|
ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی پارله‌مان له به‌رامبه‌ر خه‌ڵک و حکومه‌تدا |
نوسه‌ر: مه‌لا فه‌رمان
|
Monday, August 20, 2007 |
به‌شی یه‌که‌م
له‌م سه‌رده‌مه‌دا کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی له‌ژیانێکدایه خوازیاری گۆڕان و گه‌شه‌کردنه له چۆنیيه‌تی سه‌رکردایه‌تیکردن و به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری ده‌وڵه‌ت. ئه‌م خوازیارییه نه‌ک له کوردستان به‌ڵکه له هه‌موو گۆشه‌یه‌کی دونیا بۆته هۆی سه‌ر‌قاڵکردنی حکومه‌ت، سه‌رکرده و خه‌ڵک به ده‌ستێوه‌ردان له مه‌سه‌له‌کانی وه‌ک لێپرسراوێتی، یاسا و هێز. هۆکاره‌کانی زیادبوونی ئه‌م خوازیارییه له ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی گۆڕان و گه‌شه‌کردن بریتین له:
1- زیادبووونی داواکاريیه‌کانی خه‌ڵک بۆ دابینکردنی ژیانێکی پڕ له دیموکراسی و مافی مرۆڤ.... ژیانێک خه‌ڵک بتوانێت به‌شداریبکات له داڕشتنی بڕیاردا، یان هیچ نه‌بێت ئاگادار بێت له بڕیاره‌کان.
2- فشارێکی گشتی بۆ باشترکردنی کاریگه‌ريیه‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌دابینکردنی پێداویستییه ماددی و مه‌عنه‌ویيه‌کانی ژیان.
3- که‌مبوونه‌وه‌ی توانای ده‌وڵه‌ت له سه‌رکردایه‌تیکردن له زۆر وڵاتی دونیادا.
4- که‌مبوونه‌وه‌ی کاریگه‌ری سیاسه‌تی نیشتمانی له به‌رابه‌ر سیا‌سه‌ت و به‌رنامه‌ی جیهانگیری.
5- بوونی لێدوان و مشتومڕی سه‌رتاسه‌ری له‌مه‌ڕبوونی هاوسه‌نگيیه‌ک له‌نێوان ده‌وڵه‌ت، هاووڵاتی و بازاڕ.
مه‌به‌ست له‌م فشارانه ناچارکردنی داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ته بۆ خۆ گونجاندن له گه‌ڵ بارودۆخی تازه‌ی دونیا و په‌یڕه‌وکردنی سیستمی سه‌رکردایه‌تیکرنی تازه. ده‌وڵه‌ت پێویسته به به‌شه‌کانی وه‌ک جێبه‌جێکردن، یاسادانان و قه‌زادا بچێته‌وه و سه‌رله‌نوێ پێناسه‌ی تازه‌یان بۆ دابڕێژێت.
لێره‌وه ئه‌رک و کاره‌کانی پارله‌مان ده‌ستپێده‌کات. یه‌که‌م هه‌نگاو پارله‌مان پێویسته وه‌ک ده‌زگایه‌کی دیموکراتی رۆڵی پرد ببینێت له‌نێوان ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵ له‌ڕێگا‌ی یاسادانان، چاوه‌دێرێکردن و نوێنه‌رایه‌تیکردن، به شێوه‌یه‌ک ببێته هۆی به هێزکردنی پایه‌کانی حوکمکردن: به‌رپرسیارێتی، شه‌فافییه‌ت و به‌شداریکردن. ( بڕوانه هێڵکاری 1). ئه‌م هێڵکارییه ئه‌وه ده‌رده‌خات ده‌وڵه‌ت ده‌زگایه‌کی تێکهه‌ڵکێشه و تاک رۆڵی چالاکانه و به‌رچاو ده‌بینێت له به هاوبه‌شکردنی ده‌وڵه‌ت، کۆمه‌ڵ و بازاڕ. ئه‌م هاوبه‌شیکردنه هه‌مه لایه‌نییه ته‌نها له‌حکومه‌تێکدا به ديدێت بتوانێت په‌یڕه‌وی پره‌نسیپی سیستمی هاوسه‌نگی بکات له‌حکومکردندا، که تێیدا:
* به‌رپرسیارێتی نه‌شونما ده‌کات کاتێ هاوسه‌نگییه‌کی دروست له‌نێوان ده‌وڵه‌ت، کۆمه‌ڵ، بازاڕ و جیهانگیریدا هه‌بێت، به بێ بوونی یه‌ک تاکه ناوه‌ند به مه‌ستی قۆرغکردنی ده‌سڵات. هه‌مان پره‌نسیپ پێویسته په‌یڕه‌و بکرێت نه‌ک ته‌نها له په‌یوه‌نییه‌کانی حکومه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌کانی جێبه‌جێکردن، ته‌شرێع و قه‌زا، به‌ڵکه له‌نێوان خودی ده‌زگاکانی حکومه‌ت له هه‌ردوو ئاستی شاقولی و ئاسۆیی ( عمودی و افقی). بێ بوونی ئه‌م هاوسه‌نگییه له ده‌سه‌ڵات وڵات ده‌که‌وێته به‌ر مه‌ترسی گه‌وره‌ی به‌ڕێوه‌بردنه‌وه.
* ئاشکراگه‌ری (شه‌فافیيه‌ت) له کاره‌کانی هه‌موو داموده‌زگاکانی حکومه‌ت به جۆرێک هاووڵاتی لێی ئاگاداربن. ئه‌مه‌ش پێویست به بوونی گفتوگۆی به‌رده‌وام و نه‌پساو ده‌کات له نێوان ده‌زگاکانی حکومه‌ت و هاووڵاتيیان.
شه‌فافییه‌ت مه‌رجێکی پێشوه‌ختی هه‌ستکردنه به به‌رپرسیارێتی.
* به‌شداریکردن له ده‌سه‌ڵات پێوه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی به هاووڵاتیبوونه و مه‌رجی پێشوه‌ختی هه‌ستکردنه به په‌رپرسیارێتی پێویست. ئه‌م به‌شداریکرنه پێویسته هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ڵ بگرێته‌وه به بێ جیاوازی ره‌گه‌ز، باری ئابووری، ئایین و نه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش وا له هه‌موو تاکێکی کۆمه‌ل ده‌کات، حکومه‌ت به هی خۆی بزانێت، چالاکبێت و به ته‌نگ دواڕۆژی وڵاته‌وه بێت.
ئه‌مانه‌ن پایه گرنگه‌کانی سیستمی تازه‌ی سه‌رکردایه‌تیکرن بۆ یه هه‌موو ئه‌ندامانی پارله‌مان به کۆده‌نگی پێویسته هه‌وڵبده‌ن بۆ:
- به‌ره‌وپێشبردنی سیستمی به‌رێوه‌بردن. سیستمێ بایه‌خ به کاراکردنی هاووڵاتییان بدات.
- سازکردنی که‌شوهه‌وای به دیموکراتیکرنی حوکمڕانی.
- به هێزکردنی به‌رپرسیارێتی، ئاشکراگه‌ری و به‌شداریکردن.
گه‌ر پارله‌مان نه‌یتوانی ئه‌م بنه‌مایانه بخاته چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی کاری حکومه‌ته‌وه، مانای وایه پارله‌مان ده‌بێته ده‌زگایه‌کی بێ ده‌سه‌ڵات و که‌سایه‌تی پیرۆزی پارله‌مانێتی له‌ده‌ستده‌دات. به‌م شێوه‌یه‌ش زه‌مینه خۆشده‌بێت بۆ بوونی ناهاوسه‌نگی له حکومکردن.
تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م ناهاوسه‌نگییه بریتین له:
1- قۆرغکردنی ده‌سڵات: داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت گه‌وره‌و به‌هێزن به به‌راورد له گه‌ڵ هاووڵاتی و بازاڕ. پارله‌مان و قه‌زا گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانی حکومه‌ت ده‌کات و سه‌ربه‌خۆیی له بڕیاردان له‌ده‌ستده‌ده‌ن. له نێو خودی ده‌زگاکانی حکومه‌تیشدا ده‌زگاکانی خواره‌وه وابه‌سته‌ی ناوه‌ند ده‌بن و خاوه‌ن هیچ بڕیاریک نابن.
2- ده‌سه‌ڵاتێکی داخراو و تایبه‌ت: له‌م حاڵه‌ته‌دا هیچ جۆره ئاشکراگه‌رییه‌ک به دی ناکرێت، بڕیاره‌کان له پشتی په‌رده‌وه ده‌درێن، هه‌موو جموجؤڵێک له‌ژێر چاودێری گوماناوی ده‌بێت. هاووڵاتی و بزار به لاوه ده‌نرێت. کارمه‌ندانی حکومه‌ت ته‌نها ئاگادار ده‌کرێنه‌وه و فه‌رمانی سه‌روو جێبه‌جێده‌که‌ن.
3- به‌لاوه‌نانی پارله‌مان: پارله‌مان به لاوه ده‌نرێت و هیچ رۆڵێکی له ده‌سه‌ڵات نابێت. حکومه‌ت و حزبه سیاسییه به ناو به‌رهه‌ڵستکاره‌کان له پارله‌مان ده‌ستده‌که‌ن به شه‌ڕه وتار خوێندنه‌وه. ئه‌ندامانی پا‌رله‌مانیش وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌دیوه‌خاندا بن، رۆڵی گوێگر ده‌بینن.
خراپی بوونی ئه‌م ناهاوسه‌نگیيه له به‌ڕێوه‌بردن له‌وه‌دایه زه‌مینه خۆشده‌بێت بۆ کاری گه‌نده‌ڵی.، چونکه حکومڕانی ناهاوسه‌نگ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه له خۆ ده‌گرێت:
1- نه بوونی ده‌زگای یاسایی بێلایه‌ن: لاوازی یا نه‌بوونی ئه‌نجومه‌نێکی یاسایی به هێز به کوشه‌نده‌تری لایه‌نی لاوازی ده‌بنرێت له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تدا. له بری ئه‌وه‌ی قه‌زا سه‌ربه‌خۆ بێت و فشار بخاته سه‌ر ده‌وڵه‌ت، زیاتر گوێڕایه‌ڵی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت. ئه‌مه‌ش واده‌کات شه‌قامی گشتی بڕوا به قه‌زا نه‌کات و وا هه‌ستبکات که یاسا نییه له وڵات. بۆیه لێپرسینه‌وه له کاره گه‌نده‌ڵيیه‌کان ناکرێت. خه‌ته‌ری ئه‌م هه‌سته‌ش له‌وه‌دایه که هاوسه‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌شێوێنێت.
2- چڕبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لای حکومه‌ت: چڕبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات لای حکومه‌ت به دوو شێوه ده‌رده‌که‌وێت: یه‌که‌م: له په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ به‌شه‌کانی تردا، به تایبه‌تی ده‌زگای قه‌زا و پارله‌مان. دووه‌م: له په‌یوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ داموده‌زگاکانی خواره‌وه‌ی خۆی، به تایبه‌تی له ناحیه و قه‌زاکان. له چڕبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات دوو بۆچوون هه‌یه. ا- هه‌ندێ له‌وانه‌ی له ناوه‌ندی بڕیاردان چڕبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات به دیارده‌یه‌کی ته‌ندروست داده‌نێن، چونکه پێیان وایه ده‌زگاکانی خواره‌وه تازه و که‌م ئه‌زموونن، توانای به‌رنامه رێژی کاره‌کانی خۆیان نییه.
ب- دیارده‌یه‌کی خراپه چونکه ده‌سه‌ڵات قۆرغ ده‌کرێت، ده‌کات و وایان لێده‌کات توانای سه‌ربه‌خۆ کارکردن و بڕیاردانیان نه‌بێت.
3- ده‌سه‌ڵاتی پارته سیاسییه‌کان: سه‌رۆکی حزب هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێک لای خۆی چڕ ده‌کاته‌وه. سه‌ره‌تاکانی به‌رپرسیارێتی، ئاشکراگه‌ری و به‌شداریکردن به‌و شێوه‌یه داده‌ڕێژێت که خۆی ده‌یه‌وێت. له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کان و دواتریش رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پارته سیاسییه‌کان له پارله‌مان زیاتر ده‌بێته هۆی لاوازی پارله‌مان. له جیاتی ئه‌وه‌ی به داڕشتنی به‌رنامه‌ی سییاسیه‌وه خه‌ریکبن، زیاتر خه‌ریکی کاره‌کانی خۆیان ده‌بن. ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامی شێوه‌ی بانگێشه‌کردنی هه‌ڵبژاردنه. له جیاتی ئه‌وه‌ی بانگێشه‌کان به‌رنامه‌ی کارکردن و پلانی دواڕۆژ له خۆ بگرن، زیاتر هه‌ر حزبه بۆ قازانجی خۆی و به‌ده‌سهێنانی ده‌نگی زیاتر " پاره، هه‌ڕه‌شه و به کرێگرته" به کارده‌هێنێت.
4- لاوازی میدیا و کۆمه‌ڵ: لاوازی له داموده‌زگاکانی حکومه‌ت زۆر جار هاوپێچن له گه‌ڵ لاوازی هاووڵاتی و میدیا. کۆمه‌ڵ و میدیا به زۆری زۆر نزیکن له حکومه‌ت یان وابه‌سته‌ن. ئه‌مه‌ش وا ده‌کات ده‌زگای راگه‌یاندنی ئازاد یان بوونی نییه، یان ئه‌وه‌ی هه‌شه که‌متر بوێرێت به گژ دیارده دزێوه‌کاندا بچێته‌وه.
ته‌نها پا‌رله‌مانێکی خاوه‌ن ئه‌ندامی کارا ده‌توانێت جۆری حکومکردن به یه‌کێ له‌و دوو ئاقاره‌دا به‌رێت: هاوسه‌نگی یان نا هاوسه‌نگی. له یه‌که‌میان هه‌مووان: پارله‌مان، حکومه‌ت، کۆمه‌ڵ، تاک، حزب کارا ده‌بن و رۆڵی به‌رچاویان ده‌بێت، سیستمێکی شه‌فافه و قابلی کونترۆلکردنه. دووه‌میان به پێچه‌وانه‌وه هه‌ندێ که‌سی ناو حزب ده‌بن به حکومه‌ت، پارله‌مان، کۆمه‌ڵ و تاک و بازاڕ، شته‌کان له پشت په‌رده‌وه ده‌کرێت و قابلی کۆنترۆلکردن نییه.
به گرتنه به‌ری ئه‌م سیستمه وڵات ده‌بێت به وڵاتێکی بێ بڕشت.
|
|
|