Print
 
 هه‌رێم خورمژی‌ ده‌وێت
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Wednesday, January 22, 2014

موچه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ مانگی‌ لێگۆڕا به‌ 45 رۆژ و 50 رۆژ له‌ولاشه‌وه‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌ڕوات و مالكیش نامه‌ ده‌نێرێ‌ تا هه‌ڵیگرن بۆ نه‌وه‌كانی‌ ئاینده‌، ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ مالیكی‌ مانای‌ وایه‌ دزی‌ و گه‌نده‌ڵیه‌ك هه‌یه‌ و له‌وه‌ش زیاتر ده‌برێت كه‌ حكومه‌تی‌ ئێراق پێشنیازی‌ كردوه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڕینی‌ بودجه‌ له‌لایه‌ك و له‌ملاشه‌وه‌ ناردنی‌ نه‌وت و ده‌ستله‌ملانی‌ توركیا و ئه‌وروپا، بێئه‌وه‌ی‌ نیاز و به‌رنامه‌ی‌ جیابونه‌وه‌ و خۆخاوه‌نی‌ هه‌بێت، له‌ مه‌ته‌ڵێكی‌ زۆر ناشرین ده‌چێت، مه‌ته‌ڵێك مه‌گه‌ر هه‌ر وه‌زیری‌ كاره‌ساته‌ سروشتیه‌كانی‌ هه‌رێم بتوانێ‌ هه‌ڵیبێنێ‌، كه‌ نامانه‌وێ‌ جیابینه‌وه‌، كه‌ پاره‌ی‌ به‌غداشمان ده‌وێت و هی‌ خۆیشمان كه‌س نازانێ‌ بۆ كوێ‌ ده‌چێت، بۆچی‌ قه‌یران دروست ده‌كه‌ین، ئه‌م هه‌رێمه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ تێداین ئه‌مڕۆ له‌ قوڵترین قه‌یراندایه‌، له‌ قه‌یرانی‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ تا قه‌یرانی‌ ئاكاری‌ سیاسی‌، ئه‌گه‌ر ئه‌نوه‌ری‌ حاجی‌ عوسمان به‌ خاینمان له‌ قه‌ڵه‌م نه‌دات و پێمانا هه‌ڵنه‌شاخێ‌، ده‌كرێ‌ هه‌ندێ‌ هێمنانه‌ له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی‌ ئێستا بوه‌ستین، ئاخر خواتان بێت كێ‌ ده‌توانێ‌ ئه‌م كۆده‌بكاته‌وه‌، داوای‌ پاره‌ له‌ به‌غدا بكرێت و پاره‌ی‌ نه‌وتی‌ خۆتیش بخه‌یته‌ خه‌زینه‌ی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ تره‌وه‌، كه‌ ئەوه‌تی‌ هه‌یه‌ دوژمنی‌ تۆیه‌، له‌ كوێی‌ ده‌ستوری‌ عێراقیدا كه‌ تێیدا له‌ نیوه‌ زیاتری‌ خاكی‌ باشوری‌ كوردستان خراوه‌ته‌سه‌ر مێزی‌ قومار، رێگه‌ به‌وه‌ دراوه‌ پاره‌ی‌ نه‌وتی‌ خۆت بخه‌یته‌ توركیاوه‌، ئاخر وه‌زیری‌ زوه‌ی‌ توركیا چی‌ ئێمه‌یه‌ تا وه‌ك وه‌سی‌ و خاوه‌ن له‌سه‌ر ئێمه‌ قسه‌بكات و له‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیش دنیا ئاخر بێت ئه‌و مێشێك میوانی‌ نیه‌، بۆ منێكی‌ كوردی‌ بێناسنامه‌ به‌غدا و تاران و ئه‌نقه‌ره‌ و دیمه‌شق یه‌كن و كه‌سیان له‌وی‌ تر باشتر نیه‌، ئه‌گه‌ر به‌پێی‌ ده‌ستوره‌كه‌ش مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ عێراقی‌ بونه‌كه‌مان بكه‌ین، ئه‌وه‌ به‌غدا له‌ باشور و ئه‌نقه‌ره‌ له‌ باكور و دیمه‌شق له‌ رۆژئاواوه‌ نزیكترن، ئه‌مه‌ش تا ئه‌وكاته‌ی‌ فریادڕه‌سی‌ راستی‌ له‌دایك ده‌بێت و له‌و پارچه‌ پارچه‌ بونه‌ رزگارمان ده‌كات.

پاره‌ له‌ بانقه‌كانی‌ هه‌رێمدا نامێنێت و هه‌رێم شه‌ڕی‌ ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌كه‌ن پاره‌ی‌ نه‌وتی‌ كوردستان بخه‌نه‌ بانقی‌ توركیه‌وه‌، بانقێك كه‌ گومانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌سه‌ره‌، به‌ڵینده‌ره‌كانی‌ سلێمانی‌ هاواریان لێبه‌رز ده‌بێته‌وه‌ و پاره‌ی‌ نه‌وته‌كه‌ ده‌برێته‌ توركیا ئه‌مه‌ش به‌ مافی‌ ده‌ستوری‌ ده‌زانرێت، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ مافی‌ ده‌ستوریه‌ نابێت بانكه‌كان به‌و جۆره‌ خاڵی‌ بن و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رگه‌ی‌ دو مانگ نه‌گرێت، چما نه‌ك مالكی‌ كه‌ بۆ ئێمه‌ به‌ قه‌ولی‌ قه‌ولداران نه‌یاره‌ ئێمه‌ هه‌قی‌ خۆمان نیه‌ له‌ چاره‌نوسی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بپرسین، ناشێ‌ بۆ نه‌وه‌كانی‌ ئاینده‌ی‌ هه‌ڵبگرین و له‌كوێ‌ له‌ توركیا.

هەر‌ێمی‌ كوردستان كه‌ تائێستا خۆشیمان بێت و ترشیمان بێت نه‌بوه‌ته‌ هه‌رێمێكی‌ یه‌كگرتو تۆكمه، سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌ش له‌و رۆژانه‌ باسی‌ به‌رده‌كانی‌ دێگه‌ڵه‌ی‌ ده‌كرد، ناكرێ‌ له‌ عێراق خورمژی‌ گه‌ره‌ك بێت و پاره‌ش له‌ بانكه‌كاندا نه‌بێت، تا موچه‌ی‌ ئه‌و بابایه‌ بدات كه‌ له‌ كه‌ناڵێكی‌ ئاسمانیه‌وه‌ وتی‌؛ خوا لێیان قه‌بوڵنه‌كات.

مه‌تۆڵكه‌ی‌ دواخستنی‌ حكومه‌ت و له‌لاشه‌وه‌ ئه‌م هه‌مو قه‌یرانه‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌ ئێمه‌ ده‌خاته‌ به‌رده‌م نیگه‌رانی‌ نا نائومێدێكی‌ له ‌راده‌به‌ره‌وه‌، چه‌ند كاره‌ساتێكی‌ خه‌ماویه‌ دوای‌ نزیكه‌ی‌ بیست و پێنج ساڵ له‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردن ئێمه‌ رۆژ به‌ رۆژ نائومێد تر بین و كورسی‌ ده‌سەڵاتیش له‌ چنگی‌ چه‌ند كه‌سێك نه‌ترازێت و باسی‌ گۆڕان و گۆڕانكاریش بكه‌ین.
Sbeiy.com © 2007