Print
 
 یادی سلێمانی و هه‌ستكردن به‌ غوبن و غه‌در!
نوسه‌ر:  سیروان ره‌شید
Thursday, November 14, 2013

ئەمڕۆ 14/11/2013، یادی (229) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی شاری سلێمانییه‌. ئه‌و شاره‌ی‌ ئاڵا هه‌ڵگری خه‌باتی سیاسی و مه‌عریفی و ئه‌ده‌ب و نوێبونه‌وه‌ی به‌رده‌وامه‌، كه‌ فه‌زڵ و چاكه‌كانی به‌سه‌ر كاروانی روناكبیری و تێكۆشانی پێشمه‌رگانه‌ و خه‌باتی سیاسی و ئه‌ده‌بی و رۆژنامه‌گه‌ری و شارستانی گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ دیار و به‌رچاوه‌.

سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌شی شێری زیانه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێ به ‌بۆردۆمانی قه‌ڵادزی و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ‌و ئه‌نفالی گه‌رمیان و تا قوربانیانی راپه‌ڕین و شه‌ڕی‌ ناوخۆ، به‌ر خه‌ڵكی ئه‌م شار و پارێزگایه‌ كه‌وتوه‌. ئێستا ئه‌گه‌ر بێت و به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكت سه‌یری تابلۆ سیاسیه‌ی كوردستان و حوكمڕانی‌ بكه‌ین سیاسه‌تی نه‌خشه‌ بۆكێشراوی په‌راوێزخستنی سلێمانی، شتێك نیه‌ ته‌نها له‌م سێ چوار ساڵه‌ی رابردوه‌وه‌ هه‌ستی پێبكرێت، به‌ڵكو فاكتێكه‌ به‌درێژای ئه‌زمونی 22 ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی تاقمی ده‌سترۆیشتوی ناو ده‌سه‌ڵات، به‌پلان و به‌پیلان كاری بۆكراوه‌...

له‌سه‌ره‌تای پێكهێنانی یه‌كه‌م كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌م په‌راوێزخستنه‌ به‌ته‌واوه‌تی له‌كۆی هاوكێشه‌ی حوكمڕانی هه‌رێمدا ئه‌نجامدراوه‌، به‌تایبه‌تیش پاش 31ی ئاب و دامه‌زراندنی حكومه‌ت له‌ سلێمانی له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌، هێنده‌ی دیكه‌ غوبن و مه‌ینه‌تیه‌كانی سلێمانی چه‌ند باره‌بونه‌وه‌ به‌هۆی په‌راوێزخستنی خانه‌خوێی له‌ناوه‌ندی بڕیاردانی حكومه‌ته‌كه‌دا له‌سلێمانی...

ئێستاو له‌یادی‌ دامه‌زراندنی شاری سلێمانی و گۆڕینی‌ نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ له‌ریزبه‌ندی‌ هێز له‌ كوردستان و پارێزگای‌ سلێمانی‌، ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ حكومه‌ته‌ كه‌ ئه‌م یاده‌ و وه‌رچه‌رخانه‌ له‌هاوكێشه‌ی‌ سیاسیدا بكاته‌ ده‌رفه‌تێك، بۆ زیاتر خزمه‌تكردن و گه‌شه‌پێدان و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ خواست و خولیاكانی خه‌ڵكی‌ ئه‌م شار و پارێزگایه‌ كه‌ گرنگرتینیان خۆیان له‌م خواستانه‌دا ده‌بینێته‌وه‌:

یه‌كه‌م: پێویسته‌ چاره‌نوسی خه‌ڵكی ئه‌م پارێزگایه‌ له‌و مۆنۆپۆله‌ تاك حیزبیه‌ی‌ زیاتر له‌دو ده‌یه‌یه‌ به‌رده‌وامه‌، ده‌ربهێنرێت. به‌رمه‌بنای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ك پاش ئه‌و هه‌مو شكسته‌ سیاسه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ هاوكێشه‌ی حوكمڕانی هه‌رێم و به‌غدا به‌سه‌ر كورد و خه‌ڵكی‌ پارێزگاكه‌ی هێناوه‌. له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ چوار ساڵه‌ له‌سێ‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پڕ له‌ململانێی‌ نابه‌رامبه‌ردا ده‌سه‌ڵات له‌م پارێزگایه‌ دۆڕاندویه‌تی‌ و ده‌بێت دان به‌و راستییه‌دا بنێت، كه‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێت به‌ته‌نها حوكم و نوێنه‌رایه‌تی نه‌ك هه‌ر پارێزگایه‌كی‌ گه‌وره‌،‌ بكات به‌ڵكو ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن رێگه‌ی‌ پێنادات به‌ته‌نها حوكمی‌ ناحیه‌یه‌كی‌ بچوكیش بكات!. چونكه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م جاره‌ به‌ هه‌مو گرفت و كێشه‌ و كه‌موكورتییه‌كانییه‌وه‌ یه‌ك وێنای‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ به‌رجه‌سته‌ كردین، ئه‌ویش فره‌ده‌نگی و فره‌ڕه‌نگی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌ وڵاتی ئێمه‌دا. هه‌ربۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م هارمۆنیه‌ته‌ سیاسییه‌ نوێیه‌ له‌ ‌ئیداره‌دانی‌ كۆی‌ گشتی‌ كۆمه‌ڵگه‌ (جیهازی‌ باڵای‌ حكومه‌ت) و ئیداره‌ی‌ خۆجێی‌ پارێزگا و شاره‌ بچوكه‌كانیش ره‌نگ بداته‌وه‌...

دوه‌م: ئه‌م دنیایه‌ی‌ ئێستا، دنیای زه‌مانی حوكمڕانی‌ سه‌نتراڵ و مه‌ركه‌زیه‌ت نیه‌ و تازه‌ترین سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی دنیا له‌ئێستادا سیستمی لامه‌ركه‌زییه‌، كه‌ به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا ناوی ناوه‌ (نه‌ناوه‌ندێتی) كه‌ شێوه‌یه‌كی به‌ڕێوه‌بردنی هاوچه‌رخه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌سه‌رتاسه‌ری دنیادا په‌یڕه‌و ده‌كرێت. نه‌ك هه‌مو حوكمڕانی ده‌سه‌ڵات له ‌دامه‌زراندنی مجێوری مزگه‌وتێكه‌وه‌ بۆ پۆستی به‌رێوه‌به‌ری گشتی شاره‌وانیه‌ك یان به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی ناوچه‌یه‌ك یان به‌ڕێوه‌بردنی پرۆژه‌یه‌ك له‌ دواكه‌وتوترین و دورترین دێهاتی‌ كوردستان، له‌ده‌ستی شه‌خسی یه‌ك پارێزگار و سه‌رۆك حكومه‌ت و جێگره‌كه‌یدا مۆنۆپۆلبكرێت! كه ‌مه‌به‌ستیانه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ خۆیان به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بسه‌پێنن...

سێیه‌م: له‌دوای‌ راپه‌ڕینه‌وه‌ و به‌تایبه‌تیتریش له‌دوای‌ 2003وه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌م پارێزگایه‌ له‌بواری‌ په‌راوێزخستن‌ و فه‌رامۆشكردنی سیاسی‌ و حوكمڕانیه‌وه‌ له‌پۆسته‌ باڵاكانی‌ هه‌رێم و به‌غداش له‌جۆری‌ (سه‌رۆكی‌ هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی‌، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان و جێگره‌كه‌ی‌ و سه‌رۆكی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ هه‌رێم، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش و جێگره‌كه‌ی‌، پۆسته‌ سیادیه‌كانی‌ كورد له‌ به‌غدا، خه‌ڵكی‌ سلێمانی‌ هه‌ست به‌ "غوبن"ێكی‌ گه‌وره‌ ده‌كات له‌ زوڵملێكردن به‌هۆی‌ سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌ و به‌ئه‌نقه‌سته‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌‌. كه‌ پێویسته‌ لێره‌به‌دواوه‌ ئه‌و مافه‌ی‌ بۆ بگێڕدرێته‌وه‌.

چواره‌م: ئیدی‌ تا ئێره‌ به‌سه‌و ده‌بێ‌ خێروبه‌ره‌كه‌تی‌ سامانی‌ ژێر ئه‌رز و سه‌رئه‌رز و ئاسمانی‌ ئه‌م شارو پارێزگایه‌ بخرێته‌ خزمه‌تی‌ خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌، چونكه‌ به‌دیاریكراوی له‌ساڵی 1994وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی له‌سه‌ر حسابی خه‌ڵك و سامانی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی ئه‌م شارو پارێزگایه‌، خۆیان ده‌وڵه‌مه‌نتر و ده‌وڵه‌مه‌نتر ده‌كه‌ن و بڕێكی‌ باشی‌ داهاتی نه‌وت و باج و گومرگی سنوری ئه‌م پارێزگایه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتداران و به‌ هێزكردنی جیهازی شه‌خسی‌ و حیزبی خۆیان به‌كارده‌هێنن. ئه‌مه‌ سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ ساڵانه‌ به‌ ملیۆنان دۆلار له‌به‌شه‌ داهاتی بودجه‌ی‌ هه‌رێم، كه‌ (پارێزگای‌ سلێمانی44%ی بودجه‌ی هه‌یه‌و هه‌ولێرو دهۆكیش 56%)ه‌، كه‌ خه‌ڵكی‌ پارێزگای سلێمانی به‌گشتی و شاره‌كه‌ لێی سودمه‌ندنه‌بون. كه‌ ئه‌ویش به‌تڵانكردنی بودجه‌ی پارێزگاكه‌و داگیركردنی زه‌وی و زار و هه‌رزانفرۆشكردنی‌ سامانی‌ سروشتی‌ پارێزگاكه‌یه.
Sbeiy.com © 2007