|
به‌ره‌و که‌رکوک (1) |
نوسه‌ر: مه‌لا فه‌رمان
|
Sunday, March 9, 2014 |
له 5/3/1991 دوای لێدانی یه‌که‌م چه‌خماخه‌ی بڵێسه‌ی راپه‌ڕین له شاری رانیه، ئیدی وڵات خرۆشا، خه‌ڵک، حیزب، پێشمه‌رگه، چه‌کداره‌کانی پاڵ دوژمن به ناویه‌کدا ده‌هاتن. هه‌رکه‌س و لایه‌نه بۆ هه‌ر مه‌به‌ستیک بێت لای خۆیه‌وه شوێنێکی دوژمنی کردبوه نیشان.
که‌رکوک و ناوچه به عه‌ره‌بکراوه‌کان و داگیرکراوه‌کان، نیشانه‌ی هاوبه‌شی هه‌مو ئه‌و که‌س و لایه‌نانه بو. پێشمه‌رگه و خه‌ڵکه ئاوارەکانی که‌رکوک له هه‌موان به‌جۆشتر و به په‌له‌تر بون.
له قاسمه‌ڕه‌شی سه‌رسنوری کوردستانی باشور و رۆژهه‌ڵات به‌ڕێکه‌وتین، نەماندهویست به‌ر له‌وه‌ی بگه‌ینه رانیه شه‌ڕی هیچ چه‌کدارێک بکه‌ین. دوای شه‌وێکی باراناوی و دان به‌خۆدا گرتن و هه‌وڵدانێکی زۆر له‌گه‌ڵ ره‌بایه سه‌ربازیه‌کانی نزیک گوندی شێنێ (گوندێکه به دوری 20 کیلۆمه‌تر که‌وتۆته باکوری شاری قه‌ڵادزه‌وه)، سه‌ربازه‌کان خۆیاندا به‌ده‌سته‌وه، هێزه‌که‌ش به‌ره‌و رانیه به‌ڕێکه‌وت. به‌ده‌م رێگاوه، دیمه‌نی ئه‌و رهوه سه‌ربازانه‌ی خۆیان داب‌و به‌ده‌ستی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌وە و به‌بێ چه‌ک به‌ره‌و رانیه کەوتبونهڕێ زۆر سه‌رنجی راکێشام. که‌س رێگای پێنهدهگرتن، که‌سیان ئازار نه‌ده‌دران، نه ده‌کوژران، به کورتی روحی رق و تۆڵه سه‌ندنه‌وه بونی نه‌بو، هه‌موان ده‌یانگوت "سه‌دام و به‌عس دوژمنی هه‌موانه".
پێشوازی گه‌رم، باوه‌ش پێکداکردن، سەماو هه‌لهه‌له لێدانی کورده‌واریانه، بارینی چوکلێت و نوقڵ به‌سه‌رماندا، نه‌رمه گریان و فرمێسکی خۆشی به خوڕ. رانیه ئازاده...
خه‌ڵک هاواری ده‌کرد، با نه‌وه‌ستین، بڕۆین به‌ره و شاری کۆیە، به‌ڵام کۆیە ئاسان نه‌بو، عێراق هێزێکی زۆری سه‌ربازی هێنابوه ئه‌و شاره، فیرقه‌ی 43 له دامێنی شار مۆڵی داب‌و، تۆپه دورهاوێژه‌کانی روه‌و رانیه دابهستبو، قاسمه کوێری سه‌ره‌ک جاش (ئه‌م کەسە له ژیاندا ماوه، به‌پێی هه‌ندێ هه‌واڵی ناو میدیاکان و قسه‌ی ناو خه‌ڵک له سنوری هه‌ولێر ده‌ژی و په‌نادراوه) یه‌کێک بو له‌و چه‌کدارانه‌ی حکومه‌ت، که به هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماده‌ی هاوکاریکردنی میله‌ته‌که‌ی نه‌بو و هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ی ده‌کرد و کردی.
کۆمه‌ڵ... کۆمه‌ڵ خه‌ڵک به‌ره‌و کۆیە ده‌چون، دهگهیهشتنه دامێنێ هه‌یبه‌سوڵتان و ده‌گه‌ڕانه‌وه، حکومه‌ت به‌رگری زۆری ده‌کرد، به‌رنامه‌ی بو هێرش بۆ رانیه بێنێت. لای هه‌ندێ له سه‌رکردایه‌تی کوردیش مه‌ترسی شکستی راپه‌ڕین هه‌بو، مه‌ترسی ئه‌وه‌یان لا هه‌بو که حکومه‌ت چه‌کی کیمیاوی به‌کار بهێنێت.
له‌و رۆژه‌دا هه‌مو کورد له‌و ده‌ڤه‌ره پێشمهرگهبو، هێز به‌ره و کۆیە به‌ڕێکه‌وت، وه‌ک ساڵانی زو، به شه‌و و به نهێنی له‌گه‌ڵ به‌ره‌به‌یاندا له چه‌ند قۆڵێکه‌وه پێشمه‌رگه چونه ناو شاره‌وه، دوای چوار سه‌عات شه‌ڕی قورس و شه‌هید بونی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک شار ئازاد کرا.
دوای شه‌وێک مانه‌وه له خزمه‌تی حاجی، هێزه‌که به‌ره‌و هه‌ولێر به‌ڕێکه‌وت، ئێمه په‌له‌ین، که‌رکوکمان لامه‌به‌سته، دوا نیشانهمانه. به‌بێ شه‌ڕ گه‌یشتینه هه‌ولێر و ئۆردوگاکانی داره‌تو و بنەسهڵاوه. هه‌مو شوێنه‌کان ئازاد کراون. ئێمه رومان کرده ناو ئاواره که‌رکوکیه‌کان له‌و دو ئۆردوگایه. پێشوازی زۆر گه‌رم کراین، ئه‌و دیمه‌نه‌ی رانیه لێره‌ش دوباره بوه‌وه. بۆ که‌رکوک ئه‌وان له پێشمه‌رگه په‌له‌تر. ئێواره دره‌نگانێک، هه‌واڵ گه‌یشت، ئاڵتون کۆپری یه‌که‌م شاری سه‌ر به که‌رکوک ئازاد کرا. به په‌له دوای یه‌ک سه‌عات له هه‌واڵه‌که گه‌یشتین. لێره به‌پێچه‌وانه‌ی کۆیە ده‌بێ زۆر ئاگاداربین. له‌وێوه تا ئێره تفه‌نگه‌کان بێده‌نگ بون، لێره‌وه پێویست ده‌کات بێنه ده‌نگ... |
|
|