|
کزبونی ئه‌ستێره‌ی یه‌کێتی... بۆچی؟ |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Wednesday, April 16, 2014 |
هۆکاری نوسینی ئه‌م بابه‌ته ئه‌و لێدوان و بۆچون و نوسینانه‌ی چه‌ند به‌رپرس و نوسه‌رانی یه‌کێتیه که له گه‌رمایی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌مدا ئۆباڵی پاشه‌کشه‌ی حیزبه‌که‌یان ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی فاکته‌ره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان، تایبه‌ت گۆڕان، خۆشیان وه‌ک فریشته و قوربانیه‌کی دیموکراسی نمایش ده‌که‌ن، زۆر شیاوه ئه‌وانه پێشئه‌وه‌ی ده‌رزیه‌ک به خه‌ڵكیدا بکه‌ن سوژنێک به خۆیاندا بکه‌ن.
ساڵانێکه سیاسه‌ت و هه‌ڵوێست و ره‌فتاری ده‌سترۆیشتوه‌کانی یه‌کێتی و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ گۆڕانکاری و روداوه‌کان و چاوه‌ڕوانیه‌کانیان بۆ ئاینده بهقهتماغهیهکی تۆخی تۆباوی داپۆشراون، پشتئه‌ستور به مێژو و بهگروتینی ئه‌قڵیه‌تی میلیتانت و له خۆبایی بون و بێباکیه‌وه و له سایه‌ی کاریزما و که‌سایه‌تی به‌هێزی مام جەلال له‌و ره‌وشه‌دا گوزه‌ریان کردوه.
شکسته‌کانی یه‌کێتی به‌راده‌ی سه‌ره‌کی باجی هه‌ڵه و گرفته ناوخۆییه‌کانی یه‌کێتین، هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی زه‌مینه و هۆکاری تر و خۆپاککردنه‌وه له خه‌تاباری له وه‌همێکی نه‌زۆک زیاتر نیه، وه‌همێک دۆخی یه‌کێتی زیاتر ئاڵۆزتر ده‌کات.
که‌سێکی خاوه‌ن ویژدان نادۆزیته‌وه نکۆڵی له قوربانی و سه‌روه‌ریه‌کانی یه‌کێتی بکات له سه‌رده‌مێکدا کورد له باشور به‌رامبه‌ر دوژمنێکی دڕنده و سه‌رسه‌خت شه‌ڕی مان و نه‌مانی ده‌کرد و یه‌کێتی سه‌رقافڵه‌ی ئه‌و خه‌باته بێ وێنه‌یه بو له مێژوی میلله‌تاندا.
بۆ یه‌کێتی گه‌یشت به‌م رۆژه؟ بۆ ئه‌ستێره گه‌شه‌که‌ی له ئاسمانی کوردستان کزبوه، ئه‌و هۆکار و زه‌مینانه چیبون پاڵیان بهیهکێتیهوه به‌ره‌و نشێوی ده‌نا؟
زه‌مینه و هۆکاره‌کان
یه‌که‌م: پێکهاته‌ی یه‌کێتی
پێکهاته جیاوازه‌کانی یه‌کێتی له سه‌ره‌تای دروستبونیه‌وه له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی به‌رگری نه‌ته‌وه‌یی و خه‌باتکردن بۆ مافه‌کانی کورد به‌یه‌که‌وه گرێدرابون، ره‌وته سیاسی و فکریه جیاکانی ناو یه‌كێتی له‌سه‌ر رۆلێ مام جەلال هاوڕا بون. تا راپه‌ڕین، بێجگه له چه‌ند هه‌وڵێکی نه‌زۆکی سنورداری چه‌ند گروپێک بۆ لادان و شێواندنی روخساری یه‌کێتی، زۆر به‌سه‌ربه‌رزی و سه‌روه‌ریه‌وه ئه‌و پێکهاتانه رۆڵی مێژویی خۆیان به‌ڕێکردوه. دوای راپه‌ڕین له‌ژێر کاریگه‌ری مه‌ترسی به‌رده‌وامی رژێمی سه‌دام و ناڕۆشنی ئایندهی کورد یه‌کێتی به‌رده‌وام سه‌رقافڵه‌ی سیاسی و خه‌باتی گرتبوه ئه‌ستۆ. له ساته ناوه‌ختدا شه‌ڕی ناوخۆ به‌رۆکی یه‌کێتی گرت و ناچار کرا به‌رگری بکات، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وام ده‌ستپێشخه‌ری بۆ ئاشتی کردوه، له ئاکامدا رێکه‌وتنی واشنتۆن کۆتایی به‌شه‌ڕی ناوخۆ هێنا. لێره به‌دواوه داکشانی یه‌کێتی رۆژانه به‌رچاو بو، زه‌مینه به‌هێزه هاوبه‌شه‌که‌ی پێکهاته جیاوازه‌کانی یه‌کێتی تا ده‌هات له‌رزۆک و کاڵدهبوهوه. ئه‌گه‌ر وردتر سه‌یر بکه‌ین ئه‌و شه‌قبون و کاڵبونه‌وه‌یه له یه‌که‌م کۆنگره‌ی گشتی یه‌کێتیدا به‌زه‌قی به‌رچاو ده‌که‌ون، کاتێک له ئاکامی ململانێ له‌سه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌کێتی به جۆرێک له کوده‌تای حیزبی له سه‌رکردایه‌تیدا وه‌ڵام درایه‌وه، وه‌لا و تاعه‌ت بۆ جه‌مسه‌رێک کران به پێوه‌ری سه‌ره‌کی کۆکردنه‌وه و به‌ڕێوه‌بردنی یه‌کێتی. به‌شێک له سه‌رانی جه‌مسه‌ره‌کان بۆنی پشکی خۆیان له کێکه‌که‌ی یه‌کێتی ده‌کرد، بۆیه زۆر ئاسان جێگۆڕکێیان به پێگه و هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌کرد. یه‌کێک له خه‌سڵه‌ته‌کانی پێکهاته جیاکانی یه‌کێتی له سه‌ره‌تاوه دۆستایه‌تی و خزمایه‌تی و خه‌ڵکی یه‌ک ناوچه و یه‌ک شار و یه‌ک عه‌شره‌ت بوه (ئه‌و سات بۆ یه‌کێتی ئه‌م خه‌سڵه‌تانه سودمه‌ند بون)، دواتر هه‌ر گروپێک تا ئه‌م ساته‌ش ده‌ستی به‌و سه‌رچاوه‌ی هێزبونیهوه گرتوه و به‌ری نادات. هێدی هێدی و له ئاکامی دانهڕشتنهوهی دروستی گونجاوی په‌یوه‌ندی و پێگه و ده‌سه‌ڵاتی پێکهاته‌کان له ژیانی شار و حوکمڕانیدا فره‌کوێخایه‌تی و فره به‌رژه‌وه‌ندپه‌رستی تا ئاستی دژایه‌تیکردنی یه‌کتر له‌م پێکهاتانه که‌وتنه‌وه. به‌کورتی فره‌مینبه‌ری و جۆرێک له ئۆتۆنۆمی بۆیان سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌هێزی سه‌رده‌می شاخ بون، به‌ڵام له سه‌رده‌می شار و گۆڕانی بۆ فره کوێخایه‌تی و فره به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کان بون به‌به‌ڵا به‌سه‌ر یه‌کێتیه‌وه.
له‌و دۆخه‌دا ته‌نانه‌ت کار گه‌یشته راده‌یه‌ک به‌شێک له‌و جه‌مسه‌رانه ماف به‌خۆیان بده‌ن بێ ئاگایی مام جەلال و سه‌رکردایه‌تی هه‌وڵی سازدانی په‌یوه‌ندی ده‌ره‌کی بده‌ن، وه‌ک له گه‌ڵ ئه‌مەریکا و تورکیادا، هه‌روه‌ها له خوله‌کانی شه‌ڕی ناوخۆشدا ئه‌م گروپانه بۆ شکاندنی یه‌کتر کاریان کردوه (چاوخشاندنه‌وه به ئهنساتی ناوه‌ندی یه‌کێتی و هه‌ندێ له بروسکه تایبه‌تیه‌کانی به‌ره‌کانی شه‌ڕ له‌و سه‌رده‌مانه‌دا ئه‌م راستیه ده‌سه‌لمێنن).
وێڕای ئه‌وه‌ی یه‌کێتی دوای نه‌مانی شه‌ڕی ناوخۆ سه‌رکه‌وتو نه‌بو له ئاشتیه‌کی گرژاویدا رۆڵی خۆی له ئاراسته‌کردنی دروستی دۆخی سیاسی و حوکمڕانی و دیموکراسی باشوردا ببینێت، هاوته‌ریب له‌و دۆخه‌دا ناکۆکی و کێشه‌کانی ناوخۆی یه‌کێتی به‌رفراوانتر و قوڵتریش ده‌بونه‌وه و بێ چاره‌ی گونجاو که‌ڵه‌که ده‌بون و به‌شێکی به‌رچاوی سه‌رکردایه‌تی و کادیره‌کانی له لیتاوی گه‌نده‌ڵی و به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کاندا گیرسانه‌وه و تا ئه‌م ساته‌ش تێیدا چه‌قیون. یه‌كێتی له به‌ره‌ی ده‌ره‌وه و ناوخۆی حیزب لاواز بو، به‌شێک له سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی حیزبیان جێهێشت و دواتر رۆڵیان له دروستکردنی گۆڕاندا بینی، هه‌ندێ جه‌مسه‌ر تۆباوی ئاسا پێیان وابو دوای ئه‌مه ئیتر یه‌کێتی بو به حیزبێکی هۆمۆجین و بێ کێشه و گرفت ده‌چێته سه‌ر سکه‌ی خۆی. بهنهخۆشکهوتنی مام جەلال یه‌کێتی کۆڵه‌که به‌هێزه‌که‌ی له واقیعدا له‌ده‌ستدا و له‌و ساته‌وه‌ش پاشه‌کشه و لێکترازان و داڕمان لێره و له‌وێ جه‌سته‌ی به‌رناده‌ن.
جه‌مسه‌ره جیاکانی یه‌کێتی وه‌ک ئیداره‌ی حیزبی و دارایی و راگه‌یاندن و سه‌ربازی و هه‌واڵگری سه‌ربه‌خۆ کاریان بۆ خۆیان کردوه، هه‌ر یه‌که پشکی خۆی له داهات و بازرگانی و پۆست و پایه‌ی حیزبی و حکومی پچڕاندوه و سه‌پاندوه، ئه‌م کۆڵخۆزانهی ناو یه‌كیتی ته‌نها له حزوری مام جەلالدا بوێریان نه‌بوه سنوری به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی یه‌کێتی ببه‌زێنن و له غیابیشیدا بینرا چی به‌یه‌کتری ده‌که‌ن و چیان له یه‌کێتی کرد.
دوه‌م: مام جەلال
بۆئه‌وه‌ی که‌س به‌هه‌ڵه له مه‌به‌ستی ئه‌م شرۆڤه‌یه‌م بۆ رۆڵی مام جەلال تێنه‌گات شیاوه بڵێم بهلاوهدانی هیچ سه‌روه‌ری و ده‌سکه‌وته‌کانی به‌ڕێزی بۆ کورد و یه‌کێتی ئامانجی شرۆڤه‌که نین. کار و خه‌باتکردنی مام جەلال وه‌ک له ژیانی هه‌ر سه‌رکرده‌یه‌کدا راست و هه‌ڵه‌ی له‌خۆ گرتوه و هه‌ر دو لایه‌نه‌که‌ش پێگه و به‌های خۆیان هه‌یه، له‌م روانگایهشهوه هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ ده‌که‌م.
بۆ یه‌کێتیه‌کان و بۆ خودی خۆم باسکردنی ئه‌م ته‌وه‌ره ئاسان نیه، له کاتێکدا به‌ڕێزی ململانێ له گه‌ڵ نه‌خۆشیدا ده‌کات و هه‌مو کوردێکی به‌ئه‌مه‌ک باشبونی ره‌وشی ته‌ندروستی ده‌خوازێت.
مام جەلال وه‌ک سکرتێری گشتی به‌رپرسی یه‌که‌مه و رۆڵ و کاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌بوه له دروستبونی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای یه‌کێتی. مام جەلال وێڕای ده‌یان ساڵی به‌رده‌وامی خه‌بات و تێکۆشان خاوه‌نی هه‌ڵه و قۆناغی دژواریش بوه له ژیانی سیاسی‌دا. مام جەلال سه‌رکرده‌یه‌کی تۆتالیتێر نه‌بو و ئه‌و ساتانه‌شی سیماکانی سه‌رکرده‌یه‌کی ئۆتۆریته‌ری به‌رجه‌سته ده‌کرد به‌دڵی له‌ناو خه‌ڵکدا بو و له‌ناخی دڵیه‌وه خوازیاری چاکه و هاریکاریکردنیان بو. به‌گشتی مام جەلال نرخێکی زۆری دڵ‌پاکی و گه‌شبینی و خۆشباوه‌ڕی و توڕه‌بون و هه‌ڵچونه کاتی و هه‌ڵسه‌نگاندنه په‌له‌کانی داوه.
مام جەلال و به‌غدا
مام جەلال پێشئه‌وه‌ی ببێت به سه‌رۆک کۆمار له مه‌جلیسی حوکمدا (14 شیعه، 4 سوننه، 5 کورد و 2 مه‌سیحی – مام جەلال له مانگی نۆڤه‌مبه‌ری 2003 دا سه‌رۆکی بو) رۆڵی به‌رچاوی هه‌بو، وه‌ک مورافه‌عه‌که‌ی و له یاسای به‌ڕێوه‌بردنی عێراق له قۆناغی گواستنه‌وه و له بڕگه‌ی 58 ی ئه‌و یاسایه. یاسه‌که، وێڕای ناڕه‌زایی توندی سیستانی، مه‌رجه‌عی شیعه له عێراق، چه‌ند تهمولێلیهک سه‌باره‌ت به فیدراڵی پارێزگاکان، خاڵی به‌هێز و زه‌ماناتی بۆ کورد تێدابو که له‌و سه‌رده‌مه‌دا پێگه‌ی به‌هێزی کوردی له عێراقی "نوێ‌دا" ده‌سه‌لماند.
کاتێک مام جەلال بو به‌سه‌رۆک کۆمار(نیسانی 2005)، نه‌ک ته‌نها له کوردستان و یه‌کێتی و خه‌ڵکی تاڕاده‌یه‌ک دورکهتهوه، به‌ڵکو که‌وته ناو گێژاوی سیاسی و حوکمڕانی عێراقیشه‌وه. له‌م ئه‌زمونه نوێیه‌دا بهماندوبونێکی بێئه‌ندازه سیاسه‌تی رازیکردنی هه‌مو لایه‌نه‌کانی گرته‌به‌ر و ئاکامه‌که‌شی هیلاکبونی خۆی و رازینه‌بونی زۆربه‌ی لایه‌نه‌کان بو. مام جەلال له کاری سیاسی‌دا زیاتر مه‌یلی به‌لای شیعه‌دا بوه، دروستر بو هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ شیعه ته‌نها به‌پێوه‌ره‌کانی مێژو و چه‌وساندنه‌وه‌یان نه‌کات، به‌ڵکو سه‌رانی ئه‌و به‌ره‌یه وه‌ک هێزێکی چاوچنۆکی خولیای تۆڵه‌کردن و پاوانخوازی ده‌سه‌ڵات ببینیایه و زۆرینه‌یه‌کن عێراق له روانگای خۆیان و مه‌زهه‌به‌که‌یانه‌وه ده‌بینن. سه‌رکرده‌کانی کورد هه‌ڵه‌یه‌کی ستراتیژی گه‌وره‌یان کرد کاتێک به‌ره‌ی شیعه‌یان ئه‌وه‌نده به‌هێزکرد، که ئه‌مڕۆ ئاکامه‌که‌ی له په‌راوێزکردنی کوردا ده‌یبینین.
له چه‌ند چاوپێکه‌وتنی رۆژنامه‌وانی و لێدواندا ده‌رده‌که‌وێت مام جەلال له‌و باوه‌ره‌دا بوه که هێوری و ئارامی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی و مه‌زهه‌بی له عێراق بۆ کورد سودبه‌خشن. مام جەلال به‌درێژایی ته‌مه‌نی سیاسی رابه‌ری ناسیۆنالیزمی میللی بوه، له‌و باوه‌ڕه‌دا بوه چاره‌ی کێشه‌کانی کورد له به‌غدا ده‌ست پێده‌کات، ئه‌م دیده ستراتیژیه، ئه‌م ساته‌شی له گه‌ڵدا بێت، یه‌کێتی به‌و ئاراسته‌یه‌دا برد. ئه‌م بۆچونه وه‌ک داڕشته‌یه‌کی تیۆری زۆر جوان به‌رچاو ده‌که‌وێت، به‌ڵام ده‌رکه‌وت له ئه‌رزی واقیعدا و تا ده‌یان ساڵی تریش له عێراقدا مه‌حاڵه. ئاکامه‌که‌ی سه‌رهه‌ڵدانی مه‌ودا و لێکترازانێکی ستراتیژی له‌نێو ماڵی کورد و زۆر تایبه‌ت نێوان مام جەلال و یه‌کێتی له‌لایه‌ک و مسعود بارزانی و پارتی له‌لاکه‌ی تره‌وه، ئه‌مه له هه‌وڵی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیکی و پرسی سامانه سروشتیه‌کانی هه‌رێم و سیاسه‌تی کورد به‌رامبه‌ر په‌که‌که و وڵاتانی ناوچه‌که‌دا ده‌رکه‌وت.
مام جەلال بۆ خولی دوه‌می سه‌رۆک کۆمار (نۆڤه‌مبه‌ری 2009) نیه‌تی خۆی بۆ وازهێنان و ته‌رخانکردنی کاتی بۆ نوسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریه‌کانی راگه‌یاند، مه‌خابن هه‌ندێک له به‌رژه‌وه‌ندپه‌رسته‌کانی ده‌وروبه‌ری له به‌غدا رۆڵیان له په‌شیمانبونه‌وه‌ی هه‌بو، چونکه ئه‌و که‌سانه ببونه خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی بازرگانی ره‌های تایبه‌تیان و بێ مام جەلال له به‌غدا وه‌ک پوشێک وان به‌رگری بایه‌کی له‌رزۆکیان نه‌ده‌کرد، دواتر بینیمان هه‌ندێک لێیان چۆن ده‌رچون.
مام جەلال وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی ناوداری کورد و سه‌رکرده‌ی هێزێکی ده‌سه‌ڵاتدار له کوردستان له به‌غدا زیاتر کاری بۆ حیزبه‌که‌ی و پارتی هاوپه‌یمانی کردوه. چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ک به چۆنیه‌تی پرکردنه‌وه‌ی پشکی کورد له پۆسته حکومیه‌کانی عێراق و راوێژکار و پله تایبه‌تیه‌کان و له سلکی دیبلۆماسی ئه‌و راستیه ده‌سه‌لمێنێت. ته‌نانه‌ت له‌م بواره‌شدا مام جەلال بێده‌نگی هه‌ڵبژارد سه‌باره‌ت به‌و ناهه‌قیه‌ی به‌رامبه‌ر پشکی حیزبه‌که‌ی له پۆسته‌کاندا کران، ئه‌وه ئه‌رکی سه‌رکردایه‌تی یه‌كێتیه رێژه‌که ئاشکرا بکات.
مام جەلال و یه‌كێتی:
تا ئه‌م ساته‌ش ده‌شێت بوترێت مام جەلال و یه‌کێتی دو دیوی یه‌ک دراون و له‌یه‌ک جیاناکرێنه‌وه، ناشێت ئه‌م هاوکێشه‌یه ته‌نها به شێوازه میکانیکی و عاتفیهکهی سه‌یر بکرێت، به‌ڵکو شیاوتره بخرێته سه‌ر رێچکه‌ی مێژو و گۆڕانکاری و روداوه‌کان، چونکه ئه‌و هاوکێشه‌یه به‌رد و ئاسن نیه تا وه‌ک خۆی مابێته‌وه. له‌و پرۆسه‌یه‌دا (پێویست به‌باسکردنی مێژوه‌که‌ی ناکات) مام جەلال هه‌میشه رۆڵی کاریگه‌ر و به‌رچاوی له را‌گرتن و به‌رده‌وامی هاوکێشه‌که‌دا هه‌بوه.
راسته مام جەلال له دوری به‌غداوه ئاگای وردودرشتی یه‌کێتی بوه، به‌ڵام سه‌رکه‌وتو نه‌بو له ئاراسته‌کردن و به‌ڕێوه‌بردنی دروستی ناکۆکیه‌کانی نێو سه‌رکرده‌کانی یه‌کێتی که له دوری خۆیدا خه‌ستتر و به‌رفراوان بوبون. چه‌ند راپۆرتێکی ئه‌مەریکیه‌کان ئاماژه ده‌که‌ن به‌وه‌ی مام جەلال به‌درێژایی ساڵه‌کانی به‌غدای هه‌وڵی داوه کێشه‌کانی ناو حیزبه‌که‌ی و له گه‌ڵ پارتی هاوپه‌یمان دایان پۆشێت و نه‌یویستوه به‌هۆی ئه‌و کێشانه‌وه پێگه‌ی له به‌غدا لاواز بێت، بۆیه مامه‌ڵه‌یه‌کی ناواقیعیانه‌ی له گه‌ڵدا کردون، ئاکامه‌که‌ی که‌ڵه‌که‌بونی کێشه‌کان و ئاڵۆزتربونیان تاڕاده‌یه‌ک به‌شێک له گرفته‌کان له ژێر کۆنترۆڵ ده‌رچون. له سایه‌ی ده‌سه‌ڵات و گیروگرفته زۆره‌کانیدا مام جەلال له سه‌رکرده و سیاسه‌تمه‌دارێکی کراوه و گورج و گۆڵ و گه‌شبینه‌وه هێدی هێدی به‌ره‌و دوره‌په‌رێزی و قبوڵکردنی ئه‌مری واقیع و خۆپاراستن ده‌رۆیشت، ده‌وروبه‌ره‌که‌ی شورایه‌کی توندی بێ ما‌نایان له ده‌وری به‌رزکرده‌وه و له‌ژێر کاریگه‌ری چه‌ند که‌سێکی به‌رژه‌وه‌ندیخوازی نزیک لێی مام جەلال رۆڵی خۆی له ئیداره‌دانی یه‌كێتیدا وه‌ک پێویست نه‌بو. هاوسه‌ر و هاوخه‌باتی، هێرۆ خان، له چه‌ند موناسه‌به‌یه‌کدا راشکاوانه رایگه‌یاندوه له بونی مام جەلال له به‌غدا ئه‌وه‌نده مورتاح نیه.
هه‌ر کاتێکیش کێشه‌کانی یه‌کێتی خه‌ست به‌رچاو که‌وتون مام جەلال پێڕه‌وی سیاسه‌تی "چه‌پکه گوڵه‌که‌ی" له سایه‌ی بونی له لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا کردوه، به‌واتایه‌کی تر چه‌ند جه‌مسه‌رێکی ناکۆکی یه‌کێتی به پاره و پله و ئیمتیازات هێورکردۆته‌وه و بێده‌نگ و رازی کردون. مام جەلال ده‌یتوانی له‌بری ئه‌و رازیکردنه و دامرکانه‌وه‌ی کاتی کێشه‌کانی حیزبه‌که‌ی خه‌سڵه‌ته‌کانی یهکێتیبونی ئه‌و جه‌مسه‌رانه هه‌ڵسه‌نگێنێت و وه‌ک پێویست به‌دواداچون بۆ کار و ره‌فتاریان بکات و له‌و روانگایه‌وه مامه‌ڵه‌یان بکات، به‌مه‌ش هه‌م پێگه‌ی خۆی و یه‌کێتیشی به‌هێزتر ده‌کرد، مه‌خابن ئه‌وه‌ی نه‌کرد، بۆیه ئه‌و "چه‌پکه گۆڵه‌ی" به‌رده‌ستی تاده‌هات ره‌ونه‌ق و بۆنی له کاڵبونهوهدا بون و دواتر لێکترازان و ههڵوهرینیشی لێکه‌وته‌وه.
له کاتی نه‌خۆشکه‌وتنی مام جەلال، شوباتی 2007، بۆ چاره بۆ عه‌مانی پایته‌ختی ئوردون برا، به‌شێک له جه‌مسه‌ره‌کانی سه‌رکردایه‌تی به‌خه‌ستی له‌ده‌رگای ئه‌م وڵات و ئه‌و هێزیان ده‌دا تا وه‌ک جێگره‌وه‌ی مام جەلال قبوڵیان بکه‌ن، هه‌ر ئه‌و وڵات و هێزانه‌ش ده‌قی راپۆرته‌کانیان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه راده‌ستی خودی مام جەلال کردبو. ئه‌مه‌یه لوتکه‌ی بێهوده‌یی به‌رامبه‌ر به سه‌رکرده‌یه‌ک که زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی هه‌ڵپه‌ی شوێنه‌که‌ی بون خۆی دروستیانی کردون و پشتگیریشی کردون. ئه‌م پارادۆکسه له ده‌وروبه‌ری ژیانی سیاسی مام جەلال و له‌ناو یه‌کێتیدا به‌رده‌وام گورزی ئازارده‌ری قورسی له یه‌کێتی و مام جەلال وه‌شاندوه. ئه‌زمونه‌کان نیشانی ده‌ده‌ن که نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌وکاته‌ی جێگری مام جەلال بوه و زۆر لێی نزیک بوه راستگۆیانه و راشکاوانه دید و هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی راگه‌یاندوه و به‌شایه‌تی که‌سانێکی نزیک له هه‌ردوکیان هیچ کاتێک به‌پێچوپه‌نا و دو روییهوه مامه‌ڵه‌ی مام جەلالی نه‌کردوه. کاتێکیش له‌ناو یه‌کێتیدا گه‌یشته نائومێدی له گه‌ڵ مام جەلال دانیشت و پێی راگه‌یاند که ریزه‌کانی یه‌کێتی جێده‌هێڵێت.
مام جەلال و پارتی:
تا چ راده‌یه‌ک ئه‌زمونه تاڵه‌کانی نێوان مام جەلال و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتی له ماوه‌ی نزیک 40 ساڵی پێش رێکه‌وتنی واشنتۆن له دید و هه‌ڵسه‌نگاندنی مام جەلاله‌وه کاریگه‌ری له سه‌ر قۆناغه‌کانی دواتر هه‌بوه؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره پێویستی به لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی زۆر ورد هه‌یه له گه‌ڵ زانیاری ئه‌و که‌سانه‌ی زۆر له مام جەلاله‌وه نزیک بون. هه‌رچۆنێک بێت مام جەلال وه‌ک هه‌ر مرۆڤ و سه‌رکرده و سیاسه‌تمه‌دارێک نه‌یتوانوه ئه‌و مێژوه و کاریگه‌ریه‌کانی بسڕێته‌وه، ئه‌وه‌ی به‌رچاو که‌وتوه هه‌وڵێکی زۆری داوه سنورداریان بکات. له‌م هه‌وڵه‌یدا هه‌ڵه‌ی سیاسی و حیزبی کردوه و پارتیش به‌سنگی فراوانه‌وه پێشوازی لێکردون و پشتگیری تاڵه‌بانیان کردوه، چونکه خۆیان سودمه‌ندی یه‌که‌م بون.
به‌واژۆکردنی رێکه‌وتنی ستراتیژی په‌یوه‌ندیه‌کانی هه‌ردولا چونه قۆناغێکی فه‌رمیه‌وه و چه‌ند پێوه‌ر و ئاراسته به‌ڕێوه‌یان ده‌برد. ئه‌م رێکه‌وتنه لایه‌نی باش و خراپی هه‌بوه، سه‌باره‌ت به‌لایه‌نه خراپه‌که‌ی ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن هه‌ر که‌س و لایه‌نێکه‌وه وه‌ک "صک الغفران" خوێندرابێته‌وه کارێکی زۆر زه‌ره‌ربه‌خش بوه. به‌گشتی هه‌ردولا سودمه‌ند و زه‌ره‌رمه‌ند بون له رێکه‌وتنه‌که، سودی مادی و پله‌وپایه و دورخستنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری شه‌ڕی نێوانیان، له زه‌ره‌ردا پشکی شێر به‌ر یه‌کێتی که‌وت، چونکه رێکخستن و جه‌ماوه‌ری یه‌کێتی به‌نه‌فه‌سی کراوه و دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری گۆشه کرابون و زۆر ئه‌سته‌م بو بۆیان ئه‌و کرۆکه کۆمپاکتهی رێکه‌وتنه‌که بۆ قۆرخکاری و فه‌رامۆشکردنی پرۆسه‌ی به دیموکراتیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگایان پێ هه‌زم بکرێت، بۆیه ئه‌و رێکه‌وتنه له ساته زێرینهکانیشیدا نه‌یتوانیوه بۆ خواره‌وه‌ی یه‌کێتی شۆڕبێته‌وه و بچێته دلێ یه‌کێتیه‌کانه‌وه. له‌م رێکه‌وتنه‌دا له سایه‌ی گهشبینینی مام جەلال بۆ ئیداره‌دانی و خواستی تایبه‌تی خۆی بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی هه‌ر گرژیه‌ک له گه‌ڵ پارتیدا به‌په‌سندکردنی داواکاریه زۆره‌کانی پارتی شکاوه‌ته‌وه، وه‌ک پێدانی ماوه‌ی دو ساڵه‌که‌ی پشکی یه‌کێتی له سه‌رۆکایه‌تی کابینه‌ی پێنجه‌مدا له لایه‌ن مام جەلاله‌وه جارێکی تر به پارتی، وه‌ک راده‌ستکردنی پرسی سامانه سروشتیه‌کان به‌پارتی، وه‌ک زاڵبونی سیاسه‌تی پارتی له‌مه‌ر تورکیا و په‌که‌که. هێدی هێدی مامه‌ڵه‌کردنی پارتی له سایه‌ی رێکه‌وتنه‌که‌دا له رێچکه‌ی سروشتی مامه‌ڵه‌ی نێوان دو هێزی سه‌ره‌کی هاوپه‌یمانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی باشور ده‌رده‌چو و به‌ئاراسته‌ی جێبه‌جێکردنی حه‌ز و خواسته‌کانی پارتیدا ده‌برا. ئه‌م مامه‌ڵه‌کردنه روبه‌روی ناڕه‌زایی توندی به‌شێک له ده‌سترۆیشتوه‌کانی یه‌کێتی بوه‌وه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر پێداگری مام جەلالدا زو فه‌رامۆش ده‌کران.
راستیه‌کان له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع پیشانی ده‌ده‌ن دوای رێکه‌وتنه‌که کێرڤی پارتی رو له هه‌ڵکشان بوه و ئه‌وه‌ی یه‌کێتی به‌پێچه‌وانه‌وه بوه.
بچوککردنه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی و ته‌نانه‌ت ڤیتۆدانان له‌لایه‌ن پارتیه‌وه له‌سه‌ر یه‌ک دو ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی، که حازری کۆبونه‌وه هاوبه‌شه‌کان نه‌بن یه‌کێتی هێدی هێدی ده‌خسته په‌راوێز و پاشکۆی روداو و گۆڕانکاریه‌کانه‌وه. له دوا مه‌تافدا رێكه‌وتنه‌که بوه مۆته‌که‌یه‌کی سیاسی بۆ یه‌کێتی که تا ئه‌م ساته‌ش به‌رۆکی به‌رنه‌داوه، ئه‌مانه و زۆر شتی تریش قبوڵ کران و بێده‌نگی لێ‌کرا به‌پاساوی یه‌کریزی کورد و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه.
من پێموایه یه‌كێتی له‌و رێکه‌وتنه‌دا نرخێکی زۆری بۆ "راستکردنه‌وه‌ی" چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌کی مێژو داوه، یاخود به‌لایه‌نی که‌مه‌وه داپۆشینیان تا به‌رچاو نه‌بن. پارتی لهوبهوری زێوه له به‌رامبه‌ر رێگه خۆشکردن بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار ته‌واوی سه‌نته‌ره گرنگه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی کوردستانی خسته ژێر رکێفی خۆیه‌وه و که‌سێكیش به‌کردار نقه‌ی لێوه نه‌هات.
مام جەلال سیاسه‌تمه‌دارێکی خاوه‌ن ئه‌زمونێکی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند و چڕوپڕه له سیاسه‌ت، زۆرباش ده‌یزانی ئه‌زمونی جه‌لالی – مه‌لایی ده‌سکردی ئه‌و نه‌بوه، به‌ڵکو که‌سانی تر و وڵاته‌کانی ناوچه‌که ئاگره‌که‌یان خۆش کردبو و ئه‌و دواتر چوه ناو هه‌ڵمه‌ته‌که‌وه، بۆیه وێڕای هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی مێژویی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی کاتێک به‌پشتگیری به‌غدا شه‌ڕی شۆڕشی ئه‌یلول و خوالێخۆشبو مه‌لا مسته‌فا و پارتیان کرد، ده‌بوا ئه‌و ئه‌زمونه‌ی بخستایه چوارچێوه‌ی پێوه‌ره فکری و سیاسیه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه له‌بری ئه‌وه‌ی به‌درێژایی ته‌مه‌نی سڵ له‌و ئه‌زمونه به‌سه‌رچوه بکات و ببێته گرێکوێره‌یه‌کی سیاسی بۆ خۆی و حیزب و جه‌ماوه‌ره‌که‌ی له سه‌رده‌مێکی زۆر جیاوازی پاش ده‌یان ساڵ، هیچ پێویستیشی نه‌ده‌کرد هه‌ست بکات قه‌رزێکی مێژو که‌وتۆته سه‌رشانی و ده‌بێت بیداته‌وه.
له چوارچوه‌ی ته‌وه‌ری په‌یوه‌ندیه‌کانی یه‌کێتی و پارتی ته‌نها ئاماژه به‌ژماره‌ی چه‌ند راپۆرتێکی ئه‌مەریکیه‌کان ده‌که‌م، خوێنه‌ری به‌ڕێز ده‌توانێت له سایتی ویکیلیکس بیان خوێنێته‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی بکات.
راپۆرته تایبه‌ت و نهێنیه‌کان له‌سه‌ر پارتی و یه‌کێتی و گیروگرفت و کێشه‌کانیان:
05KIRKUK285 له 13-12-2005 KIRKUK 000004 له 09-01-2006
06KIRKUK12 له 28-01-2006 06KIRKUK32 له 09-02-2006
06KIRKUK37 له 16-02-2006 06KIRKUK53 له 05-03-2006
06KIRKUK57 له 09-03-2006 06KIRKUK76 له 31-03-2006
06KIRKUK126 له 15-07-2006 09BAGHDAD32_a له 07-01-2009
09BAGHDAD623_a له 10-03-2009 09BAGHDAD787_a له 23-03-2009
مام جەلال به‌ماوه‌یه‌کی کورت پێش نه‌خۆشکه‌وتنه‌که‌ی ده‌رکی به نادروستی شێوه‌ی مامه‌ڵه‌کردنی خۆی و یه‌کێتی له گه‌ڵ پارتیدا کردبو و زۆر به‌رونی ئاکامه‌کانیشی به‌رچاو بو، ئه‌مه هانده‌رێکی سه‌ره‌کی بو تا خۆی و یه‌کێتی له‌و داوه قوتار بکات و ته‌نها رێگه‌ی واقیعی به‌رده‌می رێکه‌وتنی ده‌باشان بو، بوێرانه هه‌نگاوی بۆ نا و له گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌نجامیان دا. مه‌خابن نه‌خۆش که‌وت و ده‌رکه‌وت ئه‌وانه‌ی دوه‌روبه‌ری ئه‌هلی هه‌نگاوی گه‌وره‌ی له‌و جۆره نین.
له گه‌ڵ نه‌خۆشکه‌وتنی مام جەلال کاریگه‌ری رێکه‌وتنه‌که زیاتر که‌وته ژێر پرسیاره‌وه، بۆ مام جەلال رێکه‌وتنه‌که ئامانجی سیاسی و حوکمڕانی و تایبه‌تی هه‌بو، له غیابیدا ده‌سترۆیشتوانی یه‌کێتی نه‌یانتوانی په‌یامێکی هاوبه‌شی به‌هێز بۆ ئه‌و بۆشاییه گه‌ڵاڵه بکه‌ن و هه‌ر جه‌مسه‌رێک له ئاوازێکی ده‌خوێند. دوای پاشه‌کشه‌ی یه‌کێتی له هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌رکه‌وت ئامانجی سه‌ره‌کی ده‌سترۆیشتوه‌کانی له رێکه‌وتنه‌که به‌کارهێنانیه‌تی بۆ پاراستنی پله و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان. پارتی پێشتر زۆر وردتر له دۆخه‌که تێگه‌یشتبو و توانی ئه‌و دهسترۆیشتوانه به شیرینی نه‌وت و چه‌ند ئیمتیازاتێک بهاوێژێته گێژاوێکی سیاسی قوڵه‌وه کاتێک رازیبون له‌سه‌ر درێژکردنه‌وه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێم. یه‌کێتی نرخێکی گرانبه‌های ئه‌و ره‌فتار و هه‌ڵوێستانه‌ی دا وه‌ک له داشكانی زیاتری له هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی سێپته‌مبه‌ردا ده‌رکه‌وت.
ئێستا ده‌سترۆیشتوانی یه‌کێتی هاواریان لێهه‌ڵساوه و داوا ده‌که‌ن پارتیش ئیلتزاماته‌کانی خۆی جێبه‌جێ بکات، پارتی ناهه‌قی نیه به‌گومانه‌وه بڕوانێته نیه‌تیان له رێکه‌وتنه‌که، گۆڕانکاریه‌کان ئاماژه‌ن بهدرونی کفنێکی پربه‌پێستی رێکه‌وتنه‌که.
مام جەلال و گۆڕان
بۆ تیشک خستنه سه‌ر هه‌ڵوێستی سه‌ره‌تایی مام جەلال به‌رامبه‌ر گۆڕان به‌شێک له نوسینێکی پێشوم به‌ناوی "گۆڕان و ئیرسی مام جەلال" لێره‌دا دوباره ده‌که‌مه‌وه:
له راپۆرتی تایبه‌ت و نهێنی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریکا له به‌غداد ژماره:09BAGHDAD3316_a ئامادکراو له 23 کانونی یه‌که‌می 2009 و له خاڵه‌کانی 6 و 7 دا هاتوه:
یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا بۆ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی نه‌وین، Jeffrey Feltman ، پرسیاری رۆڵی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی له ناو ژیانی سیاسی کورد له تاڵه‌بانی کرد، تاڵه‌بانی دروستبونی گۆڕانی به‌ئاکامی ناره‌زایی له دۆخه‌که پێناسه کرد. تاڵه‌بانی ره‌خنه‌ی له "ئه‌جێندای نه‌رێنی" گۆڕان گرت و وتی بزوتنه‌وه‌که په‌یکه‌ری رێکخراوه‌یی حیزبی و ئه‌جێندا و سه‌رکردایه‌تی نیه. له درێژه‌ی قسه‌کانیدا وتی: ئه‌ندامانی گۆران له روی سیاسیه‌وه نازج نین و له ده‌ره‌وه‌ی کوردستانی عێراق له سیاسه‌ت تێناگه‌ن و ره‌تیکرده‌وه گۆران گرنگی له ژیانی سیاسی کوردا هه‌بێت، تاڵه‌بانی ئیدیعای کرد که "هه‌زاران" که‌س له‌وانه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ته‌موزدا بۆ په‌رڵه‌مانی کوردستان پشتگیری گۆڕان یان کردبو بێ‌ئومێد بون و ئێستا گۆڕان جێده‌هێڵن.
پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی 25 ته‌موزی 2009 بۆ په‌رڵه‌مانی کوردستان مام جەلال له چاوپێکه‌وتنێکیدا له گه‌ڵ رۆژنامه‌ی Washington Post باس له ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌که ده‌کات، Anthony Shadid رۆژنامه‌نوس له 29 ته‌موزی 2009 له رۆژنامه‌که‌دا ئاماژه به‌چه‌ند به‌شێک له چاوپێکه‌وتنه‌که ده‌کات.
سلێمانی، عێراق، 28 ته‌موز : له چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا، تاڵه‌بانی، رایگه‌یاند که سه‌یری ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌که له لایه‌نه رۆشنهکهیهوه ده‌کات. سه‌رکه‌وتنی لیستی گۆڕان، به‌سه‌رکردایه‌تی دۆستی پێشوی تاڵه‌بانی، به‌رامبه‌ر به یه‌کێتی و حیزبه کوردیه ده‌سه‌لاتداره‌که‌ی تر، بۆ تاڵه‌بانی چاوه‌رواننه‌کراو بو. دۆستێکی تاڵه‌بانی وتی تاڵه‌بانی چاوه‌روانی ده‌کرد گۆڕان چه‌ند کورسیه‌کی که‌م به‌ده‌ست بهێنێت، زۆر که‌متر له 25 کورسی.
تاڵه‌بانی پێی وتم: "زۆر راشکاوانه پێت ده‌ڵێم، من زۆر دڵخۆشم که ئه‌وانه یه‌کێتیان به‌جێهێشت، بۆ چه‌ندین ساڵ ئه‌وانه کێشه‌ی گه‌وره‌ی ئێمه بون، سه‌ریه‌شه‌ی سه‌ره‌کیی ئێمه بون"، وتیشی ئه‌گه‌ر به‌یانی مسته‌فا ببینێت ته‌نها قسه‌ی دۆستانه‌ی له گه‌ڵدا ده‌کات و وتیشی "پیرۆزبایی لێده‌که‌م که له په‌رله‌مان کورسی به‌ده‌ست هێناوه". (کۆتایی وتاری رۆژنامه‌که).
له‌م دۆکیۆمێنتانهوه ده‌رده‌که‌وێت مام جەلال به‌شێوه‌یه‌کی نه‌رێن هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ گۆڕان کردوه، هه‌ر ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ش بوه زه‌مینه‌ی داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌سترۆیشتوانی یه‌کێتی به‌رامبه‌ر به گۆڕان له دو سێ ساڵی یه‌که‌مدا. پێکهاته‌کانی ئه‌م سیاسه‌ته بریتی بون له:
گه‌مارۆدانی گۆڕان له په‌ڕله‌مانی کوردستان، نانبڕینی هه‌واداران و هه‌ڵسوراوانی گۆڕان، دورخستنه‌وه و گواستنه‌وه‌ی زۆره‌ملێی گۆڕانخوازان له هێزه تایبه‌تیه‌کان و پۆسته هه‌ستیاره‌کاندا، بڕینی بودجه‌ی فه‌رمی گۆڕان له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه، تۆقاندن و چاودێریکردن و زیندانیکردنی گۆڕانخوازان، ئاماده‌سازی سه‌ربازی بۆ په‌لاماردانی گۆڕان هه‌ر کاتێک بهپێویستیانزانی (وه‌ک له سه‌نگه‌رگرتنی ده‌بابه‌کانی یه‌کێتی به‌رامبه‌ر به مه‌کۆی سه‌ره‌کی گۆڕان)، دواتریش دورخستنه‌وه‌ی گۆڕان له به‌شداریکردن له حکومه‌تی به‌غدا و چه‌ند کار و ره‌فتاری تر. مام جەلال له‌و قۆناغه‌دا هانی پارتیشی داوه له گه‌ڵ گۆڕان نه‌رم نه‌بن.
لوتکه‌ی دژایه‌تیکردنی مام جەلال بۆ گۆڕان و رێکخه‌ری گشتی له راپۆرته‌که‌یدا بۆ پلینیۆمی چواری حیزبه‌که‌ی له ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 2009دا ده‌رکه‌وت، دواتر نه‌وشیروان مسته‌فا به وتارێک به‌ناونیشانی "له هاوخه‌باتیه‌وه بۆ ته‌خوین" وه‌ڵامی دایه‌وه.
خۆشبه‌ختانه په‌یوه‌ندیه‌کان ئه‌و قۆناغه گرژهیان تێپه‌ڕاند و دواتر رێکه‌وتنی ده‌باشانی لێکه‌وته‌وه. مه‌خابن ره‌وتی دژ به گۆڕان له ده‌سترۆیشتوه‌کان چاویان به‌گه‌شه‌کردنی گۆڕان له بواری جه‌ماوه‌ری و ناوخۆیی و ده‌ره‌کی چۆته پشتی سه‌ریان.
یه‌که‌م هه‌نگاویان دوای دوا شکستیان داوای پێکهێنانی حکومه‌تی یه‌کڕیزی نیشتمانی بو، به‌ڕواڵه‌ت هه‌ڵوێستێکی جوان و دروست، کاتێک پارتی وه‌ک لایه‌نی یه‌که‌م ده‌ستی به‌کار کرد به‌و ئاراسته‌یه نیه‌تی راسته‌قینه له پشت داواکه‌ی ده‌سترۆیشتوانی یه‌کێتی ده‌رکه‌وت، ئه‌ویش تێهه‌ڵکێشکردنی به‌شێک له رێکه‌وتنی ستراتیژی (به‌شی پۆسته‌کان) له پرۆسه‌که‌دا به‌قازانجی خۆیان، مه‌به‌ستیشیان نه‌بو وه‌ک هێزێکی شکستخواردو به‌ته‌نیا له گه‌ڵ پارتی زۆر به‌هێز له‌سه‌ر مێزی حوکمرانی دانیشن (رێژه‌ی 68% به 32% به‌به‌رژه‌وه‌ندی پارتی)، بۆیه حکومه‌تی بنکه‌فراوان بۆ یه‌کێتی به‌شێک له سه‌نگه لهدهستچوهکهی راستده‌کاته‌وه. ئه‌وه‌ی تا ئه‌م ساته‌ش هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی یه‌کێتیه ده‌یانه‌وێت ئه‌و راستکردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر حسابی پێگه‌ی گۆڕان بکه‌ن، گۆڕان تا راده‌یه‌کی باش نه‌رمی نواندوه و بێگومانیش ئه‌مه سنوری خۆی هه‌یه، بێگومان زۆر شیاوه بۆ نه‌رمی زیاتر گۆڕان مه‌رج وداواکاری خۆی هه‌بێت.
له‌م گێژاو و بێنه و بیبهدا و له غیابی مام جەلالیشدا ده‌سترۆیشتوانی یه‌کێتی ده‌ستێکیشیان به ئێرانه‌وه گرتوه، هه‌رچی ئێرانه زۆر" جوامیرانه" شینه‌که‌ی له " حوسێنیهکهی" سلێمانی چرکردۆته‌وه و تا ئه‌م ساته‌ش شینه‌که‌ی هه‌ر بۆ هه‌ریسه‌که‌یه.
سێیه‌م: فاکته‌ره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی
وه‌ک پارتی، گۆڕان، ئێران، ئه‌مەریکا، تورکیا، هێزه عێراقیه‌کان و هێزه کوردستانیه‌کانی به‌شه‌کانی تر، تایبه‌ت په‌که‌که. شرۆڤه‌کردنی ئه‌م ته‌وه‌ره له هۆکاره‌کانی کزبونی ئه‌ستێره‌ی یه‌كێتی بۆ کاتێکی گونجاوتر هه‌ڵده‌گرم.
له کۆتاییدا هیوادارم ئه‌م شڕۆڤه‌یه به‌رچاورونی به هه‌موان بدات، باسکردنی راشکاوانه‌ی روداوه‌کان بۆ ده‌ستخستنه سه‌ر برینه‌کانه به‌مه‌به‌ستی سارێژکرنیان. |
|
|