Print
 
 كوردو هه‌ڵبژاردن ..تیڤاڵ و مه‌كسی‌ كوده‌ری‌
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Wednesday, April 16, 2014

مرۆڤ نرخی‌ له‌سه‌ر دانانرێ‌، كاتی‌ خۆی‌ سپارتاكۆس بۆ ئه‌وه‌ راپه‌ڕی‌ كه‌ به‌گژ ئه‌و نرخدانانه‌دا بچێته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر مرۆڤ داده‌نرا، سۆفستایییه‌كان هاتن وتیان مرۆڤ پێوه‌ری‌ هه‌مو شته‌كانه‌، واته‌ پیرۆز ترینه‌، خودا له‌قورئاندا به‌وجۆره‌ باسی ده‌كات كه‌ مرۆڤیان له‌ جوانترین كڵێشه‌ "شێوه‌" دروستكردوه‌، مرۆڤ بۆ فرۆشتن نیه‌، لێ‌ ئه‌وه‌ته‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌ مرۆڤ هه‌یه‌ كڕین و فرۆشی‌ پێوه‌ ده‌كرێت، هه‌مو ته‌قه‌لای‌ ماركس ئه‌وه‌ بو مرۆڤ له‌كاڵا بون رزگار بكات، چیرۆكه‌كه‌ دورو درێژه‌و به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌، كاتێ‌ ئیسرائیلیه‌كان ویستیان سه‌ربازه‌ دیله‌كه‌یان رزگار بكه‌ن نرخێكی‌ گه‌وره‌یان له‌سه‌ر دانا، نرخی‌ ئیسرائیلیه‌ك زیاتر له‌ دوسه‌ت عه‌ره‌ب كه‌وت،  هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ش مامه‌ڵه‌كردنه‌ به‌ مرۆڤه‌وه‌، بەڵام بایه‌خدانه‌ به‌ مرۆڤ، خۆزگا نوسه‌رانی‌ عه‌ره‌ب نرخی‌ مرۆڤی‌ عه‌ره‌بیان لای‌ سه‌ركرده‌كانی‌ عه‌ره‌ب پێده‌وتین، چونكه‌ كه‌س نازانێ‌ عه‌ره‌ب لای‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ نرخی‌ چه‌نده‌، بۆ نمونه‌ لای‌ سه‌دام نرخی‌ سه‌د مرۆڤ زۆر كه‌متر بو له‌نرخی‌ بۆشكه‌یه‌ نه‌وت، ئه‌دی‌ لای‌ پیاوێكی‌ وه‌ك به‌شار ئه‌سه‌د ئاخۆ گوله‌یه‌ك نرخی‌ زیاتره‌ یان مرۆڤێك ئه‌مه‌ پرسیاره‌كه‌یه‌ .

من لێره‌دا قسه‌ له‌سه‌ر عه‌ره‌ب ناكه‌م و باس له‌كورده‌ حه‌یاته‌كه‌ی‌ خۆمان ده‌كه‌م، ساڵی‌ 1992 رۆژی‌ هه‌ڵبژاردن له ‌قادركه‌ره‌میه‌كان تابوری‌ كه‌س و كاری‌ ئه‌نفالكراوان به‌وپه‌ڕی‌ گه‌شبینیه‌وه‌ ریزیان به‌ستبو بۆ ده‌نگدان دو گه‌نج له‌ریزه‌كه‌دا بۆ هه‌ركه‌س زه‌رفێكیان درێژ ده‌كردو وه‌ك دیاری‌ ده‌یاندانێ‌، كاتێ‌ زه‌رفی‌ به‌ساڵاچویه‌كم كردەوه‌ "دو بیست و پێنجی‌ سێ‌ ئه‌سپی‌ تیابو، ئه‌وانه‌ی‌ دواتر  توڕدران" دوای‌ ئه‌و هه‌مو ساڵه‌ نرخه‌كان هه‌ندێ‌ جار به‌رز ده‌بنه‌وه‌و هه‌ندێ‌ جار نزم، نزم تا ئاستی‌ ئه‌وه‌ی‌ مه‌كسیه‌كی‌ كوده‌ری‌ و مه‌نجه‌ڵێكی‌ تیڤاڵ، له‌وپه‌ڕی‌ به‌رزیشدا ره‌نگه‌ بۆ هه‌ندێ‌ كه‌س بگاته‌ ئۆتۆمبێلێك، هه‌رچه‌ند بێت ئه‌و نرخدانانه‌ له‌سه‌ر مرۆڤ ئه‌و په‌ڕی‌ سوكایه‌تیه‌ به‌ مرۆڤ و ناكرێ‌ قه‌بوڵ بكرێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی‌ نرخ له‌سه‌ر مرۆڤه‌كان داده‌نێن له‌ 23 ساڵی‌ رابردودا به‌ ملیاره‌ها دۆلاریان له‌میلله‌ت دزیبێت و هه‌ركاتیش پێویستی‌ كردبێت به‌ پاره‌ی‌ حه‌په‌لوشكراو شه‌ڕی‌ یه‌كتریان كردبێت و مناڵی‌ خه‌ڵكیان به‌ كوشتدابێت .

هه‌ر هێزو لایه‌نێك نرخ له‌سه‌ر مرۆڤ دابنات، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ ئه‌و په‌ڕی‌ بێڕێزی‌ به‌ مرۆڤ ده‌كات، هه‌روه‌ها هه‌ركاتیش بۆی‌ بلوێت خۆی‌ ده‌فرۆشێ‌، له‌راستیدا ئه‌گه‌ر مرۆڤی‌ كورد له‌سه‌ر هیچ نه‌یه‌نه‌ وەڵام پێویسته‌ له‌وه‌ بێنه‌ ده‌نگ كه‌ نرخیان له‌سه‌ر داده‌نرێت، ئێمه‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 1991ه‌وه‌ چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ بوین شكۆ بۆ مرۆڤی‌ كورد بگێڕدرێته‌وه‌و ببێته‌وه‌ ئه‌و مرۆڤه‌ی‌ له‌سایه‌ی‌ عیزه‌تی‌ نه‌فسی‌ به‌رزیا بژێت نه‌ك نرخی‌ به‌و راده‌یه‌ كه‌مكرێته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ مه‌كسیه‌كی‌ كوده‌ری‌، كه‌ ته‌نانه‌ت پاره‌كه‌شی‌ هی‌ خودی‌ میلله‌ته‌و پێشتر لێیدزراوه‌.
Sbeiy.com © 2007