|
یه‌کێتیه‌کی خنجیلانه |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Thursday, February 27, 2014 |
رۆژانه چه‌ندین شرۆڤه و هه‌واڵ و بۆچون و پێشنیازی هه‌مه لایه‌نه سه‌باره‌ت به قه‌یرانه ناوخۆییه‌کانی ئێستای یه‌کێتی به‌رچاو و به‌رگوێ ده‌که‌ون، هه‌ڵسه‌نگاندنی ورد ده‌ریده‌خات زۆربه‌یان له سهردکردنی روداوه‌کان و چه‌ند بۆچونێکی له عاتیفه هه‌ڵکێشراو بۆ چاره‌کردن تێناپه‌ڕن. تابلۆی گشتی دۆخه‌که ئاشکراو به‌رچاوه، وه‌لێ خۆلادان له زه‌مینه‌ی واقیعی قه‌یرانه‌که و نمایش‌کردنی وه‌ک ململانێی ئاسایی نێو حیزبێک و یه‌کسه‌ر بازدان به‌سه‌ریدا بۆ چاره‌کردن بۆشاییه‌کی ته‌مومژاوی دروستکردوه، خه‌مخۆرێک پارچه‌کانی پوزڵهکه له شوێنی دروستی خۆیاندا به‌دیناکات و وێناکێشێکی شێواو و تێکدراوی به‌رچاو ده‌که‌وێت. زۆربه‌ی بابه‌ته‌کان باس له چه‌ند خاڵێکی سه‌ره‌کی ده‌که‌ن:
- مام جەلال
- کۆنگره
- رێکه‌وتن و رێکنه‌که‌وتنی سه‌رکرده ناکۆکه‌کان
- یه‌کێتی ناو یه‌کێتی
- به‌ڕێوه‌بردنی یه‌کێتی
جه‌مسه‌ره‌کان و که‌شتی بێ کاپتنی لێهاتو
بڕیاری نه‌به‌ستنی کۆنگره ئاوێنه‌ی ئیراده‌ی به‌هێزترین جه‌مسه‌ری ناو یه‌کێتیه که پێی وابوه نه‌به‌ستنی کۆنگره له کاتی دیارکراودا باشتره بۆی، چونکه له حاڵه‌تی به‌ستنیدا له 31-1-2014 نه‌یده‌توانی ته‌واوی کۆنترۆڵی ئاکامه‌کانی کۆنگره و یه‌کێتی بکات، به‌شێکی تر له کادیران و به‌رپرسان ترسیان هه‌بو له کۆنگره‌دا لێکترازان و ته‌نانه‌ت جیابونه‌وه و گرژی و ئاڵۆزی زیاتر روبده‌ن، جه‌مسه‌ره‌کانی تر پێیان وابو به‌به‌ستنی کۆنگره پێگه‌یان به‌هێزتر ده‌بێت، چونکه دوای پاشه‌کشه‌ی یه‌کێتی له هه‌ڵبژاردنه‌کان ناڕه‌زایی ناوخۆ کوڵی ده‌دا.
دوای دواخستنی کۆنگره به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئه‌و سه‌رجه‌مه ناکۆک و چه‌قبه‌ستوانه تا ئه‌م ساته‌ش دور له یه‌کتر له‌ناو یه‌كێتیدا به‌یه‌که‌وه ماونه‌ته‌وه، جه‌مسه‌ره‌کان سودمه‌ندن له‌و مانه‌وه‌یه له‌کاتێکدا پرۆسه‌ی دروستکردنی کابینه‌ی هه‌شت له ئارادایه و دو هه‌ڵبژاردنیش به‌ڕێوه‌ن، هه‌روه‌ها ده‌روازه‌یه‌کی فراوانیش بۆ ململانێی راشکاوانه و به‌رچاوی جه‌مسه‌ره‌کان واڵا کراوه و ده‌رفه‌تیش بۆ کادیران و رێکخستنه‌کان ره‌خساوه رۆژانه به‌دواداچون و هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆیان بۆ ململانێکانی سه‌رکرده‌کانیان بکه‌ن. لێره‌دا له‌جێی خۆیه‌تی بڵێم که هێرۆخان له‌و روه‌وه دوره‌په‌رێز و بێده‌نگه، ئه‌م بێده‌نگیه پرسیاری له‌مه‌ڕ نیه‌ت و خواسته‌کانی به‌رزکردۆته‌وه. له‌وانه‌شه له خه‌سڵه‌تی که‌سایه‌تیدا بێت که زۆر نه‌دوێ. دو جه‌مسه‌ره‌که‌ی تر به‌هاوکاری دۆست و هاوپه‌یمانه‌کانیان لێره و له‌وێ به‌رده‌وام سه‌رقاڵی پرۆژه پێشکه‌شکردن و بیرۆکه‌ی جیاجیان. تا ئه‌م ساته‌ش روناکیه‌کی ئه‌وتۆ له ته‌ره‌فی تری تونێڵه‌که به‌دی ناکرێت.
له ناوه‌رۆکی ناکۆکی و ململانێی ئه‌م جه‌مسه‌رانه‌دا نه هزری فکری جیاواز و نه شه‌ڕه به‌رنامه‌ی کۆنکرێت بۆ ئایندهی یه‌کێتی به‌دی ناکرێن. ئه‌گه‌رچی دکتۆر به‌رهه‌م خاوه‌نی چه‌ند تێڕامان و بۆچونی تایبه‌تی خۆیه‌تی بۆ یه‌کێتی و ئایندهی، به‌ڵام که پێشوه‌خت کارکردن له سه‌ریان پابه‌ند ده‌کات به‌هه‌مو ره‌نگ و ده‌نگه‌کانی ناو یه‌کێتیه‌وه ئه‌وا به‌ده‌ستی خۆی زینده به‌چاڵیان ده‌کات. لێره‌دا پرسیارێک له دکتۆر خۆی ده‌سه‌پێنێت: مه‌به‌ستیه‌تی به‌ته‌وافق یه‌کێتی ببوژێنێته‌وه و له پاشه‌کشه‌ی به‌رده‌وام قورتاری بکات، یاخود سه‌رقافڵه‌ی نوێکردنه‌وه‌ی یه‌کێتی و چاکسازی بگرێته ئه‌ستۆ؟ دو ئاراسته‌ی ستراتیژی جیاواز. تا ئه‌م ساته وا به‌رچاوه که هه‌ر دو ئاراسته‌که‌ی به‌خه‌ستی تیكه‌ڵاوی یه‌کتر کردوه بێئه‌وه‌ی سه‌ره‌داوه‌کانی به‌توندی به‌ده‌سته‌وه بن، بۆیه تا ئه‌م ساته‌ش هه‌وڵه‌کانی له چه‌ند بازنه‌یه‌کی ته‌سکی داخراوی ناو یه‌کێتیدا قه‌تیس ماون، له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتیش وه‌ک فاکته‌رێک له فاکته‌ره‌کانی راگرتنی پارسه‌نگی هێز مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵدا ده‌کرێت، نه‌ک وه‌ک سیاسه‌تمه‌دارێک و که‌سایه‌تیه‌ک شۆڕشێک له‌ناو یه‌كێتیدا به‌رپا بکات. ده‌بوا دکتۆر به‌رهه‌م ئاوڕێکی له هه‌وڵه‌کانی مام جەلال بۆ چاکسازی ناو یه‌کێتی بدایه‌وه تا به‌بیریدا بهاتهیهوه ئاکامه‌کانی چی بون و هه‌وڵه‌کان بۆچی و چۆن شکستیان هێنا. له‌و باوه‌ڕه‌دام نامۆ نیه بهوردهکاریهکانی ئه‌و مێژوه و ئه‌و پرۆسانه. ئه‌گه‌ر دکتۆر به‌رهه‌م به‌م شێوازه به‌رده‌وام بێت ئه‌و ساته هه‌ر دێت ده‌رک به‌وه بکات ئاسنی ساردی کوتاوه.
له ئێستادا به‌گشتی ململانێکانی ئه‌و کاراکته‌رانه له‌سه‌ر پێگه و ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیه تایبهتیهکانن، به‌شێکی جیاوازیهکانیشیان له ئێستادا به‌زه‌قی له خاڵه ته‌کنیکی و لۆجیستیهکاندا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه (وه‌ک کاتی کۆنگره، میکانیزمی به‌شداربون و ژماره‌ی به‌شداربوان و به‌ڕێوه‌بردنی کۆنگره). ناکۆکی له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه ته‌کنیکیانه به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ئاماژه‌یه‌که بۆ بێمتمانه‌یی خه‌ست نێو به‌شێک له جه‌مسه‌ره‌کان.
هه‌ر که‌سێک له نزیکه‌وه یه‌کێتی و سه‌رکرده‌کانی باش بناسێت تێده‌گات ئه‌و هێزه ئه‌فسوناویه‌ی جاران به‌نیه‌ت و نوشته و دوعا و لێدانه‌وه‌ی قه‌وانه‌کانی یه‌کێتی ناو یه‌کێتی و ماڵه گه‌وره‌که و ده‌سته‌جه‌معی و سه‌رکردایه‌تی کاتی و به‌رپرسی کاتی و به‌ستنی کۆنگره برینه‌کانی ساڕ‌ێژ ناکرێن، به‌کورت و کوردی که‌شتی یه‌کێتی له غیابی مام جەلالدا کاپتنی شایسته و لێهاتوی نیه، خۆنمایشکردن به پۆشاکی کاپتن و گوزه‌ران کردن له کابینه‌که‌ی و به‌رز شه‌کانه‌وه‌ی چارۆکه‌که‌ی له هه‌وڵدانێکی تۆباوی زیاتر نیه، به‌پێچه‌وانه‌وه تا ئه‌م ساته‌ش که‌شتیه‌که له که‌ناری ئارام دورتر ده‌که‌وێته‌وه، کار وا بڕوات له قوڕ و لیتاوێکدا چه‌قبه‌ست ده‌بێت.
چه‌ند راستیه‌ک
لێره‌دا بۆ تێگه‌یشتنی باشتر له‌م دۆخه‌ی یه‌کێتی ئاماژه‌کردن به‌چه‌ند راستیه‌ک که بونه‌ته ئه‌مری واقیع له جه‌سته و ژیانی یه‌کێتیدا پێویسته:
یه‌که‌م: کاریگه‌ری سیاسی و رێکخراوه‌یی مام جەلال ته‌نها له چوارچێوه‌ی ئه‌زمون و مۆراڵ و وه‌فاداریدا ماونه‌ته‌وه، ئه‌وه که‌وتۆته ئه‌ستۆی هاوڕێکانی خه‌باتی ده‌یان ساڵه چۆن ره‌فتار له گه‌ڵ ئه‌م به‌هایانه‌دا ده‌که‌ن. وێرای ئه‌وه‌ی غیابی مام جەلال له زۆر بواردا هه‌ستی پێده‌کرێت و به‌رچاوه، وه‌لێ ناشێت ده‌ستڕۆیشتوه‌کانی یه‌کێتی به‌رده‌وام ئه‌و غیابه وه‌ک پاساوێک بۆ داپۆشینی که‌موکوڕی و هه‌ڵه و شکسته‌کانی خۆیان به‌کاربهێنن.
دوه‌م: زۆرێک له ئه‌زمونه تاڵه‌کانی یه‌کێتی له سه‌رده‌می خه‌باتی شاخدا: باڵ باڵین و زاڵبونی جه‌مسه‌رێکی کۆمه‌ڵه، ره‌وته فکریه بێسه‌روبه‌ره‌کانی ناو کۆمه‌ڵه، جیابونه‌وه‌ی سۆشیالیست و ئاڵای شۆڕش، تۆراندن و وازهێنانی چه‌ندین به‌رپرس و کادیری باڵای یه‌کێتی، شه‌ڕه ناوخۆییه‌کانی سه‌رده‌می شاخ، له‌دوای راپەڕینیشهوه کێشه خه‌ست و پهنگخواردوهکانی کۆنگره‌ی یه‌که‌م، گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کی باڵێکی سۆشیالیست و ئاڵای شۆڕش، خوله‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ، پاشکۆیه‌تی بۆ پارتی و لاوازبونی یه‌کێتی له ئاکامی گه‌نده‌ڵی و بیسهروبهریدا و بهجهمسهرهکردنی ئۆرگانه‌کانی حیزب و پێگه‌کانی یه‌کێتی له حوکمڕانیدا، دورکه‌وتنه‌وه‌ی مام جەلال له کوردستان و په‌رته‌وازه‌بونی زیاتری یه‌کێتی، رێکه‌وتنی ستراتیژی، ته‌که‌تول و ناوچه‌گه‌ری له هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ مه‌ڵبه‌نده‌کانی یه‌کێتی، کوده‌تا سپیه شکستخواردوه‌که‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و عومه‌ری سه‌ید عه‌لی و ژمارەیەک لە مەکتەب سیاسی یەکێتی، باڵی ریفۆرم و داوتر چونه ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، ناڕه‌زایی شه‌قام، ئه‌زمونه‌کانی یه‌کێتی له گه‌ڵ گۆڕان، پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی رێکه‌وتنی ده‌باشان، غیابی مام جەلال، شکستی یه‌کێتی له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، ئه‌م ئه‌زمونانه ده‌یسه‌لمێنن ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترا فره‌مینبه‌ری، وێڕای کاریگه‌ری مام جەلال، وزه و توانایه‌کی زۆری یه‌کێتی هه‌راج کردوه و هۆکارێکی سه‌ره‌کی کهمهرشکێنهر بوه بۆ لاوازبونی یه‌کێتی و قوڵبونه‌وه‌ی کێشه و قه‌یرانه‌کانی. ده‌شێت ده‌رک به‌و راستیه بکرێت که چه‌مکی "فره‌مینبه‌ری" که یه‌کێک له شا خاڵه‌کانی شانازی یه‌کێتی بو زۆر به‌خراپ به‌کارهێنراوه بۆ تێکشکان و ناشرینکردن و په‌راوێزکردنی خودی منبهرهکان له‌نێو خۆیاندا. راسته له سایه‌ی سه‌رکردایه‌تی مام جەلال ئه‌و منبهرانه (جه‌مسه‌رانه) له‌سه‌ر کۆی گشتی هێڵه سیاسیه‌کانی یه‌کێتی به‌یه‌که‌وه گرێده‌دران و ناچاری پێڕه‌وکردنی ده‌کران و مام جەلال پێڕه‌وی سیاسه‌تی رازیکردنی هه‌مویانی ده‌کرد و تاڕاده‌یه‌ک هاوسه‌نگی نێوانیانی راگرتبو، به‌ڵام به‌رده‌وام له ناخ و ده‌رونی سه‌رانی جه‌مسه‌ره‌کاندا حه‌ز و خواستی تر په‌نگیان خواردۆته‌وه، که‌ڵه‌که‌بون و خۆیان ماتداوه. گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تاکانی دروستبونی کۆمه‌ڵه و دواتر یه‌کێتی بنچینه فکری و کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوییه‌کانی جه‌مسه‌رگه‌ری ناو یه‌کێتیمان بۆ شێدهکات.
به‌رده‌وام وتراوه هه‌ڕه‌شه و شه‌ڕ یه‌کێتیه‌کان به‌یه‌که‌وه گرێده‌داته‌وه و جه‌مسه‌ره‌کان به‌یه‌که‌وه له یه‌ک سه‌نگه‌ردا کۆده‌کاته‌وه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه تاڕاده‌یه‌کی زۆر بۆ سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ راستبوه، به‌ڵام چه‌ند جارێک، تایبه‌ت له به‌شێک له خوله‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ (1994-1998) و له چه‌ند روداوێکدا پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه واقیع بوه (چاوخشاندنه‌وه بهبروسکهکان و ئهنصاتی تایبه‌تی یه‌کێتی ئه‌و سه‌رده‌مانه ئه‌مه ده‌سه‌لمێنن).
له یه‌که‌م چرکه‌ساتی ده‌رک کردنی ئه‌م جه‌مسه‌رانه به کاڵبونه‌وه‌ی رۆڵی مام جەلال، هه‌رچی له ناخیاندا په‌نگی خواردبو و که‌ڵه‌که بوبو ته‌قیه‌وه و سه‌ر ئاو که‌وتن.
بۆیه هه‌رزو به‌دیکرا چه‌ند کاپتنێک به‌جیا که‌وتنه سه‌وڵ لێدانی که‌شتیه‌که‌ی یه‌کێتی و به‌ئاراسته‌ی جیادا، سه‌یر و سه‌مه‌ره له‌وه‌دایه ئه‌م کاپتنانه به‌ده‌م سه‌وڵ لێدانه‌وه "یه‌کێتی ناو یه‌کێتی" ده‌چڕنه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی حیزبایه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه "زه‌واجی کاسۆلیکیانه" بێت.
سه‌رانی جه‌مسه‌ره‌کان له کۆنگره‌ی سێی یه‌کێتی و له حزوری مام جەلال دا ئاکاری شه‌ره‌فیان راگه‌یاند، نابێت له خۆیان بپرسن و لێیان بپرسن چیان لێکرد.
سێیه‌م: وه‌ک ئیرسێکی مێژویی هه‌میشه له‌ناو یه‌کێتیدا و تایبه‌ت له ئۆرگانه باڵاکانیدا به‌رپرس و که‌سانێک هه‌ن له‌نێو ئه‌و دۆخ و ململانێ و جه‌مسه‌رانه‌دا گه‌مه‌ی خۆیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، هه‌رچه‌نده ئه‌مانه که‌مینه‌یه‌کی به‌رچاون، به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌ست به به‌هێزبونیان ده‌کرێت، چونکه لایه‌نه‌کانی ململانێکان به‌کاریان ده‌هێنن، ئه‌مانه پێشیان باشه ئه‌و دۆخه وا بمێنێته‌وه. ناشێت دڵسۆزه‌کانی یه‌کێتی و ناسراو به بوێری و سه‌راحه‌ت ئه‌م جۆره که‌سانه‌یان به‌رچاو نه‌بێت. پێداچونه‌وه به‌ئه‌رشیفی ده‌یان ساڵه‌ی یه‌کێتیدا پیشانی ده‌دات ئه‌م جۆره تاقمانه له ساته هه‌ستیاره‌کاندا چ زیانێکی گه‌وره‌یان به یه‌کێتی گه‌یاندوه.
چواره‌م: زۆربه‌ی هێزه‌کانی باشور و کوردستانی گه‌وره پێیان باشه یه‌کێتی ببێته ئه‌و هێزه‌ی به‌شداری کاریگه‌ر و کارامه بکات له بزافی کوردایه‌تی و له راگرتنی ئارامی و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و له پرۆسه‌ی چاکسازی و گه‌شه‌پێدانی حوکمڕانی خۆماڵی. ئاستی خه‌مخۆری ئه‌م هێزانه بۆ یه‌کێتی جیاوازن، هه‌ر لایه‌نێک دیدوبۆچونی خۆی بۆ دۆخی یه‌کێتی گه‌ڵاڵه کردوه. ته‌نانه‌ت وڵاتێکی وه‌ک ئێران به‌قورسی هه‌وڵی چاره‌کردن ده‌دات، ده‌شێت هیڵێکی ئه‌ستور به‌ژێر ئه‌م خه‌مخۆریه‌ی ئێران‌دا بکێشین، چونکه ئێران خه‌می ئایندهی یه‌کێتی نیه به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی خه‌میه‌تی یه‌کێتی بۆ هاوکێشه سیاسی و ئابوری و ئه‌منیه‌کانی خۆی به‌کاربهێنێت.
جه‌مسه‌رانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی یه‌کێتی خه‌مخۆری ده‌ره‌وه‌ی خۆیان به‌ره‌چاوکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانی خۆیان و وه‌ک ته‌کتیکی سیاسی و ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتریش به‌کاریان هێناوه. ئه‌م دیارده‌یه کاریگه‌ری زۆر نه‌رێنی له‌سه‌ر یه‌کێتی کردوه، وه‌ک په‌رته‌وازه‌بونی زیاتر و کاڵبونه‌وه‌ی وه‌لا بۆ یه‌کێتی و به‌هێزکردنی جه‌مسه‌رگه‌ری و ناوچه‌گه‌ری.
به‌ره‌و چی؟
مه‌حاڵه رۆحی یهکێتهکهی جاران به‌جه‌سته و زهنی ئێستادا بکرێته‌وه، ئه‌وه مێژویه‌کی پر سه‌روه‌ری و شانازی بو و "گوزه‌شت". ئه‌رکی سه‌رشانی یه‌کێتیه‌کانه ئه‌و مێژوه گه‌شاوه و پاک و بێگه‌رد بپارێزن.
یه‌کێتی ناتوانێت به‌م پێکهاته‌ی ده‌ستڕۆیشتوانی ئێستای و به‌و ئه‌قڵیه‌ته‌ی ره‌فتار ده‌که‌ن چاره‌ی راسته‌قینه‌ی کێشه و قه‌یرانه‌کانی بکات، چونکه ئه‌وانه خۆیان هۆکار و زه‌مینه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و دۆخه‌ن. ئه‌گه‌ر له ئێستاشدا پینه و په‌ڕۆیه‌ک سازکرا ئه‌وه هه‌ر بڕی ماوه‌یه‌کی کورت ده‌کات.
جه‌مسه‌ره‌کان ده‌توانن به پشک و پشکاری و دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازات به‌ته‌نیشت یه‌که‌وه (نه‌ک به‌یه‌که‌وه) گوزه‌ر بکه‌ن و وه‌ک به‌شی دابڕاو له یه‌کتر له یه‌کێتیدا بمێننه‌وه، ئه‌زمونه‌کان، تایبه‌ت دوای نه‌خۆشکه‌وتنی مام جەلال، ده‌یسه‌لمێنن ئه‌م هاوکێشه‌یه یه‌کێتی زیاتر لاواز کردوه. بۆیه ناهه‌قی ئه‌و لایه‌نه (لایه‌نانه)ی ناو یه‌کێتی ناگیرێت که کار بۆ کۆتایی هێنان به‌م دیارده زه‌ره‌رمه‌نده ده‌که‌ن.
وابهرچاو ده‌که‌وێت و شیکردنه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت که جه‌مسه‌ری به‌هێز کار بۆ "هه‌مو یه‌کێتی و یه‌ک یه‌کێتی" ده‌کات. ده‌شێت ئه‌م جه‌مسه‌ره بیربکاته‌وه له داڕشتنه‌وه‌ی یه‌کێتی به‌شێوازێک له گه‌ڵ راستیه‌کان و دۆخی سیاسی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا بگونجێت، یه‌کێتییه‌کی تۆکمه‌ی یه‌کگرتوی خاوه‌ن یه‌ک سه‌نته‌ری بڕیاردان و ئاراسته‌کردن، یه‌کێتیه‌ک یه‌ک ده‌نگ بێت و یه‌ک کاپتن ئاراسته‌ی که‌شتیه‌که‌ی بکات. یه‌کێتیه‌کی له‌و جۆره ده‌بێته مایه‌ی مامه‌ڵه‌ی جدی له گه‌ڵیدا و چاوه‌ڕوانی زۆرتری لێده‌کرێت له‌م بێسه‌روبه‌ریه‌ی ئێستا. یه‌کێتیه‌کی له‌و جۆره له ئێستای بچوکتر ده‌بێت، به‌ڵام به‌هێزتر و کاریگه‌رتر ده‌بێت، که‌وتۆته سه‌ر یه‌کێتیه‌کان چۆن بڕیار له ئاینده‌یان ده‌ده‌ن، پێده‌چیت نه‌به‌ستنی کۆنگره له‌دوا مه‌تافدا به‌سودی یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی یه‌کێتیه‌کی کۆمپاکت و یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک ره‌نگ بشکێته‌وه. |
|
|