|
گۆڕان و ئیرسی حوکمڕانی پێش‌و |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Saturday, January 11, 2014 |
له زنجیره‌یه‌ک نوسین له‌سه‌ر گۆڕان و حوکمڕانی باسم له چه‌ند ته‌وه‌رێکی ئه‌و بابه‌ته کردوه و ئه‌م نوسینهشم هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه.
پێش هه‌مو شڕۆڤه و بۆچونێک به‌پێویستی ده‌زانم جه‌خت بکه‌مه‌وه له‌وه‌ی به‌شداری گۆڕان له کابینه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمدا ده‌بێت کارا و چالاک و هێمن و بنیاتنه‌ر بێت و هاوته‌ریبیش بێت له‌گه‌ڵ ئیستحیقاقی هه‌ڵبژاردن و پێڕه‌وی ئه‌و به‌رنامه هاوبه‌شه بکات، که لایه‌نه‌کان له‌سه‌ری رێکده‌که‌ون، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش تیمێکی به‌هێزی لێهاتوی گۆڕان ده‌بێت به‌شداری کابینه و ده‌زگاکانی تری حکومه‌ت بێت، تا یه‌که‌م ئه‌زمونی گۆڕان بهروسپیهوه به‌ڕێبکه‌ن.
تا ئه‌م خاڵه باس له پره‌نسیپ و هێڵه گشتیه‌کانه، ناشێت ته‌نها به‌هۆی بهشداریبونی ئۆپۆزسیۆن له کابینه‌ی هه‌شته‌مدا و دوای 23 ساڵ له حوکمڕانی پارتی و یه‌کێتی به‌جیا و به‌یه‌که‌وه ئاسهوهرهکانی ئه‌م حوکمڕانیه درێژه له‌م کابینه‌یه‌دا به‌رچاو نه‌بن و حسابیان بۆ نه‌کرێت.
وێڕای ئه‌وه‌ی کورد له ئه‌زمونی حوکمڕانی هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه و زۆر شت له‌و بواره‌دا فێربوه، ناشێت لایه‌نه نه‌رێنه‌کانی ئه‌و حوکمڕانیه پشتگوێ بخرێن و بمانه‌وێت به‌پاساوی سۆزی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه که‌موکوڕی و عه‌یب و عارمان داپۆشێن. ئیرسی نه‌رێنی حوکمڕانی خۆماڵی بارێکی قورسه له‌سه‌ر شانی کابینه‌ی ئاینده، به‌تایبه‌ت بۆ سه‌رۆک وه‌زیران، که دۆخی نوێ پێویست به‌وه ده‌کات به‌شێوازێکی زۆر جیاواز له جاران کابینه‌که به‌ڕێوه ببات و ئاراسته بکات.
کاریگه‌ری رێکه‌وتنی ستراتیژی له‌سه‌ر کابینه‌کانی پێش‌و
له کابینه‌کانی پێش‌و و تایبه‌ت له‌دوای رێکه‌وتنی ستراتیژیه‌وه ده‌رکه‌وتوه که نائارامی و ناجێگیری کابینه‌کان له خه‌سڵه‌ته زه‌قه‌کانی بون، ئه‌م راستیه له کابینه‌کانی شه‌ش و حه‌وته‌مدا و تایبه‌ت ئه‌و ماوه‌یه‌ی سه‌رۆک وه‌زیران له یه‌کێتی بوه ده‌رده‌که‌وێت. وێرای شکستی یه‌کێتی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2009، به‌ڵام به‌پێی رێکه‌وتنی ستراتیژی پۆستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی پێدرا، لێره به‌دواوه حکومه‌ت و ده‌زگاکانی له سایه‌ی تێکچونی هاوسه‌نگی له‌گه‌ڵ پارتیدا به‌شێوه‌یه‌کی په‌رته‌وازه و که‌موکوڕی به‌رچاو و ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌زگا حیزبیه‌کان و تایبه‌تیه‌کان له کاروبار و پێکهاته‌کاندا گوزه‌ریان کردوه، وێرای ئه‌وه‌ی به‌هۆی رێکه‌وتنی ستراتیژیه‌وه لاسهنگیهکه له په‌رله‌مان به‌ژماره راست کرایه‌وه، به‌ڵام کاریگه‌ریه‌کی ئه‌وتۆی له حوکمڕانیدا نه‌بو، هه‌واڵه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه جه‌خت ده‌که‌نه‌وه که دکتۆر به‌رهه‌م، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌وه زیاتر له جارێک ویستویه‌تی ده‌ست له‌کاربکێشێته‌وه.
له سایه‌ی رێکه‌وتنی ستراتیژیدا بێباکیه‌کی بێئه‌ندازه له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی هه‌ر دولا له کابینه‌کاندا به‌رچاو بوه، وه‌زیره‌کان به‌ده‌ر له ئه‌دائی خۆیان و وه‌زاره‌ته‌کانیان پشتئه‌ستور به رێکه‌وتنه‌که له پۆست و کارکردنی مه‌زاجیان و حه‌سانه‌ی خۆیان دڵنیا بون و له لێپرسینه‌وه‌ی په‌رله‌مانیش بێخه‌م بون. کارکردنی یه‌ک تیمی، به‌تایبه‌ت له پرسه‌کانی نه‌وت و په‌یوه‌ندیه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانی ناوچه‌که، روکه‌شی بوه و بۆ وێنه‌گرتن و زومی کامێراکان نمایش کراوه. ئه‌م دیاردانه بۆ سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێم شۆربونهتهوه، هه‌ر وه‌ک دوانه‌ی ده‌سه‌ڵات چه‌ندین جار به‌فه‌رمی ئاماژه‌یان پێداوه که وه‌زیر و فه‌رمانبه‌ره باڵاکانیان له حکومه‌تدا له زۆنی لایه‌نه‌که‌ی تر ده‌سه‌ڵاتی پۆلیسێكیان نه‌بوه. رێکه‌وتنی ستراتیژی په‌رته‌وازه‌بون و له‌تبونی ئیداری زیاتری هه‌م به‌رهه‌م هێناوه و هه‌م ره‌وایه‌تی پێبه‌خشیوه و هه‌روه‌هاش فۆرمێڵه سیاسیه‌که بوه بۆ درێژه‌پێدان و چه‌سپاندنی دو ئیداره‌یی له لوتکه‌ی سه‌نته‌ری بریارده‌ری حوکمڕانیدا، که ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه. رێکه‌وتنێک به‌ناو ستراتیژی پاش حه‌وت ساڵ له واژۆکردن و پیرۆزکردنی و هه‌ڵدان به شان و شهوکهتیدا نه‌یتوانیبێت مدیر ناحیه‌یه‌کی پارتی یا خود بێلایه‌ن له زۆنی یه‌کێتی و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش دامه‌زرێنێت ده‌بێت چ زیانێکی بێئه‌ندازه‌ی به ئیداره‌ی کوردی گه‌یاندبێت و چ غه‌درێکی گه‌وره‌ی له هاوڵاتیان کردبێت.
بۆ سه‌لماندنی ئه‌م راستیانه چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌مەریکی که ویکیلیکس بڵاوی کردونه‌ته‌وه له‌به‌رده‌ستدان. ئه‌و به‌ڵگانه باس له ورده‌کاری رێکه‌وتنه‌کانی لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پارتی و یه‌کێتی ده‌که‌ن بۆ دابه‌شکردن و ئاڵوگۆرکردنی پۆسته گرنگه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌کانیان و ئه‌و مه‌رج و هێڵانه‌ی بۆیان دانراون. به‌کورتی و کوردی رێکه‌وتنی ستراتیژی هۆکارێکی سه‌ره‌کی ئیفلیجبوی کابینه‌کانی پێشوی هه‌رێم بوه، پێکهاته‌کانی روکه‌شانه به‌یه‌که‌وه و له پراکتیک و ناخدا زۆر دور له یه‌کتر. له‌دوا هه‌ڵبژاردندا سه‌لمێندرا رێکه‌وتنی ستراتیژی توانای پینه و په‌رۆکردنی ئه‌و دۆخه‌شی نه‌ماوه. ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت لایه‌نی شکستخواردو جارێکی تر ئه‌م رێکه‌وتنه‌ی که له که‌ناری مه‌رگیدا گیرساوه‌ته‌وه به‌کارده‌هێنێت تا پۆستی باشی ده‌سکه‌وێت و گه‌مه تایبه‌تیه‌کانی خۆی له حوکمڕانیدا چه‌ندباره‌یان بکاته‌وه؛ لێره‌دا بۆ بنبڕکردنی کاریگه‌ریه زۆر نه‌رێنه‌کانی ئه‌و رێکه‌وتنه له‌سه‌ر ئه‌دای کابینه‌ی هه‌شته‌م ده‌بێت گۆڕان هه‌ڵوێستی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی هه‌بێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رازی نه‌بێت ئاسه‌واره‌کانی ئه‌م رێکه‌وتنه ببنه‌وه دینامۆیهکی کابینه‌که.
دو بودجه
یه‌کێک له ئاکامه قێزه‌وه‌نه‌کانی فیفتی به‌فیفتی و شه‌ڕی ناوخۆ دو بودجه بوه. رێکه‌وتنی ستراتیژیش به‌رگێکی سیاسی کرد به‌به‌ری ئه‌و نه‌ریته‌ی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی هۆزه سه‌ره‌تاییه‌کاندا له مێژودا. تا ماوه‌یه‌کی زۆر کورت لهمهوپێش دو بودجه‌یی به‌زه‌قی هه‌بوه. هه‌ر دولا، بێجگه له داهاتی نه‌وت و ناوخۆ، نزیکه‌ی 70 ملیار دۆلاریان له 2003ه‌وه له به‌غدا وه‌رگرتوه و به‌رێژه‌ی 57% بۆ پارتی و 43% بۆ یه‌کێتی دابه‌شیان کردوه. باوه‌ڕ ناکه‌م هیچ ده‌زگایه‌که حکومه‌تی هه‌رێم توانیبیه‌تی له ماوه‌ی ئه‌و 10 ساڵه‌ی رابوردودا به‌دواداچونی دروست و وردی بۆ ئه‌و پاره زۆره کردبێت و خه‌ڵکی کوردستانیش له چۆنیه‌تی سه‌رفکردنی به‌ئاگابن.
لێره‌وه دو بودجه‌یی سه‌رچاوه‌ی لێکترازانی زیاتری ئیداری و لاوازبونی ده‌سه‌ڵاتی کابینه‌کان بوه و شا هۆکارێکی هه‌ڵتۆقین و گه‌شه‌کردنی گه‌نده‌ڵی بوه، هه‌ر دولا بۆ رازیکردنی جه‌ماوه‌ره‌که‌یان و سه‌رکرده و کادیره‌کانیان و بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی هێزی نێوانیان چاویان له زۆر پره‌نسیپی مۆراڵی و یاسایی و دادپه‌روه‌رانه له مامه‌له‌کردن له‌گه‌ڵ موڵکی میلله‌تدا نوقاندوه. ره‌گ و ریشه‌ی ئه‌م دیارده قێزه‌وه‌نه له‌ناو حوکمڕانیشدا قایم داکوتراون. ئه‌گه‌ر نیه‌تێکی جدی هه‌بێت بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌شێت کێشه‌که گه‌مارۆ بدرێت و سنوردار بکرێت، که‌مکردنه‌وه‌شی له‌وێوه ده‌ست پێده‌کات که گونجاوتره وه‌زاره‌تی دارایی نه‌درێت به‌پارتی و یه‌کێتی، چاودێری دارایی به‌هێز بکرێت و ژیانی به‌به‌ردا بکرێت، بهناوهندکردنێکی تۆکمه‌ی شێوازی کۆنترۆڵکردنی سه‌رفی بودجه له سه‌رجه‌م داموده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێم له پاریزگاکان، چونکه ده‌ریای گه‌نده‌ڵی له گه‌نده‌ڵی لۆکاڵیه‌وه زۆر به‌رفراوانتر و ئاڵۆزتر بوه و به‌شی زۆری جومگه‌کانی حوکمڕانی گرتۆته‌وه و گه‌نده‌ڵی کردۆته پرۆسه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک، هه‌روه‌ها سود له ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی پسپۆڕ له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیدا بکرێت.
ده‌ستتێوه‌ردانی حیزب
ئیرسێکی قێزه‌وه‌نی تری حوکمڕانی ماوه‌ی پێش‌و ده‌ستێوه‌ردانی حیزبیه له ئه‌رک و کاره‌کانی حکومه‌تدا، زیاتر له 70 - 80 % ی به‌رپرسه باڵا و مامناوه‌ندیه حکومیه‌کان له پایته‌خت و ناوچه‌کانی هه‌رێم که‌سانی سه‌ر به یه‌کێتی و پارتین یا به‌ره‌زامه‌ندی ئه‌وان دانراون، ئه‌م ئه‌خته‌بوته حیزبیه له مجه‌وری مزگه‌وتێکه‌وه تا پۆسته باڵاکانی گرتۆته‌وه، حوکمڕانی کردۆته جۆرێک له مزگه‌وت که ده‌روازه‌که‌ی ته‌نها بۆ "موسڵمانان" واڵا کردوه. له ئاکامه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه زیاده بۆ گه‌نده‌ڵی و مه‌حسوبیه‌ت و ئیفلیجکردنی کاری حکومی دیارده‌ی هه‌ڵاوسانی موچه‌خۆری بێ خێر و به‌ره‌که‌ت و تێخزانی ده‌سه‌ڵاتی شه‌به‌حی هه‌مه‌جۆره له ده‌زگا و نوسینگه‌کانی حکومه‌تدا به‌رهه‌م هێناوه. به‌شێک له ده‌سه‌ڵاتداران، تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی خۆیان به سۆشیالیست ده‌زانن، به‌م دیارده ناشیرینه زهرهربهخشه ده‌ڵێن "البطالة المقنعة"، له‌کاتێکدا زۆربه‌ی ئه‌زمونه‌کانی دنیا زه‌ره‌رمه‌ندیه زۆره‌کانی ئه‌م چه‌مکه سواوه ده‌سه‌لمێنن.
له‌بری ئه‌وه‌ی حیزب پشکی له داڕشتنی به‌رنامه‌ی حکومه‌تدا هه‌بێت و له په‌رله‌مانه‌وه چاودێری پێویستی بکات و لێی بپرسێته‌وه وه‌لێ تا ئه‌م ساته‌ش حیزب له ده‌ره‌وه‌ی هه‌یکه‌لی حکومه‌ت و هۆڵی په‌رله‌مان حکومه‌ت به‌ڕێوه ده‌بات، ده‌شێت بوترێت سه‌رجه‌م حوکمڕانی خۆماڵی تا ئه‌م ساته‌ش به‌ڕێکردنی رۆژانه‌ی کار بوه نه‌ک ده‌وڵه‌تمه‌داری ئه‌م سه‌رده‌مه بوبێت. زۆر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته وتراوه و پرۆژه‌ی بێ ژماره‌ش هه‌ر بۆ ناو و شانۆگه‌ری پێشکه‌ش کراون و زۆربه‌یان بێ‌سود بون. چاره‌کردنی ئه‌م کێشه‌یه ئاو زۆر ده‌کێشێت و پێویستی بنه‌ڕه‌تی به ئیراده و نیه‌تی سیاسیه و له کابینه‌ی هه‌شته‌مدا ده‌بێت کار بۆ که‌مکردنه‌وه و گه‌مارۆدانی بکرێت و بابه‌تێکه په‌یوه‌ندی توندی به کێشه‌کانی تری حوکمڕانیه‌وه هه‌یه.
وه‌زیر و بریکار
ئاسه‌وارێکی تری حوکمڕانی پێش‌و پرسی وه‌زیر و بریکاری وه‌زیره، ئه‌گه‌رچی ئه‌م دیارده‌یه له زۆر شوێنی دنیادا بۆته مۆدێلێکی حوکمڕانی، به‌ڵام له هه‌مانکاتیشدا په‌یوه‌سته به‌زه‌مینه‌ی سیاسی حوکمڕانیه‌وه، بۆیه دروست نیه به‌یه‌ک چاو و هه‌مان چاوه‌ڕوانی هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ بکرێت.
له کابینه‌کانی پێشوی حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌م مۆدێله زیاتر زاده‌ی فیفتی به‌فیفتی بوه بۆ دابه‌شکردنی یه‌کسانی ده‌سه‌ڵات و رازیکردنی به‌رپرس و خانهوهداکانیان بوه، رێکه‌وتنی ستراتیژیش ئه‌م مۆدێله‌ی پاراستوه و به‌هێزکردوه. ئه‌م مۆدێله و به‌حیزبکردنی حکومه‌ت بونه‌ته ئه‌سته‌نگی سه‌رسه‌خت له‌به‌رده‌م به‌نیشتمانی کردنی حوکمڕانی خۆماڵی و قوتارکردنی له چنگی حیزب به تێگه‌یشتن و پراکتیزه‌کردنی لای خۆمان.
کابینه‌ی ئاینده ده‌توانێت سود وه‌ربگرێت له چه‌ند نمونه‌یه‌کی کارای ئه‌و مۆدیله له چه‌ند وڵاتێک‌دا، بۆ نمونه له هۆڵه‌ندا بریکاری وه‌زیر نیه، به‌ڵکو سکرتێری ده‌وڵه‌ت (ده‌شیت لای خۆمان به سکرتێری هه‌رێم بۆ وه‌زاره‌تی ...) به‌پله‌ی دوه‌م دێت دوای وه‌زیر. ئه‌رکی سکرتێر یارمه‌تیدان و هاریکاریکردنی وه‌زیره له به‌ڕێوه‌بردنی وه‌زاره‌ته‌که و به‌رپرسه له بوارێکی دیاریکراوی کارنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌که، له‌کاتی پێویستدا و له‌سه‌ر داوای وه‌زیر ده‌توانێت به‌ناوی وه‌زیره‌وه کاربکات. داڕشتنی ئه‌رکه دیاریکراوه‌کانی سکرتێری ده‌وڵه‌ت له کابینه‌یه‌که‌وه بۆ کابینه‌یه‌کی تر ده‌گۆڕێت و پێشتر رێکه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌کرێت و له وه‌قائیعی فه‌رمیدا بڵاوده‌کرێته‌وه. مه‌رج نیه هه‌مو وه‌زاره‌تێک سکرتێری ده‌وڵه‌تی هه‌بێت و که‌وتۆته سه‌ر گه‌وره‌یی و قورسایی ئه‌رکه‌کانی وه‌زاره‌ته‌کان، وه‌زاره‌ت هه‌یه پێویستی به دو سکرتێر هه‌یه و هه‌شه سکرتێری نیه. له‌م مۆدێلهشدا زۆبه‌ی جار سکرتێری ده‌وڵه‌ت سه‌ر به‌هه‌مان حیزبی وه‌زیره‌که نیه. له کابینه‌ی ئێستای هۆڵه‌ندا به‌پێی رێکه‌وتنی به‌رنامه‌ی حکومه‌ت سکرتێره‌کان ده‌توانن به‌ناوی وه‌زیره‌وه له کۆبونه‌وه‌کانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا به‌شدار بن، به‌ڵام مافی ده‌نگدانیان نیه و هه‌رکاتێک ئه‌جندای کۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رنامه‌ی ئه‌رکه‌کانی سکرتێرێک بگرێته‌وه بۆ کۆبونه‌وه‌که بانگهێشت ده‌کرێت. به‌پێی نه‌ریتیش کاتێک وه‌زیر به‌هه‌ر هۆکارێکه‌وه بێت ده‌ست له‌کاربکێشێته‌وه سکرتێره‌که‌ش هه‌مان هه‌نگاو ده‌نێت.
کێشه‌کانی تر
بێجگه له کێشه زۆر ئاڵۆز و به‌رفراوانه‌کانی بواره‌کانی خوێندن و ته‌ندروستی و رێگا و بان، ئیرسێکی تری حوکمڕانی حیزبی خۆماڵی دابه‌شکردنی ده‌زگاکانی ئاسایش و هه‌واڵگری و پۆلیس و هێزی پێشمه‌رگه‌یه به‌سه‌ر حیزبه‌کاندا، لێره‌دا ته‌نها ئاماژه به‌وه ده‌که‌م که چاره‌کردنی ئه‌م کێشه‌یه له‌گه‌ڵ چه‌ند بابه‌تێکی هه‌ستیاری تری به‌رده‌م کابینه‌ی هه‌شته‌م بخرێته دوای پێکهێنانی کابینه‌که و دروستکردنی لیژنه‌یه‌کی وه‌زاری بۆ دارشتنی پلانێکی گونجاو بۆ کارکردن له سه‌ری. ئاشکرایه که گۆڕان هێزی چه‌کداری نیه و له به‌رپرسیاریه‌تی ده‌زگاکانی ئاسایش و پۆلیسیش کاریگه‌ری نیه، بۆیه دروستتره بۆ ئه‌م کێشانه و یه‌که ئیداریه‌کانی هه‌رێمی کوردستان چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان بکرێت و دواتر وه‌ک ده‌ڵێن: "بۆ هه‌ر روداوێک قسه‌یه‌ک ده‌کرێت".
کاتێک گۆڕان به‌شداری له کابینه‌ی هه‌شته‌مدا ده‌کات ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت خۆشی بوێت یا تاڵ روبه‌روی ئاسه‌وار و کاریگه‌ریه‌کانی زه‌مینه‌ی مێژویی حوکمڕانی خۆماڵی ده‌بێته‌وه، بۆیه گرنگه بۆ گۆڕان مامه‌ڵه‌یه‌کی ورد له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیرسه بکات و تواناکانی بخاته‌گه‌ڕ تا گۆڕانکاری و چاکسازی له لوتکه‌ی حوکمڕانیه‌وه بۆ خواره‌وه شۆڕببنه‌وه. |
|
|