|
نامه‌یه‌ك بۆ ئامه‌د |
نوسه‌ر: له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
|
Monday, December 23, 2013 |
ئامه‌د گیان به‌خێربێی بۆ ئه‌م سه‌ر زه‌مینی سته‌مكاری و چه‌وسانه‌وه و نادادیه، به خێربێی بۆ سه‌رزه‌مینی ئازادی كوژان، هاتیت بێئه‌وه‌ی باوكت بتبینێ و له ئامێزت بگرێت و نۆبه‌ره ئازیزه‌كه‌ی ماچ بكات، تۆ هاتیت و هێشتا بیست رۆژ به‌سه‌ر مه‌رگی كاوه گه‌رمیانیدا تێنه‌په‌ڕیوه، هاتیت و هێشتا باوكت هه‌واڵی سه‌ره‌كی ئاژانس و میدیا‌و راگه‌یاندنه‌كانه، من نهحهوسهڵهی پیاهه‌ڵدانم هه‌یه نهلاوانهوه، نهدهمهوێ تراژیدیای مه‌رگی باوكه جوانهمهرگهكهت بۆ من ببێته مایه‌ی شیعر و وتار و نوسین و قسه‌ی زل، خۆزگا هه‌فته‌یه‌ك، مانگێك، زیاتر له‌م سه‌رزه‌مینه هیچ نانوسراو ئێستا تۆ له ئامێزی باوكتا ده‌بوی.
چی له نوسین و په‌خشان و هۆنراوه‌كه‌م كه ئیتر نه تۆ كاوه ده‌بینی قسه‌ت بۆ بكات و له ئامێزت بگرێ، نه ئه‌و گوێی له ده‌نگی تۆ ده‌بێت، هه‌مو نوسینی دنیا ناتوانن كاوه بۆ تۆ و بۆ شیرین و بۆ نه‌نكت بگێڕنه‌وه، ئیدی تۆ له‌گه‌ڵ دایكت و خانه‌واده خهمزهدهكهتا هه‌میشه وێنه‌كانی كاوه ده‌بنه به‌شێك له چیرۆك و گێڕانهوهكانتان، گه‌وره ده‌بیت و پرسیاری شته‌كان ده‌كه‌یت، ده‌پرسیت ئاخۆ مرۆڤ شایانی ئه‌وه‌یه له‌سه‌ر نوسین به‌و جۆره بكوژرێت، ئاخۆ به‌گژاچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و نادادی پاداشته‌كه‌ی كوشتنه.
دێیته دنیایه‌كه‌وه، كه شۆڕشگێڕه‌كانی دوێنێی زۆر به‌خێرایی ده‌بن به سته‌مكار و ئازادی ده‌بێته‌وه قسه‌ی روتی نێو كتێب و فیلمه‌كان، دێیت و پرسیاری باوكت ده‌كه‌یت، ئه‌و باوكه‌ی چاوه‌ڕوانی هاتنی تۆ بو لێ نهتیبینی، ئه‌و باوكه‌ی زۆر دڵی به كاره‌كه‌ی خۆش بو، ئه‌و كاره‌ی كه به كاری سه‌ركێشی و ئازایه‌تی ناسراوه، كاری رۆژنامه‌وانی، ئه‌و گۆڤاره‌كه‌ی زۆر خۆش ده‌ویست، بۆیه له‌گه‌ڵ ده‌رچونی هه‌ر ژماره‌یه‌كی نوێ‌دا ئه‌و ده‌گه‌شایه‌وه و دنیا ده‌بو به هی خۆی، ئه‌و له‌ڕێگه‌ی نوسینه‌وه ده‌یویست دنیا جواتر كات، ده‌یویست دادگه‌ری و یه‌كسانی هه‌بێت، ئه‌و ده‌ینوسی و له‌پێناوی دنیایه‌كی باشتردا قوربانی به‌خۆی ده‌داو بۆئه‌وه‌ی جه‌لاده‌كان زه‌فه‌ری پێنهبهن و درێژه به نوسین بدات، ئه‌وه‌نده‌ش بژێ تۆ ببینێ ناچاردهبو وه‌ك سه‌رده‌می رێكخستنی نهێنی ناوبه‌ناو شوێن و كوختی خه‌وتنه‌كه‌ی بگۆڕێت.
ده‌زانی ئامه‌د من له‌و چوار كه‌سه‌ی به شه‌هیدی قه‌ڵه‌م ناسراون سیانیان كه یه‌كێكیان كاوه‌ی باوكی تۆبو به هۆی هاوپیشهیمانهوه ده‌مناسین و زۆر سه‌رسام بوم به‌و عیشقه‌ی بۆ كاره‌كه‌یان هه‌یانبو، ئاخر كاتێ به دكتۆر عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریفم وت، ئیتر ئه‌م یاداشت و نوسینانه چ سودێكیان هه‌یه، ئه‌و وتی پێویسته خه‌ڵك راستیه‌كان ببینن، راستی وتن باجه‌كه‌ی قورس بو، بۆ سۆرانی مامهحهمهش هه‌مان چیرۆك هه‌یه، سۆران كه هێشتا له سه‌ره‌تای به‌هاری ته‌مه‌ندا بو، خه‌ونی گه‌وره‌ی هه‌بو من له‌سه‌ر سهركێشێكانی سه‌رزه‌نشتم ده‌كرد و ئه‌و پێده‌كه‌نی... ئای سۆران چه‌ند عاشقی كاره‌كه‌ی بو ئامه‌د، ئه‌و هه‌ر وتار یان ریپۆرتاژ یاخود شیعرێكی خۆی بدیبا شاگه‌شكه ده‌بو، من سه‌رده‌شتم نه‌دیبو نازانم ئه‌و چه‌ند دڵی به نوسینه‌كانی خۆی خۆش بو، بەڵام باوكت و دكتۆر ستار و سۆران هه‌ریه‌كه و به شێوازێ گوڵی وشه‌یان ده‌دا له یه‌خه‌ی لاپه‌ڕه.
ئه‌زانی ئامه‌د ئه‌و چوار قه‌ڵه‌مه به ناهه‌ق كوژراوه له‌ناویاندا ته‌نیا دكتۆر ستار زیاترین گۆشه و كه‌ناره‌كانی ژیانی تهی كردبو، لێ باوكت و سه‌رده‌شت و سۆران هێشتا چێژیان له ژیان نه‌دیبو، ئه‌وان خه‌ونی ره‌نگاوڕه‌نگیان هه‌بو، لێ دكتۆر ئه‌وه‌ی ناشارده‌وه كه ئیدی ئه‌و پێنج و دورۆژێكی ماوه و پێویسته هه‌رچی به راستی ده‌زانێ بیڵێت.
تۆ هاتیت بۆ ئه‌م دنیایه، بۆ دنیایه‌ك كه سته‌مكاره‌كان ئاشه‌كه‌ی ده‌گێڕن.
به هیوام گه‌وره بیت و یه‌كه‌مین شتێ كه هه‌ڵیبگریت هه‌مان ئه‌و قه‌ڵه‌م و كامێرایه بن كه باوكت ده‌یویست هه‌رێمه بچوكه‌كه‌ی پێ جوانتر كات، گه‌وره به‌و ئه‌م دنیایه .
گه‌وره به‌و پرسیار بكه...
ئه‌گه‌رچی من هیچ وه‌ڵامێكم بۆ تۆ پێ نیه. |
|
|