|
شایانی ئه‌م بارودۆخه‌ین كه تیایداین؟ |
نوسه‌ر: دڵشـاد شـێخان حوسـێن
|
Tuesday, October 1, 2013 |
له سیستمی حوكمڕانی دیموكراسیدا هه‌ڵبژاردن میكانیزمێكی ره‌هایه له پێناو ده‌ستاو ده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات. به‌شداربونی تاك له هه‌ڵبژاردن هه‌م ئه‌ركه و هه‌م ماف، مافه به‌وه‌ی كه هه‌رتاكێك خاوه‌نی ده‌نگێكه و هه‌رگیز ناتوانرێت ئه‌و مافه‌ی لێزه‌وت بكرێت مه‌گه‌ر خۆی ده‌ستبه‌ردار بێت. ده‌نگدان ئه‌ركه له كاتێكدا تاك هه‌ست به به‌رپرسیارێتی ده‌كات له پێناو چاكه‌ی گشتی پرۆسه‌كه ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كات ئه‌ڵبه‌ته ئه‌و هه‌سته‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وانه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئاستی وشیاری كۆمه‌ڵگا.
كه‌واته به‌شداربونی كۆمه‌ڵگا له سیاسه‌ت و حوكمڕانی هاوچه‌رخ له‌سه‌ر بنه‌مای تاكگه‌رایی (individualism) دامه‌زراوه، به ده‌ربڕینێكی تر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن زۆر به‌ڕونی گوزارشت له ئیراده‌ی تاك ده‌كات. ده‌نگدان بریتییه له ئه‌خلاق، بیر‌و باوه‌ڕ، ئابوری و رامیاری خه‌ون و ئاینده ...، هه‌روه‌ها به‌شداری تاك له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بریتییه له گرێبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و جیهانبینی ئه‌و كه‌سه سه‌باره‌ت به هه‌قیقه‌تی ژیان...، بۆیه ئه‌گه‌ر سیسته‌می سیاسی وڵات دیموكراسی راسته‌قینه بێت ئه‌وا پاراستنی ئیراده‌ی تاك پێویستییه‌كی حه‌تمییه بۆ به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤی یاخی و كۆمه‌ڵگایه‌كی زیندو، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كی پێچه‌وانه هه‌یه له نێوان به‌رزبونه‌وه‌ی رێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌بێ ره‌خنه پشتگیری له سه‌ركرده‌كه‌یان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئاستی دیموكراتیزه كردنی كۆمه‌ڵگا.
ئاستی راستگۆیی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له كۆمه‌ڵگا خێڵه‌كی و نه‌ریتیه‌كاندا له پله‌یه‌كی نزمدایه، چونكه تاكگه‌رایی نه‌قشی له‌سه‌ر ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه دانه‌ناوه ئه‌گه‌رچی ده‌شێت بگوترێت كه هه‌ندێك له تاكه‌كان له باری یاخیبوندا به‌دی ئه‌كرێن، نه‌ك له چوارچێوه‌ی تاكگه‌رایی. له هه‌ڵبژاردنی (21/9/2013)ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، له سیاسه‌تی ده‌ستنیشانكردنی كاندیده‌كانی دو پارتەکەی دەسەڵات به ڕونی ده‌ركه‌وت كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له‌سه‌ر بنه‌مای بنه‌ماڵه و به پیرۆزكردنی كه‌سه‌كان حوكمڕانی كردوه و به‌رده‌وامیشی هه‌یه، چونكه ئێمه له لایه‌نی فیكریه‌وه وه‌ك پێویست گه‌شه‌مان نه‌كردوه. به‌رزبونه‌وه‌ی كێرڤی لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵات له ڕێگه‌ی ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردن ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و پاشاگهردانیهیه كه هه‌ردو پارتی حوكمڕان به درێژایی ماوه‌ی رابوردو كاریان له‌سه‌ر كردوه و به‌رهه‌میان هێناوه.
به‌پێی فه‌لسه‌فه‌ی مێژوی هیگڵی (هه‌ندێك جار كاره‌كانی مرۆڤ ئه‌و ئامانجه ناپێكێت كه كاری بۆ ده‌كات)، روداوه مێژوییه‌كان قۆناغێك له قۆناغێكی تر جیاده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگا نه‌ریتیه‌كان، روداوه مێژوییه‌كان خه‌وش و خاری رابوردو له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌گوازنه‌وه، بۆ نمونه شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی كه تیایدا وێنه‌ی كه‌سه مه‌عنه‌وی و ئاینییه‌كانیان به‌رزكردبوه‌وه ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوی پێچه‌وانه‌ی شۆڕشه‌كانی ئه‌وروپا بو، هه‌روه‌ك بینیمان ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی كه شۆڕش مه‌به‌ستی بو ده‌ستی نه‌كه‌وت. ئه‌و خوێندنه‌وه‌ی سه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستانیش راسته، هه‌رچه‌نده ئێمه هه‌ڵبژاردنمان هه‌بوه و له ماوه‌ی چوار ساڵی رابردو له سایه‌ی ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز په‌رله‌مانێكی بهههژمون و ئه‌كتیڤمان بیناكردوه. ئۆپۆزسیۆن، پردی به‌یه‌كگه‌یاندنی شه‌قام و په‌رله‌مان بوه، به‌ڵام چه‌قبه‌ستویی عه‌قڵی كۆمه‌ڵگا رێگر بو له گه‌یشتنمان به ئامانج.
هه‌ڵبژاردن، ره‌هه‌ندێكی دیموكراسییه. چه‌سپاندنی پیت به پیتی چه‌مكی دیموكراسی په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وانه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ فیكری كۆمه‌ڵگا كه‌واته بۆ به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی و... شۆڕشێكی فیكری مه‌رجی پێشینه‌یه و پێویستییه‌كی حه‌تمییه، له غیابی شۆڕشی فیكریدا حیزب ده‌بێته ئامانج نه‌ك ئامراز، ده‌سه‌ڵات ده‌بێته پێگه نه‌ك وه‌زیفه، هه‌روه‌ها موقه‌ده‌س كردنی كه‌سه‌كان كه دژی بنه‌ماكانی دیموكراسی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه. |
|
|