|
شه‌هیدانی 28/7/2008 که‌رکوک |
نوسه‌ر: مه‌لا فه‌رمان
|
Monday, July 29, 2013 |
پێشکه‌شه به مامۆستامان شێرکۆ بێکه‌س (گه‌رده‌لولی گه‌رمیان، ئازاد هه‌ورامی، مامه ریشه و مه‌لا ئاراس)
به‌ڕێزانم، به شه‌ش رۆژ به‌ر له ماڵئاواییتان له که‌رکوک، خۆتان بینیتان یان له نزیکه‌وه بیستان چۆن رۆژنامه‌نوسی لاو، روحی که‌رکوک کاکه سۆرانی مامه حه‌مه له کوێ و چ ساته وه‌ختێک و چۆن تیرۆرکرا، یه‌که‌یه‌که‌تان شاره‌زابون به کۆڵانه‌کانی ره‌شیدئاوا و شۆڕجه، زۆربه‌تان خه‌ت و ختوکه پڕ خه‌م و ئازاره‌کانی ئه‌وتان خوێندبۆوه و لێی تێگه‌یشتبون.
به‌ڕێزانم، کاتی ماڵئاواییتان، زۆر نزیکتان بوم، ئاگاداری هوتاف و ئازاره‌کانتان بوم. ده‌مزانی، رژانه سه‌ر شه‌قامتان له به‌ر خاتری سوڵتانه‌کان نیه، باش ده‌مزانی ده‌رده له مێژینه قوڵه‌که‌ی که‌رکوک وای لێکردن له ئاستی لوتبه‌رزی سوڵتانه‌کانی خۆمان چاوپۆشی بکه‌ن. ئه‌وه‌ی ئێوه کردتان شه‌ڕی ناو هۆڵی په‌رله‌مان بو، ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌بو له 2003 په‌رله‌مانتاره‌کان و به‌رپرسه‌کانی کورد له به‌غدا بیانکردایا. به‌ڵام ئه‌وان ئێوه ئاسا نه‌یانتوانی ببن به پاڵه‌وانی ئه‌وینی شار.
به‌ڕێزانم دوای ماڵئاواییتان، لافیته‌ی ره‌ش کوچه‌و کۆڵانه‌کانی شاری داپۆشی. ترس و قاتێکی دی هاته سه‌ر. ئه‌و دڕندانه‌ی چنگیان ئاخنیه دڵی ئێوه‌وه هێندرانه سه‌ر شاشه‌ی تهلەفیزیۆن و هه‌مو شتێکیان درکاند و گوت. هێنده‌ی نه‌برد، دوای چه‌ند رۆژێک ئازادکران، خه‌ڵات کران، وه‌ک بکوژه‌کانی سۆران، له شه‌قامه‌کانی ئێوه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه. ئه‌مه بۆ؟ چۆن؟ ئه‌م نهێنیه‌ش وه‌ک نهێنی هاتنمان بۆ سه‌ر شه‌قام لای سوڵتانه!
له‌و رۆژه‌وه‌ی ئێوه ماڵئاواییتان له شار کرد، تا ئه‌م چرکه‌ساته شه‌قام زه‌نده‌قی چوه و چۆڵه، ترس له زیادبونه، چاره‌نوسی ئێمه و شار زیاتر نادیاره. ته‌قینه‌وه‌کان به‌رده‌وامن و له زۆربوندان، زیاتر له مه‌ئموره‌کانی به‌عس روح ده‌دورنه‌وه، رفاندن و له لێدان خستنی ده‌یان دڵی وه‌ک دڵی ئێوه و دڵه بێگه‌رده‌که‌ی کاکه سۆران درێژه‌ی هه‌یه. که‌چی ئه‌م شه‌قامه‌ی ئێمه هه‌ر بێده‌نگه و پشتی زیاتر ده‌چه‌مێته‌وه، پێنوسه‌کان زیاتر ده‌چنه قاوغهکانیانهوه و له گیرفانه‌وه خۆیان ده‌کوتنه کونه‌وه، زۆریشیان شار به جێده‌هێڵن و ده‌بن به شاگردی سوڵتانه‌کان، له‌وێ، له ترسی مردن روحی خۆیان له شوشه سهرداخراوهکانی ئه‌واندا ده‌شارنه‌وه.
ئازیزه‌کان، دوای ئه‌وه‌ی روحی سۆران و جه‌نابتان وه‌ک روحی رهوه کۆتره سپیه‌کان له شه‌قه‌ی باڵیان دا‌و، که‌وتنه ئاسمانی شار. ئیدی شار ره‌نگێکی دی پۆشی، ئه‌م ره‌نگه وه‌ک دڵۆپه مه‌ره‌که‌بی سه‌ر ئاو به‌ره‌و سنوره دێرینه‌که‌ی خوار ههوارگهتانهوه ورده‌ورده په‌خش بوه‌وه، پێ به‌پێ ماڵمان لێ ته‌نگتر ده‌بێته‌وه‌و کۆچ به‌ره‌و ژوره. گه‌ر ده‌تانه‌وێ بزانن، بۆ؟ چۆن؟ جگه له نهێنیه‌که‌ی لای سوڵتان، ده‌توانن له‌و کیژۆڵه تاقانه چاوڕه‌ش و سه‌رپۆش سه‌وزه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سەڵاحەدین بپرسن، دورنیه ئه‌و خانمه نهێنیه‌که‌ی لا درکێندرابێ.
به‌ڕێزان، کاتێ به جێ پێیه‌کانی ئێوه‌دا له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانی که‌رکوک هه‌نگاو ده‌نێم، چاو ده‌گێڕم و گوێ هه‌ڵده‌خه‌م، واده‌زانم ئه‌و رۆژه‌یه پێکه‌وه ده‌ست له ناو ده‌ست هه‌ڵپه‌رکێمان بۆ بوکێنی که‌رکوک ده‌کرد و ئێوه‌ش سهرچۆپیتان گرتبو. گوێم له هوتافه‌کانی ئێوه، ده‌نگی ئێوه ده‌بێت. ئه‌و ده‌نگانه‌ی به‌دوای روحی راستیدا ده‌گه‌ڕێن و ده‌ستمان راده‌کێشن، ئێمه‌ش به دویاندا په‌یام و خه‌می دوێنێ و ئه‌مڕۆی که‌رکوک به گوێچکه‌ی ئه‌واندا ده‌ده‌یه‌ن.
حهیاتهکانم، دوای خواحافیزیتان، هێنده‌ی نه‌برد شه‌پۆلێکی نیلی موژده به‌خش وه‌ک شینیهکهی جارانی زووی ئاوی خاسهکهمان له ئۆقیانوسی سه‌روی وڵاته‌وه به‌ڕێکه‌وت، به‌سه‌ر شاردا خولایه‌وه، له ئاست ئه‌و کوانوه پڕ رهژوه رهشههڵگهڕاوهی ئێوه و مه‌زارگه‌ی ستار و سۆرانه‌وه که‌مێ داما و به چاوی پڕ فێرمێسکاویهوه، تیژ وه‌ک به‌وری به‌یان به‌ره‌و حه‌مرین به‌ڕێکه‌وت، ئه‌وه بۆ 4 ساڵ ده‌چێت وه‌ک خولانه‌وه‌ی مانگ و زه‌وی له گه‌ڵ شار به‌ده‌وری یه‌کدا ده‌خولێنه‌وه. شار له برسانا و له ترسانا هه‌ر تێی ده‌ڕوانێ، شار له‌و عاشقه ده‌چێت چاوه‌ڕوانی تاریکی بێت، تا باوه‌ش به مه‌عشوقه‌که‌یدا بکات، پێده‌چێت ئه‌ویش، وه‌ک و موخلسی نالی بۆ مه‌عشوقه‌که‌ی له ته‌رازوی نازی مه‌عشوقه‌که‌ی نه گه‌یشتبێت. |
|
|