|
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و دیموکراسی |
نوسه‌ر: ئاریان رەشید شەریف
|
Monday, April 21, 2014 |
دیموكراسی وه‌كو سیستمێك بۆ فه‌رمانڕه‌وایی و شێوازێك بۆ به‌ڕێوه‌بردن، هه‌ڵگری جۆرێك كلتور‌و چه‌شنێك شێوازی بیركردنه‌وه‌و ره‌فتاركردن و مامه‌ڵه‌كردنی ناوازه‌یه كه ئه‌م سیستمه له‌سه‌رجه‌م شێوازه‌كانی تری فه‌رمانڕه‌وایی و تێكڕای سیستم و فۆرمه‌كانی تری حوكمڕانی جیا ده‌كاته‌وه. ئه‌وه‌ی زیاتر واده‌كات سیستمی دیموكراسی په‌سه‌ندو به‌بایه‌خ بێت و له‌سه‌رجه‌م شێوازه‌كانی تری فه‌رمانڕه‌وایی خوازراوتر و له‌به‌رتر بێت، ئه‌و فه‌زا ئازاد‌و كراوهیهیه كه دیموكراسی فه‌راهه‌می ده‌كات. له‌سایه‌ی دیموكراسیدا و به‌سود وه‌رگرتن له‌و دۆخه پلورالیستیهی دیموكراسی سازی ده‌كات ده‌رفه‌ت بۆ خه‌ڵك ده‌ڕه‌خسێ به‌رگری له‌مافه‌كانی بكات و ته‌عبیر له‌ویست و ئاره‌زوه‌كانی خۆی بكات، كه به‌به‌راورد بهفۆرمهكانی تری حوكمڕانی نمونه‌یی و ناوازه‌یه. له‌دیموكراسیدا مژده‌ی خه‌ونێكی یۆتۆپیایی و دونیایه‌كی خه‌یاڵی كه مرۆڤه‌كان وابه‌سته‌ی تاكه ئایدۆلۆژیایه‌كی دیاری كرا‌و یان تاكه دونیابینیه‌كی له‌پێشتر نه‌خشه بۆكێشراو بكات بونی نیه، وه‌ك ئه‌وه‌ی سیستمه تۆتالیتاریی و گشتیگیرهكان له‌مێژودا خولقاندویانه، كه هه‌میشه له‌ژێر وێنای دروستكردنی به‌هه‌شتدا دوزهخێكیان سازاندوه.
سیستمی دیموكراسی به هیچ فیكر و ئایدۆلۆژیایه‌كی سیاسی بارگاوی نیه، به‌ڵكو له‌ناخی خۆیدا هه‌ڵگری خه‌سڵه‌تی لێبورده‌یی و سازێنه‌ری جۆرێك له‌كه‌ش و هه‌وای یه‌كسانه كه ده‌ره‌تان بۆ سه‌رجه‌م فیكر‌و ئایدیالۆژیا جیاوازه‌كان ده‌خولقێنێ تاوه‌كو ئازادانه ململانێیه‌كی مه‌ده‌نیانه بكه‌ن له‌پێناو گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات. رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و چین و توێژه جیاوازه‌كانی كۆمهڵگاو ده‌سته‌و گروپ و سه‌ندیكا پیشهیهكانیش كه له‌ڕێگایانه‌وه ده‌رفه‌تی به‌رگری له‌داواكانی خه‌ڵك و فشار دروستكردن بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات فه‌راهه‌م ده‌بێ، ته‌نها له‌سایه‌ی دیموكراسیدا ئیمكانی كاركردنیان هه‌یه. ته‌نها له‌سایه‌ی دیموكراسیدا ئازادی تاك مومكین ده‌بێت و ته‌نها له‌و پانتایانه‌ی كه تیایاندا سیستمی دیموكراسی له‌ئارادایه دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی ئیمكانی چه‌سپاندنی ده‌بێت.
بوار ره‌خساندن بۆ خه‌ڵك به‌ئامانجی هه‌ڵسه‌نگاندن و ره‌خنه‌كردنی كاره‌كانی حكومه‌ت له‌گرنگترین ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌یه كه ته‌نها له‌دیموكراسیدا ئیمكانی هه‌یه، كه له‌ڕێگایه‌وه تاك هه‌میشه هه‌ست به‌بونی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌پرۆسه‌ی حوكمڕانیدا ده‌كات، ئه‌مه‌ش گرێدراوی ئازادیه‌و به‌توندی وابه‌سته‌ی هزری ئازادانه‌ی تاكه‌كانه، له‌ڕوانگه‌ی "برتراند راسل" فه‌یله‌سوفی ئینگلیزیه‌وه "خه‌ڵك كاتێك توانا‌و لێهاتویی هه‌ڵسه‌نگاندن و ره‌خنه‌گرتن له‌كارو كرده‌وه‌كانی حكومه‌تیان هه‌یه كه له‌ڕوی هزرو بیروبۆچونه‌وه ئازادی ته‌واویان هه‌بێت".
له‌سیستمی خود به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێمی كوردستاندا، ده‌رفه‌تی پیاده‌كردنی دیموكراسی به مانا باوه‌كه‌ی له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ئارادا نه‌بو، هه‌رچه‌نده پرۆسه‌ی هه‌ڵبژرادنی گشتی وه‌كو یه‌كێك له‌پایه‌كانی دیموكراسی به‌ئه‌نجام گه‌یشت، به‌ڵام عه‌قڵیه‌تی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ی لایه‌نه به‌هێزو خاوه‌ن نفوزهكانی پانتایی سیاسی ئه‌وكاتی هه‌رێم (یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان) خه‌ونی بونیادنانی سیستمێكی دیموكراسیانه‌یان لهگۆڕناو هه‌رزو ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردن و خه‌باتی مه‌ده‌نیانه‌ی خه‌ڵك شوێنیان بۆ لوله‌ی تفه‌نگه‌كان چۆڵكرد. فه‌زای ئازادی دیموكراسی و كلتوری لێكبورده‌یی له‌به‌رامبه‌ر به‌ربه‌ریه‌ت و عه‌قڵی شه‌ڕه‌نگێزی و یه‌كتری قبوڵ نه‌كردن هه‌ره‌سی هێناو شه‌ڕی ناوخۆش وه‌كو به‌رئه‌نجامی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته بو به ئه‌مری واقیع.
له‌زه‌مه‌نی دوای شه‌ڕی ناوخۆش، رێكه‌وتننامه‌ی ستراتیجی نێوان یه‌كێتی و پارتی و دابه‌شكردنی كوردستان به‌سه‌ر دو ناوچه‌ی دابڕاو له‌یه‌كتر له‌ڕوی ئیداری و سیاسیه‌وه‌و دابه‌شكردنی خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك بهسهردو ئایدۆلۆژیای گشتگیر‌و دو دونیابینی جیاواز، ده‌رفه‌ت بۆ هاتنه‌ئارای دیموكراسی له‌بار نه‌بو. یه‌كگرتنه‌وه‌ی حكومه‌ت و پێكهێنانی حكومه‌تی یه‌كگرتوی هه‌رێمیش له‌لایه‌ن ئه‌و دو پارته‌وه هێشتا زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی دیموكراسی نه‌ڕه‌خساند، چونكه ئه‌وان له‌بناغه‌دا هیچ بڕوایان به‌و پرنسیپ و بنه‌مایانه نه‌بو كه پایه‌كانی سیستمی دیموكراسی له‌سه‌ر جێگر ده‌بێت. هیچ یه‌كێك له‌وان دونیابینی خۆیان له‌سه‌ر بنه‌ماكانی دیموكراسی بار نه‌هێنابو، بڕوایان به ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات كز‌و لاواز بو یان هه‌ر له‌بناغه‌دا ره‌تی ده‌ستبه‌رداربونی ده‌سه‌ڵاتیان ده‌كرده‌وه. هه‌ریه‌ك له‌وان له‌ناوچه‌كانی خۆیان بواری راده‌ربڕینی ئازاد‌و بیركردنه‌وه‌ی ئازادیان به‌رته‌سك كردبوه‌وه، به‌مه‌ش خه‌ڵكیان ملكه‌چ و كۆیله‌ی خۆیان كردبو. خه‌ڵك وه‌كو ئامرازێكی به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی حیزب سهیردهكراو هیچ ده‌رفه‌تێك بۆ كرده‌ی ئازادانه‌ی خه‌ڵك له‌ئارادا نه‌بو، ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ش خه‌ڵك دوچاری دۆخێكی سایكۆلۆجی ناهه‌موار بونه‌وه، كه هیچ رێگایه‌كیان جگه له‌ملكه‌چ بون بۆ ئیراده‌ی حیزب و بونه كۆیله‌ی حیزب یاخود نامۆبون و بێبه‌ری بون له‌هه‌ر ماف و ئیمتیازێك و سه‌رئه‌نجام به‌جێهێشتنی وڵات له‌به‌رده‌مدا نه‌بو. نه‌بونی ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی كارا‌و چالاكیش ده‌رفه‌تی دابوه ئه‌وان به‌ئاره‌زوی خۆیان گاڵته به هه‌ست و سۆزی جه‌ماوه‌ر بكه‌ن و سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵك وه‌كو مافێكی تایبه‌ت و یاسایی خۆیان ته‌ماشا بكه‌ن.
لێره‌شه‌وه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ریهه‌ڵدا، كه له‌سه‌ره‌تادا ته‌نها وه‌كو كۆمپانیاییه‌كی راگه‌یاندن مانیفیستی خۆیكرد، به‌شێوه‌یه‌كی بوێرانه په‌نجه‌ی خسته سه‌ر برینه‌كانی كۆمهڵگاو په‌رده‌ی له‌سه‌ر لایه‌نه شاراوه‌و رازاوی و ترسناكه‌كانی ژیان و شێوازی كاركردنی ئه‌و دو حیزبه هه‌ڵماڵی. دواتر خۆی وه‌كو پارتێكی سیاسی ناساند و له‌ڕێگه‌ی كاركردن له‌سه‌ر ئاشكراكردنی گه‌نده‌ڵیه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه له‌لایه‌ن یه‌كێتی و پارتیه‌وه به‌ڕێوه ده‌برا، خستنه‌ڕوی دۆسیه شاراوه‌كانی گه‌نده‌ڵی و به ئاگاهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر كه‌موكوڕی و ناته‌واویه‌كانی ده‌سه‌ڵات و وشیاركردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر سه‌باره‌ت به‌ماف و ئیمتیازاته‌كانیان، توانی رۆڵی گه‌وره لهمۆبیلیزهكردنی خه‌ڵكدا ببینێ و به‌شێكی گه‌وره‌ی كورسیه‌كانی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست بێنێت. به‌ڕه‌تكردنه‌وه‌ی به‌شداریكردنیشی له ده‌سه‌ڵات و رازی نه‌بون به وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زاری (ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن) توانی رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی ئه‌كتیڤ یاری بكات. كاركردنی له‌سه‌ر ناساندنی خه‌ڵك به مافه‌كانیان و ئاشناكردنیان به گه‌نده‌ڵی و دزی و تاڵانیه‌كانی ده‌سه‌ڵات بوارێكی گه‌وره‌ی دایه خه‌ڵك ئازادانه ته‌عبیر له‌خواست و ئاره‌زوه‌كانی خۆیان بكه‌ن و وشیارانه له‌مافه‌كانی خۆیان بڕوانن و بۆ یه‌كه‌مجار دهرفهتیدایه تاكه‌كان به‌بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك ره‌خنه له‌ده‌سه‌ڵات بگرن و جێ په‌نجه‌یان له‌سه‌ر ئایندهی ژیانی خۆیان دیاری بكه‌ن.
بێگومان سه‌یركردنی بزوتنه‌ی گۆڕان وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی بێ كه‌موكوڕی، روانین لێی وه‌كو فریشته‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌همێكی قوڵ داده‌مه‌زرێ، چونكه هه‌ر له‌بناغه‌دا دابه‌شكردنی دنیا له‌سه‌ر بنه‌مای دوالیزمی شه‌یتان و فریشته هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه. ئه‌وانه‌ی ئێستا رەخنهی ئه‌وه لهبزوتنهی گۆڕان ده‌گرن كه گوایا گۆڕان ئه‌و فریشته‌یه نه‌بوه كه وێنای بۆ ده‌كرا، هه‌ر له‌بنه‌مادا بیركردنه‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ڵه‌و ترسناك بوه، سه‌یركردنی دونیا له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌یتان و فریشته ته‌نها له‌خه‌ونی تۆتالیتار‌و سیستمه گشتگیرهكاندا بونی هه‌یه. له‌دونیای دیموكراسیدا شه‌یتان و فریشته بونیان نیه، به‌ڵكو ره‌خنه‌گرتن و هه‌ڵسه‌نگاندن و ناڕه‌زایی ده‌ربڕین و رێكخستنی جه‌ماوه‌رو وشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك بونی هه‌یه له‌لایه‌ن هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانه‌وه. به‌مه‌ش بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان توانی رۆڵێكی كارا له‌كاری ئۆپۆزسیۆنیدا بگێڕێت و ئایدیا‌و بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك به ئاراسته‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی و كاری ئۆپۆزسیۆنی باربێنێت و كەلتوری لێكبورده‌یی و قبوڵكردنی یه‌كتر له‌ناخیاندا بچه‌سپێنێت.
به‌م شێوه‌یه بزوتنهوەی گۆڕان له‌كردنی ره‌خنه به‌ئامرازێكی سه‌ره‌كی بۆ خه‌باتی سیاسی و گرتنه‌به‌ری خه‌باتێكی میانڕه‌وانه به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ده‌نگی ناڕه‌زایی خه‌ڵك، مۆبیلیزه‌كردنی جه‌ماوه‌ر و سازدانیان بۆ خه‌باتێكی جه‌ماوه‌ری هێمنانه، بوار ره‌خساندن و بۆ تاك و گروپه‌كان بۆ ده‌ربڕینی داواكانیان و سازدانی ده‌رفه‌ت بۆیان بۆ گرتنه‌به‌ری شێوازی مه‌ده‌نیانه بۆ خه‌بات له‌هه‌مبه‌ر سته‌مكاریه‌كانی ده‌سه‌ڵات، زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و له‌دایكبونی دیموكراسی ره‌خساند. هه‌روه‌ها به ده‌ركه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌پانتایی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌ره‌تانی پلورالیزمی سیاسی و فره‌یی له‌بیرو بۆچوندا فه‌راهه‌م بو، به‌مه‌ش خه‌سڵه‌تی سیاسی هه‌رێم شه‌قڵێكی دیموكراسیانه‌ی به‌خۆوه گرت. "كارل پۆپه‌ر" فه‌یله‌سوفی به‌ڕه‌گه‌ز نه‌مسایی له‌كتێبی به‌ناوبانگی خۆی "كۆمه‌ڵگای كراوه‌و دوژمنه‌كانی" ده‌رباره‌ی گرنگی ره‌خنه له‌هێنانه ئارای فه‌زایه‌كی كراوه له‌سایه‌ی دیموكراسیدا ده‌ڵێت: "له‌بڕیاره سیاسیه‌كاندا، هه‌ڵه كاتێك ده‌رده‌كه‌وێت كه بواری ره‌خنه ببێ و ئه‌وكاره‌ش خۆی پێویستی به بونی كۆمه‌ڵگای كراوه‌و پلورالیستی هه‌یه، كۆمه‌ڵگای كراوه به‌و كۆمه‌ڵگایه ده‌وترێت كه تیایدا سیاسه‌ته ده‌وڵه‌تیه‌كان له‌ڕێگای رەخنهی به‌رده‌وامه‌وه هاوسه‌نگ بكرێت و گۆڕانیان به‌سه‌ردا بێت".
ئه‌وه‌شی وایكرد بزوتنه‌ی گۆڕان ئه‌و رۆڵه گرنگه له‌سه‌ر رێکخستنی سیستمی دیموكراسی و زیاتر شه‌قڵگرتنی دیموكراسی له‌سیستمی سیاسی هه‌رێمدا به‌رجه‌سته بكات، زه‌مینه‌ی له‌دایكبونی بزوتنه‌وی گۆڕان و سروشتی پێكهاته‌ی خودی بزوتنه‌وه‌كه بو كه بزوتنهیهكی میانڕه‌و و مه‌ده‌نی بو، له‌ناو هه‌ناوی سیستمی سیاسی هه‌رێمدا له‌دایك بو، پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئۆپۆزسیۆنانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی سیستم له‌دایك ده‌بن و سروشتێكی رادیكال و توندوتیژیان هه‌یه. "حسینی بشیریه" زانای كۆمه‌ڵناسی به‌ڕه‌گه‌ز ئێرانی له‌كتێبی "گوزه‌ر به‌ره‌و دیموكراسی" گرنگیه‌كی زۆر ده‌داته رۆڵی ئۆپۆزسیۆن لهگوزهر به‌ره‌و دیموكراسی، له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وه‌وه ئه‌و ئۆپۆزسیۆنانه‌ی له‌ناو سیستم له‌دایك ده‌بن و سروشتێكی دیموكراسیانه‌یان هه‌یه كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاو و دیاریان هه‌یه له‌پرۆسه‌ی گوزه‌ر به‌ره‌و دیموكراسی. |
|
|