|
عه‌مره‌کاران لەنێوان هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و پێکهێنانی کابینه‌دا |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Tuesday, April 8, 2014 |
گۆڕان له ماوه‌ی زیاتر له شه‌ش مانگی رابوردودا بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌م سه‌بری ئه‌یوبی هه‌بوه و نه‌رمیه‌کی بێئه‌ندازه‌ی نواندوه، هه‌وڵێکی زۆری داوه گیروگرفته‌کان نه‌بنه ئه‌سته‌نگ به‌رده‌م کردنه‌وه‌ی سیاسی و هێورکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێو هێزه سیاسیه‌کان.
ئێستا دو هه‌ڵبژاردنی ترمان له‌به‌رده‌مدایه و هێزه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵک له‌سایه‌ی ئه‌م دۆخه چه‌قبه‌ستوه و کێشه خه‌سته‌کان له گه‌ڵ به‌غدادا به‌گومانێکی ره‌واوه ده‌ڕواننه نیه‌تی دو هێزه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات دوای ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه. ئایا قه‌وانه کۆنه‌که‌یان له به‌غدا دوباره‌ده‌که‌نه‌وه که به سه‌رۆک کۆمارێکی کوردی خاوه‌ن پێگه‌یه‌کی به‌هێزیشه‌وه له بڕێک دۆلار و چه‌ند پۆستێکی فه‌رامۆشکراو نه‌یانتوانی زیاتر ههڵبکرێنن، یاخود موعجزه رویداوه و ده‌بنه فریادره‌سی کورد بۆ چاره‌کردنی کێشه‌کانی ناوچه دابڕێنراوه‌کان و بودجه و هێزی پێشمه‌رگه و پرسی سامانه سروشتیه‌کانی کوردستان و کورد ده‌بێته شه‌ریکی راسته‌قینه له عێراقدا.
ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای کوردستان که هێزه‌کان له کاتێکدا له دانوستان و گفتوگۆدان بۆ رێکه‌وتن له‌سه‌ر پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌رێم و له هه‌مان کاتیش‌دا سه‌رگه‌رمانه سه‌رقاڵی ململانێ و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنن به‌رامبه‌ر به‌یه‌کتر دۆخێکی بێهاوتایه له مێژوی دیموکراسیدا.
ئه‌م ئیبداعه کوردیه پارادۆکسێکی سیاسی به‌ئه‌نقه‌ست خولقێنراوی تێدا حه‌شار دراوه، که له گه‌ڵ نزیکبونه‌وه‌ی واده‌ی رۆژی هه‌ڵبژاردن هێدی هێدی دێته به‌رچاو، له گه‌رمه‌ی هه‌ڵبژاردندا دانوستانه‌کان به‌چری ده‌ست پێده‌کاته‌وه، هێزه‌کان داواکاری و کارته سیاسیه‌کانیان هاوته‌ریب له گه‌ڵ دۆخی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌گونجێنن و وه‌ک به‌شێک له موزایه‌ده‌ی هه‌ڵبژاردن نمایشیان ده‌که‌ن. بریاریشه له ساتی گه‌یشتن به لوتکه‌ی گروتینی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن کابینه‌که ته‌واو بێت و به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان کاریگه‌ری له‌سه‌ر شێوازی ده‌نگدانی هاوڵاتیان بکه‌ن.
ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵبژاردن
روانگای فکری به‌شێکی ده‌سترۆیشتوی دو هێزه‌که‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ هه‌ڵبژاردن له باوه‌ڕ و په‌رۆشیان بۆ دیموکراسی سه‌رچاوه‌ی نه‌کردوه، به‌ڵکو پاش کاڵبونه‌وه‌ی ره‌وایی شۆڕشیگیریان و سه‌پاندنی "دیموکراسی" بهرهچهتهی ئه‌مەریکا به‌سه‌ر عێراق و کوردستانیشدا هه‌ڵبژاردن تاکه رێگه‌ی فه‌رمیه بۆ دابینکردنی ده‌سه‌ڵات و هه‌یمه‌نه‌یان به‌سه‌ر موقه‌ده‌راتی حوکمڕانیدا. لوتکه‌ی فه‌رامۆشکردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی له رێکه‌وتنی ستراتیژی نێوانیاندا به‌خه‌ستی به‌رجه‌سته بو، رێکه‌وتنێک به‌راگرتنی پارسه‌نگی هێز له نێوانیاندا و دابینکردنی به‌رژه‌وه‌ندیه حزبی و تایبه‌تیه‌کانیان گروگاڵکردنی پرۆسه‌ی دیموکراسی ئیفلیج کرد. له‌م روه‌وه ئاماژه به‌چه‌ند خاڵێکی راپۆرتێکی نهێنی ئه‌مەریکیه‌کان ده‌که‌م: ژماره: 09BAGHDAD623_a له 10 ئازاری 2009 به‌ناوی: گێژاوی ناوخۆی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌کان.
"له کاتێکدا ئێمه چاودێری گرژیه‌کانی نێوان کورد و عه‌ره‌ب ده‌که‌ین، سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد دوچاری له‌رزانی سیاسی جدی بۆته‌وه. دانوستانه درێژخایانه‌کانی ناو یه‌كێتی له گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا وایکردوه سه‌رکرده‌کانی کورد پێداگری بکه‌ن له لیستی داخراو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتو له هه‌رێمی کوردستان. سه‌رکرده‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستان ره‌فزی ده‌که‌ن رێگه بده‌ن نه‌وشیروان لیستێکی جیاوازی له یه‌کێتی هه‌بێت، چونکه هاوسه‌نگی هێزی نێوان پارتی و یه‌کێتی له کورسیه‌کانی په‌رله‌مان تێکده‌چێت. سه‌رکرده‌کانی پارتی جه‌ختیان کرده‌وه که رێکه‌وتنیان له گه‌ڵ یه‌کێتیدا وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه، ده‌رک ده‌که‌ن به‌وه‌ی که لاسه‌نگی کورسیه‌کان دوژمنایه‌تی کۆنیان زیندو ده‌کاته‌وه و ئه‌مه‌ش به‌ده‌وری خۆی زه‌ره‌ر به هاوپه‌یمانی کورد ده‌گه‌یه‌نێت و له مامه‌ڵه‌کردن له گه‌ڵ حکومه‌تی ناوه‌ند و مالیکی سه‌رۆک وه‌زیران لاوازی ده‌کات".
له درێژه‌ی راپۆرته‌که‌دا هاتوه: "وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌رکرده‌کانی کورد چاوه‌ڕوانی ده‌که‌ن که روبه‌ڕوی ره‌خنه‌ی باڵیۆزخانه و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ببنه‌وه به‌هۆی بونی لیستێکی نادیموکراسی داخراو، وه‌لێ هه‌ست ده‌که‌ن زۆریان له ده‌ست ده‌رده‌چێت ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانیه‌که‌یان تێکبچێت". له کۆمێنتی ئاماده‌که‌ری راپۆرته‌که‌دا هاتوه:
"ناشێت بیرۆکه‌ی ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوان پارتی و یه‌کێتی به‌ئاسانی و بێ بنه‌ما به‌لاوه بخرێت... هه‌ر دولا لاسه‌نگی هێزی نێوانیان زۆر پێ قورسه، به‌تایبه‌ت کاتێک یه‌کێتی له گێژاودایه. به‌لای ئه‌مەریکاوه هه‌ڵبژاردنه‌که وه‌ک خۆی وه‌سف بکرێت: زۆر کراوه نیه و زۆر تایبه‌تیش دیموکراسی نیه. ئێمه له دۆخی تایبه‌تی کورده‌کان تێده‌گه‌ین، بەڵام نابێت پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌که به‌دروست بزانین. ده‌بێت له په‌یوه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانمان له گه‌ڵیاندا ره‌ق و توند بین و له بواره گشتیه‌کانیشدا به ئاگا بین. (کۆتایی راپۆرته‌که).
تا ئێره پێویست به کۆمێنت ناکات، عه‌ره‌ب وته‌نی: "من فمک آدینک ".
ئه‌مجاره و ئهستهنگهکان و مه‌رامه‌کان
ئه‌مجاره له‌سه‌ر داوای یه‌کێتی به‌لیستی جیاواز دابه‌زین، له ئاکامدا پارتی به‌هێزتر بو، له‌و ساته‌وه‌ش بێباکتر و مهغرورتر بوه، ته‌واوی مافی به‌خۆی داوه پرۆسه‌ی پێکهێنانی کابینه به‌دڵ و ئاره‌زوی خۆی به‌ڕێوه‌ببات. به‌پێی ئیستحیقاقی خۆیان له هه‌ڵبژاردن ئه‌و مافه فهرمیهیان هه‌بو یه‌كێک له‌و حیزبه بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی حکومه‌ت رابسپێردرێت، جێگری سه‌رۆکی پارتی ده‌ستنیشان کرا و ئه‌و به‌رێزه‌ش که‌وته کارکردنێکی چڕ‌وپڕ بۆ پێکهێنانی حکومه‌تێکی بنکه‌فراوان، هه‌نگاوی زۆر بوێرانه و واقیعیانه‌ی گرته‌به‌ر تا کورد حکومه‌تێکی یه‌کڕیزی خۆماڵی هه‌بێت. مه‌خابن ئه‌م هه‌وڵانه‌ی روبه‌روی ئه‌سته‌نگی هه‌مه‌لایه‌نی نێو حیزبه‌که‌ی و یه‌کێتی بوه‌وه. وێرای ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی ئه‌و ئهستهنگانه جیاوازن، وه‌لێ به‌خه‌ستی له یه‌ک خاڵدا یه‌کیان گرته‌وه، له خاڵی وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاره‌تی ناخۆ یاخود وه‌زاره‌تێک پێی ده‌ڵێن "ئه‌منی" له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه. ده‌سته‌واژه‌ی "ئه‌منی" له حوکمڕانی و سیاسه‌تدا لێکدانه‌وه‌ی جیاجیا هه‌ڵده‌گرێت، نابێت بزانین مه‌به‌ست له وه‌زاره‌تی ئه‌منی له دۆخی ئه‌مڕۆی هه‌رێمدا چیه، له کاتێکدا هه‌رێم به پشتێنێکی ئه‌منی و سه‌ربازی ئێران و تورکیا و عێراق و گروپه تێرۆریسته‌کان ده‌وردراوه و له ناوه‌وه‌شی چی کورد پێی خۆشه و ناخۆشه گه‌رای داناوه و جێگیر بوه. پێداگری هه‌ر لایه‌ک له‌م دۆخه‌دا له وه‌زاره‌تی ئه‌منی و دورخستنه‌وه‌ی گۆڕان لێی شایسته‌ی چه‌ندین پرسیاری جدین، زه‌قترینیان ئایا بێمتمانه‌ییه به گۆڕان؟ ئایا به‌شێکه له ئه‌جیندایه‌کی سه‌پێندراوی تایبه‌تی هێزێکی ناوچه‌که؟ ئایا کارتێکه بۆ گه‌مه‌ی سیاسی بۆ پچڕاندنی پێگه‌ی به‌رچاو له کابینه‌ی هه‌شته‌مدا؟ چه‌ند ئایایهکی تریش.
له پرۆسه‌ی پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌مدا ئه‌گه‌ری وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی کرده "که‌عبه‌ی شه‌ریفی" عه‌مره‌کارانی ئاراسته کێشهدروستکهرهکانی نێو دو هێزی ده‌سه‌ڵات. به‌کوردیه‌که‌ی ئه‌وان پۆستی وه‌زیری ناوخۆ بۆ کاندیدێکی گۆڕان به‌ڕه‌وا نازانن. بێگومان هه‌ر لایه‌ک هۆکار و پاساوی خۆی هه‌یه و هه‌رچۆنێک لێکدانه‌وه‌ی بۆ بکه‌ن و کێ له پشته‌وه قورمیشکهر بێت کرۆکی کۆی گشتی هه‌ڵوێستیان بێمتمانه‌ییه به سه‌دان هه‌زار که‌سی ئه‌م هه‌رێمه که متمانه‌یان به گۆڕان به‌خشیوه. سه‌یره، ئه‌م دو هێزه کۆنه جاش و ئه‌نفالچی و بکوژانی کورد له ئه‌فسه‌ره باڵاده‌سته‌کانی سوپای سه‌دام یان داڵده داوه و لێشیان کردون به نوێنه‌ری (خۆیان) له په‌رله‌مان و ته‌نانه‌ت له مه‌حافیله نێوده‌وڵه‌تیه‌کان به‌رگریشیان لێکردون، که‌چی کاتێک ئه‌گه‌ر له ئاردایه تێکۆشه‌رێک سه‌ر به گۆڕان پۆستێکی هه‌ستیار وه‌ربگرێت چاویان ده‌چێته پشتی سه‌ریان و ئۆقره‌یان لێده‌برێت.
هه‌رچی ئاڕاسته‌ی ده‌ستڕۆیشتوی یه‌كێتیه له‌سایه‌ی شکسته‌که‌یدا خۆی مه‌ڵاس داوه و چرکه به‌چرکه له‌مپه‌ر و قه‌یران ده‌خوڵقێنێت و زۆر به‌په‌رۆشیه‌وه شه‌یدای دۆشینی دلۆپ به دڵۆپی قه‌یران و کێشه‌کانی پێكهێنانی حکومه‌ت و په‌یوه‌ندیه‌کانی نێو هێزه‌کانه و زۆر تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی گۆڕان تێدا تهرهفێکه. ئه‌م جۆره یه‌کێتییانه پێیانوایه به‌م پێچوپه‌نا و زیگزاگیه و بهقیرسچمهیی له پرۆسه‌که‌دا ده‌توانن پێگه‌ی لهقبویان پێش دو هه‌ڵبژاردنی گرنگ بچێک راست که‌نه‌وه، زیاده بۆ ئه‌مه‌ش گروپ و جه‌مسه‌ر هه‌ن له یه‌کێتیدا ئێستا ده‌ستی کورتیان به‌توندی بهکاغهزه هه‌ڵوه‌ریو و تێكسته له ئاوچوهکهی رێکه‌وتنی ستراتیژیه‌وه گرتوه و به‌پاساوی "ئیستحقاقی" رێکه‌وتن و مێژوه‌وه به‌های گۆڕانکاری و راستیه‌کان وه‌ک خۆی نابینن و مامه‌ڵه‌ی ناکه‌ن.
کورد له باشور به‌گشتی سود و زه‌ره‌ری له‌م رێکه‌وتنه کردوه، هه‌ڵسه‌نگاندنی جیا بۆ ئه‌و هاوکێشه‌یه ده‌کرێت، ئێستا و پاش دو هه‌ڵبژاردن (2009 و 2013) ده‌رکه‌وت کاتیه‌تی ماڵئاوایی ته‌واو له ناوه‌رۆکه قۆرخکار و دژه دیموکراسیه‌که‌ی بکرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه خۆهه‌ڵواسین پێوه‌ی ئه‌و کانیه هه‌ڵقوڵاوه‌ی بۆته سه‌رچاوه‌ی ئایندهی دیموکراسیی له باشور وشک ده‌کات، وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی فه‌ڵه‌ستینیه‌کان، خوالێخۆشبو جۆرج حه‌به‌ش، وتویه‌تی: "الدفاع عن قضیة خاسرة لن یبعث فیها الحیاة، بل یجعل موتها اکثر دویا".
تا ئه‌و ساته‌ی ئه‌م گروپ و جه‌مسه‌رانه ملکه‌چی ئاکامه‌کانی هه‌ڵبژاردن نه‌بن سه‌رکه‌وتن و شکستیان دو روی هه‌مان دراوی سواوی ناسراویانه.
نهفامێکیش تێده‌گات به‌شێک له‌م دو هێزه ئه‌وه‌نده‌ی تامه‌زرۆی ده‌سه‌ڵات و هێز و پاره‌ن ناتوانن بۆ ساتێکیش بێت بێئهو کاڵایانه‌ی ههبگهی فکری و سیاسیان بژین، به‌چی ماشێنی حزب و میلیشیا و راگه‌یاندن و دو له‌شکری قه‌به‌ی موچه‌خۆر و نانخۆر و پاره‌خۆر و ئهرزخۆر رابگرن، به‌چی لیوا و فه‌وجه تایبه‌تیه‌کانیان و سوپای ده‌زگا تایبه‌تیه‌کانیان رازی بکه‌ن، بۆیه هه‌ر پۆستێکی گرنگ بۆته گرێکوێره‌یه‌کی ده‌رونی سیاسیان و گه‌مه‌ی ئێستای شێر و خه‌تیان له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێته‌وه، بۆ حه‌شاردانی نیه‌تیان ناو به‌ناو دهنگۆکهیهک به‌ئاوازی دیموکراسی بۆ خۆشکهیفی خه‌ڵکی و لایه‌نه‌کانی تر ده‌چرپێنن.
گۆڕان و ئه‌م دۆخه
گۆڕان له نه‌بونی و ناڕه‌زایی و هه‌ڵچوندا چاوی به‌دنیای سیاسه‌ت کردۆته‌وه، واش گۆشه نه‌کراوه بێ پاره و میلیشیا و پۆستی "ئه‌منی" بروتێتهوه، بێگومانیش له سه‌رکه‌وتن و شکستیدا نه له‌خۆی بای ده‌بێت و نه به‌رپرسه‌کانی ده‌که‌ونه سوکایه‌تیکردن به‌یه‌کتر و گیانی یه‌کتر، بۆ گۆڕان هه‌ڵکشان و داکشان دو روی پرۆسه‌یه‌کی سیاسی و دیموکراسین له بزوتنه‌وه‌یه‌کدا وشکبونه‌وه نازانێت، چونکه وه‌ک لافاوێک به‌رپابوه و به‌رده‌وامه.
پارتی دوای ئه‌نجامه‌کانی گۆڕان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌یلولی رابوردو گه‌یشتۆته جۆرێک له قه‌ناعه‌ت که ئه‌زیه‌تدان و گه‌مارۆدان و نوقرچ گرتنێک لێره و له‌وێ له گۆڕان پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری نه‌ک لاواز ناکات، به‌ڵکو به‌هێزتری ده‌کات. چی یه‌کێتیه به‌ده‌ست کێشه ناوخۆییه‌کانیه‌وه و زیاتر لاوازبونی پێگه‌ی و ترسی له ئایندهی حوکمرانی له پارێزگای سلێمانی و ناوچه‌ی گه‌رمیان و له ئاکامی ئه‌و مه‌ودایه‌ی پارتی لێی گرتوه ده‌ستی به‌هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن کردوه، ده‌سترۆیشتوانی ئه‌م ساته‌ی یه‌کێتی هێشتا گۆڕان به‌هۆکاری پاشه‌کشه‌ی به‌رده‌وامیان ده‌زانن، بۆیه که‌وتونه‌ته داوی گرێکوێرهیهکهوه رق و کینه و توندی به‌رامبه‌ر گۆڕان تێیدا به‌دیده‌کرێن.
قه‌ناعه‌ته واقیعیه‌که‌ی پارتی و گرێکوێره‌که‌ی یه‌کێتی ئه‌مەریکی واقیعی تازه‌یان فه‌رزکردوه، ئه‌ویش له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا ناچارن تیره‌کانیان ئاراسته‌ی یه‌کتریش بکه‌ن و له‌سه‌ر حسابی یه‌کتر پێگه‌یان به‌هێزتر بکه‌ن. گۆره‌پانی شه‌ڕه‌که‌یان له که‌رکوک چربۆته‌وه و خه‌ڵکی باش تێده‌گه‌ن چی نێو ئه‌و دو هێزه له‌وێ ده‌گوزه‌رێت، خوا ره‌حم بکات هه‌ر له قسه‌دا بمێنێته‌وه و "ئه‌منیه‌تی" نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ خاتری کورسی و له‌تێک زیاتر نه‌شێوێنن، له ناوچه دابرێنراوه‌کانی تر و ته‌نانه‌ت له سلێمانیش ماوه‌یه‌که ئه‌و دو هێزه ژێربه‌ژێر خه‌ریکی پلان دارشتن و کارکردن دژ به‌یه‌کتر.
له‌م گێژاوه‌دا و تا ئه‌م ساته‌ش گۆڕان رێگای دیالۆگ و دانوستانی پێڕه‌و کردوه. ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه گۆڕان خاوه‌نی ئه‌لته‌رنه‌تیڤی تر نه‌بێت. خه‌ڵکی هیواداره له گێژاوی پێکهێنانی کابینه و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا کارته‌کان تێکه‌ڵ نه‌کرێن و هه‌ر دو پرۆسه‌که به‌خراپی بۆ مه‌رامی سیاسی جیاواز به‌کارنه‌هێنرێن. دوا لێدوانه‌کانی نێچیرڤان بارزانی بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت له ئاکامی دانوستانه‌کانی له گه‌ڵ شاندی گۆڕان و یه‌کێتی به‌جیا ئاماژه‌ن بۆ ته‌وابونی سه‌بری به‌رێزیشی و سنوردانان بۆ گه‌مه‌ی عه‌مره‌کارانی نێوان هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌مدا، خه‌ڵکی خوازیاره به‌که‌مترین زه‌ره‌ر له‌م دۆخه ده‌ربازبین، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ر یه‌ک قسه‌ی خۆی ده‌بێت. |
|
|