|
برینه‌کانی یه‌كێتی و عشقێکی پڕوکاوه |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Saturday, February 8, 2014 |
پێشه‌کیه‌کی پێویست
ئه‌وانه‌ی بۆ ده‌یان ساڵ له‌نێو یه‌کێتیدا کاریان کردوه و دواتر چونه‌ته ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان مافێکی ره‌وای خۆیانه له روانگای مێژوه‌وه پشکی خۆیان له خاوه‌نداریه‌تی مۆراڵی و مه‌عنه‌وی یه‌کێتیدا بخه‌نه‌ڕو و به‌رگری لێبکه‌ن. ئه‌وانه‌ی به‌عه‌قڵیه‌تێکی داخراوی ته‌سکه‌وه سه‌یری قه‌یرانه‌کانی یه‌کێتی ده‌که‌ن و پێیانوایه بابه‌تی تایبه‌تن به‌خۆیان هێشتا تێنه‌گه‌یشتون که دۆخی ناوخۆی هه‌ر حیزبێک، تایبه‌ت گه‌وره و ده‌سه‌ڵاتداره‌کان، ته‌نها په‌یوه‌ندی به‌خۆیانه‌وه نیه، چونکه قه‌یرانه‌کانی یه‌کێتی تا ئه‌م ساته‌ش کاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌مه‌جۆره‌ی له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ره‌وشی سیاسی و حوکمڕانی له باشوری کوردستان کردوه. مه‌سه‌له‌یه‌ک گرنگ بێت بۆ میلله‌ت هه‌مو که‌سێک مافیه‌تی قسه‌ی خۆی له باره‌وه بکات و بێگومان دواچارهش بۆ حیزبه‌که خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه ده‌ستوه‌ردان نیه له کاروباری ناوخۆ، تایبه‌ت یه‌کێتی خۆی به سۆشیال دیموکرات ده‌زانێت، نه‌ریتێکی ره‌سه‌نی ئه‌و جۆره هێزانه سود وه‌رگرتنه له ره‌خنه و پێشنیاز و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان. ئه‌وانه‌ی به‌کارێکی له‌و جۆره‌ی هاوڵاتیانی کوردستان سه‌غڵه‌ت ده‌بن ده‌بو ههڕهشاکانیان ئاراسته‌ی ئه‌و بیانییانه بکردایه که ماوه‌یه‌کی درێژه راسته‌وخۆ نه‌ک ته‌نها ده‌ستیان خستۆته ناو موقه‌ده‌راتی یه‌کێتیه‌وه، به‌ڵکو مافیشیان به‌خۆیان داوه هه‌وڵ بده‌ن پێکهاته و ژێرخانی ئه‌و حیزبه‌ش به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان ده‌ستکاری بکه‌ن.
ئه‌وه‌ی ئێمه‌مانان ده‌یکه‌ن به‌رگریکردنێکی ره‌وایه له به‌شێک له مێژومان، وه‌فایی و ئهمهکیمان بۆ ئه‌و مێژوه هانمان ده‌ده‌ن له ناخی دڵه‌وه خوازیار بین یه‌كێتی به‌سه‌ر ئه‌م قه‌یرانانه‌دا زاڵ بێت، چونکه له مه‌قامی یه‌که‌مدا له خزمه‌تی میلله‌تدا ده‌بێت.
سیاسه‌ت و عشق
جاران سیاسه‌تکردن له عشقه‌وه نزیک بوه، وه‌فا و چاوه‌ڕوانی و خه‌مخۆری و حه‌ز و سۆزی دڵ و رۆخساری پێشمه‌رگه‌یه‌ک، سه‌رکرده‌یه‌ک ده‌یان وروژاند و ئومێد و خه‌نده‌یان پێده‌به‌خشی، ئه‌م که‌ره‌سانه هه‌وادارانی ره‌وته سیاسیه‌که‌ی جۆش و گه‌رموگوڕ ده‌کرد و کێڵگه‌ی چاوه‌ڕوانیه‌کانی ده‌کێڵا و ئاودار ده‌کرد. بۆیه سیاسه‌تکردنی ئه‌و سه‌رده‌مه کۆنکرێت و رو له ئاراسته‌یه‌کی به‌رچاو بو له ئاسۆدا و رێگاکه‌شی دیار و بێ پێچوپه‌نا بو.
ده‌شێت ئه‌م جۆره له سیاسه‌تکردن زاده‌ی هزرێکی ئاینی، عه‌قیده‌یه‌کی داخراوی کۆمپاکت، ناسیۆنالیستی رادیکاڵ، شۆڤێنیزمی توندره‌و یا فاشیه‌ت بێت، ئه‌زمونه‌کانی دنیا زۆر نمونه‌ی له‌م جۆرانه‌مان پیشان ده‌ده‌ن.
ئه‌م رۆمانسیه شۆڕشگیرانه‌یه کاریگه‌ری پارادۆکسی هه‌بو، له‌لایه‌ک هه‌وادارانی کۆده‌کرده‌وه و جۆشیانی ده‌دا و دهیلاواننهوه، له هه‌مان کاتیش‌دا هزر و فکریانی داگیر ده‌کرد و ئازادی بیرکردنه‌وه و تێرامان بۆ ئاینده به‌لاوه ده‌نران، له دوا مه‌تافدا له‌شکرێکی گوێرایه‌ڵ و چه‌قبه‌ستن و سورانه‌وه له بازنه‌یه‌کی داخراوی وه‌فا و خۆشه‌ویستی ئه‌و هێلانه سیاسیه‌یان ده‌پاراست و راده‌گرت. هه‌رزو دوای کاڵبونه‌وه‌ی چێژ و عشقهکه هێڵانهکه تێکدهچو و ئه‌وه‌ی ده‌مایه‌وه کۆمه‌ڵێک یاده‌وه‌ری و خۆزگه و نزا و په‌رۆشی و سه‌رلێشێوان بو.
ئه‌م دیارده‌یه له پاشماوه سیاسیه‌کانی بزوتنه‌وه رزگاریخوازه‌کانی سه‌ده‌ی رابوردودا به‌زه‌قی به‌رچاوه. کاتێک په‌رۆشی و خواستی گه‌یشتن به چێژی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سیمفۆنیای سیاسی داڕشتبو و هه‌مو چاویان له سه‌رکرده‌کانیان بڕیبو. دوای به‌ده‌ستهێنانی به‌شێک له ئامانجه‌کانی ئه‌و قۆناغه و نه‌مانی ئه‌و سه‌رکردانه ئیتر سه‌رده‌می عشق و چێژێکی تر هاته کایه‌وه و ئاکامه‌که‌ی په‌رته‌وازه‌بون و له‌تبون و پاشه‌کشه و شهر و مه‌رافه‌ی نێوماڵی و هه‌ڵتۆقانی بێ ژماره‌ی گروپ و سه‌رکرده‌ی لۆکا‌ڵی هه‌ناوی ئه‌و بزافانهیان شه‌که‌ت کرد، بێگومان کوردیش له‌م گۆڕانکاری و روداوانه به‌ده‌ر نه‌بو.
پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌ته‌مه‌نترین هێزی کوردی ئێستای باشوره و قوتابخانه‌ی عشقی کوردایه‌تی له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابوردو و هه‌ڵگری سۆزترین دروشمی رۆمانسی "کوردستان یا نه‌مان"یش بوه، له سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلول ده‌یان که‌س زینده به‌چاڵ کران، چونکه وه‌فایی و خۆشه‌ویستیان بۆ شۆڕش رێگه‌ی پێنه‌دان ته‌نها یه‌ک قسه‌ی نابه‌جێ به خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا بده‌ن. پارتی وێڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی چه‌ند بۆن و چێژێکی نه‌گۆڕی دێرینه له پێكهاته و به‌ڕێوه‌ربردن و سهرکردایهتیهکهیدایه، وه‌لێ توانیویه‌تی به‌رده‌وام خۆی له‌گه‌ڵ گۆڕانکاریه‌کاندا بگونجێنێت، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌وابته نهگۆڕانهدا به‌و خۆگهنجاندنه جه‌ماوه‌ره‌که‌ی خۆی رازی کردوه و ته‌نانه‌ت گه‌شه‌شی کردوه. له ئێستادا سه‌رجه‌م هێزه سیاسیه کلاسیکیه کوردیه‌کان (بێجگه ئاینییه ره‌سه‌نه‌کان) دوچاری قه‌یرانی ناوخۆ و بچوکبونه‌وه و لێکترازان بونه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده حیزبی شیوعی سه‌رقافڵه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ی کردوه، به‌ڵام له ئێستادا یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان پشکی شێری به‌رکه‌وتوه.
بۆچی تایبه‌ت یه‌کێتی؟
یه‌کێتی هه‌ر له یه‌که‌م ساتی چاوههڵهاتنیهوه پێکهاته‌یه‌کی هۆمۆجینی نه‌بوه، هێزێکی تێکه‌ڵاو بو له پاشماوه‌ی جه‌لالی و ئاراسته جیاکانی ناو پارتی و ره‌وتی چه‌پی کوردی ئه‌و سه‌رده‌مه. ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ی به‌یه‌که‌وه گرێدا له پله‌ی یه‌که‌مدا شکستی شۆڕشی ئه‌یلول و پارتی بو و ئه‌نجا که‌سایه‌تی مام جەلال و کاریگه‌ری چهپخوازان که زۆربه‌یان له کۆمه‌ڵه‌دا کۆکرابونه‌وه، دڕنده‌یی سه‌دام و خواستی بێئه‌ندازه بۆ به‌رگریکردن له کورد ئه‌و گوریسه به‌هێزانه‌ی گرێدانی ئه‌و گروپانه‌ی به‌یه‌که‌وه راده‌گرت.
هه‌ر له‌و ساته‌وه‌ش یه‌کێتی له جه‌سته‌یدا هه‌ڵگری گه‌راکانی قه‌یرانی خه‌ست بوه، قه‌یرانی پێناسه و ناسنامه و به‌ڕێوه‌بردن و ئاراسته‌ی سیاسی رون و دیار. هه‌رچه‌نده ناسنامه‌ی کۆمه‌ڵه له گروپه‌کانی تر، هێڵی گشتی و سۆسیالیسته‌کان، رهوشهنتر بو، به‌ڵام ئه‌میش گیرۆده‌ی دیارده بێسه‌روبه‌ره زۆره‌کانی چه‌پی ئه‌و سه‌رده‌مه بوبو، وه‌ک له گۆڕینی ناوه‌که‌ی و له ئاراسته‌کانی عێراقچیه‌تی و کوردستانی و هه‌وادارانی تیۆری سێ جیهانی و سۆشیاله مونحهریفهکاندا به‌رجه‌سته بون. گروپه‌کانی ناو یه‌کێتی بۆ چاره‌ی کێشه‌ی به‌ڕێوه‌بردن له‌سه‌ر میکانیزمێکی ته‌مومژاوی بۆ پێکهاته‌ی سه‌رکردایه‌تی هاوبه‌ش رێککه‌وتن و هه‌موش رازی بون مام جەلال برا گه‌وره‌یان بێت. بهرۆیشتتنی کات و له پراکتیکدا هه‌ر زۆر زو ئه‌و میکانیزمه به‌هۆی باڵاده‌ستی کۆمه‌ڵه‌وه تێکچو و براگه‌وره‌یی مام جەلال یش به‌راده‌ی سه‌ره‌کی بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانی ناوچه‌که و دنیای ده‌ره‌وه به‌کارده‌هێنرا.
به‌درێژایی مێژوی خه‌باتی شاخ و نهێنی یه‌کێتی و تایبه‌ت کۆمه‌ڵه‌کان زیاتر له کاراکته‌رێکی رۆمانێک پڕ له هه‌ستی رۆمانسی پاک و بێگه‌رد ده‌چون که ئاره‌زومه‌ندانه و به‌په‌رۆشی و به‌ئه‌مه‌که‌وه له شاخ و شار و زینداندا روبه‌روی مه‌رگ ده‌بونه‌وه (لاوان به عه‌شق ئه‌چون به‌ره‌و پیری مه‌رگه‌وه) و بێ سڵکردنه‌وه وتویانه: "که‌م بژی و که‌ڵ بژی". له ناوچه ئازادکراوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌شدا به‌هه‌مان نه‌فه‌سی عاشقێکی مارکسی نه‌ته‌وه‌یی ره‌فتار و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی کردوه. ئه‌م جۆره له خۆشه‌ویستیه ئیفلاتونیه بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه سه‌رمایه و هۆکارێکی گرنگی گه‌وره‌بون و به‌هێزبونی بو. له‌و جۆره عشقهدا جیاوازیه‌کان، ناکۆکیه‌کان، مه‌قامه‌کان، ده‌سه‌ڵاته‌کان ئه‌وه‌نده به‌هادار نین گه‌ر بێت‌و هه‌مویان برژێنه ده‌ریای ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌وه تا بێگه‌ردی و ره‌سه‌نی و گروتینی بپارێزن.
وێرای جیاوازی و ململانێی زۆری پێکهاته‌کانی یه‌کێتی، به‌تایبه‌ت له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌کانه‌وه، که پێشه‌نگی قافڵه‌ی خه‌بات بون و قایڵی پله‌ی دو و شکست نه‌ده‌بون، به‌ڵام له راستیدا بێ دیریگێنتی هاوبه‌شی مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا و بێ پشتگیری کۆماری ئیسلامی ئێران ته‌نها وه‌ک سیمبۆڵی فیدایی و به‌رگری و پاڵه‌وانی چیرۆکێک ده‌مانه‌وه. دواتریش له ئه‌زمونه‌کانی جیابونه‌وه‌ی ئاڵای شۆڕش و سۆسیالیست و له خوله‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی سه‌رده‌می شاخدا ئه‌و خۆشه‌ویستیه که‌وته به‌ر جه‌زره‌به‌ی حه‌ز و چێژه شهیتانیهکانهوه.
یه‌کێتی دوای راپه‌ڕین و تایبه‌ت دوای روخاندنی سه‌دام و چێژکردنی تامی تر زۆر نامۆ به عشقه ره‌سه‌نه‌که‌ی، دوای ئه‌وه‌ی له خوله‌کانی شه‌ڕی ناوخۆدا مایه‌پوچ ده‌رچو، دوای ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستاندا پێگه‌ی به‌هێزی به‌ده‌ست نه‌هێنا، دوای ئه‌وه‌ی ده‌سترۆیشتوه‌کانی شکستیان هێنا له داڕشتنی سیمفۆنیای نوێ به‌سۆز و گروتینی عشقه دێرینه‌که‌یان، دوای ئه‌وه‌ی له غرور و بێباکیه‌وه گوێیان له که‌س نه‌گرت، دوای ئه‌وه‌ی بازرگانی کردن و گه‌نده‌ڵكاری و پێشێلکاری ئه‌و به‌هایانه‌ی خۆیان بۆی ده‌دا به‌کوشت جه‌سته‌ی یه‌کێتییان شه‌که‌ت کرد، ئیتر عشقه ره‌سه‌نه‌که‌ش پروکایهوه و هه‌ناو و دڵیان بونه کێڵگه‌یه‌کی وشکی بێ به‌ره‌که‌ت.
له ئێستادا یه‌کێتی و له غیابی مام جەلال دا له زنجیره قه‌یرانه‌کانی ماوه‌ی ساڵی رابوردودا نرخێکی ره‌های پروکانهوهی گڕی عشقی شۆڕشگیرانه و ئه‌فسانه‌ی نه‌مری و غروری ده‌دات. پاڵه‌وانه‌کانی دوێنێ له بێهوده‌ییان بۆ عشقی دێرینیان توشی یهئسێک بون ناخ و ده‌رونیانی هه‌ڵته‌کاندوه و ته‌نانه‌ت ناشتوانن به‌یه‌که‌وه گۆرانی سه‌رده‌می بێگه‌ردی عشقبونیان وه‌ک خۆی بچڕنهوه. مه‌خابن ئه‌م کاراکته‌رانه کورد وته‌نی "له دو جه‌ژنه بون".
وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێداوه چۆن نیه‌ت و خۆشه‌ویستی پاک بورکانێکی به‌رپاکرد، له ئێستادا تاکه رێگه له‌به‌رده‌م یه‌کێتییه‌کان خۆگونجاندنه له‌گه‌ڵ واقیعی نوێ‌دا که بێ عشقێکی ره‌سه‌ن هه‌میسان دوچاری قه‌یرانی گه‌وره‌تریان ده‌کاته‌وه. سیاسه‌تکردن بێ عشقێکی ره‌سه‌ن و بێ گوێدان به به‌ها ره‌هاکانی مرۆڤایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئازادی جه‌سته‌که ده‌کاته رۆبۆتێک که تواناکانی ئیبداع و ده‌ستپێشخه‌ری و خهڵقاندنی نابێت، هه‌زار و یه‌ک لیژنه و کۆنگره نه‌توانێت ئه‌و رۆحه بکاته‌وه به‌به‌ردا شتێکی ئه‌وتۆی لێناگۆڕێت. ئه‌مه کارێکی ئاسان نیه، به‌ڵام مه‌حاڵیش نیه. |
|
|