Print
 
 ٢٠١٣: ساڵێکی ناخۆش بۆ سیستمی تەندروستی
نوسه‌ر:  د.گۆران عه‌بدوڵا‌
Wednesday, January 1, 2014

ساڵی ٢٠١٣، پڕ بو لە روداوی ناخۆش بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەدەر نەبو لە پێشهات و گۆڕانکاری لە سیستمی و سیاسەتی تەندروستی و تێگەیشنی خەڵک بۆ ئەو کایە گرنگەی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێمە. ئەم وتارە چاوخشاندنێکی خێرایە بە گرنگترین پێشهاتەکانی ساڵی ٢٠١٣.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣دا، جۆرێک لە ئومید هەستی پێدەکرا سەبارەت بە کەرتی تەندروستی. ئەم ئومێدە لەوەوە سەرچاوەی گرتبو کە گۆڕانکاری فراوان لە وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەکان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکان و هەندێک دەزگای گرنگی تەندروستی تر رویاندابو. هەڵبەتە ئەم گۆڕانکارییانە لە ناوەڕاست و کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٢ەوە دەستیان پێکردبو و کاردانەوەی ناڕەزاییەتە جەماوەرییەکانی شوباتی ٢٠١١ و داواکاری ئۆپۆزسیۆن بۆ چاکسازیی سیاسی و ئیداریی و نەهێشتنی گەندەڵی بون. بەڵام هەرزو دەرکەوت کە گۆڕینی وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەکان بەبێ ئەنجامدانی چاکسازیی ریشەیی لە پێکهاتەکانی تری سیستمی تەندروستی هیچ سودێکیان نیە و بەپێچەوانەوە رەنگە کارەساتی گەورەتر بەدوای خۆیاندا بهێنن. گۆڕانکارییە رواڵەتیەکان لە کەسەکان سودێکی ئەوتۆیان نەبو، چونکە بەهەمان میکانیزمە تەقلیدیە حیزبیەکانی پێشو ئەنجامدران و کۆمەڵێک کەسی نزیک لە حیزبەوە کە پیربون یا گەندەڵ بون بەکۆمەڵێک کەسی تر جێگۆڕگێیان پێکرا کە تۆزێک گەنجتر بون، بەڵام دیسان سەر بە حیزب و بە ئەمر و نەهی حیزب دەجوڵانەوە.

ئومیدی گۆڕانکاری و چاکسازی زۆری نەخایاند و سیستمی تەندروستی توشی چەند شۆکێکی گەورە و کارەساتی کوشندە هاتن. لە مانگی چواری ٢٠١٣دا، ٣٠ هاوڵاتی دانیشتوی شاری هەولێر بەهۆی دەرزی ئاڤاستینەوە توشی گرفتی ترسناکی چاو بون. ئەوە بو ١٠ هاوڵاتییان چاویان لە دەستدا کە یەکێکیان هەردو چاوی دەرکرا. ئەم روداوە ترسناکە کاردانەوەیەکی جەماوەریی و میدیایی و مەدەنی گەورەی بە دوای خۆێدا هێنا. روداوەکە سەلماندی کە سەقەتیەکانی سیستمی تەندروستی ئێمە  تەنها بە گۆڕانکاریەکی سەرپێیانە و رواڵەتیانە لە چەند پۆستێکدا چارەسەر ناکرێن و پێویستیان بە چاکسازی و ریفۆرمی ریشەیی هەیە. راستەیەکەی ئەو روداوە ئەوەی سەلماند کە سیستمەکە پێویستی بە شۆڕشێک هەیە نەک ئەو پینە و پەڕوییانەی کە وەزارەتی تەندروستی دەیانکات. ئەوەی تۆزێک مایەی ئومید بو، ئەو کاردانەوە جەماوەرییە  بو کە روداوەکە بەدوای خۆیدا هێنای و بو بەهۆی دروستکردنی کەمپینێکی تایبەت (کەمپینی چاو هەر چاوە) بۆ بە دواداچونی کەیسەکە. دەرئەنجام حکومەت و وەزارەتی تەندروستی ناچار کرا، کە لەڕێی وەزیری تەندروستیەوە، داوای لێبوردن لە قوربانیەکان بکرێت و هەوڵەکان بۆ قەرەبوکردنەوەیان چڕتر بکرێتەوە. لە پاڵ ئەمانەشدا، گۆڕانکاری گەورە بەسەر ئامادەیی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئاشکرا کردنی کۆمەڵێک دۆکۆمێنتدا هات کە پێشتر لە ژورە تاریکەکاندا دەهێڵرانەوە و هاوڵاتیان و شارەزاییان و چالاکەوانن هیچ بەرچاوڕونیەکیان نەبو لەسەریان، وەکو گریبەستەکانی وەزارەتی تەندروستی و حکومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان و کۆمەڵێک زانیاری تر کە پێشتر لە هاوڵاتیان دەشاردرانەوە. ئەوە بو بۆ یەکەمین جار، کەمپینی چاو هەر چاوە توانی میکانیزمێک و ئامرازێکی یاسایی کە یاسای مافی گەیشتن بە زانیارییە بەکاربهێنێت بۆ دەستخستنی زانیاری لەسەر کەیسی ئاڤاستین. هەرچەندە هێشتا زانیاریگەلێکی زۆر ماوە بۆ بڵاوکردنەوەیان لەسەر کەیسەکە، بەڵام کەمپینەکە بەردەوامە لەسەر فشارەکانی بە دادگایی کردنی وەزارەتی تەندروستیشەوە.

لە پاڵ کەمپینەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گرینگیدانی رۆژنامە و میدیاکان بە سیستمی تەندروستی و کێشەکانی لەساڵی ٢٠١٣دا، لە پاڵ هەمو ئەوانەدا، ژمارە و قەبارە و فراوانی گروپەکانی پزیشکان و کارمەندان و خەڵکی دلسۆز زیادیانکرد بەتایبەتی لە پێگە کۆمەڵایتیەکانی وەکو فەیسبوک. ژمارەیەکی زۆری پزیشك بەتایبەتی گەنجەکان لەڕێی گروپەکانی فەیسبوکەوە توانیان کاریگەری گەورە دروستبکەن لەسەر دەسەڵات بە گشتی و وەزارەتی تەندروستی بەتایبەتی تاوەکو وای لێهات، هەندێک بڵێن کە ئەوە پێگەکانی فەیسبوک بون کە چونە دەسەڵاتێکی هەندێک کەسایەتی مسۆگەر بکەن لە وەزارەتی تەندروستیدا بە وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکانیشەوە. زیادبونی ئەو پێگە کۆمەڵایتیانە و گەورەبونی کاریگەریان دەرئەنجامێکی راستەوخۆی کێشە کەڵەکەبوەکانی پزیشکان و کارمەندان بون بەتایبەتی هاوتانەکردنی موچەی پزیشکان لە سەرانسەری کوردستاندا و هەبونی کێشە لە موخصەصاتەکانی کارمەندان و نەبونی سیستمی پەلەبەندی بۆیان و نەڕەخسانی هەلی خوێندن و چاوسورکرنەوەی بەپرسە حیزبیەکان و قۆرخکردنی هەلەکانی چونە دەرەوە و بەشداریکردن لە چالاکییە نێودەوڵەتیەکان. هاوکات لاوازیی و بەحیزبی بونی هەرچی زیاتری سەندیکاکانی پزیشکان و کارمەندان رۆڵی هەبو لەگەڕان بەدوای ئامراز و میکانیزمی جیاواز بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و داواکاری. سەرباری ناڕەزایەتیە بەردەوامەکانی پزیشکان و کارمەندان، بەڵام وەزارەتی تەندروستی نەیتوانی لە ساڵی ٢٠١٣دا ئەو کێشانە چارەسەربکات و زۆربەی کێشەکان بە هەڵپسێردراوی مانەوە. ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر حەماس و ئارەزوی پزیشکان و کارمەندان کرد بۆ کارکردن لە دەزگاکانی کەرتی گشتی و هاوکات بەهۆی کێشە کەڵەکەبوەکانی ترەوە، پزیشکان و کارمەندان روبەڕوی چەندان روداوی نەخوازراوی شەڕ لەگەڵ هاوڵاتیان و هاوەڵی نەخۆش بونەوە. دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریش جگە لە بەرپەرچدانەوەی توندوتیژ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نەبو لە وەڵامی ئەم دۆخەدا و ئەوەبو لە مانگی ئازاری ٢٠١٣دا، قایمقامی چەمچەمال هێرشێکی ناڕەوای کردە سەر پزیشکێکی پسپۆڕی ئەو شارە و دەرئەنجام قایمقام لە پۆستەکەی دورخرایەوە.

ئەم کێشانە دەرهاوێشتەی کۆمەڵێک کێشەی قوڵترن کە بە بێچارەسەر ماونەتەوە و لە ماوەی چەند ساڵی رابوردودا کەڵەکە بون و لەڕێی پێنەو پەڕۆەوە هەوڵی داپۆشینیان دراوە. یەکێک لەو کێشانەی کە لە ساڵی ٢٠١٣دا بەردەوام بون بریتی بو لە کەمی خەرجی حکومەت بۆ کەرتی تەندروستی. لە بودجەی ساڵی ٢٠١٣دا وەکو ساڵەکانی تر بەشی تەندروستی لە بودجەی گشتی حکومەت لە ٥% تێپەڕی نەکرد. ئەمەش خۆی لە کەمی موچەی کارمەندان و پزیشکان و خەرجنەکردنی پارەیەکی شیاو بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی خزمەتی تەندروستی سەرەتایی بەتایبەتی لە بنکە تەندروستیەکاندا بینیوە. لە باتی ئەوەی کە بودجەی تەندروستی زیادبکرێت و گرنگی بە خزمەتی تەندروستی سەرەتایی بدرێت لە ٢٠١٣دا، وەزارەتی تەندروستی سیستمێکی بەناو 'نیمچە تایبەتەوە' هێنایە کایەوە کە بەهەدەردانێکی گەورەی پارەی خەڵکە و ونکردنی ئەولەیاتەکان و دواخستنی گرنگیدانە بە سیستمی تەندروستی سەرەتایی. لەپاڵ ئەمەشدا، وەزارەتی تەندروستی بودجەیەکی زۆری لە ئیمزاکردنی کۆمەڵێک گرێبەستی گوماناوی بەهەدەردا کە گوایە بۆ چاککردنی دۆخی دەرمان ئیمزایکردن، ئەمەش دیسان بەهەدەردانێکی تری ئەو بودجە کەمەیە کە بۆ تەندروستی خەرج دەکرێت. گومانی زۆریش دەکرێت کە ئەم گرێبەستانە لە بەرژەوەندی چەند بەرپرسێکی تەندروستی و حیزبیی بەکاربهێنرێن.

هەرچەندە روداوی کوێرکردنی ٣٠ هاوڵاتی لە قەبارە و کاریگەری و دەنگدانەوەدا، رەکابەری نەبو، بەڵام روداوێکی وەکو مردنی کچێکی تەمەن ١٤ ساڵان بەناوی زریان بەکر بەهۆی پێوەدانی دوپشکەوە لە مانگی حەوتی ٢٠١٣دا، دیسان گرنگی میدیاکان و خەڵکی بۆ لای خۆی راکێشا. ئەم روداوە کارەساتاوییە، نەبون و کەمی و نزمی کواڵیتی خزمەتی لە ناوچە دوردەستەکانی خستەوە یادی خەڵک. زریان خەڵکی گوندی دسکەرەی سەر بە قەزای شارەزور بو و بەهۆی نەبونی دەرزی دژە ژەهەرەوە ناچاری ئەوە کرا کە رەوانەی سلێمانی بکرێت. وەکو روداوەکانی تری تایبەت بە گواستنەوەی خەڵک لە ناوچە دوردەستەکانەوە بۆ سەنتەری شارەکان، مردنی زریان نمونەیەکی تر بو لەسەر بێپلانی حکومەت و گرنگینەدان بە لادێ و شارۆچکەکان بە تایبەتی ئەوانەی کە روبەڕوی کیمیاباران و ئەنفال و گواستنەوە بون لە رابوردودا. هەروەها ئەم روداوە، کێشەکانی نەبون و کەمی دەرمان و کەرەستەی پزیشكی هێنیایەوە یادی هەمو لایەک و ئەو کارەساتانەی کە لە ساڵانی رابوردودا بەهۆی سەقەتی ئەم بوارەوە رویانداوە. برینەکانی وەکو مردنی هاوڵاتی کەژاوە عەبدولباقی لە ساڵی ٢٠١٢ و هاوڵاتی سەربەست ‌غەفور لە هەمان ساڵادا و مردنی لازۆ سەلامی تەمەن ٥ ساڵانی دیسان کولاندەوە. لە بەرامبەر ئەم روداوە، وەکو روداوەکانی تر، حکومەت خۆی و خەڵکی بە دروستکردنی لیژنەی کارتۆنی و بێکاریگەر خەریک کرد و هۆکارە راستەقینەکانی لە خەڵک و لە قوربانیەکان و خێزانەکانیان شاردەوە.

هەوڵی شاردنەوەی هەمو راستیەکان و داپۆشینی شکستەکانی حکومەت لە بواری تەندروستیدا، تەنها خۆی لە مامەڵکردنێکی ناشەفافانە لەڵەگەڵ مردن و سەقەتکردنی هاوڵاتیاندا نەبینی، بەڵکو لەمەڕ ژێرخانی سیستمی تەندروستیش هەمان سیاسەت و رەفتار دوبارە کرایەوە. مامەڵەی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ نەخۆشخانە ٤٠٠ قەروێڵەکەیەدا نمونەیەکی زەقی ئەم بوارەیە. هەرچەندە لە رۆژی ٢٨/٥/٢٠١٣، نەخۆشخانە ٤٠٠ قەروێڵەییەکە لە مەراسیمێکی گەورەدا بە ئامادەبونی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و پارێزگای سلێمانی و وەزیرەکانی ئاوادانکردنەوە و تەندروستی بەڕێوەچو، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت نەخۆشخانەکە بە تەواوەتی نەکەوتوەتە سەرکار و لە چەندان روەوە مایەی گلەیی و جێگەی رەخنەی هاوڵاتیانە. ئەمە لەکاتێکدا بو، کە گروپێکی تایبەتی کۆمەڵگای مەدەنی بە ناوی گروپی ٤٠٠ەوە، بۆ بەدواداچونی گەندەڵییەکانی نەخۆشخانەکە دامەزرا و هەوڵی دۆزینەوەی هۆکارەکانی پشت دواکەوتنی تەواوکردنی ئەو نەخۆشخانەیەی دا کە ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵی خایاند و دادگاییکردنی هەمو ئەوانەی کە بەرپرسبون لە دواکەوتن و هەدەردانی سامانی گشتی تێیدا. لەپاڵ دروستکردنی فشارێکی بەردەوام لەسەر حکومەت و وەزارەتی تەندروستی بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەکە، گروپەکە توانی سنوری چالاکییەکانی بۆ دەرەوەی کوردستان فراوان بکات و ئەوە بو بە هاوکاری رۆژنامەی کۆریا تایمەز کۆمپانیای UI enc کۆریی بەداخستندا و چەندان گەندەڵی و بەهەدەردانی تر لە سامانی نیشتمانی لە نەخۆشخانەکە و پرۆژەی تریش وەکو پرۆژەی وێستگەی کارەبایی ئاشکراکرد. ئێستاشی لەگەڵدا بێت لێکۆڵینەوە یاساییەکان لە کەیسی کۆمپانیاکە و تێوەگلانی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لە پەیوەندی ناشەرعی لەگەڵ بەرپرسانی سیاسی و حیزبی هەرێمی کوردستاندا بەردەوامە.

نابەرپرسیارێتی بەپرسە سیاسیەکان بەتایبەتی ئەوانەی کە وەزارەتی تەندروستیان بەدەستیەوە تەنها خۆی لەوەدا نەبینیوە کە ئیهمالی بکەن لە تەواوکردنی پرۆژە تەندروستیەکان و ئەو پرۆژانە بۆ مەبەستی گەندەڵی و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و حیزبەکانیان بەکاربهێنن، بەڵکو هەوڵی ئەوەیاندا کە دەزگا تەندروستی و نەخۆشخانەکان بۆ مەبەستی تەزویرکردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢١/٩/٢٠١٣دا بەکاربهێنن. لەو رۆژەدا، ژمارەیەکی زۆری 'نەخۆشی ساختە' داخڵی نەخۆشخانەکان بەتایبەتی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن کران بۆ ئەوەی بەشێویەکی ناشەرعی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەن. دوای ئەوەی بەشێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیان لەو تەزویرە ئاگادارکردەوە، هەندێک لە سندوقەکانی دەنگدان لە نەخۆشخانەکانی وەزارەتی تەندروستی خرانە ژێر لێکۆڵێنەوەوە و شریتی سوریان لێدرا. بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێت رون نیە کە ئاخۆ ئەو دەنگانەی کە بەشێویەکی نایاسایی و لەڕێی نەخۆشی ساختەوە دران ئەژمارکران یا نا. ئەم دەنگە ساختانە چونە پاڵ شکستی وەزارەتی تەندروستی هەر لە هەمان ساڵدا و لە میانی خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنەکان بۆ یارمەتیدانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ پاکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لەناوی مردوان. وەزارەتی تەندروستی شکستی هێنا لەوەی کە ناوی مردوان بە جۆرێک پێشکەشی کۆمسیۆن بکات کە ئەمەی دوایی داوای کردبو و دەرئەنجام تۆماری دەنگدەران چەندان هەزار ناوی مردوی تیابو کە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە دەرنەکرابون. ئەمەش بەڕای چاودێرانی سیاسی و شارەزاییانی بواری هەڵبژاردن هەلێکی زێڕینی بۆ ئەو حیزبانەی کە بیریان لە تەزویر دەکردەوە رەخساند بۆ زیادکردنی ژمارەی دەنگەکانیان. ئەم دو روداو و پێشهاتە ئەوەیان سەلماند کە چیتر وەزارەت و سیستمی تەندروستی، وەزارەت و سیستمێک نین کە ئیشی کۆمەڵێک پزیشك یا کارمەندی تەندروستی بن، بەڵکو پەیوەندییەکی راستەوخۆشیان بە ژیانی سیاسیەوە هەیە. ئەمەش رەنگە هۆکارێک بێت بۆ گرنگیدانێکی زیاتر بە وەزارەتی تەندروستی لە لایەن کایەی سیاسیەوە.

ئەگەر رۆڵی وەزارەتی تەندروستی لە تەزویرکردنی هەڵبژاردنەکانی ٢١/٩/٢٠١٣ و شکستی وەزارەتەکە لە پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بۆنەیەکی ئومێدبەخشبیت بۆ بەرزکردنەوەی سیاسەتی تەندروستی لە پلەیەکی نزمەوە بۆ پلەیەکی بەرزی سیاسی کە جێگەی کێبڕکێ و مشتومڕی سیاسی بێت، بەڵام گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەلماندیان کە هێشتا کایەی سیاسی کوردستان نەگەشتوەتە ئەو ئاستە باڵایە لە هۆشیاری بۆ بە جیددی وەرگرتنی وەزارەت و سیستمی تەندروستی و بەکارهێنانیان وەکو کارتێکی بەهێزی دانوستان و جێبەجێکردنی پرۆژەی سیاسی. نە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و نەش لە ئێستادا کە گفتگۆکانی دروستکردنی حکومەت بەردەوامن، پێناچێت کە لایەنە سیاسیەکان بە حەماسەوە داوای وەزارەتی تەندروستی بکەن. ئەمەش سیاسەتێکی سەیر نابێت ئەگەر کێشە قوڵەکانی سیستمی تەندروستی بهێنینە پێش چاوی خۆمان و بیر لە ئاڵۆزیی و قورسی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بکەینەوە. بەڵام ئاڵۆزی کێشەکان مانای ئەوە نیە کە لایەنە سیاسیەکان (بەتایبەتی ئەوانەی ئۆپۆزسیۆن کە گەورەترین و زۆرترین رەخنەیان لە پارتەکانی دەسەڵات گرتوە بەهۆی سیاسەتەکانیان لەبواری تەندروستیدا بەتایبەتی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە ماوەی ٧-٨ ساڵی رابوردودا وەزارەتی تەندروستی بەدەستەوە بوە)، لایەنە سیاسیەکان نابێت خۆیان لە بەپرسیارێتی چاکسازیی و ریفۆرمی تەندروستی بدزنەوە، چونکە چانسێکی گەورەیان  لە بەردەمدایە بۆ سەلماندنی ئامادەباشیان بۆ وەرگرتنی دەسەڵات و هێنانەکایەی گۆڕانکاری جیددی لە ژیان و گوزەران و تەندروستی خەڵکدا. بەپێچەوانەوە ساڵی ٢٠١٤، ساڵی دوبارەبونەوە کارەساتە تەندروستیەکان دەبێت.
Sbeiy.com © 2007