Print
 
 که‌رکوک و چیرۆکه‌کانی (9)
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Saturday, April 12, 2014

له‌ 1983 له‌ جه‌وله‌یه‌کی پێشمه‌رگانه‌ بۆ ناوچه‌ی سێخ بزێنی خوارو، له‌گوندی مه‌رزیخه‌ دوای بانگی مه‌غریب خه‌ڵکی گونده‌که‌مان کۆکرده‌وه‌و باسی شۆڕشم بۆ کرد. دوای ته‌واوبونی کۆبونه‌وه‌که‌، دونیا ته‌واو تاریک بو، خه‌ریکی ماڵئاواییکردن بوین له‌خه‌ڵکه‌که‌. له‌پشته‌وه‌ پیاوێکی پیر ده‌ستی کرد به‌ گیرفانی قه‌مسه‌ڵه‌ سه‌وزه‌ ئه‌مەریکیه‌که‌مدا، توند ده‌ستیم گرت، ئه‌وه‌نده‌ی گوت "ئه‌مه‌ بده‌ به‌ ماڵی شه‌هید ئه‌حمه‌د به‌گی قه‌سرۆک": کاک ئه‌حمه‌د یه‌کێ بو له‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌ 20/3/1982 له‌ شه‌ڕی مۆردخوارده‌ی سه‌رو له‌بناری خاڵخاڵان شه‌هید بو. له‌گه‌ڵ سپێده‌ی به‌یانیدا ده‌ستم به‌ گیرفانمدا کرده‌وه‌. 10 دیناری چاپی سویسری که‌وته‌ به‌رده‌ستم. له‌و ده‌مه‌دا له‌ترسی ته‌عزیبی زیندانیه‌کانی به‌عس و کێبڵی ده‌ستی جه‌لاده‌کانی، که‌مبون ئه‌وانه‌ی بوێربن نه‌ک هه‌ر به‌ ئاشکرا کۆمه‌کی پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیده‌کان بکه‌ن، به‌ڵکه‌ به‌ نهێنیش له‌دوره‌وه‌ سڵاویان لێبکه‌ن. ئه‌م سه‌ربازه‌ ونه‌ کێ بو ده‌ستیکرد به‌ گیرفانما، به‌داخه‌وه‌ ئێستاش نازانم کێیه‌!

رۆژی 9/4/2014 له‌گه‌ڵ شاندێکی ژنانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان که‌ له‌سلێمانیه‌وه‌ بۆ به‌شداریکردن له‌بانگشه‌ی هه‌ڵبژاردن هاتبون بۆ که‌رکوک، هه‌ردو بازاڕی حه‌سیره‌که‌ و جوت قاوه ‌و قه‌ڵامان به‌سه‌ر کرده‌وه‌. ژنه‌کان به‌ جلی کوردی ره‌نگاو ره‌نگه‌وه‌ و به‌ دابه‌شکردنی گۆڵ و نوقڵ به‌سه‌ر دوکاندار و رێڕه‌وه‌کانی ئه‌و بازاڕه‌، سیمای شاربون و کوردستانی بونیان دا به‌ بازاڕه‌که‌، ئه‌و دو سیمایه‌ی له‌ مێژدایه‌ له ‌که‌رکوک دزراوه‌.

ئێمه‌ی کاندیدی بزوتنه‌وه‌که‌ش بۆ په‌رله‌مانی عێراق، کارتی ریکلامی خۆمان ده‌به‌خشیه‌وه‌. ده‌سته‌یه‌ک کارت له‌نێو ده‌ستم بو. له‌پڕ پیاوێکی سه‌رسپی ده‌ستی بۆ کارته‌کانی ناو ده‌ستم برد و گوتی "مه‌لا من موچه‌خۆرم، با که‌س نه‌زانێ"، له‌گه‌ڵ قسه‌کردنا به‌شێ له‌کارته‌کانی برد. هێنده‌ تیژتێپه‌ڕبو جگه‌ له‌قژه‌ سپیه‌که‌ی نه‌متوانی سیمای ده‌موچاوی باش ببینم، له‌پشته‌وه‌ باش تێی رامام. به‌ڵام هیچم بۆ نه‌خوێندرایه‌وه‌. هیوادارم ئه‌م سه‌رسپیه‌ش وه‌ک پیره‌مێرده‌که‌ی مه‌رزیخه‌ی لێ نه‌یه‌ت.

بۆ نه‌وه‌ستا؟ بۆ وه‌ک خه‌ڵکه‌که‌ی دیکه‌ ته‌وقه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌کردم؟ بۆ ده‌ستی بۆ گوڵ و نوقڵه‌کان نه‌برد؟

وه‌ڵامی ئه‌م هه‌مو بۆ و پرسیارانه‌‌، مه‌گه‌ر ته‌نها له‌ "مه‌لا من موچه‌خۆرم"  بدۆزمه‌وه‌. ئه‌گه‌ر نا ده‌بێت چاوه‌ڕوان بکه‌م تا ئه‌و رۆژه‌ی پانتایی ئازادی له‌م شاره‌ وای لێدێت سه‌رسپی و گه‌نجه‌کان و مه‌لاکان و دکتۆره‌کان و هه‌مو که‌س بتوانێت قسه‌ بکات‌. به‌ڵی نا‌هه‌قی ئه‌و سه‌رسپیه‌ ناگرم، موچه‌بڕین و نانبڕین زۆر قورسه‌، 18 مانگ چێشتومه‌‌، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بوم به‌ گۆڕان. سه‌رسپی هه‌قیه‌تی دور نیه‌ خاوه‌ن کۆشێ خێزان بێ. به‌ دوریشی نازانم شه‌ڕه‌ په‌ڕۆ و ته‌قه‌کانی ئاسمانی که‌رکوک ترسی لا دروست کردبێت.

به‌ڵێ 11 ساڵه‌ له ‌که‌رکوک له‌سایه‌ی که‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵاتی جوت حیزبی و ئیداره‌ی که‌رکوکه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر ئاسه‌واری ته‌عریب به‌ زه‌قی ماوه‌، نه‌وت و سامانی که‌رکوک به‌هه‌ده‌ر ده‌درێت، به‌ڵکه‌‌ عه‌قڵه‌کان تیرۆر ده‌کرێن و ترس ده‌چێندرێت.
Sbeiy.com © 2007