Print
 
 نرخی‌ ده‌نگ
نوسه‌ر:  جه‌بار ئه‌حمه‌د
Tuesday, September 17, 2013
(حوشتر ئه‌گه‌ر كوڕی بێت یان كچ كۆڵی‌ خۆی‌ به‌كۆڵی‌ خۆیەوه‌یه‌تی‌ باره‌كه‌ی‌ سوك نابێت) ئه‌و رسته‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك راسته‌ كه ‌سه‌رتاپای‌ به‌ته‌مومژی‌ دیكتاتۆری‌ ته‌نرا بێت هیچ ئومێدێك بۆ گۆڕانكاری‌ بونی‌ نه‌بێت تاكه‌ تێكشكاوه‌كانی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ ده‌سته‌و ئه‌ژنۆ دانیشتون ناتوانن هیچ پێشنیارو بۆچون یان هیچ روداوێك به‌ئاراسته‌ی‌ سودی‌ خۆیان بگۆڕن بۆیه‌ له‌ڕوانگه‌ی‌ ئه‌و په‌نده‌وه‌ ناتوانرێت هیچ گۆڕانكاریه‌ك به‌دی‌ بهێنرێت.

خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌و په‌نده‌ بۆ ئێستای‌ كوردستان به‌هیچ جۆرێك راست نیه‌ چونكه‌ ئه‌و ره‌شه‌بای‌ گۆڕانه‌ی‌ هه‌ڵیكردوه‌ هه‌مو به‌ربه‌سته‌كان تێك ده‌شكێنێت سه‌رئه‌نجام له‌ كه‌ناری‌ ئارامی‌ كه‌شتی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵگەیه‌ له‌نگه‌ر ده‌گرێت، خۆشبه‌ختانه‌ چه‌ندین په‌ندو رسته‌ی‌ تر هه‌ن ئومێدی‌ گۆڕانكاری‌ ده‌ده‌نه‌ مرۆڤەكان وه‌ك ئه‌و رستەیه‌ی‌ بیرمه‌ندی‌ به‌ناوبانگ (ولیه‌م رایش) كه‌ ده‌ڵێت: تۆ ئه‌ی‌ مرۆڤ خۆت سه‌روه‌ری‌ كۆیله‌یه‌تی‌ خۆتی‌ واته‌ مرۆڤ ده‌كاته‌ سه‌نته‌رو رۆحی‌ هه‌مو گۆڕانكاریه‌كانی‌ ده‌داتێ ئه‌و بۆچونه‌ی‌ ڕایش له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ ئازاد و دیموكراتیدا له‌دایكبوه‌ كه‌تیایدا مرۆڤ گه‌یشتوه‌ته‌ لوتكه‌ هیچ شتێك له‌مرۆڤ پیرۆزتر نیه‌ هه‌مو شتێك له‌خزمه‌تی‌ مرۆڤدایه،‌ بۆیە مرۆڤی ئازاد ده‌توانێت بڕیار بدات گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ دروست بكات چی‌ تر سه‌رده‌می‌ ترس و چاو سور كردنه‌وه‌ به‌سه‌رچوه‌، چونكه‌ هێزێكی‌ نوێ‌ له‌ناو گۆڕه‌پانی‌ سیاسی كوردستاندا بونی‌ هه‌یه ‌كه ‌ئه‌ویش بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانە، ده‌یه‌وێت هه‌مو چین و ‌توێژێك له‌ژێر سایه‌ی‌ عه‌داله‌تی‌ کۆمەڵایەتیدا بژین هه‌ر ئه‌و بیرو بۆچونه‌یه‌ وایكردوه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی‌ بڕیاری‌ گۆڕانیان داوه‌ ببنه‌ فریادڕه‌سی‌ عه‌داله‌ت و‌ داكۆكیكار له‌ژیان و گوزه‌رانی‌ گوندنشینان.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان شه‌ڕی‌ سه‌ر جاده‌و سه‌نگه‌ری‌ بردوه‌ته‌ ناو په‌رله‌مان پێشمه‌رگه‌ پارله‌مانتاره‌كانی‌ نه ‌به‌ ئیمتیازی‌ ماشێن نه‌ به‌ئیمتیازی‌ شوقه‌و خانه‌نشینی‌ تایبه‌ت رازی‌ نابن هه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ بون نرخیان بۆ ده‌نگی‌ خه‌ڵك گه‌ڕانده‌وه‌ ده‌نا پێش دروستبونی‌ ئه‌وان بودجه‌ له‌ژوره‌ تاریكه‌كاندا ژێر به‌ژێر تێده‌په‌ڕێنرا پاره‌ی‌ نه‌وت شیرینیه‌كه‌ی‌ ئیمزاكردنی‌ رێكه‌وتننامه‌ و په‌یماننامه‌كانی‌ نه‌وت له‌ژوره‌ تاریكه‌ كاندا ده‌خنكێنران ته‌نها چه‌ند كه‌سێك یان توێژێكی‌ دیار سودمه‌ند ده‌بون لێی،‌ ئه‌وه‌ پارله‌مانتاره‌كانی‌ گۆڕان بون ته‌پڵیان بۆ ناعه‌داله‌تی‌ لێداو بكه‌رانیان شه‌رمه‌زار كرد له‌ناو پەرله‌ماندا، هه‌ر كاندیده‌كانی‌ گۆڕان بون مۆمی‌ عه‌داله‌تیان هه‌ڵكرد له‌ناو پەرله‌ماندا، بوجه‌ی‌ خه‌ڵكیان له‌ قورگی‌ ناعه‌داله‌تی‌ و ده‌ستی‌ بخۆره‌كاندا ده‌رهێنا، گه‌وجاندنی‌ خه‌ڵكیان ئاشكراكرد، هه‌ر ئه‌وان بون شیرینی‌ نه‌وتیان كه‌شفكرد داهاتی‌ خاڵه‌ سنوریه‌كانیان به‌یان كرد هه‌رچی‌ له‌ژێر به‌ڕه‌ بو خستیانه‌ سه‌ر به‌ڕه‌ ئه‌مانه‌و چه‌ندین كاری تریان بونه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ وڵات نیلی‌ پۆشبكه‌ن منی‌ هاوڵاتی به‌ئارامی‌ بژیم خه‌می‌ بوجه‌و كاره‌ باو به‌نزین نه‌بێته‌ خه‌می‌ هه‌مو رۆژێكم نه‌ك فه‌رمانڕه‌واكان.

لێره‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌مه‌وێت تیشكی‌ بخه‌مه‌ سه‌ر نرخی‌ ئه‌و ده‌نگه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ی‌ هاونیشتمانیان ده‌بێت بیزانین، بزانین چۆن چۆنی‌ به‌كاری‌ بهێنین ئومێد ده‌كه‌م سه‌رجه‌م خه‌ڵكی‌ كوردستان نرخی‌ ئه‌و ده‌نگه‌یان بزانن، هه‌روا به‌هه‌ده‌ر نه‌یده‌ن به‌بازرگانه‌كانی‌ نه‌وت.
Sbeiy.com © 2007