|
داعش و خودا |
نوسه‌ر: له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
|
Saturday, February 22, 2014 |
ئه‌گه‌ر چیرۆكی گه‌ڕان به‌دوی خوداوه‌ندی ئیبراهیمی په‌یامبه‌ر و بتشكێن به چیرۆكی ئاوه‌زو تێگه‌یشتن وه‌ربگرین، ئه‌و كه خودا داوا له ئاگر ده‌كات تا ئارام و سارد و سه‌لامه‌ت بێت، له رێگه‌ی ئه‌قڵه‌وه خودای دۆزیه‌وه، ئه‌مه‌یان له قورئاندا هه‌یه، له‌وه‌ش واوه‌تر ئیبراهیم كه‌سه‌كانی نه‌كوشت لێ بته‌كانی شكاند، دواتریش چیرۆكی به قوربانی نه‌كردنه‌كه‌ی ئیسمائیل ئایه ئه‌مانه هه‌مو بۆ ئه‌وه نین مرۆڤ رێزی بگیرێ، ئاخر خودا شه‌یتانی له‌نێو حه‌سارو ماڵی خۆی ده‌ركرد نه‌ك له‌به‌ر كوشتنی مرۆڤ، له‌به‌رئه‌وه‌ی كڕنوشی بۆ مرۆڤ نه‌برد، ئه‌م به به‌رزی روانینه‌ی خودا له مرۆڤ سۆفستاییه‌كان خه‌ونیشیان پێوه نه‌دیوه، سروشت به‌و جیاوازی و هه‌مه ره‌نگیه‌وه جوانه، بۆ ده‌تانه‌وێ وانه‌بێت، ئه‌وه له‌كوێی ده‌قه ئاسمانیهكاندایه، به‌تایبه‌ت قورئان، هه‌ندێك بیر له لێبورده‌ی بكه‌نه‌وه، ده‌زانن له سه‌ده‌ی شازده‌دا پرۆتستان و كاسۆلیكه‌كان بهربوبونهوێزهی یهكترو ورگی یه‌كتریان هه‌ڵده‌دڕی تا ئه‌و ده‌مه‌ی په‌یامبه‌رانی لێبورده‌یی هاتن و وتیان به‌سه، خودا كه‌سی نه‌كردوه به ده‌مڕاستی خۆی له‌سه‌ر زه‌وی، هه‌ندێك رامێنن و بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه غه‌زالی به دنیای به‌خشیوه نه‌ك شمشێر به ده‌ستێكی ده‌ست و پل خوێناوی كه ئێستا كه‌س له‌و سه‌ر گۆی زه‌ویه ناوی نازانێ، ئه‌وانه‌ی به گژ شه‌ڕی مه‌زهه‌بی ئه‌وروپادا چونه‌وه بونه سومبلی مێژو، به‌ڵام بكوژ‌و ببڕهكان بیر‌و باسیان نه‌ما، به‌خته‌وه‌ری له كوشتنی خه‌ڵكدا نیه به‌خته‌وه‌ری له رزگاركردنی خهڵكایه، ده‌تانه‌وێ خۆتان به‌خته‌وه‌رو وێنه‌ی جوانی ئاینه‌كه‌تان نیشانی دنیا بده‌ن وه‌رن بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه چۆن مرۆڤایه‌تی له نادادی و برسێتی و قات و قڕی رزگار بكه‌ین، دوای نوكی شمشێر مه‌كه‌ون دوای نوكی قه‌ڵه‌م بكه‌ون، لێگه‌ڕێن با مرۆڤ له‌م سه‌رزه‌مینی سهرگهردانیهدا تاوێك پشو بدات، بیربكه‌نه‌وه، بیری پاك بكه‌نه‌وه، له‌بری بیركردنه‌وه له كوشتنی مرۆڤێ بیر له گرتنی ده‌ستی نابینایه بكه‌نه‌وه بۆ په‌ڕاندنه‌وه‌ی له شه‌قامه‌كه، سه‌رزه‌مین سه‌رزه‌مینی جیاوازیه نه‌ك یه‌كره‌نگی، لێره‌دا جێگای هه‌موان ده‌بێته‌وه، مه‌سیحی و موسڵمان و بێباوه‌ڕ، شیعه و سونه، هه‌مو ده‌توانن بێن و بچن و سڵاو له‌یه‌كتر بكه‌ن، سه‌رزه‌مین هی هه‌مو ئه‌وانه‌یه كه بهسهریهوهن، نه‌ك هی ده‌سته و تاقم و گروپێ، هه‌ر بیر‌و باوهڕێكت هه‌یه بتبێ ئازادی، لێ بیر‌و باوه‌ڕ په‌یوه‌ندی به شمشێر و كوشتنی ئه‌وانی تره‌وه نیه، وه‌ره دور له توندوتیژی و خوێن په‌یام و مه‌رامی خۆت بگه‌یه‌نه، ئاین و بیروباوه‌ڕ به زۆری زۆرداری و به تۆبزی قه‌بوڵ ناكرێن، رێگه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه تا له رێی ئاشتیه‌وه مرۆڤه‌كان بێنه نزیكتانهوهو لێتان كۆبنه‌وه، چه‌ند خۆش ده‌بو ئه‌گه‌ر له‌بری په‌ڕاندنی ملی خه‌ڵك و نیشاندان و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنه‌و كردارانه، وێنه‌ی رزگاركردنی خه‌ڵك و هاوكاری خه‌ڵكتان بڵاو كردایه‌ته‌وه، با به هه‌مان ناویشه‌وه بێت، واته ناوتان داعش بێت و هاوكاری بهلهنگازو ده‌ربه‌ده‌رانی سوریا‌و عێراقتان كردبا، به‌گژ ئه‌وانه‌دا چوبانایهتهوه كه ته‌قینه‌وه ده‌كه‌ن و ته‌ڕو وشك پێكه‌وه ده‌سوتێنن، خودا مافی به هیچ كه‌سێك نه‌داوه ئه‌و وه‌كو جه‌لادو سته‌مكارێك نیشان بده‌ن، خودا مرۆڤی بۆ دۆزه‌خ ئاماده نه‌كردوه، ئه‌و مرۆڤی بۆ به‌هه‌شت ئاماده كردوه، بۆیه له‌به‌ر ده‌رگای به‌هه‌شتیش ده‌ستی مرۆڤه‌كان ده‌گرێت و ده‌یانگێڕێته‌وه، كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نیه به‌ناوی خوداوه بكوژێت و له‌ناوبدات، ئیبراهیم له‌ڕێی ئاوه‌زه‌وه خودای وه‌ك ئهفرێنهرێك دیته‌وه نه‌ك وه‌ك مرۆڤكوژێك، ئه‌وانه‌ی به‌كوشتن تۆڵه له مرۆڤ دهكهنهوهودهینێرن بۆ دۆزه‌خ به بڕوای خۆیان، ئه‌وان ده‌ستی خودا له پێدانی به‌خشنده‌یی و لێبوردن ده‌گرن و كارێك ده‌كه‌ن دڵی خوداكه‌یان بشكێت، نهدۆزهخ به‌ده‌ستی مرۆڤه‌كانه نهبهههشت، هه‌م ئهوانهراست ناكه‌ن كه كلیلی به‌هه‌شت ده‌به‌خشن به خه‌ڵك، هه‌م ئه‌وانه‌ی بڕیار له‌سه‌ر ناردنی خه‌ڵك ده‌ده‌ن بۆ دۆزه‌خ.
به‌هه‌شت و دۆزه‌خ له ده‌ستی خودی تاكه كه‌سه‌كان خۆیاندایه نه‌ك له ده‌ستی ئه‌وانی تردا كه‌س ناتوانێ له‌بری ئه‌وی تر رێگای ژیان دیاری بكات، ئه‌گه‌ر داستان و چیرۆكه‌كانی دنیاتان خوێندبێته‌وه، پێوه‌ری سه‌ره‌كی تاكه نه‌ك ده‌سته‌و گروپ، په‌یامبه‌ره‌كان تاك و ته‌نها بون، فه‌یله‌سوفه‌كان، ئاشقه‌كان و تا دوای، بڕوانن، خودا تاك و ته‌نهایه، شه‌یتان، ئیتر ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی كه مرۆڤه‌كان پێویستیان به‌یه‌كتر نه‌بێت، ئه‌مه په‌یوه‌ندی به ئازادی و بڕیار‌و خۆخاوهنیهوه هه‌یه، ئه‌و چۆن بیر ده‌كاته‌وه، ئه‌وه بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وه، خودا ده‌ناسێ یان نا، خودای دۆزیوه‌ته‌وه یان نا، شیعه‌یه یان سونه عومه‌ری خۆش ده‌وێت یان عه‌لی، ئه‌وه په‌یوه‌ندی به ئازادی خۆیه‌وه هه‌یه، لێره جێگای هه‌مو جیاوازیه‌كان ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ناكرێ به‌و بیانوه جێگای بكوژ‌و جه‌لادو سته‌مكاره‌كانیش بكه‌ینه‌وه، بیرتان نه‌چێت ئه‌ركی كه‌شیشه‌كان فرۆشتن و به‌خشینی به‌هه‌شت نیه به‌وانی تر ئه‌ركی ئه‌وان ته‌نیا له رێنمای و ئامۆژگاریدا چڕده‌بێته‌وه، رێنمای و ئامۆژگاری پێویستیان به شمشێرو چاو سوركردنه‌وه نیه، ئه‌ركی مه‌لایانی گوتار بێژ هه‌ر ئامۆژگاریه و هیچی تر نه‌ك ئه‌وه‌ی بڕیاردان له بری خودا، ئه‌وانه‌ی له بری خودا بڕیار ده‌ده‌ن بیانه‌وێ یان نا خۆیان ده‌خه‌نه جێگه‌ی خودا، خودا مافی به‌مرۆڤه‌كان نه‌داوه بچنه جێگای ئه‌و، ده‌نا ئیبراهیم یه‌كه‌مین كه‌س ده‌بو ئه‌وه‌ی ده‌كرد، ئه‌و له‌ڕێگه‌ی ئاوه‌زه‌وه خودا، ئهفرێنهرهكهی خۆی، گه‌وره‌و دروستكاره‌كه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه، دواتریش چاوه‌ڕێی بڕیاره‌كانی ئه‌و ده‌كات ته‌نانه‌ت له‌كاتی بڕیاری مه‌رگی ئیسماعیلیشا، هه‌ر ئه‌وه ده‌كات، ئه‌وه چ گه‌مژه‌یه‌كه ئه‌وه‌ی بیر ده‌چێت كاتێ محه‌مه‌د دیله بێباوه‌ڕه‌كانی ده‌به‌نه به‌رده‌ست ده‌ڵێت مه‌رجی ئازادكردنیان فێركردنی خوێندن و نوسینه به‌وانی تر، مرۆڤ بۆ ئه‌وه له‌سه‌ر زه‌ویه تا سودی لێببینرێ نه‌ك بكوژرێت.
ده‌بێ له‌و راستیه بگه‌ین مرۆڤ مرۆڤه و هیچی تر مرۆڤ خودا نیه، من وه‌ك كه‌سێك پێم ناخۆشه گه‌نجی جوان و جاهێڵ ئاماده بكرێت بۆئه‌وه‌ی له‌بری خودا بڕیار بدات، ناكرێ مرۆڤ بكرێته خودا، ئه‌وه چ جۆره په‌روه‌رده‌یه‌كه، شمشێر بدرێته ده‌ست گه‌نجێكی بیست ساڵه‌وه و پێی بڵێن فه‌رمو سه‌ری مرۆڤ بپه‌ڕێنه، ئاخر كه‌ی سه‌ری مرۆڤ كه جێی ئاوه‌زی مرۆڤه بۆ په‌ڕین دروستكراوه، سه‌ری مرۆڤ بۆ ئه‌وه دروستكراوه، ببێته خه‌زنه‌ی بیری باش نه‌ك بیری خراپ.
من دڵنیام گه‌نجان ده‌توانن، دنیایه‌كی باشتر، دنیایه‌كی ئارامترو پڕلێبوردهیی تر دروست بكه‌ن، ئه‌وان ده‌توانن شۆڕشێك به‌سه تێگه‌یشتنی كلاسیكی و شه‌ڕه‌نگێزانه‌ی ئێمه‌دا بكه‌ن و خۆشه‌ویستی و لێخۆشبون بڵاو بكه‌نه‌وه، بۆنایه‌ن له بری بڵاوكردنه‌وه‌ی گیانی توند‌و تیژی و كوشت و بڕ كار له سه‌ر جوانكردنی دنیا بكه‌ین، هه‌ر ئێوه ده‌توانن سبه‌ینێ وه‌كو ئێستا نه‌بن، به‌وه‌ش به‌ر له‌وه‌ی كه‌س ئاسوده كه‌ن خودا ئاسوده ده‌كه‌ن، ئه‌و خودایه‌ی زه‌وی بۆ هه‌موان ده‌سته به‌ر كردوه.
من وا بیر له مرۆڤ ده‌كه‌مه‌وه كه ره‌ش و سپی، ریشدار و بێڕیش، كورد و عه‌ره‌ب، شیعه و سونه، بێ‌دین و دیندار ده‌توانن پێكه‌وه بژین و خاڵی هاوبه‌شی زۆر له نێواندا هه‌یه، له‌وانه "مرۆڤ بون، ژیانبهندی له‌سه‌ر زه‌وی، وه‌ك یه‌كی له‌به‌رده‌م كاره‌ساته سروشتیه‌كاندا" هه‌مومان خه‌ونمان هه‌یه، خه‌ونی كه‌س بۆ تێكدانی خه‌ونی ئه‌وی تر نیه، ئه‌مه له‌كام ده‌ق و كتێبی ئاسمانی وه‌رگیراوه كه ده‌بێت خه‌ونی هه‌ندێك زڕكردنی خه‌ونی ئه‌وانی تر بێت، بیركردنه‌وه له جوانیه‌كانی سروشت، جوانیه‌كانی مرۆڤ، جوانیه‌كانی بیركردنه‌وه، جوانیه‌كانی هاوكاری و به‌ته‌نگه‌وه هاتنی یه‌كتر، جوانیه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆمان، جوانیه‌كانی ئیشق، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ونی ئه‌وانی تر نه‌شێوێنین.
ئه‌م هه‌مو كوشتن و وێرانكاریه له پای چی، ئاخر چ چێژێك له كوشتنی ئه‌وانی تردایه، بۆ ده‌بێت خه‌ڵكی تر داهێنان بكه‌ن و ئاوه‌دانی دروستبكه‌ن و مرۆڤه‌كان به‌خته‌وه‌ر بكه‌ن و ئێمه‌ش سه‌رگه‌رمی تێكدان و وێرانكاری بین، دنیا بێ ئه‌نیشتاین و ئه‌دیسۆن و سوكرات و فه‌لسه‌فه‌و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ته‌لارسازی و شیعر و مۆزیك چیه، بۆ له‌و بوارانه‌دا نه‌مری بۆ خۆمان و بۆ مرۆڤایه‌تی تۆمار نه‌كه‌ین، بۆ بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه گه‌نجێكی كه‌متر له بیست ساڵ رابێنین له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه و خۆته‌قاندنه‌وه و كوشت و بڕو فێری لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی نه‌كه‌ین، فێری ئه‌وه‌ی نه‌كه‌ین چۆن له شیعر و جوانی بگات و چۆن ئه‌و شیعر و جوانیه پێشكه‌شی ئه‌وانی تر بكات، ئه‌و گه‌نجه چی له مۆزارت و باخ و بیتهۆڤن كه‌متره، چی له‌وه كه‌متره كه ببێته مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رۆمی یان سوهره‌وه‌ردی، ئایه ئه‌و گه‌نجه ناتوانێ ببێته ئیبن خه‌لدون و فاڕابی، كامیان باشتره ئه‌وی شمشێرێكی به‌ده‌سته‌وه‌یه سه‌ر ده‌په‌ڕێنێ، یان گه‌نجێكی وه‌ك مهلاسهدرهی شیرازی، مێژو بۆ كامیانه، ئه‌وانه‌ی فه‌ره‌ج فودهیان كوشت، یان فه‌ره‌ج فوده خۆی، ئه‌دی به‌هه‌شت بۆ كامیانه، گه‌یشتن به به‌هه‌شت، یان لانی كه‌م دروستكردنی به‌هه‌شتێك له‌سه‌ر زه‌وی رێگاكه‌ی زۆر ئاسانتر و بێدڕك و داڵتره له كوشتن و سه‌ربڕینی خه‌ڵك. |
|
|