سازانێك ناوده‌برێت؟ به‌سازانی نیشتیمانی یاخود سازانی مافیایی بازرگانی؟
به‌ڕاستی ئۆپۆزسیۆن له‌ژێر تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌ختدایه، گه‌ر به‌م درێژكردنه‌وه‌یه رازی ببێت، ئه‌وه راستگۆیی له‌ده‌ست ئه‌دات، ئه‌بێ له‌ئاست به‌رپرسیارێتێ مێژویدا بێت، مێژو ره‌حم به‌كه‌س ناكات، ئۆپۆزسیۆن وه‌ك ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی پێویسته به‌هزرو فیكرێكی عه‌قڵانیه‌وه فشاری سیاسی و هه‌مو ئامرازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌كار بهێنێت بۆ ده‌رچون له‌م قه‌یرانه یاسایی و سیاسیه !
پێویسته هه‌مو لایه‌ن و رێكخراوه مه‌ده‌نی و حیزبه سیاسیه‌كانی ئۆپۆزسیۆن سیناریۆی داڕێژراوی گونجاویان هه‌بێت بۆ بارودۆخه‌كه، ئه‌وه عه‌قڵیه‌تی سیاسی ده‌سه‌ڵاته له‌ئێستاوه پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌وه ئه‌كه‌ن، گوایه ئۆپۆزسیۆن به‌ته‌مایه جارێكی تر هاوڵاتیانی كوردستان هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنێت و به‌كوشتیان بدات، له‌كاتێكدا هاتنه‌ده‌نگ و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین مافێكی سه‌ره‌تایی هاوڵاتیه، ناكرێت له‌سه‌ر ئه‌م مافه ره‌وایه له‌ژیان بسڕدرێته‌وه و خوێنت حه‌ڵاڵ بكرێت .
ئه‌مه‌یه عه‌قڵیه‌ت و بۆچونی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به‌مافی هاوڵاتی و پرسه دیموكراسیه‌كان، به‌ڕاستی به‌زه‌ییم پیاتاندا دێته‌وه، یا ئه‌وه‌تا ئێمه هیچ له‌دیموكراسیه‌ت نازانین، یان ئێوه، ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه چونكه هه‌ردولا راستیه‌كان باش ئه‌زانین، به‌ڵام له‌وه‌ئه‌چێت به‌رژه‌وه‌ندیه ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانتان وابخوازێت دیموكراسی به‌وشێوه‌یه بگونجێنن، پێویسته مێژو ئه‌و به‌رپرس و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه دادگایی بكات كه به‌ڕۆژی روناك یاسا پێشێل ئه‌كه‌ن و به‌سه‌ركه‌وتنیشی له‌قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌ن.
به‌ڕاستی ئه‌مه‌یه وه‌همی دیموكراسیه‌ت و سازانی بازرگانی، واته هه‌مو شتێك له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تاییبه‌ت، هه‌ر بۆیه كشانه‌وه له‌پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌گه‌رێكی دورو چاوه‌ڕوان نه‌كراو نییه، خۆ ئه‌كرا ئه‌م ململانێی ده‌سه‌ڵاته به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و شارستانی بكرێت له‌ڕێی دایه‌لۆگ نه‌ك به‌شێوازی كوده‌تای حیزبی په‌رله‌مانی.
|
|
|