Print
 
 هه‌ڵبژاردن و په‌یمانی‌ شه‌ره‌ف
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Thursday, August 29, 2013
ئێمه‌ ده‌بێ‌ بڕوا به‌و راستیه‌ بێنین، هه‌رلایه‌نێك ته‌زویرو فێڵ بكات، ئه‌وه‌ له‌ بنچینه‌دا بڕوای‌ به‌ دیموكراسی‌ نیه‌و هه‌ڵبژاردنیش وه‌ك گره‌وێكی‌ نا ئاكاری‌ ده‌بینێ‌.

پێویسته‌ حیزبه‌كانی‌ كوردستان په‌یمانێكی‌ شه‌ره‌فیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگه‌ی‌ ساخته‌كاری‌ و ته‌زویر نه‌گرنه‌ به‌ر، هه‌ر حیزبێك بڕوای‌ به‌وه‌ هه‌بێت كه‌ ساخته‌كاری‌ و فێڵ بكات، ئه‌وه‌ به‌ر له‌ هه‌ر كه‌س سوكایه‌تیه‌كی‌ گه‌وره‌ به‌ ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگره‌كانی‌ خۆی‌ ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ بنه‌ڕه‌تا بڕوای‌ پێیان نیه‌ بۆیه‌ ساخته‌ ده‌كات، چونكه‌ به‌ گومانه‌ له‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ پێبده‌ن، یان لانی‌ كه‌م به‌ گومانه‌ له‌ كۆی‌ میلله‌ته‌كه‌ی‌، جا توخوا ئه‌گه‌ر حیزبێك به‌ گومان بێت له‌ میلله‌ته‌كه‌ی‌ هه‌ق نیه‌ هه‌زار جار ئه‌و میلله‌ته‌ به‌ گومان بن له‌و، تا فێڵ و ساخته‌كاری‌ هه‌بێت، دیموكراسیه‌ت له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه‌، چونكه‌ ساخته‌كاره‌كان بۆ بردنه‌وه‌ هه‌مو شتێ‌ ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ر به‌ ته‌زویرو ساخته‌ كاری‌ بگیرێت:

1- پێویسته‌ ئاستی‌ هۆشیاری‌ كۆمه‌ڵ به‌رز بكرێته‌وه‌، به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ هۆشیاری‌ تاكه‌كان و كۆمه‌ڵ تا ئه‌و راده‌یه‌ی‌، كه‌ له‌وه‌ دڵنیا بن ئه‌وه‌ ئه‌وانن دیموكراسی‌ و پێكه‌وه‌ ژیان و تۆله‌رانس"لێبورده‌ی‌" و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن دروست ده‌كه‌ن، تاكه‌كان ده‌بێت هۆشیاری‌ ئه‌وه‌یان هه‌بێت كه‌ ئه‌وان رۆبۆت نین مرۆڤن، مرۆڤیش خۆی‌ خاوه‌نی‌ خۆیه‌تی‌ به‌تایبه‌ت له‌پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، به‌تایبه‌ت تر ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ ناو میلله‌تی‌ وه‌ك كوردا بێت، ده‌نگدان به‌ر له‌هه‌ر شت به‌رپرسیاره‌تی‌ و ئاكاره‌، ناكرێ‌ خیانه‌تی‌ لێبكرێت، ناكرێ‌ هیچ تاكێك ڕێگه‌ بدات ببێته‌ به‌شێك له‌ ساخته‌كاری‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ڕابردودا په‌روه‌رده‌یه‌كی‌ سه‌قه‌تی‌ هه‌ڵبژاردن فێر كراوین، به‌ڕاده‌یه‌ك وا نیشان دراوه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌نگێ‌ زیاتر بدات ئه‌وه‌ زیاتر دڵسۆزی‌ حزبه‌كه‌یه‌تی‌، له‌ كاتێكا ئه‌وه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كانی‌ خیانه‌ت خیانه‌ته‌ له‌ دیموكراسی‌ و هه‌ڵبژاردن. من له‌ هه‌ڵبژاردنێكا چیرۆكێكی‌ زۆر ناخۆش برینداری‌ كردم ، كچێك كه‌ پێشتر ده‌نگی‌ دابوو له‌ كاتی‌ ده‌نگدانی‌ دوه‌م یان زیاترا گیرا، ئه‌و له‌به‌ر چاوی‌ كامێراكان ده‌گریا، من هه‌ر ئه‌و كات ووتم چ شه‌رمه‌زاریه‌كه‌ حزبێك به‌لایه‌وه‌ ئاسای‌ بێت ئه‌م كیژۆڵه‌یه‌ شه‌رمه‌زاری‌ به‌رده‌م خه‌ڵكی‌ بكات و ئێستاش لێی‌ نه‌پرسێته‌وه‌، ئه‌وه‌زۆر برینداری‌ كردم، هیوادارم كه‌س به‌ ده‌ردی‌ ئه‌و خاتونه‌ نه‌چێت.

2- پێویسته‌ خه‌ڵك به‌ گشتی‌ به‌شداری‌ بكه‌ن ، به‌شداری‌ زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵك ، رێگه‌ له‌ یه‌كێ‌ له‌ شێوازه‌كانی‌ ته‌زویرو ساخته‌كاری‌ ده‌گرێت ، كه‌ پڕكردنه‌وه‌ی‌ له‌ بریه‌، تا زیاتر خه‌ڵك به‌شداری‌ پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن ، كه‌متر له‌ بری‌ ئه‌وان ده‌نگ ده‌درێت ، هه‌روه‌ك ناكرێ‌ ڕێگه‌ به‌وه‌ش بده‌ن له‌بری‌ ئه‌وان ده‌نگ بدرێت، من له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشوتردا چیرۆكی‌ سه‌یرم گوێ‌ لێده‌بو، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك چووه‌ بۆ ده‌نگدان بینیویه‌تی‌ له‌ بری‌ ئه‌و ده‌نگ دراوه‌ ، پێویسته‌ له‌ دۆخی‌ ئاوادا ئه‌و كه‌سه‌ له‌ مافی‌ خۆی‌ خۆش نه‌بێت، له‌ هه‌ركوێ‌ كاری‌ وا بكرێت ئه‌و شوێنه‌ وه‌ك ئه‌وه‌وایه‌ بخرێته‌ لیستی‌ ڕه‌شه‌وه‌، به‌شداری‌ كردنی‌ هه‌موو له‌ پرۆسه‌كه‌دا و له‌ كاتی‌ خۆیدا رێگر ده‌بێت له‌و ساخته‌كاریه‌.

3- بۆ هه‌ڵبژێر "ده‌نگده‌ر" تێگه‌یشتن له‌به‌رنامه‌ی‌ ده‌نگدان و لێكدانه‌وه‌ی‌ چۆنێتی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ ،  بایه‌خی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، پێویسته‌ ده‌نگده‌ر له‌ دۆخی‌ وادا به‌ وردی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وه‌ بكات كه‌ ئایه‌ چه‌ند له‌ توانادایه‌ جێبه‌جێبكرێت، واته‌ ده‌نگده‌ری‌ به‌ ئاگا ده‌زانێ‌ به‌ردی‌ زل نیشانه‌ی‌ نه‌هاویشتنه‌.بۆ كارێكی‌ وا ئاوڕ دانه‌وه‌ له‌ ڕابردوش كارێكی‌ خه‌راپ نیه‌ ، ده‌نگده‌ری‌ به‌ ئاگا مافی‌ خۆیه‌تی‌ له‌وه‌ بپرسێت كه‌ بۆچی‌ زۆر جار به‌ڵێنه‌كان ده‌بنه‌ بڵقی‌ سه‌ر ئاو، یان هه‌ندێ‌ جار به‌ڵێنه‌كان كاتێ‌ په‌له‌ پڕوزێی‌ جێبه‌جێكردنی‌ نیوه‌چڵیان ده‌درێت ، كه‌ جگه‌ له‌ ریكلامی‌ هه‌ڵبژاردن هیچی‌ دیكه‌ نین.

4- ده‌نگده‌ر پێویسته‌به‌ر له‌هه‌ر هه‌نگاوێك  ئه‌و به‌ڵێنه‌ به‌ خۆی‌ بدات كه‌ ئه‌و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئاوه‌ز "درك" یان ئه‌قڵ ده‌كات نه‌ك سۆزو به‌زه‌یی، مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ ئاوه‌ز واته‌ بڕیاری‌ خۆخاوه‌نی‌، ئه‌مه‌ش بۆ ناوچه‌یه‌كی‌ وه‌ك هه‌رێمی‌ كوردستان سودو بایه‌خی‌ خۆی‌ هه‌یه‌.

5- پێویسته‌ لانی‌ كه‌می‌ هوشیاری‌ ئه‌وه‌مان هه‌بێت كه‌ ڕێگا نه‌ده‌ین به‌وه‌ی‌ له‌ جیاتی‌ كه‌س و كاره‌ مردوه‌كانمان ده‌نگ بدرێت، ئه‌وه‌به‌س سوكایه‌تی‌ نیه‌ به‌ مردوه‌كان، سوكایه‌تی‌ كردنه‌ به‌ زندوه‌كانیش، له‌مه‌دا نابێت ئه‌وه‌مان له‌ بیر بچێت كه‌ كۆمیسیۆنی‌ بالاَی‌ هه‌ڵبژاردن، پشكێكی‌ ئه‌و ساخته‌ كاریه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.

6- هه‌ڵبژاردن یه‌كێكه‌ له‌ ڕێگه‌ بایه‌خداره‌كانی‌ گه‌یشتن به‌ ئاشتی‌ و ئارامی‌، به‌شداری‌ كردن له‌ڕێگری‌ كردن له‌ گه‌یشتن به‌و شوێنه‌، له‌ ڕێگه‌ی‌ ته‌زویرو ساخته‌كاری‌ و وه‌رگرتنی‌ دیاریه‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ی‌ تێكدانی‌ ئاشتی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ و بێبایه‌خكردنی‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌یه‌، هه‌وڵێكیشه‌ بۆ نه‌گه‌یشتن به‌ ئاشتی‌ و ئارامی‌.

7- به‌شداری‌ كردنی‌ زۆرینه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنا واته‌ چاندنی‌ ئومێد لای‌ خه‌ڵك بۆ گه‌یشتن به‌ دیموكراسی‌ راستی‌، بێئومێد كردن واته‌ تێكشكاندنی‌ كه‌سێتی‌ تاكی‌ كورد، بۆیه‌ ناكرێ‌ مرۆڤی‌ كورد خۆی‌ بداته‌ ده‌ست نائومێدیه‌وه‌، من له‌ماوه‌ی‌ ڕابردودا له‌ ڕۆژنامه‌ی‌ هاولاَتی‌ بابه‌تێكم له‌سه‌ر نا ئومێدی‌ و نا ئومێد كردن بلاَو كرده‌وه‌، له‌وێدا رون و ره‌وان باسی‌ ئه‌وه‌م كردبو كه‌ چۆن لێره‌ پرۆسه‌یه‌ك هه‌یه‌ بۆ نا ئومێد كردن، ئه‌وه‌ش مه‌یلی‌ به‌شداری‌ له‌ بنیاد نان و گۆرینی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

8- هه‌ڵبژاردن و دروسبوونی‌ ڕای‌ گشتی‌، یه‌كێك له‌ و رێگایانه‌ی‌ كه‌ ڕۆڵی‌ گه‌وره‌ له‌ دیموكراتیزه‌ كردنی‌ هه‌ر كۆمه‌ڵێكدا ده‌گێڕێت، رای‌ گشتیه‌، ڕای‌ گشتی‌ ڕێیه‌كی‌ كاریگه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سته‌مكاری‌، گه‌نده‌ڵی‌، نادادی‌ دروست نه‌بێت، یه‌كێك له‌ وهه‌نگاوانه‌ی‌ رای‌ گشتی‌ دروستده‌كات هه‌ڵبژاردنه‌، هه‌ڵبژاردن بریتیه‌ له‌ سه‌ره‌تایترین شێوازی‌ رای‌ گشتی‌، بۆ ئه‌مه‌ پێویسته‌ خه‌ڵك له‌ بایه‌خی‌ ئه‌و ده‌نگه‌ی‌ خۆی‌ تێبگات ، ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌ بایه‌خی‌ ده‌نگی‌ خۆی‌ تێگه‌یشت، ئه‌وه‌ به‌ دڵنیایه‌وه‌كۆمه‌ڵێكی‌ ته‌ندروست و كارا دروستده‌بێت.

ئه‌مانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ چه‌ند خاڵێكی‌ كورتن سه‌باره‌ت هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك له‌ گه‌ڵ خۆیدا ئه‌و په‌یمانی‌ شه‌ره‌فه‌ ببه‌ستێت كه‌ نه‌بێته‌ به‌ شێك له‌ ناشرین كردنی‌ ئه‌م پرۆسه‌ ته‌ندروسته‌.
Sbeiy.com © 2007