|
ئه‌سته‌نگه‌کانی به‌رده‌م گۆڕان له حوکمڕانیدا |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Thursday, December 19, 2013 |
دوا هه‌نگاوه‌کانی پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌م ده‌ستیان پێکردوه و چاوه‌ڕوان ده‌کرێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌شداری له‌م کابینه‌یه‌دا بکات.
دوای 22 ساڵ بۆ یه‌که‌مجاره له مێژوی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی باشوری کوردستان هێزێکی ناڕه‌زای نوێی گه‌وره له ده‌ره‌وه‌ی پێکهاته کلاسیکیه‌ی کوردایه‌تی به‌شداری له ده‌سه‌ڵاتدا بکات، گۆڕانکاریه‌کی گه‌وره هه‌ڵسه‌نگاندنی جیاجیای بۆ ده‌کرێت و چاوه‌ڕوانی جیاواز لێی داڕێژراون.
لایه‌ن و که‌سانێک هه‌ن پێیانوایه باشتره گۆڕان وه‌ک ئۆپۆزسیۆن بمێنێته‌وه و ناکرێت حوکمڕانی له‌م سه‌رده‌مه‌دا بێ ئۆپۆزسیۆن به‌ڕێوه‌بچێت. هه‌رچه‌نده زه‌مینه و هۆکاری ئه‌م دیده پابه‌ند بهسهرچاوهکهیهوه، به‌ڵام دو لایه‌ن له خۆده‌گرێت، یه‌کێکیان خه‌مخۆریه بۆ پرۆسه‌ی دیموکراسی و حوکمڕانی و ئاماژه‌شه که گۆڕان له رۆڵی ئۆپۆزسیۆندا سه‌رکه‌وتو بوه، دوه‌میشیان لایه‌ن و تاقم هه‌ن به‌هۆی به‌شداری گۆڕان ترسیان لێنیشتوه به‌شێک له پێگه و ئیمتیازاتیان له حوکمڕانیدا له ده‌ست بده‌ن.
له سوچێکی تره‌وه چه‌ند لێکدانه‌وه‌یه‌کی چه‌واشه‌کاری بۆ ستراتیژیه‌تی گۆڕان له بهشداربونیدا له حوکمڕانی ده‌کرێت، وه‌ک رێکخه‌ری گشتی گۆڕان رایگه‌یاند چوار ساڵی ئاینده چوار ساڵی ئارامی ده‌بێت. ئه‌و چه‌واشه‌کاریه له‌وه‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت کاتێک ده‌ڵێن نائارامی چوار ساڵی رابردو له ئه‌ستۆی گۆڕاندا بوه و ئێستا له‌به‌رخاتری به‌شداری له حوکمدا مه‌راقی ئارامی هه‌رێمیانه.
هه‌ڵسه‌نگاندنێکی سه‌قه‌ت و بێسه‌روبه‌ر له سایه‌ی چاونوقاندن له ئه‌دای حوکمڕانی و دۆخی سیاسی چوار ساڵی رابردودا گیانی به‌به‌ردا کراوه. نائارامی سیاسی و گرژی ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی و وروژاندنی شه‌قامی کوردی و ناره‌زایی به‌رفراوانی خه‌ڵک، هه‌مویان که‌م یا زۆر ئاکامی ئه‌دای حوکمڕانیه نه‌ك هێزێکی ئۆپۆزسیۆن که ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراندنی مجه‌وری مزگه‌وتێکی نه‌بوه.
گۆڕان و هێزه‌کانی تری ئۆپۆزسیۆن هه‌وڵیان داوه ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵک ئاراسته‌یه‌کی ئارام و یاسایی بگرێته‌به‌ر، تاڕاده‌یه‌کی باش له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتوبن، بێگومان به‌پێچه‌وانه‌وه گۆڕانکاریه‌کان رویان له ئاراسته‌یه‌کی زۆر جیاوازتر ده‌کرد. نمونه‌ی 17 شوبات له یادماندا زیندوه که به چ ئاراسته‌یه‌کی هێمنی سه‌رده‌مانه‌دا برا، وێرای ئه‌وه‌ش ده‌سه‌ڵات به‌هێزی میلیشیا و ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ئارامی و هێمنی پرۆتێسته‌که‌ی تێکشکاند، ده‌سه‌ڵات پێی وابو به‌م سه‌رکوتکردنه ئارامی کۆمه‌ڵگای دابین کردۆته‌وه، ده‌رکی به‌وه نه‌کرد که ئارامی نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی پابه‌نده به سه‌روه‌ری یاسا و دابینکردنی ئازادی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی. له‌م هاوکێشه‌یه‌دا به‌رپرسیاریه‌تی و جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کان نێوان ده‌سه‌ڵات و به‌ره‌ی خه‌ڵک لاسه‌نگ بو، کاتێک لاسه‌نگیه‌کی له‌و جۆره له هه‌ر شوێنێکی دنیادا سه‌رهه‌ڵدات نائارامی و گرژی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
ده‌بێت گۆڕان چۆن له حکومه‌تدا به‌شداری بکات؟
پرسیارێکی ره‌وای سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و گۆڕانخوازان به‌تایبه‌تی.
گومان له‌وه‌دا نیه که به‌شداری گۆڕان له حکومه‌تدا مه‌سه‌له‌یه‌کی ئاڵۆز و قورسه، ئه‌مه‌ش له‌م راستیانه‌ی ئاماژه‌یان پێده‌ده‌م سه‌رچاوه‌ی گرتوه:
یه‌که‌م: دو هێزه کلاسیکیه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات له کابینه‌ی هه‌شته‌میشدا به‌شدار ده‌بن، پارتی وه‌ک یه‌که‌م هێز جڵه‌وی دۆخه‌که‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئه‌م دو هێزه ئه‌زمونێکی دڕیژی حوکمڕانی هاوبه‌شیان له‌سه‌ر بنه‌مای رێکه‌وتنی ستراتیژی نێوانان هه‌یه، له هه‌مانکاتیشدا له راز و نیاز و خاڵی لاواز و به‌هێزی یه‌کتر تێده‌گه‌ن. ئه‌گه‌ر نیازیان بێت به ئارایشته‌کردنێکی "دیموکراسیانه" به‌ڕه‌که له‌ژێر ئۆپۆزسیۆن ده‌ربهێنن، یاخود ئه‌مانیش به نیعمه‌تی ده‌سه‌ڵات په‌لکێشی که‌له‌پوری حوکمڕانی خۆیان بکه‌ن، ئه‌وا لایه‌نه‌کانی ئۆپۆزسیۆن له کابینه‌ی هه‌شتدا دوچاری کێشه‌یه‌کی زۆر گه‌وره ده‌بنه‌وه. بۆیه رێکه‌وتنی پێشوه‌ختی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی کابینه و دابه‌شکردنی پۆسته‌کان به پێوه‌ری ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن تاڕاده‌یه‌ک ئارامی به کابینه‌که ده‌به‌خشێت. ئه‌م چاوه‌ڕوانیه و حهزهرکردنه زۆر ره‌وان و ده‌بێت گۆڕان پێشوه‌خت به‌ئاگاییه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکات.
دوه‌م: بونیادنانی متمانه له‌نێوان پێکهاته‌کانی کابینه‌که کۆڵه‌که سه‌ره‌کیه‌که‌ی سه‌رکه‌وتنیه‌تی، به ئاوردانه‌وه‌یه‌ک له مێژوی نزیکی نێوان پێنج هێزه سه‌ره‌کیه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا و له‌گه‌ڵ دو لایه‌نه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌یسه‌لمێنێت که متمانه‌ی نێوانیان له‌رزۆک بوه و ئه‌و په‌یوه‌ندی و لێکتێگه‌یشتنه پچڕپچڕانه‌ی هه‌بون زاده‌ی هزرێکی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رنامه‌یه‌کی سیاسی هاوبه‌ش نه‌بون، زیاتر وابه‌سته‌ی دۆخه سیاسیه‌که و گۆڕانکاریه‌کان بون، ته‌نانه‌ت متمانه‌ی نێوان پارتی و یه‌کێتیش به‌رده‌وام به پینه و پهڕۆکردن و داپۆشینی که‌م متمانه‌یی راگیراوه. بۆیه له کابینه‌ی داهاتودا پێویسته به‌کرده‌وه کار له‌سه‌ر پته‌وکردن و گه‌شه‌پێدانی متمانه بکرێت.
سێیه‌م: راسته له سیاسه‌تدا به‌رژه‌وه‌ندیه‌کان هاوپه‌یمانی و دۆژمنایه‌تی دروست ده‌که‌ن، به‌ڵام قۆناغی ئێستای کوردایه‌تی له باشوری کوردستان له چه‌ند بازنه‌یه‌کی ته‌مومژاویدا ده‌سوڕێته‌وه، کێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا، کێشه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌کان، کێشه‌کان له‌گه‌ڵ تورکیا و ئێران، کێشه‌ی ئه‌منی و تێرۆریزم، کێشه‌ی هێزه کوردستانیه‌کانی کوردستانی گه‌وره له باشور و کێشه‌ی خه‌ڵکی باشور له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانیدا. ده‌بێت ئه‌م کێشانه ناچاری کابینه‌ی داهاتو بکات راشکاوانه ناوه‌ڕۆک و مه‌ودا و سنوری به‌رنامه‌که‌ی دیاری بکات.
ئه‌گه‌ر حکومه‌تێکمان بوێت به‌رنامه‌ڕێژی بۆ ئه‌م کێشانه بکات و "کۆده‌نگی" به‌شداربوانی له سه‌ر بێت ئه‌وه ده‌بێت هه‌مو لایه‌نه‌کان به ' حد الادنی" ی لێکتێگه‌یشتن قایڵ بن و وه‌ک تیمێک کاری بۆ بکه‌ن، ئه‌زمونه‌کانی دو ئیداره‌یی و دو بودجه و هێزه کوردیه‌کان له موسڵ و که‌رکوک زۆر لایه‌نی قێزه‌وه‌ن و تفتوتاڵمان پیشان ده‌ده‌ن. ئه‌گه‌ر حکومه‌تێکمان بوێت دۆخه‌که رابگرێت و کاری هاوڵاتیان به‌رێبکات ئه‌وه زۆر ئاسانه به‌رنامه‌یه‌کی کاری بۆ ساز بکرێت و ستافی کابینه‌که بۆ هه‌ڵسوراندنی ئه‌م ئه‌رکانه کار بکه‌ن. ئه‌گه‌ر حکومه‌تێکمان بوێت هه‌ر دو بابه‌ته‌که به‌یه‌که‌وه گرێبدات ئه‌وا ده‌بێت گۆڕان پرسیارێکی بنه‌ڕه‌تی له خۆی بکات چۆن ئه‌رکه‌کانی کابینه‌ی هه‌شت ده‌بینێت و چاوه‌ڕوانیه‌کانی چین. لێره‌دا ده‌بێت هێڵه گشتیه‌کانی میکانیزمی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا و ته‌هران و ئه‌نقه‌ره و شێوازی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ ناوچه دابڕێنراوه‌کان و هێزه کوردستانیه‌کانی کوردستانی گه‌وره رێکه‌وتنیان له‌سه‌ر سازبکرێت.
چواره‌م: زیندویه‌تی هه‌ر ده‌زگایه‌کی باڵای حوکمڕانی بێجگه له متمانه و به‌رنامه‌ی دیاریکراو پابه‌ندیشه به میکانیزمه‌کانی بریاردان و شێوازی جێبه‌جێکردن و لێپرسینه‌وه و به‌دواداچون و هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌روه‌ها لێهاتویهتی و ده‌سه‌ڵاته‌کانی وه‌زیره‌کان و جێگره‌کانیان. باوه‌ڕ ناکه‌م هیچ کام له کابینه‌کانی پێش‌و هه‌ڵوه‌سته‌ی جدی له‌م ته‌وه‌رانه کردبێت و شته‌کان دو قۆلی نێوان پارتی و یه‌کێتی به نه‌ریت و که‌له‌پوری حیزبی هاوبه‌شیان به‌ڕێوه‌یان بردوه، به‌واتایه‌کی تر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ده‌زگاکانی سه‌ر به‌و ئه‌نجومه‌نه (وه‌ک ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان، پلاندانان) هاکه‌زا کاریان به‌ڕێکردوه و پابه‌ندی سیسته‌ماتیکیانه‌ی دیدێکی ستراتیژی نه‌بون، لێره‌دا مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم له‌و هاوکێشه‌یه ده‌رده‌هێنم، چونکه پێموایه وێڕای په‌له‌کردن و هه‌ڵه‌ی گه‌وره و قۆرخکردنیش ئاراسته‌یکی ستراتیژی هه‌یه و به‌رده‌وام هه‌نگاو به‌هانگاو کاری له‌سه‌ر کراوه.
به‌مه‌به‌ستی دابینکردنی ئارامی بۆ کابینه‌ی هه‌شت دانانی خاڵ له‌سه‌ر وشه‌کانی ئه‌م ته‌وه‌ره گرنگانه نمونه‌ی حوکمڕانی خۆماڵی چه‌ندین قۆناغ پێشده‌خه‌ن.
پێنجه‌م: به‌شێک له گرێ کوێره‌کانی ته‌مه‌نی کابینه‌ی داهاتو مه‌سه‌له‌ی سیسته‌می سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و ئایندهی سه‌رۆکی ئێستای هه‌رێم و مه‌سه‌له‌ی ده‌ستوره.
له ئه‌رکه گرنگه‌کانی ئه‌م قۆناغه‌ی حوکمڕانی له باشور پێکهێنانی کابینه‌یه‌کی کارایه که کاری جدی له سه‌ر ئه‌رکه‌کانی چاکسازی و پێڕه‌وکردنی یاسا و گه‌شه‌پێدانی بواره‌کانی ئازادی و خزمه‌گوزاریه‌کان و مسۆگه‌رکردنی داهاتێکی زامن و مامه‌ڵه‌یه‌کی دروستی واقیعبینانه له‌گه‌ڵ کێشه‌کانی ناوچه دابرێنراوه‌کان و ئاماده‌سازی پێویست بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تێرۆریزم و تێکدانی ئارام و ئاسایشی ناوخۆ بکات. ئه‌م ئه‌رکانه ئهسبهقیهتیان به‌سه‌ر هه‌مو کاره‌کانی تردا هه‌یه، مه‌حاڵه کاریشیان بۆ بکرێت کاتێک لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که لێکترازان و درزیان تێکه‌وێت.
باشترین چاره ئه‌وه‌یه دیفاکتۆی ده‌سه‌ڵاتداری بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌ستکاری نه‌کرێت تا ببینرێت له‌م هاوکێشه سیاسیه تازه‌یه‌دا ئاینده چیمان پێده‌ڵێت و پێشوه‌خت زه‌ربێکی لێ نه‌درێت.
سه‌باره‌ت به‌ده‌ستور ده‌کرێت بکرێت به دو به‌شه‌وه، ئه‌و به‌شه‌ی لایه‌نه‌کان له‌سه‌ری کۆکن ئه‌وه کێشه‌ی نابێت و ئه‌وه‌ی ناکۆکن له‌سه‌ری فۆرمیڵایهک بدۆزنه‌وه بۆ مامه‌ڵه‌کردن و هه‌موارکردن و سازان له سه‌ری. هه‌ڵوێستێکی له‌م جۆره پاشه‌کشه نیه له هه‌ڵوێستی سه‌ره‌کی گۆڕان به‌ڵکو مامه‌ڵه‌یه‌کی واقیعیانه‌یه له‌گەڵ دۆخێک‌دا که گونجاو نیه بۆ ئه‌و گۆڕانکاریه، زۆرجار وتراوه، تایبه‌ت لای هه‌وادارانی چه‌پره‌وی که: هه‌نگاوێک بۆ دواوه دو هه‌نگاوه بۆ پێشه‌وه، بۆیه ده‌بێت سه‌بر بکرێت و له سه‌ر ئاینده‌ش بریاری پێشوه‌خت نه‌درێت.
به‌کورتی ئه‌مه ئه‌و ئه‌سته‌نگه گه‌ورانه‌ن له‌به‌رده‌م گۆڕان له حوکمڕانیدا.
من وا چاوه‌ڕوان ده‌که‌م به‌شداری گۆڕان چالاکانه بێت و نوێنه‌رانی گۆڕان له‌و پرۆسه‌یه‌دا یه‌ک ملیۆن چاو چاودێریان ده‌کات و لێیان ده‌پرسنه‌وه. له‌لایه‌کی تره‌وه ده‌شێت فراکسیۆنی گۆڕان پره‌نسیپی دوالیزمی په‌رله‌مانی پیاده بکات، وه‌ک چۆن پارتی و یه‌کێتی له حکومه‌تی به‌غدا به‌شدارن له هه‌مانکاتیشدا نوێنه‌ره‌کانیان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بێده‌نگ نین و زۆرجار به‌توندی دژ به سیاسه‌ت و خواسته‌کانی حکومه‌ت وه‌ستاونه‌ته‌وه.
بێگومان نابێت بهشداریبونی گۆڕان له حوکمڕانی و جومگه‌کانی تری ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ره‌مه‌کی بێت و دڵی ئه‌م و ئه‌وی پێ رازی بکرێت، ناشێت له‌م پرۆسه‌یه‌دا خۆراگری و ماندوبون و سزادان و نانبڕین و دورخستنه‌وه و تۆقاندنی گۆڕانخوازان و هه‌وادارنی بزوتنه‌وه‌که له‌ماوه‌ی زیاتر له چوار ساڵی رابردو له یاد بکرێت. به‌پێچه‌وانه‌وه گۆڕان متمانه له‌ده‌ست ده‌دات و ئارامی ناوخۆیشی ده‌که‌وێته ژێر فشاره‌وه. |
|
|