|
له هه‌رێم دڵداری و له که‌رکوکیش نه‌گونجان |
نوسه‌ر: مه‌لا فه‌رمان
|
Tuesday, January 21, 2014 |
دوای ده‌رکه‌وتنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنی 21/9 چاوه‌ڕوان ده‌کرا په‌له بکرێت له دروستکردنی کابینه‌ی ژماره هه‌شتی حکومه‌تی هه‌رێم، به‌ڵام 4 چوار مانگ تێده‌په‌ڕێ و هێشتا هیچ دیار نیه. له‌و لاشه‌وه په‌رله‌مان نه سه‌رۆکی دیاری کردوه نه ده‌رگای کۆبونه‌وه‌ی یه‌که‌می داخستوه. دانه‌مه‌زراندی حکومه‌ت و په‌رله‌مان له کاتێکدایه هه‌رێم روبه‌ڕوی چه‌ندین قه‌یران بۆته‌وه، دیارترینیان قه‌یرانی ئابوری و کێشه‌ی بودجه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.
یه‌کێ له هۆکاره سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌م دواکه‌وتنه داننه‌نانی پارتی و یه‌کێتیه به ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژارن و بڕیاری خه‌ڵکی هه‌رێم. ئه‌م دو حیزبه تائێستا له روانگه‌ی هێز و رابردوه‌وه شه‌رعیه‌ت به درێژه‌دان به ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانی هه‌رێم ده‌ده‌ن. بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م کابینه‌یه له‌جیاتی ئه‌نجامه‌کانی 21/9 ئه‌م دو حیزبه په‌نا ده‌به‌نه به‌ر:
یه‌که‌م: هه‌ڕه‌شه‌کردنی دوباره دابه‌شکردنی هه‌رێمی کوردستان، که سنوره‌که‌ی دێگه‌ڵه‌یه. مانه‌وه‌ی هێزه‌کانی پارتی و یه‌کێتی دوای زیاتر له 15 ساڵ له وه‌ستانی شه‌ڕی ناوخۆ له سه‌نگه‌ر و رهبیهکانیان له‌و ده‌ڤه‌ره، نیشانه‌ی دوباره دابه‌شکردنه‌وه‌ی هه‌رێمه.
دوه‌م: هه‌ر یه‌ک له‌م دو حیزبه هێزی پێشمه‌رگه و پۆلیس و ئاسایش و تا ئه‌گاته ئه‌و هاوڵاتیه‌ی چه‌کی به‌شانه‌وه‌یه به هێزی حیزبی ده‌زانن نه‌ک هێزی نیشتمان.
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر له روی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازییه‌وه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م دو حیزبه له کوردستاندا وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌یه دابه‌شبوبێت. ئه‌وا ئه‌و دابه‌شبونه له روی ئیداری و هێزی جه‌ماوه‌ره‌وه وێنه‌یه‌کی تر ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه.
ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 21/9 به گشتی ده‌ریخست که پارتی یه‌که‌م و گۆڕان دوه‌م و یه‌کێتی سێیه‌م. له هه‌ردو شاره‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی گۆڕان براوه‌ی یه‌که‌مه و پارتیش له سنوری دهۆک توانی کورسیه‌کان بچنێته‌وه.
ئه‌وه‌ی ده‌بیندرێت ئه‌م دو حیزبه دوای بانگهێشتکردنیان بۆ ئێران پێده‌چێت خه‌ریکی دڵداری بن له‌گه‌ڵ یه‌ک و زندوکردنه‌وه‌ی رێکه‌وتنی ستراتیجی بن. له لایه‌کی تره‌وه هه‌ڕه‌شه به هێز و مێژو ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێ ئه‌م دونیا بینیه جێگه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌که‌ی 21/9 و شه‌رعیه‌تی راسته‌قینه بگرێته‌وه. هه‌نگاونان به‌م ئاقار و بیرکردنه‌وه‌یه هه‌وڵدانه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه و دوباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌زمونی دو ئیداره‌یی حیزبی. ئه‌مه‌ش واده‌کات قه‌یرانه‌کان گه‌وره‌تر ببن و پرۆسه‌ی دیموکراتی و سازانی نیشتمانی بخه‌نه مه‌ترسیه‌وه.
نه‌گونجان و جیاکاری له که‌رکوک
ئه‌م دو حیزبه 10 ساڵه له که‌رکوک و ناوچه دابڕاوه‌کان به‌بێ گوێدان به‌به‌رژه‌وه‌ندیه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان هه‌مو داموده‌زگاکانی وه‌ک ئاسایش، په‌روه‌رده، کۆمه‌ڵایه‌تی 50 به 50 له نێوان خۆیان دابه‌ش کردوه، به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌یان هه‌لی باشیان له باربرد. به کورتی هه‌مو شتێکیان له‌م ناوچانه به قوربانی ململانێی حیزبی کرد. دوایین ئه‌م هه‌نگاوه‌ش کشانه‌وه‌ی پارتی بو له لیستی کوردی له که‌رکوک و پێداگری یه‌کێتیش له دانانی که‌سێک به سه‌رۆکی لیست، واته هیچ یه‌کێ له‌م دو حیزبه له پێناوی که‌رکوک و که‌رکوکیه‌کان ئاماده‌ی دانیشتنیش نه‌بون بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێکی هاوبه‌ش. له به‌رامبه‌ردا ده‌بینین ئه‌م دو حیزبه له کوردستان چۆن رۆمانسیانه له‌گه‌ڵ یه‌ک هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن و له که‌رکوکیش هه‌ڵوێست له‌یه‌ک وه‌رده‌گردن. به‌م شێوه‌ش که‌رکوکیان کردۆته مه‌یدانی ساغکردنه‌وه‌ی ململانێکانیان و شه‌ڕێ 50 به 50 هه‌رێمیان گواستۆته که‌رکوک. |
|
|