|
گۆڕان و حكومه‌ت |
نوسه‌ر: له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
|
Tuesday, February 18, 2014 |
كام حكومه‌ت؟
بۆئه‌وه‌ی نه‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵه‌كانی دوای راپه‌ڕین و باسی هه‌مو نه‌هامه‌تیه‌كان نه‌كه‌ین، له ساڵی 2003وه ده‌ست پێئه‌كه‌ین، ساڵی 2003 پارتی و یه‌كێتی پێكه‌وه‌بون، پێكه‌وه‌ش چونه به‌غدا، له‌و ساڵه‌شه‌وه پێكه‌وه بودجه‌ی كورستان كه له به‌غداوه دێت دابه‌ش ده‌كه‌ن و هه‌رئه‌وانیش حكومه‌ت دروست ده‌كه‌ن و رێكه‌وتنی ستراتیژی ده‌به‌ستن و پڕۆتۆكۆڵی مانه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تای ده‌به‌ستن، له‌وده‌مه‌وه تا دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌رچی یه‌كێتی كردویه‌تی بۆ سودی پارتی بوه، هه‌ندێجار یه‌كێتی كارێكی بۆ پارتی كردوه، كه هه‌رگیز پارتی به‌ته‌نیا خۆی بۆی نه‌كراوه، نمونه‌ی دو ساڵه دیاریه‌كه‌ی دكتۆر ئه‌رسه‌لان بایز بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم، یان پێشتر هاندانی ته‌واوی ئه‌ندام و هه‌وادار و لایه‌نگری یه‌كێتی تا ده‌نگ به بارزانی بده‌ن بۆ بونه سه‌رۆكی هه‌رێم، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ ئه‌وه دروستبو كه ئیدی ئه‌م دابه‌شكاریه نه‌مێنێ، بۆئه‌وه‌ی هه‌بن بڵێن نا، بۆ به‌گژاچونه‌وه‌ی نادادی و گه‌نده‌ڵی، بۆیه پارتی و یه‌كێتی له‌ڕێگه‌ی حكومه‌ته‌وه كه‌وتنه دژایه‌تی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه و سیاسه‌تی نانبڕین و ده‌ركردن و تانه‌وته‌شه‌ر لێدان و ته‌نانه‌ت ناوزڕاندن و ئه‌وانه ده‌ستی پێكرد، له‌مه‌دا به هیچ شێوه‌یه‌ك درێخی نه‌كرا، ئایه به‌ڕاستی ئێستا سه‌رده‌مه‌كه گۆڕاوه و پارتی و دواتر یه‌كێتیش گه‌یشتونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی ده‌كرێ ئه‌م حكومه‌ته به‌س حكومه‌تی ئه‌وان نه‌بێت، پارتی خۆی جل و به‌رگ بۆ حكومه‌ته‌كه ده‌دورێ به‌پێی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی خۆی یان ئه‌وه‌ی به‌شداری ده‌كات، به‌پێی مافی خۆی به‌شداری ده‌كات و به‌رنامه‌ی لایه‌نه‌كه‌ی خۆی جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه پارتی نایه‌وێ وه‌ڵامی بداته‌وه، ئیتر لایه‌نه‌كانی تر چی بكه‌ن.
كام به‌شداری؟
هه‌ریه‌كه له لایه‌نه‌كانی به‌شداربوی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێنج مانگ له‌مه‌وبه‌ر به‌رنامه‌ی خۆیان هه‌بو، پارتی به‌رنامه‌ی خۆی هه‌بو بۆ حكومه‌ت، گۆڕان به‌رنامه‌ی خۆی، یه‌كێتی به‌رنامه‌ی خۆی، یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ به‌رنامه‌ی خۆیان، كاتێ بڕیاره حكومه‌تی بنكه‌فراوان پێكبێت، ده‌بێت یان وه‌زیری هه‌ر لایه‌نێك كه ده‌چێته حكومه‌ته‌وه به‌رنامه‌ی لایه‌نه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات، یان به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بنوسرێت بۆ جێبه‌جێ كردن، له‌مه‌دا پرسی نه‌وت، پرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه، پرسی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و پرسی به‌غدا و پۆسته‌كانی به‌غدا و چۆنێتی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا و ده‌وروبه‌ر هه‌موی ده‌بێت بخرێته‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ، به‌شداری ئه‌وه‌یه نه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شداربه و ده‌نگ مه‌كه و لێمگه‌ڕێ چی ده‌كه‌م ده‌یكه‌م.
ئه‌گه‌ر به‌شداریكردن له حكومه‌تا هه‌ر بۆئه‌وه‌یه بڵێن به‌شدار بو، ئه‌وه نه‌كرێ باشتره، پێویسته به‌شداری كردن بۆ ئه‌وه بێت چوار ساڵی ئاینده له چوار ساڵی رابردو نه‌چێت، حكومه‌ت له حكومه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌جندای حیزبه‌وه بوبێته حكومه‌تی گشت خه‌ڵك.
گۆڕان و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پێشمه‌رگه:
هەردو وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له‌ڕوی حیزباندنه‌وه خراپترین دو وه‌زاره‌تن، ئه‌م دو وه‌زاره‌ته تائێستا ئه‌وه‌نده‌ی حیزبایه‌تیان تیاده‌كرێت، وه‌ك ئاوێنه‌ی هێزی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌رناكه‌ون، ئه‌مه‌ش وای كردوه هه‌رگیز وه‌ك پێویست یه‌ك نه‌گرنه‌وه و هه‌میشه پرش و بڵاو ده‌ركه‌ون، ئێستا وه‌زاره‌تی ناوخۆ هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك پێویست وه‌زاره‌تی هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان نیه، ته‌نانه‌ت وه‌زیره‌كه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته كه‌س له سنوری سلێمانی ئاوڕ له بڕیاره‌كانی ناداته‌وه، ئه‌مه بۆ جێگره‌كه‌یشی له دهۆك وایه، زۆرجار بۆ گرتنی تۆمه‌تبارانیش كاتێ دادوه‌ریش بڕیار ده‌رده‌كات ئه‌م وه‌زاره‌ته بڕیاره‌كان جێبه‌جێ ناكات، ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌كی زۆر حكومه‌تی له حكومه‌تی خستوه، ئه‌م وه‌زاره‌ته بۆ ئه‌وه‌ی بكرێته‌وه به وه‌زاره‌تێكی سه‌رتاسه‌ری و بۆئه‌وه‌ی ببێته شوێنی چه‌سپاندنی یاسا و دادوه‌ری، ده‌بێت بدرێته لایه‌نێكی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی، كه به بڕوای من باشترینی ئه‌وه‌یه بدرێته گۆڕان، به مه‌رجێك ئه‌و به‌رنامه‌یه جێبه‌جێ بكات كه بۆ ئه‌مڕۆی كوردستان پێویسته، نه‌ك به‌رنامه‌ی ئه‌م لایه‌ن و ئه‌و لایه‌ن، ئه‌مه بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یش هه‌روایه، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به‌م پرش و بڵاویه‌ی ئێستایه‌وه، به‌م دابه‌شكاری و ورد‌و خاشیه‌وه نه جێی ئومێده نه‌هی هه‌مو گه‌لی كورده، ئه‌م وه‌زاره‌ته ئه‌ركی زۆر قورسه، به‌تایبه‌ت ئه‌ركی رێكخستنه‌وه و یه‌كخستنه‌وه‌ی، ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ش ئیتر به یه‌كێتی و پارتی رێكناخرێته‌وه بۆیه پێویسته خه‌ڵكی تر به‌و كاره هه‌ستن.
ئه‌گه‌ر نه‌توانرێت له به‌شداری كردنا له حكومه‌ت هیچ گۆڕانكاریه‌ك بكرێت، ئه‌وه باشتر وایه له ئێستاوه بیر له‌وه بكرێته‌وه كه چوار ساڵی ئاینده‌ش هه‌مان ئۆپۆزسیۆن، دیاره به به‌رنامه كاری تۆكمه تر و باشتره‌وه درێژه به كاری ئۆپۆزسیۆنی بده‌ن و نه‌هێڵن درز بخرێته نێوانیان، بۆ ئه‌مه‌ش ئۆپۆزسیۆن ئێستا نزیكه‌ی نیوه‌ی پارله‌مانی كوردستان پێكدێنن و له‌ڕوی جوگرافیشه‌وه زۆر ته‌ندروست تر به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا دابه‌ش بونه. هه‌روه‌ها پێویسته له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ده‌وروبه‌ریش ئیدی زیاتر په‌ره به چالاكی و په‌یوه‌ندیه‌كانیان بده‌ن. |
|
|