Print
 
 نه‌ریتی‌ بێمنه‌تی‌
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Monday, April 21, 2014

نالی‌ مه‌زن یه‌ك له‌چرا هه‌ره‌ گه‌شه‌كانی‌ ئاسمانی‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌و شاری‌ "دارالمولكی‌ بابان" له‌شیعرێكدا ده‌فه‌رموێ‌ "مه‌ڵێن كه‌ڵكی‌ نه‌بو رۆی‌ جه‌هه‌نه‌م" چه‌ند به‌داخم له‌م سه‌ر زه‌مینه‌ی‌ ئێمه‌دا لایه‌ن و حیزب و ناوه‌ند و كه‌لتور و نه‌ریتێك هه‌ن، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌یان ساڵ خزمه‌تیان ده‌كه‌یت كاتێ‌ ده‌ڕۆی‌ نه‌ك هه‌ر ده‌ڵێن رۆی‌ جه‌هه‌نه‌م، ته‌نانه‌ت به‌ ده‌ستیان بێت هه‌زارو یه‌ك ناوناتۆره‌ت ده‌ده‌نه‌ پاڵ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌رابردودا ده‌رهه‌ق به‌ ده‌یان كه‌س كراوه‌، له‌كاتێكا هه‌ڵگرتنی‌ بیرو باوه‌ڕێك و وازلێهێنانی‌ سه‌ره‌تایترین مافی‌ مرۆڤه‌كانه‌، چه‌ندم حه‌ز ده‌كرد دوای‌ وازهێنانی‌ كه‌سێك له‌شوێنێك ئیدی‌ ئه‌و شوێنه‌ له‌بری‌ هه‌وڵدان بۆ ناشرینكردنی‌، شانازی‌ پێوه‌ كردباو سوپاسی‌ كردبا كه‌ ده‌یان ساڵی‌ ته‌مه‌نی‌ به‌خشیوه‌ پێی‌، زۆرجارم گوێ‌ لێبوه‌، كه ‌باسی‌ نوسه‌رێ‌، رۆشنبیرێ‌، هونه‌رمه‌ندێ‌، یان شۆڕشگێڕێ‌، یاخود داهێنه‌رو زانایه‌، كراوه‌ وتراوه‌ ئه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ شار یان وڵاته‌كه‌ی‌ منه‌و شانازی‌ پێوه‌ كراوه‌، پورتوگال و ئه‌رجه‌نتین زۆرترین شانازی‌ به‌ كریستیانۆ و میسیه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌چی‌ ئه‌وان زۆرترین خزمه‌تی‌ وه‌رزشیان بۆ وڵات و شوێن و یانه‌ی‌ دیكه‌یه‌، گابریل گارسیا ماركیز زۆر كه‌متر له‌ كۆڵۆ‌مبیا بوه‌ ئه‌وان شانازی‌ پێوه‌ ده‌كه‌ن، كه‌سێك هه‌مو ته‌مه‌نی‌ له‌شوێنێ‌ تر به‌سه‌ر ده‌بات و له‌ شوێنێ‌ تر له‌دایك بوه‌، شوێنه‌زاكه‌ی‌ شانازی‌ پێوه‌ ده‌كه‌ن .

خۆزگه‌م ئه‌وه‌ ده‌بوه‌ نه‌ریت نه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بوترێ‌ حه‌وت به‌رد له‌شوێنی‌، یان تڕو منه‌تی‌ كاركردنی‌ سیاسی‌، یان فه‌رهه‌نگی‌  خۆی‌ به‌سه‌ردا بكرێت. من زۆرجار ئه‌وه‌م باسكردوه‌، تۆ ناتوانی‌ مرۆڤ ناچاری‌ ئه‌وه‌بكه‌یت بیرو باوه‌ڕه‌كه‌ی‌ له‌مستی‌ تۆدا بێت، بەڵام ده‌توانی‌ به‌نیشاندانی‌ وێنه‌یه‌كی‌ جوان سه‌رنجی‌ رابكێشی‌ .

ئه‌وه‌نده‌ی‌ خۆمان ماندو ده‌كه‌ین بۆ ناشرینكردنی‌ یه‌كتر زۆر ئاسانتره‌ جوانیه‌كانی‌ یه‌كتر ببینین، ئه‌وانه‌ی‌ كار له‌سه‌ر ناشرینكردنی‌ خه‌ڵكی‌ تر ده‌كه‌ن بیریان ده‌چێت له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌كه‌دا سه‌یری‌ خۆیان بكه‌ن .

دوا قسه‌شم بۆ دۆستێكه‌ كه‌ نێردراوەتە پەرله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی‌ قانون ده‌ربكات و مه‌ده‌نیه‌ت بڵاوبكاته‌وه‌ نه‌ك به‌ كۆڵێك چه‌ك و جبه‌خانه‌وه‌، باس له‌ناشرینی‌ ئه‌وانی‌ تر بكات .

تێبینی‌:
یه‌كه‌م: زۆرم پێناخۆشبو دوای‌ رۆیشتنی‌ عارف روشدی‌ هه‌وڵی‌ ناشرینكردنی‌ درا، وه‌ك چۆن پێشتر ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاك عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ و ئه‌وانی‌ تر كرا.

دوه‌م: پێم حه‌یفه‌ به‌ شاره‌كه‌ی‌ نالی‌ و سالم و كوردی‌ و مه‌حوی‌ و گۆران و سه‌دان ئه‌ستێره‌ی‌ روناكی‌ تر بوترێ‌ بێساحێب و ئه‌وه‌ش له‌زاری‌ كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ خۆی‌ رۆشنبیرو رۆژنامه‌وان بێت .

سێیه‌م: هه‌ركه‌سێك ئیدیعای‌ ئه‌وه‌ بكات گوایه‌ ده‌یان ساڵه‌ بۆ دیموكراتی‌ و ئازادی‌ مرۆڤ ده‌خه‌بتێ،‌ ناكرێ‌ هه‌ركه‌س له‌ریزه‌كه‌ی‌ ئه‌و ده‌رچو پێی‌ بڵێت خائین .
Sbeiy.com © 2007