Print
 
 مامۆستا محه‌مه‌د عه‌لی‌ محه‌مه‌دیان و مامۆستاكانی‌ تر
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Monday, January 20, 2014

با رۆژێك دابنێین بۆ هاوسۆزی‌ له‌گه‌ڵ توشبوانی‌ شێرپه‌نجه‌، لانی‌ كه‌م ئه‌و رۆژه‌ سه‌رمان سفر بكه‌ین، بۆ نمونه‌ رۆژی‌ پێنجی‌ شوبات دابنێین، ئایه‌ ئه‌وه‌ كارێكی‌ قورسه‌، مامۆستا محه‌مه‌د عه‌لی‌ له‌ شاری‌ مه‌ریوان ئه‌وه‌ی‌ بۆ ماهانی‌ قوتابی‌ كرد، چما ئێمه‌ ناتوانین كارێكی‌ وابكه‌ین.

ئاخۆ چه‌ند وه‌زیر و پارله‌مانتار و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ ئه‌وكاره‌ ده‌كه‌ن، یان تۆ بڵێیت كار بگاته‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ ببێته‌ نه‌ریت و دكتۆره‌كانیش كارێكی‌ وابكه‌ن، لێره‌دا نامه‌وێ‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی‌ مامۆستا محه‌مه‌دیان قسه‌ بكه‌م، جگه‌ له‌ ستایشی‌، لێ‌ ده‌مه‌وێ‌ ئه‌وه‌ بیری‌ مامۆستایانی‌ باشوری‌ كوردستان بخه‌مه‌وه‌، كاتێ‌ وتیان سه‌ری‌ به‌رزمان بۆ پاره‌ نه‌وی‌ ناكه‌ین و درێژه‌یان به‌ په‌روه‌رده‌كردن دا ئه‌وكاته‌ی‌ به‌عس له‌ 1991 داموده‌زگاكانی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ كشانده‌وه‌، ئه‌و ده‌م هیچ مامۆستایه‌ك خه‌یاڵی‌ لای‌ "وانه‌ی‌ تایبه‌تی‌" نه‌بو ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ په‌یدا بوه‌ و قوتابی‌ و خوێنكار ناچارن بۆ ده‌رچون په‌نای‌ بۆ به‌رن، له‌كاتێكا ئه‌مه‌ له‌ ئاكاری‌ به‌رزی‌ مامۆستاوه‌ دوره‌ كه‌ مانای‌ وشه‌ په‌یامبه‌ری‌ فێربونه‌.

جاران مرۆڤ كه‌ ده‌چوه‌ به‌رده‌م دكتۆرێك، دكتۆره‌كه‌ به‌و نیازه‌ چاره‌سه‌ری‌ ده‌كرد كه‌ چاكبێته‌وه‌ و نه‌گه‌ڕێته‌وه‌، نه‌خۆشه‌كه‌ش ده‌بوه‌ بانگه‌شه‌كارێكی‌ باش، ئه‌مه‌ بۆ مامۆستا و زۆر كارو پیشه‌ی‌ دیكه‌ش وابو، ئه‌وده‌م گره‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌بو، كێ‌ باشتر ده‌كات.

ته‌نانه‌ت فیته‌رێك كاره‌كه‌ی‌ به‌جۆرێ‌ بۆ ده‌كردی‌ كه‌ ناچار نه‌بیت بچیته‌ چه‌ند شوێنی‌ تر.

ئایه‌ مامۆستا محه‌مه‌دیان به‌و هاوسۆزیه‌ نه‌بوه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی‌ بایه‌خداری‌ هه‌مو ئێران نه‌ك هه‌ر سنه‌و مه‌ریوان، ده‌توانین بایەخدار بین یان نا ئه‌مه‌ له‌ كارێكی‌ بچوكه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، مامۆستا بۆ ئه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ی‌ نه‌كرد بخرێته‌ سه‌ر پوڵ و حه‌سه‌نی‌ روحانی‌ ستایشی‌ بكات، ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ ئه‌و كاره‌ی‌ كرد ماهان خه‌مبار نه‌بێت، چه‌ند كه‌سمان ده‌توانین له‌ خه‌مباری‌ ئه‌وانی‌ تر كه‌م بكه‌ینه‌وه.

با له‌ ئێستاوه‌ ده‌ست پێبكه‌ین، ئایه‌ پێنجی‌ شوبات ده‌توانین لانی‌ كه‌م به‌ هاوسۆزیمان دۆسته‌كانمان به‌خته‌وه‌ر كه‌ین.
Sbeiy.com © 2007