Print
 
 مردو له‌ بری‌ زیندو
نوسه‌ر:  رۆڤان سه‌روه‌ت
Saturday, August 3, 2013
شه‌یتان و ره‌حمان وازی‌ لێ ده‌هێنێ،‌ كه‌چی‌ ئه‌مان وازیان لێناهێنن...

هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان چه‌ندین نوكته‌ و ماجه‌رای‌ خۆش و ناخۆش و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی‌ تێدایه‌، له‌ دوای‌ راپه‌رینی‌ گه‌لی‌ كوردستان له‌ ساڵی‌ 1991 ه‌وه‌ كوردستان به‌ چه‌ندین قۆناغی‌ جیاواز تێپه‌ری‌ ساڵی‌ 1992 یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان ئه‌وێ‌ رۆژێ‌ به‌ گرنگترین و باشترین پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی‌ وێنا كرا له‌ دوای‌ روخانی‌ به‌ عسه‌وه‌ خه‌ڵك بچێت ده‌نگ به‌ نوێنه‌ر و لایه‌نی‌ خۆی‌ بدات، هه‌ر ئه‌و كاتیش ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردن چه‌ندین ناڕه‌زایه‌تی‌ و گله‌یی و كێشه‌ و كه‌م و كورتی‌ و بگره‌ ته‌زویر و تۆمه‌تبار كردن و ره‌نگه‌ به‌شێكی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆش هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ و په‌نجا به‌ په‌نجایه‌ بێت. ئه‌و كات له‌به‌ر نه‌بونی‌ ئامارێكی‌ راست و دروست له‌مپه‌رێكی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن بو.

له‌ دوای‌ ئه‌وانه‌ كوردستان به‌ قۆناغی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ و دو ئیداره‌یی‌ و په‌رت بون تێپه‌ڕی‌ ئه‌وكاتیش هه‌ر ئامارێكی‌ دروست نه‌بو و نه‌كرا ئه‌وه‌ش هۆی‌ خۆی‌ بوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌كان هه‌وڵیان ده‌دا هه‌ر كه‌س نفوزی‌ خۆی‌ به‌ هێز ده‌كرد. له‌ دوای‌ پرۆسه‌ی‌ رزگاری‌ عێراق و دامه‌زراندنی‌ حكومه‌تی‌ عێراق و هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق و كوردستان ئیتر ورده‌ ورده‌ ئه‌مانه‌ی‌ خۆشمان كه‌وتنه‌خۆ كۆكردنه‌وه،‌ چه‌ندین پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چو هه‌ر له‌هی‌ په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا.

له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی‌ 25-7-2009 ده‌ركه‌وتنی‌ لیستی‌ گۆڕان و ئۆپۆزسیۆنێكی‌ به‌هێز ئیتر یه‌كێتی‌ و پارتی‌ زۆر به‌وردی‌  كاریان له‌سه‌ر لیستی‌ ده‌نگده‌ران ده‌كرد و ئه‌مه‌ش گومانی‌ لای‌ هه‌موان دروستكرد، به‌تایبه‌ت تر ئه‌مساڵ كه‌ له‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان نزیك ده‌بوینه‌وه‌ په‌رله‌مانتارانی‌ ئۆپۆزسیۆن و به‌شێك له‌وانه‌ی‌ یه‌كێتیش چه‌ندین خه‌وشیان له‌ زیادكردنی‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌رانی‌ ناسروشتی‌ هه‌ولێر و دهۆك به‌دی‌ ده‌كرد هه‌ر ئه‌وكات زو میدیاكانی‌ ده‌سه‌ڵات چه‌ندین سیناریۆیان هێنا بۆ په‌رده‌پۆشكردنی‌ خه‌وشه‌كانیان.

سه‌یرتر له‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ له‌ چه‌ند رۆژه‌ی‌ دواییدا له‌ كوردستان گه‌وره‌ترین كه‌م و كوڕی‌ ئاشكرا كرا كه‌ ناوی‌ چه‌ندین هه‌زار مردوی‌ كوردستان ناویان له‌ تۆماری‌ ده‌نگده‌ران هه‌یه‌ و ده‌نگیان دایه‌وه‌ ئه‌مه‌ش جوانترین نمونه‌ی‌ نوكته‌ی‌ سیاسی‌ و دیموكراسی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ی‌ ئێمه‌یه‌. ئه‌وه‌ باسی‌ زیادكردنی‌ ناوی‌ ئاواره‌ی‌ سوری‌ و ئێرانی‌ و خۆ كه‌س نازانێت ره‌نگه‌ ناوی‌ عه‌ره‌بی‌ ناوچه‌كانی‌ تری‌ عێراقیش زیادبكه‌ن. سه‌یره‌ هه‌رێمێك له‌ 1991ه‌وه‌ رزگار بوبێت و باسی‌ دیموكراسی‌ و شه‌فافی‌ و هه‌ڵبژاردن بكات كه‌چی‌ ئه‌وه‌نده‌ خه‌وش هه‌بێت. سه‌یر‌ له‌وه‌یه‌ لێره‌ حیزب هه‌مو شته‌. حیزب بڕیاری‌ هه‌ڵبژاردن ده‌دات حیزب كۆمسیۆن دادەمەزرێنێت. حیزب تۆماری‌ ده‌نگده‌ران زیادو كه‌م ده‌كات هه‌مو شت هه‌ر حیزبه،‌ كه‌چی‌ باسی‌ فره‌ حیزبی‌ و عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سیاسیش ده‌كه‌ن. به‌ڕاستی‌ ئه‌مانه‌ خه‌مخۆری‌ میلله‌تن، ئه‌وه‌ نیه‌ مردو له‌ بری‌ زیندو ده‌نگ ده‌دات. له‌كورده‌واری‌ خۆمان ده‌وترێ‌ مردو كه‌مرد شه‌یتان و ره‌حمان وازی‌ لێئه‌هێنێ‌ كه‌چی‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌مه‌نه‌ خه‌مخۆرن واز له‌مردوه‌كانیش ناهێنن.
Sbeiy.com © 2007