|
پێشنيارى هه‌مواركردنى یه‌كه‌مى یاساى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێمى كوردستان ژماره (4)ى ساڵى (2006) |
نوسه‌ر: موزه‌فه‌ر هه‌مزه ره‌زا
|
Thursday, December 5, 2013 |
چاكسازیكردن له یاسا و رێساكانى په‌یوه‌ندیدار به سیاسه‌ته‌كانى وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمى كوردستاندا زه‌مینه‌یه‌كى له‌بارتر بۆ گه‌شه‌سه‌ندنى ئابورى و پاراستنى سه‌رچاوه سروشتیه‌كان ده‌ره‌خسێنێت، ره‌نگه ده‌قى یاساى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێم بۆ قۆناغێك سودى خۆى گه‌یاندبێت به ئامانجى راكێشكردنى هه‌رچى زیاترى سه‌رمایه و وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵام:
- به‌هۆى نارونى و تێكه‌ڵاوى له هه‌ندێ مادده و بڕگه‌كان، یان به خۆوه نه‌گرتنى ده‌قى یاساكه بۆ هه‌ندێ مادده و برگه‌ى تر، به‌پێویست ده‌زانرێ مادده یان بڕگه‌ى تر‌ى بۆ زێدهبكرێن یان هه‌موار بكرێنه‌وه.
- جۆرێك له زێده نواندنى نه‌رمى له هه‌ندێ مادده و بڕگه‌كانى یاساى وه‌به‌رهێنان، ئه‌وه‌ى لێ ده‌سته‌به‌ر بوه كه هه‌رێمى كوردستان روبه‌ڕوى كێشه‌ى قوڵ كردۆته‌وه كه تێيدا له كۆمێنتدان له‌سه‌ر ده‌قه‌ى ماده و بهرگهكانياندا هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ردا كراوه.
مادده‌كان بۆ هه‌مواركردنى هه‌ندێ له مادده و بڕگه‌كانى ده‌قى ياساى وه‌به‌رهێنان
مادده‌ى یه‌كه‌م:
قه‌باره‌ى سه‌رمایه بۆ پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان چ خۆماڵى بن و چ بیانى، له ده‌قى یاساى وه‌به‌رهێنان دیارى نه‌كراوه. ئه‌وه‌ى هه‌نوكه له‌بوارى مۆڵه‌تدانى پرۆژه‌كان له‌سه‌ر ئاستى حكومه‌ت و ژورى بازرگانى هه‌رێم، كارى پێده‌كرێت ئه‌وه‌یه: ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌ك سه‌رمایه‌كه‌ى له‌نێوان (30 بۆ 70) ملیۆن دینار بێت، ئه‌و پرۆژه‌یه مۆڵه‌تى له‌لایه‌ن ژورى بازرگانییه‌وه پێده‌به‌خشرێت. ئه‌گه‌ر سه‌رمایه‌كه‌ى له‌نێوان (70 بۆ 250) ملیۆن دینار بێت، له وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێ. ئه‌گه‌ریش سه‌رمایه‌كه‌ى له (250 ملیۆن دینار و سه‌روتر) بێت، ئه‌وه له ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێ، ئه‌و پۆلینكردنه بۆ هه‌ردو دامه‌زراوه‌ى یه‌كه‌م و دوه‌م (ژورى بازرگانى و وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى ره‌نگه گونجاو بێت، به‌ڵام بۆ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان گونجاو نیه، چونكه زه‌وى و زارێكى زۆرى سنورى پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان به‌خشراوه‌ته ئه‌و پرۆژانه‌ى كه قه‌باره‌ى سه‌رمایه‌یان له سنورى ئه‌و بڕه‌ى سه‌ره‌وه‌دا بوه (له 250ملیۆن دینار به‌ره‌و سه‌ره‌وه)، به‌ڵام ئه‌م پرۆژانه نه‌یاتوانیوه به‌هۆى بچوكى قه‌باره‌ى سه‌رمایه‌یان پرۆژه‌ى ستراتیجيان لێههلناكهوێت له هه‌رێمدا، بۆیه پێشنیاره‌كه ئه‌وه‌يه (مادده‌ى یه‌كه‌م / بڕگه‌ى حه‌فته‌م) له ده‌قى یاساكه، به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه هه‌موار بكرێت:
حه‌فته‌م/ پرۆژه، چالاكییه‌كى ئابوریه یان پرۆژه‌یه‌كى وه‌به‌رهێنه‌رییه كه كه‌سێكى سروشتى یان یاسایى (مه‌عنه‌وى) دایده‌مه‌زرێنێت له‌سه‌ر زه‌ویه‌كى ته‌رخانكراو بۆى، به سه‌رمایه‌كى نیشتمانى، یان بیانى، كه‌متر نه‌بێت له (12) ملیار دینار، حوكمه‌كانى ئه‌و یاسایه و ئه‌و په‌یڕه‌و و رێنماییانه‌ى به‌گوێره‌یه‌وه ده‌رچون، له‌سه‌ریان پیاده ده‌كرێن.
مادده‌ى دوه‌م:
یه‌كه‌م/ به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه یاساى وه‌به‌رهێنان به نرخێكى ره‌مزى زه‌وى ده‌به‌خشێته پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان و خاوه‌نه‌كانیان، ئه‌و سیاسه‌ته بۆته هۆى نه‌مانى زه‌وى و زار له سنورى پارێزگاكاندا بۆ كارى وه‌به‌رهێنانى زیاتر، چ له ئێستا و چ بۆ داهاتو، ئه‌وه كێشه‌یه‌كه ده‌مێكه ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان گیرۆده‌ى بوه به‌تايبه‌تى له بوارى وه‌به‌رهێنانى خانوبه‌ره‌دا. پێشنیار ده‌كه‌م (مادده‌ى چواره‌م/ برگه‌ى دوه‌م) له ده‌قى یاساكه به‌م شێوه‌یه هه‌موار بكرێ:
دوه‌م: فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌كان به هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ده‌سته‌دا ده‌ستنیشانى ئه‌و زه‌وییه ده‌كه‌ن كه پرۆژه‌كه پێویستى بێت له زه‌وى و زارى نێو نه‌خشه‌ى بنه‌ڕه‌تى شاره‌كان و ده‌ره‌وه‌یاندا و ته‌رخانیان ده‌كه‌ن به شێوه‌ى كرێ و بانهوانى - موساته‌حه- به‌پێى ئه‌و كارڕاییانهى ده‌سته دایانده‌نێت به‌ده‌ر له حوكمه‌كانى یاساى كاراى فرۆشتن و به كرێدانى سامانه‌كانى میرى له هه‌رێمدا).
دوه‌م/ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ده‌ستى واڵاكراوه بۆ هه‌مو جۆره زه‌وییه‌ك كه به نرخێكى ره‌مزى بیداته وه‌به‌رهێن، ته‌نها ئه‌و زه‌وى و زارانه نه‌بێت كه نه‌وت و غاز، یان هه‌ر سامانێكى تر‌ى كانزایى به نرخ یان كه‌ره‌سته‌ى قورسى تێدابێت.
بۆیه پێشنیار ده‌كه‌م هه‌ردو بڕگه‌ى (دوه‌م، سێهه‌م) له مادده‌ى چواره‌م لاببردرێن و بڕگه‌كانى تر له‌و مادده‌یه دوباره ریزبه‌ندى بۆ بكرێنه‌وه.
سێهه‌م/ ناكرێ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ده‌ستبه‌سه‌ر هه‌مو جۆره زه‌وییه‌ك دابگرێت كه پێویستى پێ هه‌بو بۆ پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان، به‌تایبه‌تى بۆ ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه مافى رهفتاكردن له‌سه‌ریدا به ده‌ست خاوه‌نه‌كانیانه و موڵكى خه‌ڵكن، ئه‌وه ده‌بێته هۆى پێشێلكردنى مافى هاوڵاتیان و ره‌واندنه‌وه‌ى مافه سه‌ره‌تاییه‌كانى خه‌ڵكى كوردستان، بۆیه ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ته‌نها مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه كه ئه‌و زه‌وییانه به ناوى خۆیه‌وه بكات كه موڵكى ده‌وڵه‌تن. بۆیه پێشنیار ده‌كه‌م (مادده‌ى چواره‌م/ برگه‌ى پێنچه‌م) به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه هه‌موار بكرێ:
(پێنچه‌م: له‌پێناو هێنانه‌دى ئامانجه‌كانیدا، ده‌سته ده‌سه‌ڵاتى هه‌یه ئه‌و زه‌وییانه به‌ناوى خۆى بكات كه موڵكى ده‌وڵه‌تن).
مادده‌ى سێهه‌م:-
یه‌كه‌م: له یاساى وه‌به‌رهێناندا ئاسانكارى یاسایى و دارایى زۆر بۆ پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان و وه‌به‌رهێنه‌ران كراوه، به‌ڵام ناشكرێ رۆلى باج فه‌رامۆش بكرێ كه به داهاتێكى بنه‌ڕه‌ت داده‌نرێ بۆ هه‌رێم له تێكڕاى داهاتى گشتیدا، ئه‌و ماوه‌یه‌ى له ده‌قى یاساكه‌دا بۆ پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان دانراوه كه له پێدانى باج له رۆژى ده‌ست پێكردنیانهوه ببه‌خشرێن، ماوه‌یه‌كى دور ودرێژه (10ساڵ)، بۆیه پێشنیار ده‌كه‌م (مادده‌ى پێنچه‌م/ برگه‌ى یه‌كه‌م) له ده‌قى یاساكه به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه هه‌موار بكرێ:
یه‌كه‌م: پرۆژه له هه‌مو باج و ره‌سمه گومرگیه‌كان ده‌بوردرێت بۆ ماوه‌ى (5) ساڵ له رۆژى ده‌ستپێكردن و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كانى، یان له رۆژى ده‌ستكردنى به كردارى به‌رهه‌مهێنان.
دوه‌م: ره‌زامه‌ندبون له‌سه‌ر مۆڵه‌تدانى پرۆژه‌یه‌كى وه‌به‌رهێنان ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پرۆژه‌یه رێگا پێدراوه چاڵاكییهكانى خۆى له ماوه‌یه‌كى پێوانه‌ییدا ده‌ست پێ بكات و ئامراز و ئامێرى پرۆژه‌كه‌ى له سنوره‌وه بگوازێته‌وه هه‌رێمى كوردستان و زۆر نه‌خایه‌نێت، له ده‌قى ياساكهدا 2 ساڵى بۆ وه‌به‌رهێن داناوه كه ماوه‌يه‌كى گه‌لێ زۆره، بۆیه پێشنیار ده‌كه‌ین (مادده‌ى پێنچه‌م/ برگه‌ى دوه‌م) له ده‌قى یاساكه به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه هه‌موار بكرێ:
دوه‌م: ئامێر و ده‌زگا و كه‌ره‌سته و مه‌كینه هاورده‌كانى پرۆژه له ره‌سم و باجه‌كان و مه‌رجى مۆڵه‌ت به‌ده‌ستهێنانى هاورده‌كراو ده‌بورێن، به مه‌رجێ له خاڵه‌كانى ده‌ربازبونى سنوره‌كانى هه‌رێمه‌وه بێنه ژوره‌وه له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگ له رۆژى ره‌زامه‌ندى سه‌رۆكى ده‌سته له‌سه‌ر لیسته‌كانى، وه ته‌نها بۆ مه‌به‌سته‌كانى پرۆژه‌كه به‌كاربهێنرێن، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و لێخۆشبونانه نایگرێته‌وه و وه‌به‌رهێن ناچار ده‌كرێ باجه‌كه بدات و و دو هێنده‌ى باجه‌كه‌ش سزاى دارایى (غرامه)ى لێوه‌رده‌گیرێت).
سێهه‌م: ئه‌و ئامێر و ئامرازانه‌ى بۆ فراوانكردن و په‌ره‌پێدانى پرۆژه‌كى وه‌به‌رهێن ته‌رخان ده‌كرێن، له باج و گومرك ده‌بورێن، به‌ڵام برگه‌ى په‌یوه‌ندیدار به‌و بابه‌ته له یاساكه، ئاماژه به‌وه ناكات ئه‌گه‌ر هاتو ئه‌و ئامێر وئامرازانه بۆ مه‌به‌ستى تر جگه له پرۆژه‌كه به‌كارهێنران، چ ئیجرائات له گه‌ڵ وه‌به‌رهێن بكرێت. پێشنیار ده‌كه‌م (مادده‌ى پێنچه‌م/ برگه‌ى چواره‌م) له ده‌قى یاساكه به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه هه‌موار بكرێ:
چواره‌م: (ئامێر و مه‌كینه و ئامراز و كه‌ره‌سته پێویسته‌كان بۆ فراوانكردن، یان په‌ره‌پێدان، یان نوێكردنه‌وه، له باج پێدان ده‌بورێن به شێوه‌یه‌ك ته‌نها بۆ مه‌به‌ستى پرۆژه‌كه به كاربهێنرێن، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و لێخۆشبونانه نایگرێته‌وه و وه‌به‌رهێن ناچار ده‌كرێ باجه‌كه بدات و دو هێنده‌ى باجه‌كه یان ره‌سمه‌كه، سزاى دارایى لێوه‌رده‌گیرێت).
چواره‌م: وه‌رگرتنى باج له‌و كه‌ره‌ستانه‌ى بۆ به‌رهه‌مهێنان هاورده‌كراون، برگه‌ى په‌یوه‌ندیدار له یاساكه ماوه‌یه‌كى زۆرى زياد له پێویستى جێگیر كردوه بۆ به‌خشین له‌و جۆره باجه (5 ساڵ). پێشنیار ده‌كه‌م (مادده‌ى پێنچه‌م/ برگه‌ى پێنچه‌م) به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه هه‌موار بكرێ:
پێنچه‌م: (ره‌سمى گومرگ بۆ ماوه‌ى (2) ساڵ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ى بۆ به‌رهه‌مهێنان هاورده‌كراون ده‌بوردرێن، به مه‌رجێك جۆر و بڕه‌كانیان له لایه‌ن ده‌سته‌وه دیارى بكرێن، به‌ڵام گرنگى پله یه‌ك به‌و كه‌ره‌سته خاو خۆمالییانه بدرێن كه له هه‌رێمدا ده‌سته‌به‌ر ده‌بن و بۆ پرۆژه‌كه به‌كه‌ڵك دێن له روى چه‌ندى و چۆنییه‌وه).
مادده‌ى چواره‌م:
یه‌كه‌م/ مافى هه‌مو وهبهرهێنێكه داهێنانى هزرى و پراكتیكى له بوارێك له بواره‌كانى كار و سه‌رمایه، له لایه‌ن دام‌و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانه‌وه به پێى یاسا و رێساكان بپارێزرێ، به شێوه‌یه‌ك ناودژ نه‌بێت (لایتناقض) له‌گه‌ڵ یاسا و رێساكانى تایبه‌ت به شه‌فافییه‌ت و به‌گژداچونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، بۆیه پێشنیار ده‌كه‌م (مادده‌ى حه‌فته‌م/برگه‌ى نۆیه‌م ) به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه هه‌موار بكرێ:
(نۆیه‌م: به پێى ئه‌م یاسایه وه‌به‌رهێن مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه نهێنى زانیارییه هونه‌رى و ئابورییه‌كانى تایبه‌ت به پرۆژه‌كه پارێزگارى لێبكرێت و ده‌ست پێشخه‌رییه وهبهرهێنهكیهكانى بپارێزرێت، ئه‌مه‌ش به پێى حوكمه‌كانى ئه‌و یاسا و رێسا و رێنماییانه‌ى له هه‌رێمدا كاریان پێده‌كرێ و ناودژ نه‌بێ له گه‌ڵ یاسا و رێساكانى تایبه‌ت به شه‌فافییه‌ت و به گژداچونهوهى گه‌نده‌ڵى، هه‌ر كه‌سێك زانیارییه‌ك سه‌باره‌ت به ده‌ست پێشخهرییهكانى بهرههمهێنى و لایه‌نه هونه‌رى و ئابورى و داراییه‌كانى پرۆژه‌كه‌ى بڵاوبكاته‌وه كه به حوكمى فه‌رمانه‌كه به ده‌ستى كه‌وتون، به پێى یاسا سزاده‌درێن).
دوه‌م/ پراكتیزه‌كردنى یاسا و پره‌نسیپه‌كانى كێبڕكێ كه چه‌ندین رێسا و چوارچیوه به خۆیه‌وه ده‌گرێت، یه‌كێكه له بنه‌ماكانى ره‌خساندنى ده‌رفه‌تى یه‌كسان له دامه‌زراندنى پرۆژه بۆ هه‌مو وه‌به‌رهێنه‌ران، به تایبه‌تى بچوك و مامناوه‌ند، یاساى وه‌به‌رهێنان ئاماژه‌ى به‌و پرسه نه‌كردوه كه بنه‌مایه‌كه بۆ دروستكردنى ژینگه‌یه‌كى ته‌ندورستى ئابورى له هه‌رێمى كوردستاندا، به تايبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان له مانگى ئايارى ئه‌مساڵ 2013 ياساى كێبڕكێ و قه‌ده‌غه‌كردنى قۆرخكارى ده‌ركرد.
پێشنیار ده‌كه‌م برگه‌یه‌كى تر له مادده‌ى پێنچه‌م زێدهبكرێت و ژماره (10) له ریزبه‌ندیی برگه‌كانى مادده‌كه وه‌ربگرێت به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه:
( دامه‌زراندنى پرۆژه‌ى وه‌به‌رهێنان بۆ هه‌مو كه‌سێك كراوه‌یه به پێى حوكمه‌كانى ئه‌و یاسایه و به پێى یاساى كێبڕكێى هه‌رێمى كوردستان، و كارى مۆنۆپۆلكردنیش بۆ هه‌ر جۆره پرۆژه‌یه‌كى وهبهرهێنهكى، چ له سه‌ره‌تاى پێشكه‌شكردنى داواكارى بۆ دامه‌زراندنى بێت، چ دواى دهسكردن به چاڵاكییه‌كان بێت، قه‌ده‌غه‌یه، به پێچه‌وانه‌وه وه‌به‌رهێن ملكه‌چى لێپێچینه‌وه‌ى یاسایى ده‌كرێت).
مادده‌ى پێنچه‌م:
بڕیاردان له زێدهكردنى به‌ش و هۆبه، یان لابردنیان و لێكدانیان له ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێناندا له ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكى ده‌سته‌دایه و ئه‌و په‌یوه‌ندیداره به‌و كاروبارانهى كه په‌یوه‌ستن به په‌یكه‌رى رێكخستن و كارگێرى ده‌سته‌ى ناوبراو، بۆیه پێشنیار ده‌كه‌ین (مادده‌ى ده‌یه‌م/ برگه‌ى چواره‌م) به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه هه‌موار بكرێ:
(چواره‌م: سه‌رۆكى ده‌سته بۆى هه‌یه له كاتى پێویست چه‌ند به‌شه و هۆبه‌یه‌ك بێنێته كایه‌وه یان لێكیان بدات یان لایان ببات).
مادده‌ى شه‌شه‌م:
به هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌و زه‌وى و زارانهى كه نه‌وت و غاز، یان هه‌ر سامانێكى تر‌ى به نرخى تێدایه ناكرێ بیانى، زه‌وییه‌كه به ناوى خۆى بكات، چونكه ئه‌وه موڵكى خه‌ڵكى كوردستان و نه‌وه‌كانى ئایندهیهتى، بۆیه پێشنیار ده‌كه‌ین (مادده‌ى نۆزده‌م) به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه هه‌موار بكرێ:
(مادده‌ى نۆزده‌م: نابێ كه‌سى بیانى ئه‌و زه‌وییانه به ناو بكات كه نه‌وت و غاز یان هه‌ر سامانێكى كانزایى به نرخ یان سه‌نگینى، تێدا بێت).
مادده‌ى حه‌فته‌م:
یه‌كه‌م/ له كۆتایی هه‌ر یاسایه‌كدا كه به مادده‌یه‌ك رێكده‌خرێت، پێداگرى له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ناوه‌رۆكه‌كه‌ى ئاماژه‌ى پێده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى هیچ مادده‌یه‌ك له ده‌قى یاساكه‌ى وه‌به‌رهێنانى هه‌رێمى كوردستاندا ئاماژه‌ى به‌و پێداگرییه نه‌كردوه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێشنیار ده‌كه‌م (مادده‌یه‌كى تر له دواى مادده‌ى (23) زێدهبكرێت و به‌م شێوه‌یه‌ى خواره‌وه:
(به هیچ ده‌ق و بڕیاڕى تر كار ناكرێت، گه‌ر هاتو پێچه‌وانه‌ى حوكمه‌كانى ئه‌و یاسایه بێت).
دوه‌م/ مادده‌كانى ( 23- 24- 25) ریزبه‌ندییان بۆ بكرێته‌وه به هۆى زێدهبونى مادده‌كه.
|
|