Print
 
  ناوشیاری‌ مرۆڤ و كۆیله‌بونی‌ عه‌قڵ
نوسه‌ر:  ئاریان رەشید شەریف
Wednesday, April 18, 2018
 یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین و ترسناكترین كێشه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ ئێمه‌ له‌ ده‌ستدانی‌ قودره‌تی‌ "نا" وتنه‌ لای‌ مرۆڤه‌كانی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌. ئه‌وان به‌ سانایی ملكه‌چی‌ هه‌ر گروپ و ئایدۆلۆژیاییه‌كی‌ سیاسی ده‌بن، كه‌ به‌ناوی‌ ئه‌وانه‌وه‌ قسه‌ بكات و له‌بری‌ ئه‌و بیر بكاته‌وه‌و بڕیار بدات. (ئێریك فرۆم) گه‌وره‌ ده‌رونشیكاری‌ ئه‌ڵمانی‌ و بیرمه‌ندی‌ نه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ قوتابخانه‌ی‌ فرانكفۆرت ئه‌و دۆخه‌ی‌ مرۆڤ به‌ (هه‌ڵهاتن له‌ ئازادی‌ یاخود ترس له‌ ئازادی‌) ناوزه‌د ده‌كات. ئه‌و له‌ روانگه‌ی‌ ده‌رونشیكاریه‌وه‌ ئه‌و دۆخه‌ بۆ ترسی‌ مرۆڤه‌كان له‌ گرتنه‌ئه‌ستۆی‌ كرده‌ی‌ به‌رپرسیاریه‌تی‌ و بڕیار دان ده‌گێڕێته‌وه‌، له‌ قۆناغی‌ دوه‌می‌ "من"دا "منی‌ باڵا- “super ego،  كه‌ بریتییه‌ له‌ قۆناغی‌ هه‌رزه‌كاری‌ و به‌جێهێشتنی‌ قۆناغی‌ منداڵی‌ “منی‌ بچوك”super ego-. فرۆم توێژینه‌وه‌ له‌ زه‌مینه‌ی‌ سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنی‌ ئایدۆلۆژیای‌ فاشیه‌ت (نازی‌) له‌ ئه‌ڵمانیا ئه‌نجام ده‌دات و هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ سه‌ركه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنی‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌ سامناكه‌ - كه‌ دواتر گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی‌ به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا هێنا - بۆ تێكشانی‌ كه‌سێتی‌ تاكی‌ ئه‌ڵمانی‌ و وێران بون و داڕمانی‌ دۆخی‌ سایكۆلۆجی‌ ئه‌وان ده‌گێڕێته‌وه‌. فرۆم وا لێكده‌داته‌وه‌ كه‌ مرۆڤ له‌ قۆناغی‌ منداڵیدا هیچ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كی‌ له‌سه‌ر شان نیه‌، دایك و باوك یاخود گه‌وره‌كان ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن بۆیه‌ منداڵ هه‌میشه‌ ئاسوده‌و به‌خته‌وه‌ره‌. به‌ڵام كاتێك ئه‌و منداڵه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت و به‌ ژیانی‌ نێو كۆمه‌ڵگا ده‌بێت و قۆناغی‌ منداڵی‌ جێ ده‌هێڵێت، چیتر ناتوانێ‌ ئازادانه‌ ره‌فتار بكات. عه‌قڵ و ئاوه‌زی‌ گه‌شه‌ده‌كات، چیتر ئه‌و تاكێكی‌ ئازاد و بێ ده‌ربه‌ست نیه‌، به‌ڵكو ئیتر ئه‌و درك به‌ مانای ره‌فتارو به‌رئه‌نجامی‌ كرداره‌كانی‌ ده‌كات، بۆیه‌ هه‌ست ده‌كات كه‌ ئه‌و به‌رپرسیاره‌ له ره‌فتار و كرداره‌كانی‌. لێره‌وه‌ ئه‌و روبه‌ڕوی‌ دو ئه‌ركی‌ قورس ده‌بێته‌وه‌ كه‌ پێشتر لێی‌ بێ به‌ری‌ بوه‌ ئه‌وانیش بڕیاردان و به‌رپرسیاریه‌تین، له‌و روانگه‌ی‌ كه‌ ئه‌و زۆر له‌م دو ئه‌ركه‌ ده‌ترسێت و  ده‌سڵه‌مێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌‌وڵی‌ ده‌رباز بون لێیان ده‌دات، به‌م پێ یه‌ش ته‌سلیمی‌ هه‌ر كه‌س و گروپ و لایه‌نێك ده‌بێت له‌ بری‌ ئه‌و ئه‌و ئه‌ركانه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت، لێره‌شه‌وه‌ ئایدۆلۆژیا فێڵی‌ خۆی‌ ده‌كات و به‌ناوی‌ گرتنه‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌و ئه‌ركانه‌وه‌ ئیراده‌ی‌ تاكه‌كان كۆنترۆڵ ده‌كات و له‌ بری‌ ئه‌وان بڕیار ده‌دات، تاكه‌كانیش به‌ گه‌رمیه‌وه‌ پێشوازی‌ له‌و ئایدۆلۆژیا گشتگیرانه‌ ده‌كه‌ن و ملكه‌چ و گوێ رایه‌ڵیان ده‌بن، به‌مه‌ش زه‌مینه‌ی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ تۆتالیتاریه‌ت له‌بار ده‌بێت.

له‌م دۆخه‌دا تاك ‌وێنای‌ خۆی‌ وه‌كو – بكه‌ر- ی‌ مێژو ناكات، كه‌ توانای‌ بڕیاردان و گۆڕانكاری‌ هه‌یه‌ و ده‌توانێ روبه‌ڕوی‌ به‌رئه‌نجامی‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیه‌كانی‌ ببێته‌وه‌. به‌ڵكو بێ ئیراده‌و پاسیڤه‌ له‌ هه‌مبه‌ر پێشهات و گۆڕانكاریه‌كان. ئه‌و هیچ كات خۆی‌ به‌ دروستكه‌ری‌ مێژو نازانێ‌ و وه‌كو كه‌سێكی‌ بێ تواناو بێ ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر روداوه‌كان له‌ خۆی‌ ده‌ڕوانێت. ترسناكی‌ ئه‌م دۆخه‌ش له‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌میشه‌ زه‌مینه‌ی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ عه‌قڵی‌ ده‌سته‌جه‌معی‌ و گروپی‌ ئایدۆلۆژی‌ گشتگیر ده‌ڕه‌خسێنێت. هه‌میشه‌ له‌م بارو دۆخانه‌دا كۆیله‌ییی‌ و گه‌ردن كه‌چی‌ چاره‌نوسی‌ مرۆڤه‌كانه‌و، له‌ بری‌ گه‌شتن به‌ ئازادی‌ و سه‌رفرازی‌ دیل بون و زه‌لیل بون به‌ به‌رهه‌م دێت.

له‌ ده‌ستدانی‌ ئیراده‌ی‌ تاكه‌ كه‌سی‌ و نه‌بونی‌ بوێری‌ دروستكردنی‌ دونیایه‌كی‌ جوانی‌ دڵخواز لای‌ مرۆڤه‌كانی‌ ئێمه‌، ئه‌وانی‌ گیرۆده‌ی‌ ته‌سلیم بون به‌ گروپ و ئایدۆلۆژیا سیاسیه‌ جیاوازه‌كان كردوه‌، ئه‌و ده‌سته‌و گروپ و ئایدۆلۆژیانه‌ش ره‌وایه‌تی‌ خۆیان له ره‌زامه‌ندی‌ تاكه‌كان به‌ده‌ست هێناوه‌و له‌ بری‌ ئه‌وان ئه‌ركی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كۆمه‌ڵگا به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌گرن و له‌ بری‌ ئه‌وان فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كه‌ن. هه‌ریه‌ك له‌و ده‌سته‌و گروپانه‌ش به‌ پشت به‌ستن به‌ ئایدۆلۆژیا، به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان وه‌كو به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ ده‌خه‌نەڕو، خۆیان وه‌كو نوێنگه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ چاو لێ ده‌كه‌ن. هه‌ر كاتیش تاكه‌ ئایدۆلۆژیایه‌ك ئیمكانی‌ زاڵ بونی‌ به‌سه‌ر ئایدۆلۆژیاو ده‌سته‌و تاقمه‌كانی‌ تردا هه‌بو، ئه‌وا خۆی‌ وه‌كو تاكه‌ نوێنه‌ری‌ كۆمه‌ڵگا وێنا ده‌كات و دونیابینی‌ خۆی‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م تاكه‌كاندا ده‌سه‌پێنێت. له‌م باره‌شدا عه‌قڵی‌ تۆتالیتاری‌ عه‌قڵی‌ زاڵی‌ كۆمه‌ڵگا ده‌بێت و تاك هیچ ‌وجودێكی‌ فیعلی‌ له‌ بڕیارو كرده‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا نابێت، ئایدۆلۆژیای‌ تۆتالیتار ده‌بێته‌ عه‌قڵی‌ سه‌رجه‌م تاكه‌كان و له‌ بری‌ ئه‌وان پلانی‌ ژیانی‌ نێو كۆمه‌ڵگا ده‌كێشێت. به‌ڵام له‌ دۆخی‌ ئاماده‌یی چه‌ند ئایدۆلۆژیایه‌كی‌ باڵاده‌ست و چه‌ند ده‌سته‌و گروپێكی‌ خاوه‌ن نفوزی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌، تاكه‌كان به‌سه‌ر ئه‌و ئایدۆلۆژیاو ده‌سته‌و تاقمه‌دا دابه‌ش ده‌بن، هه‌ر یه‌ك له‌وان مل كه‌چی‌ یه‌كێك له‌و گروپ و ئایدۆلۆژیایانه‌ ده‌بێت، و دونیا ناسی‌ خۆی‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و ئایدۆلۆژیایه‌وه‌ وێنا ده‌كات كه‌ گوێ رایه‌ڵی‌ بوه‌. به‌مه‌ش ده‌سته‌و گروپه‌كانیش به‌ سود وه‌رگرتن له‌ گوێ رایه‌ڵی‌ تاكه‌كان و به‌ده‌ست هێنانی‌ متمانه‌و ره‌زامه‌ندی‌ ئه‌وان سه‌رقاڵی‌ به‌ده‌ست هێنانی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌كانی‌ خۆیان ده‌بن. ململانێی‌ نێوان ئه‌و ده‌سته‌و تاقمانه‌ش ده‌بێته‌ ململانێ و كێشمه‌كێشی‌ نێوان سه‌رجه‌م تاكه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا. تاكه‌كان له‌ ژێر هه‌ژمونی‌ عه‌قڵی‌ ده‌سته‌جه‌معی‌ و ئایدۆلۆژیای‌ باڵاده‌ست ئه‌و شه‌ڕو ململانێ یه‌ وه‌كو شه‌ڕێكی ره‌سه‌نی‌ خۆیان چاو لێ ده‌كه‌ن، سه‌ركه‌وتنیان له‌و شه‌ڕو ململانێ یه‌ش وه‌كو ئامانجی‌ ئینسانی‌ خۆیان ده‌بیننه‌وه‌.

له‌ كۆمه‌ڵگای‌ خۆمان پارچه‌ پارچه‌ بونی‌ جه‌ماوه‌رو دابه‌ش بونی‌ خه‌ڵك به‌سه‌ر پارته‌ سیاسیه‌كان، ده‌رفه‌تی‌ داوه‌ته‌ ئه‌و پارت و گروپانه‌ كه‌ به‌ سود وه‌رگرتن له‌ پشتگیری‌ كردنی‌ ئه‌وان و به‌ده‌ستهێنانی ره‌وایه‌تی‌ جه‌ماوه‌ر، ده‌ست له‌ قوڕگی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ كۆمه‌ڵگا گیر بكه‌ن و بێ باكانه‌ خه‌ریكی‌ تاڵان كردن و به‌هه‌ده‌ردانی‌ ماڵ و موڵكی‌ گشتی‌ بن. بێ ئاگایی تاكه‌كان له ره‌وتی‌ ژیانی‌ خۆیان و نا وشیاریان سه‌باره‌ت به‌ ماف و ئیمتیازاته‌كانیان، ئه‌وانی راپێچی‌ كۆیله‌بون و گه‌ردن كه‌چی‌ كردوه‌، هه‌ر یه‌ك له‌وان به‌رژه‌وه‌ندی‌ و ئازادی‌ خۆی‌ وابه‌سته‌ی‌ پارتێكی‌ سیاسی‌ دیاری‌ كراو كردوه‌، كه‌ كۆی‌ ئه‌مه‌ش له‌شكرێك له‌ كۆیله‌ی‌ ئازاو شه‌ڕكه‌ر هه‌میشه‌ له‌ دۆخی‌ ئاماده‌ باشیدان بۆ وێران كردن و له‌ناوبردنی‌ یه‌كتر. ئه‌وان قودره‌تی‌ درك كردنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ مرۆییانه‌ی‌ خۆیان نیه‌و ده‌ره‌تانی‌ ئه‌نجام دانی‌ كرده‌ی‌ ئازادانه‌یان له‌ ده‌ست داوه‌، ئه‌وان بونه‌ته‌ له‌شكرێك له‌ كۆیله‌ و تاقمێك له رۆبۆت، كه‌ شه‌ڕێكی‌ بێ ئامانی‌ ترسناك ده‌كه‌ن به‌ ئامانجی‌ خزمه‌ت كردن به‌ ئاغاكانیان. نۆكه‌ری‌ و گوێ رایه‌ڵی‌ بۆ ئاغاكیانان وه‌كو تاكه‌ ئه‌ركی‌ ئینسانیانه‌ی‌ خۆیان چاو لێده‌كه‌ن و ئیمكانی‌ ناسینی‌ خۆیان وه‌كو تاكی‌ ئازادی‌ خاوه‌ن كه‌رامه‌ت له‌ده‌ست داوه‌.

بێگومان له‌ دونیای‌ ئێستادا، وێناكردنی‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ بێ پارتی‌ سیاسی ئیمكانی‌ نیه‌، دونیای‌ ئه‌مڕۆ دونیایه‌كه‌ له‌لایه‌ن نوخبه‌ی‌ به‌رجه‌سته‌بوی‌ نێو چه‌ند پارتێكی‌ سیاسی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ته‌نانه‌ت له‌نێو كۆمه‌ڵگا نا دیموكراسیه‌كانیشدا دیسان پارتێكی‌ سیاسی له‌ هه‌ره‌می‌ ده‌سه‌ڵاتدا باڵی‌ خۆی‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م پنته‌ جیاوازه‌كانی‌ نێو كۆمه‌ڵگادا كێشاوه‌. به‌ڵام ده‌كرێت لانی‌ كه‌م له‌ نێو كۆمه‌ڵگا دیموكراسیه‌كان و به‌ سود وه‌رگرتن له‌ پانتایی كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌، تاكه‌كان وێنایه‌كی‌ جیاواز ببه‌خشنه‌ پارته‌ سیاسیه‌كان و له‌ بری‌ ته‌سلیم بونی‌ بێ بنه‌مای‌ ئه‌و پارتانه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئیستغلالی‌ پارته‌كان بكه‌ن له‌ پێناوی‌ هێنانه‌دی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ و سودی‌ كۆمه‌ڵگا. بێ گومان ئه‌م دۆخه‌ش ته‌نها له رێگای‌ وشیاربونه‌وه‌ی‌ تاكه‌كان و به‌ ئاگاهاتنه‌وه‌ له‌ دۆخی راسته‌قینه‌ی‌ ژیانی‌ خۆیان مه‌یسه‌ر ده‌بێت.

له‌ دونیای‌ ئێمه‌دا ئه‌مڕۆ خه‌ڵك ململانێ یه‌كی‌ نه‌فامانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری و شه‌ڕێكی‌ كوێرانه‌ له‌سه‌ر پارته‌ سیاسیه‌كان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ بوارێك بۆ خۆیان به‌مه‌به‌ستی‌ تێگه‌شتن له‌ پارتی‌ سیاسی‌ بهێڵنه‌وه‌، ئه‌وان نازانن بۆ ئه‌و ململانێ و كێشمه‌كێشمه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، كه‌ له راستیدا كیشه‌و شه‌ڕی‌ ئه‌وان نیه‌، ئایدۆلۆژیا كاری‌ خۆی‌ بۆ نه‌فام كردنی‌ تاكه‌كان ئه‌نجام داوه‌، ئه‌وانی‌ دوچاری‌ دۆخێك كردوه‌ كه‌ شه‌ڕكرن له‌سه‌ر ئه‌و ئایدۆلۆژیایانه ‌و به‌رگریان له‌و پارت و گروپانه‌ وه‌كو ئامانجێكی‌ پیرۆزی‌ بان مێژوی‌ ته‌ماشا بكه‌ن. ئه‌وان ئیمكانی‌ درك كردنی‌ ئه‌وه‌یان نیه‌ كه‌ ململانێ‌ و كێشمه‌كێشه‌كه‌ له راستیدا له‌نێوان خه‌ڵك و ده‌سه‌ڵاتدایه‌، له‌ نێوان میلله‌ت و پارته‌كانی‌ نێو پرۆسه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایی دایه‌، ئه‌مڕۆش یه‌كێتی‌ و پارتی‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ن و پارته‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆنیش زمانحاڵی‌ داواكانی‌ خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ جه‌ماوه‌رن، ده‌كرێت ئه‌م دۆخه‌ش گۆڕانی‌ به‌سه‌ردا بێت و پێگه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسێون ئاڵوگۆڕی‌ تێدا رو بدات.

لێره‌وه‌ وشیار بونه‌وه‌ی‌ تاكه‌كان و ئاگادار بونیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ و ده‌ستكه‌وته ره‌سه‌نه‌كانی‌ خۆیان و ناسینی‌ خۆیان وه‌كو مرۆڤی‌ ئازادی‌ به‌ ئیراده‌ی‌ خاوه‌ن كه‌رامه‌ت، پێشمه‌رجی رزگاربونی‌ عه‌قڵی‌ ئه‌وانه‌و سه‌ره‌تای‌ ده‌سپێكی‌ چاولێكردنی‌ ئامانجه‌ ئینسانیه‌ پیرۆزه‌كانی‌ خۆیانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئازاد و ملكه‌چ نه‌بون. سه‌ره‌تای‌ ئاشنابونی‌ ئه‌وانه‌ به‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ و وێنا كردنی‌ مرۆڤه‌ وه‌كو بویه‌كی‌ خاوه‌ن عه‌قڵی‌ خاوه‌ن كرده‌ی‌ ئینسانی‌، ئاشنابونه‌ به‌ مرۆڤێك كه‌ به‌ كرده‌ی‌ ئازادانه‌ی‌ خۆی‌ مێژوی‌ خۆی‌ ده‌خوڵقێنێت. گرنگه‌ خه‌ڵك وه‌كو گشت و تاك هه‌ند هه‌میشه‌ نازكاری‌ پێگه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خۆی‌ بێت و به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخی‌ خۆی‌ بكات. به‌مه‌ش زه‌مینه‌ی‌ خولقاندنی‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ دڵخواز له‌بار ده‌بێت.


* خوێنکاری ماسته‌ر له‌ فیکری سیاسی هاوچه‌رخ
Sbeiy.com © 2007