|
با یادی 8ی مارس تەنها ئاهەنگ و هەڵپەرکێ نەبێ |
نوسهر: فایەق سەرچناری
|
Friday, March 7, 2014 |
دیارە 8ی مارس رۆژێکی جیهانی ئافرەتانە و هەروەها ئافرەتانی کوردستانیش بێبەش نین لەم رۆژە گرنگە و لەم یادەدا، بۆیە ئافرەتانی کوردستان پێویستە ئەم یادە پیرۆزەیان نەکەنە تەنها ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ، چونکە بەداخەوە لە یادەکانی پێشودا ئەم نەریتە زۆر پەیڕەو کراوە و پەرەی زیاتری پێدراوە، نەك چالاکی و کۆنفرانس و سیمینار.
پێویستە لەم رۆژە پڕ شکۆیەدا هەوڵبدەن رۆڵی ئافرەتان چیبێ بۆ ئەم ساڵی نوێیە و پرۆژەکان چیبن بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی و خۆکوشتن و خۆخنکاندن، وەك ئەو نمونەیەی کە بەداخەوە هەمو ویژدانە زیندوەکانی هەژاند، کە دو خوشك بە تراژیدیایەکی جەرگبڕ ژیانی هەژاری و چەرمەسەری خۆیان کردە قوربانی، ئەو هەمو نەهامەتیانەی کە بەسەر ژنان و کچان و هەژارانی ئەم نیشتیمانەدا دێن و دەبنە قەدەر لەم کۆمەڵگایەدا.
ئەگەر ئاوڕێك لە مێژوی ئافرەتانی کورد بدەینەوە، ئەبینین چی رۆڵێکیان گێڕاوە بۆ پێشکەوتنی نیشتیمان و چۆن شانبەشانی پیاوان هەوڵی ئازادی و دیموکراسی و مافە رەواکانی ئەم میللەتەیان داوە و هیچیان لە پیاوان کەمتر نەبوە. لەملاشەوە ئەرکی ماڵ و بەرپرسیارێتی گەورەی خێزان لەسەر شانی ئەمان بوە و رۆڵی تەواوی خۆیان بینیوە و بەردەوامن، نمونەش لە شۆڕشگێڕی ئەوەتا بە هەزاران کچ و ژنی کورد لە بەشەکانی تری کوردستان سنگیان ناوە بە گولەوە و لە خەباتدان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراسی بۆ میللەتەکەیان، جەستەی خۆیان ئەکەنە قوربانی بۆ نیشتیمان.
ئەو هەمو هەوڵەی کە ئافرەتانی کورد داویانە وهەمیشە قوربانی یەکەم بون، بەڵام بەداخەوە ئەو بەرهەمەی نەبوە کە لەئاستی پێویستدا بوبێ، ئەویش هەندێ کەمتەرخەمی و هەڵەی ئافرەتان خۆشیانی تێدایە و پیاوانیش کەمتەرخەمن لە ئاست ئەوەی دەستی هاریکاری و یارمەتی و هەوڵدان بۆ کۆمەڵگایەکی یەکسان، پەرلەمانیش کەمتەرخەمە و لە ئاستی پێویستدا کاری جدی خۆی نەکردوە بۆ یاسادانان لە ئاست ئەو هەمو توندوتیژیەدا.
ژنان خۆیان بەرپرسی یەکەمن بۆ هەوڵدان بۆ ئازادی و یەکسانی کۆمەڵگا و ئەبێ بیسەلمێنن، کە هیچیان لە پیاوان کەمتر نیە و ئەو هەلومەرجەی کە پیاوان بۆ خۆیان خولقاندوە ئەبێ ژنایش لە هەوڵدابن بۆ ئەوەی پیشانی بدەن کە کۆمەڵگا بەبێ ئەوان کۆمەڵگایەکی بێگەشەیە و رۆژبەرۆژ لە پوکانەوەدا ئەبێ ئەگەر ئافرەت نەبێ.
ئیتر با 8 ی مارس رۆژێکی میژویی ئافەتانی کوردوستان بێ و هەمو ساڵێ ئەم رۆژە بکرێتە سەرەتای دەسپێکی خەباتی ژنان و کچانی کوردوستان بۆ بنبڕکردنی فرەژنی و گەورەو بچوك و مرڤ گۆڕینەوە و ئەم هەمو کارەساتەی، کە رۆژانە هەرجارەو لە جێیەك کچێ یان ژنێ ئەسوتێ یان ئەخنکێ ئیتر بە هەر بیانویەکەوەبێ، بەبێ ئەوەی یاسایەك هەبێ بۆ گرتن و سزادانی تاوانباران و لێکۆڵینەوەی جدی لە روداوەکان بکرێ، بۆیە با 8ی مارس رۆژی سیمینار و کۆڕ و کۆنفرانس و کاری هەماهەنگی گرنگ بێ بۆ باشتر هوشیارکردنەوە، نەک هەڵپەڕکێ و ئاهەنگ گێڕان. |
|
|