|
ئێران چی لێمان ده‌وێت؟ |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Wednesday, May 21, 2014 |
کورته‌یه‌کی مێژو
ئێران له قۆناغه جیاکانی مێژودا هێزێکی گه‌وره‌ی ناوچه‌که بوه و رۆڵ و کاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌بوه. دوا قۆناغی گرنگ له رۆڵی ستراتیژی ئێران له ئاستی دنیا و ناوچه‌که دوا ساڵه‌کانی حوکمڕانی شا محەمەد ره‌زا په‌هله‌وی بو، سه‌رده‌می گه‌رمی شه‌ڕی سارد بو، کاتێک به‌پێی دۆکترینی نیکسۆن ئێران وه‌ک پۆلیسی رۆژئاوا له ناوچه‌که رۆڵی ده‌بینی و له ئاستی ئاسایشی که‌نداو و له رێکخراوی ئۆپێک و له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی یه‌کێتی سوڤیه‌تی جاران و شه‌پۆلی چه‌پڕه‌وی و کۆمێنیزمدا فاکته‌رێکی گرنگی بڕیاردان بو. به‌هاتنی رژێمی ئیسلامی و پێره‌وکردنی سیاسه‌تی هه‌نارده‌کردنی شۆڕشی ئیسلامی له یه‌که‌م ساڵه‌کانی حوکمڕانی خومێنیدا زو پێگه ستراتیژیه‌که‌ی ئێران دوچاری گه‌مارۆدان و ئه‌سته‌نگ و کاڵبونه‌وه بو. له گه‌ڵ به‌رپابونی شه‌ڕ له گه‌ڵ عێراقدا ئیتر ئه‌و وڵاته پێگه سیاسی و سه‌ربازی و ئابوریه ناوچه‌ییه‌کانیشی له‌رزۆک بون، دۆخێک ناچاری خومه‌ینی کرد جامه ژه‌هره‌که بۆ راگرتنی شه‌ڕه‌که بخواته‌وه. هه‌رچه‌نده هه‌ر دو وڵات دوای راگرتنی شه‌ڕ که‌وتبونه به‌ر ره‌حمه‌تی سیاسه‌تی "ئیحتوای دوانه"ی ئه‌مەریکاوه که جێگره‌وه‌ی سیاسه‌تی به‌هێزکردنی لایه‌نێکیان بو دژ به‌لایه‌نه‌که‌ی تر، به‌ڵام به‌داگیرکردنی کوەیت و لێدانی عێراق بۆ ده‌رکردنی له کوەیت و ئابڵوقه‌دانی ئابوری و سیاسی و نێوده‌وڵه‌تی عێراق زۆر لاواز بو و له به‌رامبه‌ردا رۆڵی ئێران له ناوچه‌که بوژایه‌وه، له‌و ساته‌وه‌ش و تایبه‌ت دوای روخاندنی رژێمی سه‌دام ئێران له‌سه‌ر چه‌ند ئاراسته‌ی گرنگ کاری کردوه، له‌وانه:
1- بنیاتنانی هێزی ئه‌تۆمی ئێران
2- به‌هێزکردنی محوه‌ری شیعه: ئێران – عێراق – سوریا – لوبنان
3- به‌هێزکردنی باری ئابوری
4- رۆڵی به‌ره‌نگاربونه‌وه له ناوچه‌که‌دا: له‌م بواره‌دا ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران باش تێگه‌یشتبون که رۆڵی راسته‌وخۆیان له مه‌سه‌له ستراتیژیه‌کانی ناوچه‌که په‌راوێز کراوه، وه‌ک داخستنی ده‌روازه‌کانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی که‌نداو به‌ڕویدا، بيدهسهڵاتیان به‌سه‌ر رێگا ئاویه‌کان و مهزیقی هورمز، بێده‌سه‌ڵاتیان به‌رامبه‌ر چه‌ندین بنکه‌ی سه‌ربازی و ئهستوڵی ئه‌مەریکی "شه‌یتانی گه‌وره" له ناوچه‌که و به‌رامبه‌ر کۆنترۆڵکردنی سه‌رچاوه‌کانی وزه له ناوچه‌که له‌لایه‌ن ئه‌مەریکاوه، له‌ده‌ستدانی کاریگه‌رییان له‌سه‌ر دیاریکردنی نرخی نه‌وت و ئاستی به‌رهه‌مهێنانی، زیاده بۆ ئه‌مانه‌ش به‌شێکی به‌رچاوی ناوچه‌ی سنوری خۆرئاوایان به‌درێژایی هه‌رێمی کوردستان بوه ناوچه‌ی نفوزی سه‌ربازی و سیاسی و هه‌واڵگری ئه‌مەریکا، دواتریش به‌روخاندنی رژێمی تاڵیبان له ئه‌فغانستان سنوره رۆژههڵاتیهکهشی به ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مەریکا و خۆرئاوا ته‌نرا، تورکیاش له سنوره‌که‌ی تریه‌وه و وه‌ک ئه‌ندامێکی ناتۆ مایه‌ی دڵنه‌وایی ئێران نه‌بوه. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه‌دا ئێران ته‌نیا توانیویه‌تی کێشه دروست بکات و ئاژاوه بنێته‌وه به‌مه‌به‌ستی تێکدانی ئه‌و هاوکێشه ستراتیژیانه، وه‌ک لێدانی که‌شتیه‌کی سه‌ربازی ئه‌مەریکا له که‌نداو و کوشتنی ده‌یان سه‌ربازی ئه‌مەریکی، فڕاندنی ده‌یان سه‌ربازی به‌ریتانی، هاندانی گروپه شیعه‌کان بۆ ئاژاوه له چه‌ند وڵاتێکی که‌نداو، پشتگیریکردنی بێئه‌ندازه‌ی (حزب الله) و حه‌ماس بۆ دروستکردنی كێشه بۆ ئیسرائیل، هاریکاریکردنی چه‌ند گروپێکی ئیسلامی له باشوری کوردستان، ته‌نانه‌ت به‌شێک له به‌رپرسه سه‌ربازی و هه‌واڵگریه‌کانی ئێران که له سایه‌ی چاوپۆشی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان کاره‌کانیان له هه‌رێم ئه‌نجام ده‌دا له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌مەریکا له سلێمانی و هه‌ولێر ده‌ستگیرکران ...هتد.
له‌بواری هێزی ئه‌تۆمیدا ئێران هه‌نگاوی زۆری ناوه و به‌هۆی ئابڵوقه ئابوری و سیاسیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان ناچارکرا به‌لایه‌نی که‌مه‌وه به‌رنامه ئه‌تۆمیه‌که‌ی رابگرێ و به‌شێکی بخاته ژێر چاودێری ئاژانسی ئه‌تۆمی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه.
ئه‌وه‌ی ئێران به‌جدی و به‌رده‌وام کاری له‌سه‌ر کردوه و ده‌یکات میحوه‌ره مهزههبیهکهیهتی له ناوچه‌که، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته سوپای قودس و فه‌رمانده‌که‌ی (قاسم سلێمان) تایبه‌ت ته‌رخان کردوه بۆ به‌ناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی شۆڕشی ئیسلامی له ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئاغای سلێمانی دوای خامنەیی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی به‌سه‌ر سوپاکه‌دا هه‌یه، ئه‌م زاته له مێژه په‌یوه‌ندیه‌کی توندوتۆڵی له گه‌ڵ به‌شێکی زۆری سه‌رکرده‌کانی شیعه‌ی عێراق و هێزه کوردیه‌کان هه‌یه. تۆڕێکی ئه‌خته‌بوت ئاسایی دیبلۆماسی و هه‌واڵگری و دارایی و سه‌ربازی له‌به‌ر ده‌ستدایه... په‌یوه‌ندیه‌کی توندوتۆڵی له گه‌ڵ به‌شێکی به‌رپرسه کورده‌کان هه‌یه و کاریگه‌ری زۆریشی له‌سه‌ریان هه‌یه. ده‌روازه‌کانی ده‌زگا گرنگه‌کانی عێراق به کۆمسیۆنی به‌ناو سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنیشه‌وه که زۆربه‌ی پیاوه‌کانی مالیکین بۆی کراوه‌ن، ئاغای قاسم ده‌سه‌ڵاتی سه‌رفکردنی سه‌دان ملیۆن دۆلاری له‌به‌رده‌ستدایه، باڵیۆزی ئێران له به‌غدا گوێ له رێنمایی و ئامۆژگاریه‌کانی ده‌گرێت. ئه‌م ئاغایه سه‌رپه‌رشتی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ئێران له عێراق و ئه‌فغانستان و باشوری لوبنان و ناوچه‌ی غه‌زه‌ی کردوه و ده‌کات، بێگومان له ئێستادا خه‌می سه‌ره‌کی گۆڕه‌پانی شه‌ڕه له سوریا.
له‌م بواره‌دا یه‌کێک له پلانه شکستخواردوه‌کانی ئێران له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ له باشوری کوردستان و زۆر تایبه‌ت له‌خولی دوه‌می شه‌ڕدا هه‌وڵێکی بێئهندازهیدا تا ئێران به‌رێگه‌ی کۆنترۆڵکردنی رێگای ستراتیژی هامڵتۆن به‌هاریکاری هێزه‌کانی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و په‌که‌که‌وه راسته‌وخۆ به سوریا و (حزب الله)ی لوبنانه‌وه ببه‌ستێته‌وه، پرۆژه‌یه‌کی سه‌ربازی و سیاسی له‌نێو چه‌ند ناوه‌ندێکی دنیادا به "هێڵی هۆشی منه"ش باس ده‌کرێت. پاش ده‌ستتێوه‌ردانی راسته‌وخۆی سوپای تورکیا و هێزی جه‌نگی ئاسمانی له شه‌ڕه‌که‌دا پلانه‌که شکستی پێهێنرا.
هیوایه‌کی نوێ بۆ ئێران
به‌سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی ناوخۆ له سوریا و فشاری نێوه‌ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر رژێمه‌که‌ی ئه‌سه‌د له لایه‌ک مه‌ترسی جدی له‌سه‌ر خه‌ونی هه‌یمه‌نه‌ی میحوه‌ری شیعه دروستبو، له لاکه‌ی تریشه‌وه ئه‌مەریکا و خۆرئاوا له ئاکامی پشتگیری بێئه‌ندازه‌ی سعودیه و چه‌ند وڵاتێکی که‌نداو بۆ ره‌وته ئیسلامیه توندڕه‌و و تێرۆریسته‌کان له سوریا و ناوچه‌که گه‌یشتنه باوه‌ڕێک، که ئه‌و دۆسته کلاسیکیانه‌ی خۆرئاوا سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسین له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان و ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌که، بۆیه بڕیاریان دا مامه‌ڵه‌یه‌کی نه‌رمتر له گه‌ڵ ئێران‌دا بکه‌ن. له‌م روه‌وه سه‌رچاوه باوه‌ڕپێکراوه‌کانی دنیا ئاماژه ده‌که‌ن به‌وه‌ی ئێران تا ئه‌م ساته 17 ملیار دۆلاری له شه‌ڕی سوریا و بۆ پشتیوانی رژێمه‌که‌ی ئه‌سه‌د و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داعش و هێزه تێرۆریسته‌کانی سه‌ر به سعودیه و قه‌ته‌ر سه‌رفکردوه، به خۆی و (حزب الله) و گروپه شیعه‌کانی تر 140 هه‌زار شه‌ڕکه‌ری به قازانجی ئه‌سه‌د خستۆته‌گه‌ڕ. به‌شی زۆری هێزه کوردیه‌کانی سوریاش به‌پشتگیری ئێران خزمه‌تی ئه‌و سیاسه‌ته ده‌که‌ن.
له ئاکامی ئه‌و نه‌رمیه‌ی ئه‌مەریکا و به‌شێکی خۆرئاوا سه‌باره‌ت به ئێران و دۆخی عێراق و ناوچه‌که لێکتێگه‌یشتنێکیان له گه‌ڵ ئێران سازدا‌و و ئێران له جاران زیاتر ده‌ستکراوه‌تره.
ئه‌گه‌رچی مالیکی عاشقێکی سه‌رگه‌رمی ئێران نه‌بو. به‌ڵام باش پشتگیرکردنی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه بۆ جێگره‌وه‌ی جه‌عفه‌ری و بۆ خولی دوه‌می کابینه‌که‌ی که‌وته به‌هێزکردنی په‌یوه‌ندیه سیاسی و ئابوری و هه‌واڵگریه‌کان له گه‌ڵ ئێران‌دا تا ئاستی راکێشانی هێڵی گواستنه‌وه‌ی گاز و نه‌وت له گه‌ڵ ئێران‌دا و کردنه‌وه‌ی بازاڕی عێراق به‌ڕوی کاڵاکانی ئێران‌دا، له ئێستادا ئاستی ئاڵوگۆری بازرگانی له گه‌ڵ ئێران‌دا به‌نزیکه‌ی 15 ملیار دۆلار له ساڵێکدا مه‌زه‌نده ده‌کرێت، بێجگه له سپیکردنه‌وه‌ی ده‌یان ملیار دۆلاری ره‌ش به‌ڕێگه‌ی عێراقه‌وه له ئێران.
شیعه و مالیکی و کورد
له گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانکاریانه‌دا ده‌بینین به‌ره‌ی شیعه له عێراق به‌گشتی و تایبه‌ت مالیکی و تاقمه‌که‌ی زۆر تاکڕه‌وانه و دڕندانه‌تر و بێمنه‌تتر له جاران حوکمڕانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، پێشێلی ده‌ستور و رێکه‌وتنه‌کان ده‌که‌ن، ته‌نانه‌ت کارده‌که‌ن تا حوکمی موتڵه‌قی عێراق بکه‌ن.
تاقمه‌که‌ی مالیکی به‌رامبه‌ر هێوربونهوهیان له گه‌ڵ به‌ره‌ی سوننه‌دا که‌وتونه‌ته په‌لاماردانی زیاتری ده‌سه‌ڵاته فه‌رمیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و دروستکردنی کێشه‌ی ئابوری بۆ هه‌رێم و ئه‌زیه‌تدانی خه‌ڵکه‌که‌ی به‌رێگه‌ی نه‌ناردن و دواخستنی موچه‌وه.
هاوکات ئه‌م سیاسەتەی مالیکی و نه‌رمیه‌ی ئه‌مەریکا له ئێستادا ره‌نگدانه‌وه‌ی له سه‌ر دۆخی هه‌رێم و په‌یوه‌ندیه‌کانی له گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه، له سایه‌ی پشتگیری ئه‌مەریکا بۆ مالیکی به‌پاساوی پاراستنی یه‌کپارچه‌یی عێراق، به‌جوته به‌رامبه‌ر به‌هه‌نارده‌کردنی نه‌وت و گازی هه‌رێم به‌رێگای تورکیادا وه‌ستاونه‌ته‌وه، به‌واتایه‌کی تر کارده‌که‌ن تا کورد ببێته‌وه به کۆیله‌که‌ی جارانی به‌غدا، فرۆشتنی چه‌کێکی زۆر و مۆدێرن له‌لایه‌ن ئه‌مەریکاوه به حکومه‌ته‌که‌ی مالیکی مه‌ترسیه‌کی جدی له‌سه‌ر کورد و ئایندهی و سیسته‌می فیدراڵی دروستکردوه. هاوکات ئه‌مەریکا و تاقمه‌که‌ی مالیکی پانتایی کارکردنی هه‌واڵگری هاوبه‌شیان به‌رفراوان و چر کردوه، ئه‌مەریکا چاوپۆشینێکی زۆر له ده‌ستتێوه‌ردانی ئێران له کاروباری ناوخۆی عێراق ده‌کات و ...هتد.
ئه‌م پاشه‌کشه‌ی پێگه‌ی ئه‌مەریکا له گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تیدا له‌سایه‌ی حوکمی ئۆبامادا له زۆر شوێنی تری دنیا به‌دیده‌کرێت، وه‌ک له سوریا، ئه‌فریقا، ئۆکرانیا و ئه‌فغانستان.
ئێران و هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق
له پێشه‌کیدا باس له دوا هه‌ڵبژاردن ده‌که‌م و دواتر ده‌قی به‌ڵگه‌یه‌کی ئه‌مەریکی له‌سه‌ر رۆڵی ئێران له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2010 ده‌خه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌رانی به‌رێز.
هه‌ڵبژاردنه‌کانی 30 نیسان یه‌که‌م هه‌ڵبژاردن بو له دوای روخاندنی رژێمی سه‌دام له 2003 بێئه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازی ئه‌مەریکا له‌سه‌ر خاکی عێراق بونێکی فه‌رمی هه‌بێت، ئه‌م راستیه ده‌رگای بۆ رۆڵی زیاتری هێزه‌کانی ناوچه‌که کردۆته‌وه، به‌تایبه‌ت بۆ تورکیا و ئێران.
له 2003ه‌وه ئێران به‌رێگه‌ی حیزب و هێزه ئیسلامیه شیعه‌کان و به‌شێک له هێزه کوردیه‌کان کاری له‌سه‌ر به‌هێزکردنی پێگه‌ی خۆی له عێراقدا کردوه. له ساڵی 2005 ده‌ستتێوه‌ردانی ئێران بوه هۆی دروستبونی بلۆکێکی پان شیعه له په‌رله‌مانی عێراق که گه‌وره‌ترین بلۆک بو. ئێران رۆڵی هه‌بو له دیاریکردنی سه‌رۆک وه‌زیران که جه‌عفه‌ری بو و پاش لابردنی به‌هۆی ناڕه‌زایی کورد له دیاریکردنی مالیکیدا. له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2010 دۆخه‌که هه‌ندێک گۆڕابو، نه‌ک ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی نوری مالیکی بڕیاری داب‌و ته‌نیا و جیا له هێزه شیعه‌کانی تر به‌لیستی ده‌وڵه‌تی یاسا بچێته هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان و تا راده‌یه‌ک سه‌ربه‌خۆیی خۆی له ئێران نمایش ده‌کرد. وه‌ک رهتدانهوهیهک ئێران له مایسی 2009 پشتگیری دانوستاندنی نێوان دو له هێزه گه‌وره‌کانی شیعه‌ی کرد که رکابه‌ری مالیکی بون، ئه‌وانیش موقته‌دا سه‌در و عەبدولعەزیز حەکیم و ئەحمەد چه‌له‌بی وه‌ک نێوه‌ندگیر رۆڵی ده‌بینی. ئه‌م دانوستاندنه دروستکردنی هاوپه‌یمانیه‌کی به‌رفراوانی شیعه‌ی لێکه‌وته‌وه، ئامانج له‌م هاوپه‌یمانیه ئه‌وه‌بو مالیکیش به‌شداری تێدا بکات.
به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی چه‌ند چاو‌دێر و ده‌زگاکانی لێکۆڵینه‌وه‌ی دنیا دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی 30 نیسان هه‌ڵوێستی ئێران وه‌ک ساڵی 2010 به‌زه‌قی به‌رچاو نیه، له‌لایه‌ک مالیکی له خولی دوه‌مدا به‌هۆی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مەریکا له عێراق له 2011دا زیاتر له ئێران نزیکبۆته‌وه، له هاوینی 2012 هه‌وڵێک درا له‌لایه‌ن بارزانی و عه‌لاوی و سه‌دره‌وه بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له مالیكی، ئێران به‌توندی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی پوچه‌ڵ کرده‌وه، له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2013 بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگانی عێراق مالیکی بۆ یه‌که‌مجار به‌شداری هاوپه‌یمانیه‌کی له گه‌ڵ رێکخراوی به‌دری سه‌ر به ئێران کرد و هه‌روه‌ها لیسته‌که‌ی مالیکی له چه‌ند هاوپه‌یمانیه‌کی بچوکی شیعه‌دا له دیاله و سه‌لاحه‌دین به‌شداری کرد. ویڕای ئه‌وه‌ی لیسته‌که‌ی مالیکی براوه‌ی یه‌که‌می هه‌ڵبژاردنه‌کانه ده‌بێت ئێران به‌ئاگا بێت له ره‌تکردنه‌وه‌ی مالیکی بۆ خولی سێیه‌م له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سایه‌تیه‌کی به‌هێزی شیعه‌وه، وه‌ک حه‌کیم و سه‌در که په‌یوه‌ندی به‌هێزیان له گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن مه‌رجه‌عی شیعه له نه‌جه‌ف که په‌یوه‌ندی ئاسایی له گه‌ڵ ئێران‌دا نیه.
ئێران به‌رده‌وام کێشه‌ی هه‌بوه له په‌یداکردنی نفوز له‌ناو سوننه و هێزه عه‌لمانیه‌کانی عێراق، له ئێستادا په‌یوه‌ندیه‌کانی ئێران له گه‌ڵ هێزه سوننه‌کان زۆر لاوازن، لیستی سه‌رۆکی په‌رله‌مان، ئوسامه نوجه‌یفی، به‌توندی له به‌ره‌ی کامپی تورکیادایه، لیسته‌که‌ی موتلهگیش زۆر ره‌خنه ئامێزه به‌رامبه‌ر به ئێران، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه عه‌لاویه که له رابوردو و ئێستاش له ئێران نزیک نه‌بوه، هه‌رچه‌نده دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2010 لیسته‌که‌ی عه‌لاوی یه‌که‌م بو و هه‌وڵیدا له گه‌ڵ سه‌رکرده‌کانی شیعه که ره‌خنه‌یان له مالیکی هه‌بو و دۆستی نزیکی ئێرانن، وه‌ک حه‌کیم و سه‌در، نزیک بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵانه‌ی له ئێرانی نزیک نه‌کرده‌وه.
له ئێستادا پێده‌چیت ئێران نه‌یه‌وێت سوننه‌کان بخاته ژێر فشارێکی زۆره‌وه، چونکه مه‌ترسی هه‌یه بچنه به‌ره‌ی توندڕه‌وه‌کانی سه‌ر به قاعیده، وه‌ک داعش، کارێک کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێده‌که‌وێته‌وه و هاوسهنگێ هێز له سوریا و ناوچه‌که به‌ته‌واوی تێکده‌دات.
یه‌کێک له پرسیاره سه‌ره‌کیه‌کان ئه‌وه‌یه که ئێران پشتگیری کێ له عێراق ده‌کات؟
ئایا مالیکیه ؟ ئایا ئێران بژارده سه‌ره‌کیه‌که‌ی به یه‌ک که‌سه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه؟
له چه‌ند مانگی پێشودا کاراکته‌ره گه‌وره‌کانی شیعه سه‌ردانی ئێرانیان کردوه وه‌ک: ئیبراهیم جه‌عفه‌ری، عه‌مار حه‌کیم، عادل عبدالمهدی، مالیکیش سه‌ردانێکی فه‌رمی ئێرانی کرد.
به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک خولی سێیه‌می مالیکی یه‌کێک له بابه‌ته‌کان لێدوانی ئه‌م سه‌رکرده شیعانه و به‌رپرسانی ئێران بوه، پێده‌چێت عادل عەبدولمەهدی خۆی وه‌ک کاندیدێک بۆ سه‌رۆک وه‌زیران پێشکه‌ش کردبێت. هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی گه‌مه‌که‌ره سه‌ره‌کیه‌کان دۆستی نزیکی ئێرانن، به‌ڵام ئێران زیاتر ده‌ڕوانێته هه‌ڵوێستی حکومه‌تی ئایندهی عێراق به‌رامبه‌ر به داعش، شه‌ڕی ناوخۆی سوریا، په‌یوه‌ندیه‌کانی عێراق له گه‌ڵ سعودیه. شه‌ڕکردنی داعش له عێراق مانای هه‌مان شهڕکردنیهتی له سوریاش، ئه‌مه‌ش پێویستی با هاوکاری نێوان به‌غدا و شامه له زۆر بواردا و تایبه‌ت له ناوچه‌کانی سنوری نێوانیان و ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی له سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌کانی عێراق له گه‌ڵ سعودیه ده‌بێت که هه‌می سه‌ره‌کی روخاندنی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌ده.
له ئێستادا دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کان پێده‌چیت به‌ره‌ی شیعه بتوانن به‌ئاسانی حکومه‌تی زۆرینه دروست بکه‌ن، پرسیاره‌که له‌وه‌دایه ئایا ئێران و هاوپهیمهنهکانی له عیراق ئه‌و موجازه‌فه گه‌وره‌یه ده‌که‌ن؟ عێراق ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌رده‌مه‌کانی تاریک و خوێناوی مه‌زهه‌بی؟ چه‌ند پرسیارێکی تریش وه‌ڵامدانه‌وه‌یان ئاسانه نیه.
ئێران و کورد و هه‌ڵبژاردنه‌کان
بێجگه له په‌رته‌وازه‌بونی به‌ره‌ی شیعه له عێراق، ئێران روبه‌روی ته‌حه‌دایه‌کی تریش بۆته‌وه، ئه‌ویش دۆخی سیاسی کورده. ئێران به‌رده‌وام پشتگیری له یه‌كێتی کردوه که به‌شێک له نفوزی له ناوچه‌کانی سنورێکی درێژ له گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه، له غیابی تاڵه‌بانیدا و که‌مبونه‌وه‌ی نفوزی یه‌كێتی و لاوازبونی په‌یوه‌ندیه‌کانی له گه‌ڵ پارتیدا که په‌یوه‌ندیه‌کانی له گه‌ڵ تورکیادا تۆکمه‌تر و به‌رفراوانتر کردوه، ئه‌مانه بونه‌ته زه‌مینه‌ی لاوازبونی پێگه‌ی ئێران له باشوری کوردستان. ماوه‌یه‌ک ئێران چاوی له گۆڕان بڕیبو وه‌ک هێزێک بۆ راستکردنه‌وه‌ی ئه‌و لاسه‌نگیه‌ی نێوان هێزه‌کانی باشوری کوردستان دروستبوه.
به‌ڕه‌چاوکردنی شکستی یه‌کێتی له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌یلولی 2013 و دواتر نزیکبونه‌وه‌ی نێوان پارتی و گۆڕان و راگه‌یاندنی رێکه‌وتنی دو لایانه بۆ کابینه‌ی هه‌شتی هه‌رێم، پاش شکستی هه‌وڵێکی زۆری ئێران تا گۆڕان بخاته ژێر رکێفی سیاسه‌تی خۆی له باشوری کوردستان، ئیتر ئێران زه‌نگی مه‌ترسی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی لێدا، سه‌ردانه مهکۆکیهکانی باڵاده‌سته‌کانی ئیتیڵاعات و سوپای پاسداران و قودس بۆ هه‌رێمی کوردستان و هه‌ماهه‌نگیه‌کی توند له گه‌ڵ تاقمه‌که‌ی مالیکی له به‌غدا بۆ پشتگیریکردنی یه‌کێتی و ته‌نانه‌ت کارئاسانیه‌کی بێئه‌ندازه بۆ ئه‌نجامدانی ساخته‌کاری گه‌وره له هه‌ڵبژاردنه‌کانی 30 نیسان، که به‌فه‌رمانی به‌رپرسه باڵاکانی ئێران ئه‌نجام دراون به‌به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کێتی راستکردنه‌وه‌یه‌کی وه‌همی لاسهنگیهکهی لێکه‌وته‌وه. ئه‌گه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌کی دروست له گه‌ڵ ئه‌م ده‌ستتێوه‌ردان و روداوانه نه‌کرێت ده‌بنه مایه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر حوکمڕانی خۆماڵی کورد و ته‌نانه‌ت گه‌ڕانه‌وه بۆ فره ئیداری و له‌تکردنی ئه‌و کیانه بچوکه‌ی کورد له‌و به‌شه بچوکه‌ی کوردستان به‌ده‌ستی هێناوه.
ئه‌م دۆخه‌ی هه‌رێم و به‌ستنه‌وه‌ی به دۆخی خۆرئاوای کوردستان خه‌ونه کۆنه‌که‌ی ئێران به "هێڵی هۆشی منه"وه‌مان به‌یاد ده‌هێننه‌وه، له‌گه‌ڵ ده‌ستکاریه‌کی بچوک له شێواز و رێگه‌ی به‌دیهێنانی، سه‌رجه‌م ئه‌م سیاسه‌ت و هێزانه به‌رامبه‌ر ده‌ستکه‌وتی کاتی له‌دوا مه‌تافدا خزمه‌تی سیاسه‌ته‌کانی ئێران و میحوه‌ری شیعه ده‌که‌ن.
له به‌رامبه‌ردا پارتی ده‌سته‌وه‌ستان نه‌وه‌ستاوه، هه‌رچه‌نده تا ئه‌م ساته‌ش پارتی نه‌رمیه‌کی زۆر ده‌نوێنێ بۆ پاراستنی ئه‌و یه‌کریزیه له‌رزۆکه‌ی کورد و بۆ پته‌وکردنی پێگه‌ی کورد له دانوستاندنه‌کان بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی ئایندهی عێراق، به‌ڵام به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌زمونه‌کانی مێژو ده‌رده‌که‌وێت ئه‌م سه‌بره‌ی پارتی سنوردار بێت.
ئاینده‌یه‌کی نوێ بۆ کورد؟
ناشێت کورد له باشور کار بۆ تێکدانی په‌یوه‌ندیه‌کانی له گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ بکات، به‌پێچه‌وانه‌وه په‌یوه‌ندی له‌سه‌ر بنه‌ماکانی یه‌کسانی و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و رێزگرتن له یه‌کتر له‌م قۆناغه‌دا به‌سودی ئاشتی و ئارامی و سه‌قامگیری و گه‌شه‌ی ئابوری گه‌لانی ناوچه‌که ده‌شکێته‌وه. ئه‌گه‌رچی به‌شێکی به‌رچاوی سیاسه‌تمه‌دارانی کورد به ئه‌قڵیه‌تی بێده‌سه‌ڵاتی و ناچاری سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ و نه‌هامه‌تیه‌کانی کورد له رابوردودا مامه‌ڵه له گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ ده‌که‌ن، به‌ڵام رۆشنایی ده‌رچون له‌و هاوکێشه ته‌سکه به‌دیده‌کرێت.
پاش کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مەریکا و نه‌رمی سیاسه‌تی له ناوچه‌که‌مان ده‌بینین ئه‌م ناوچه‌یه به‌گشتی به‌سه‌ر دو میحوه‌ری سه‌ره‌کیدا به‌هێڵێکی وه‌همی دابه‌شکراوه، دوباره‌بونه‌وه‌ی مێژو به‌شێوازێکی مۆدێرن، جاران ئیمپراتۆریه‌تی سه‌فه‌وی و عوسمانی، ئێستا ئیمپراتۆریه‌تی ئیسلامی شیعه و ئیسلامی سوننه که له دو سیسته‌مه‌که‌ی ئێران و تورکیادا چڕبونهتوه. کورد وه‌ک له مێژودا ئه‌مجاره‌ش که‌وتۆته نێو به‌رداشیان، به‌هۆی لاوازی هێزه سیاسی و سه‌رکرده‌کانی کورده‌وه ده‌بینین به‌درێژایی دوا چاره‌که سه‌ده‌ی رابوردو به‌رده‌وام له‌و به‌رداشه‌دا جێگۆڕکێ و نائارامی سیاسی و کڕوزانه‌وه و خۆماتکردنیان به‌زه‌قی پێوه دیاربوه.
له‌م سه‌رده‌مه‌دا کورد له باشور له هه‌وڵدانی بێ وچاندایه بۆ سازکردنی زه‌مینه بۆ لێتێگه‌یشتن و دۆستایه‌تی و مامه‌ڵه‌ی سیاسی سه‌رده‌مانه له گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی خۆی، هه‌وڵدانێکه بۆ ده‌ربازبون له چوارچێوه کلاسیکیه‌که‌ی جاران و شکاندنی ته‌وقه مێژویه‌کانی توندکراو له گه‌ردنی، لێره‌دا پرسی نه‌وت و گازی هه‌رێم له گه‌ڵ ئیراده‌ی سیاسی رۆڵی سه‌ره‌کی ده‌گێڕن. چونکه خه‌باتی کورد له رابوردو و ئێستاشدا خه‌باتێکی نه‌ته‌وه‌یی و دیموکراسیه، نه‌ک ئاینیی و مه‌زهه‌بی و ناکۆکیهکانیشی له گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستان له‌و جۆره خه‌باته‌دا ره‌نگ ده‌داته‌وه، بۆیه ئه‌و دەربازبونه ده‌بێت به‌ئاراسته‌ی دنیای کراوه و دیموکراسیه‌ت و گه‌شه‌کردنی ئابوری ناوخۆیی بێت، نه‌ك گه‌ڕانه‌وه بۆ ده‌ق و سیغه و سوننه‌ته چه‌قبه‌ستوه‌کانی مێژو، ئه‌مانه ئه‌گه‌ر دادی به‌شێکی بچوکی کۆمه‌ڵگا بده‌ن، وه‌لێ ناتوانن له گه‌ڵ ئامانج و خواسته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان و په‌رۆشیمان بۆ ئازادی و دیموکراسیه‌ت یه‌ک بگرنه‌وه، ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمانه رێزگرتنه له‌و سوننه‌تانه و مامه‌ڵه‌کردنی دۆستانه‌یان بکه‌ین.
بۆیه کردنه‌وه‌ی باشوری کوردستان به‌روی دنیای ده‌ره‌وه به‌رێگه‌ی تورکیادا و به‌کارهێنانی وه‌ک ده‌روازه‌یه‌ک بۆ فرۆشتنی سامانه سروشتیه‌کانمان به تێگه‌یشتن له گه‌ڵ تورکیا و بێگومان ده‌بێت ئه‌ویش قازانجی خۆی لێبکات، بناغه‌ی داڕشتنی ستراتیژیهتیهکی نوێیه بۆ ئایندهی باشوری کوردستان، به‌حوکمی راگرتنی هاوسه‌نگی به‌پێی رێکه‌وتنی ستراتیژی نێوان یه‌کێتی و پارتی ئه‌و داڕشتنه نوێیه زۆر ئه‌سته‌م بو. ئێستا که رێکه‌وتنه‌که هێز و کاریگه‌ری ئه‌وتۆی نه‌ماوه روداوه‌کان ئاماژه ده‌که‌ن به‌وه‌ی پارتی و گۆڕان لێتێگه‌یشتنێکی بنه‌ڕه‌تی هاوبه‌شیان بۆ ئه‌م بابه‌ته گرنگه هه‌بێت. ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی کار، چ سیاسه‌ت چ ئابوری، له‌سه‌ر بنه‌مای قازانج – قازانج (قازانجی لایه‌نه‌کان) به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌مه سوننه‌تێکی نه‌گۆڕه له‌م سه‌رده‌مه‌دا، ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ ئێمه‌ی کورد له ده‌ریای ئه‌و قازانجه‌دا خۆمان له‌بیر نه‌که‌ین و غه‌رغه‌ره بکه‌ین و بخنکێین.
ئه‌مەریکا و هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق
چه‌ند چاودێرێکی سیاسی ئاماژه ده‌که‌ن به‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی 30 نیسان به‌ڕێوه‌چو له کاتێکدا نفوزی ئه‌مەریکا له عێراق زۆر که‌مبۆته‌وه، ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌مەریکا گرنگه چۆن پاراستنی ئه‌و نفوزه‌ی ماویه‌تی بیکات. له هه‌ڵبژاردنه‌کان 2006 و 2010 کاتێک زیاتر له 100.000 سه‌ربازی ئه‌مەریکا له عێراق بون دوا قسه سه‌باره‌ت به‌پێکهێنانی حکومەت و سه‌رۆک وه‌زیران بۆ ئێران بو. له ئێستادا گرنگترین پرسیار بۆ ئه‌مەریکا ئه‌وه‌یه ئایا حکومه‌تی شه‌راکه‌تی نیشتمانی دروست ده‌بێت، بۆیه له ئێستادا گرنگه ئه‌مەریکا جه‌خت له‌م چه‌مکه بکات له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵه نه‌زۆکه‌کانی رابوردو بۆ سازدانی "خه‌یمه‌یه‌کی عێراقی گه‌وره" دوباره بکاته‌وه.
یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌ی ئه‌مەریکا ده‌توانێت کاریگه‌ری تێدا بکات دروستکردنی حکومه‌ته، له 2006 و 2010هدا پێکهێنانی کابینه چه‌ند مانگێکی خایاند. له 2006دا شیعه‌کان کاندیدی سه‌ره‌کیان له ژێر کاریگه‌ری بێئه‌ندازه‌ی ئێران‌دا دیاری کرد، دواتر کاتێک کورد ره‌دی ئیبراهیم جه‌عفه‌ریان کرد مالیکی ده‌ستنیشان کرا. له ره‌تکردنه‌وه‌ی جه‌عفه‌ریدا ئه‌مەریکا رۆڵی به‌رچاوی هه‌بو که پێیان باشتربو عادل عبدالمهدی بێته شوێنه‌که‌ی، چاودێران وا بۆی ده‌چن که ئه‌مەریکا پاش ره‌تکردنه‌وه‌ی جه‌عفه‌ری رۆڵی هه‌بوبێت له هێنانه‌پێشه‌وه‌ی مالیکی بۆ پۆسته‌که، بێگومان دوا بڕیاری به‌ره‌ی شیعه له‌و بواره‌دا بێ ره‌زامه‌ندی ئێران نه‌کراوه.
رۆڵی ئه‌مەریکا له 2010 هدا زۆرتر بو، به‌تایبه‌ت له به‌شداریکردنی بلۆکی سوننه عه‌لمانیه‌کان له کابینه‌ی دوه‌می مالیکیدا، له‌مه‌شدا کاریگه‌ری سه‌ره‌کی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه بو کاتێک پشتیوانی سه‌دری بۆ مالیکی مسۆگه‌ر کرد. حکومه‌تی هاوبه‌شی شیعه و کورد زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی هه‌بو، به‌ڵام به‌کاریگه‌ری ئه‌مەریکا بلۆکی عێراقیه‌ش به‌شداری پێکرا. ئه‌مەریکا پێێ باش بو به‌ره‌ی سوننه رۆڵی زیاتریان پێبدرێت و هه‌وڵیاندا عه‌لاوی بکرێته سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی ستراتیژی، ئه‌م هه‌وڵه سه‌ری نه‌گرت، چونکه له ده‌ستوردا شتێکی له‌و جۆره نه‌بو.
خاڵی دوه‌می ده‌ستتێوه‌ردانی ئه‌مەریکا له دروستکردنی کابینه‌ی 2010 کاتێک بو که ماوه‌ی یاسایی یه‌که‌م خولی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ته‌واو بو، ده‌ستوری عێراق رێگر نه‌بو له دروستکردنی حکومه‌تێکی زۆرینه، لێره‌دا ئه‌مەریکا رۆڵی سه‌ره‌کی بینی و پێداگری کرد له حکومه‌تێکی ته‌وافقی.
راپۆرتی نهێنی و تایبه‌ت ژمارهBAGHDAD 002992
ئاماده‌کراو له: 13-11-2009
بابه‌ت: هه‌وڵه‌کانی ئێران له ده‌ستتێوه‌ردان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق
ئاماده‌کراو له‌لایه‌ن: Gary A. Grappo – باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مەریکا – به‌غدا
1- کورته‌یه‌ک: ئێران گه‌مه‌که‌رێکی باڵاده‌سته له هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراقدا، ئێران په‌یوه‌ندیه تۆکمه‌کانی له گه‌ڵ که‌سایه‌تیه شیعه و کورد و سوننه‌کاندا به‌کارده‌هێنێت تا نه‌خشه‌ی سیاسی عێراق به سه‌رکه‌وتنی به‌ره‌ی شیعه‌ی یه‌کگرتو له هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی کانونی دوه‌می داهاتو بشکێنێته‌وه، لوتکه‌ی بژارده‌ی ئێران حکومه‌تێکی سه‌ر به ئێرانه که شیعه تێیدا باڵاده‌ست بێت و به‌ره‌یه‌کی شیعه‌ی یه‌کگرتو به‌ڕێوه‌ی ببات و ئه‌گه‌ر بشکرێت حکومه‌تێکی ئیسلامی بێت.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئێران فشاری له سه‌ر مالیکی زیاد کردوه تا له گه‌ڵ لایه‌نه به‌هێزه شیعه‌کانی تر هاوپه‌یمانیه‌تی ببه‌ستێت (هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی) له ژێر سه‌رکردایه‌تی سه‌دریه‌کان و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عێراق. (کۆتایی کورته‌که).
2- ئێران کاریگه‌رترین هێزی ناوچه‌که‌یه و کارده‌کات بۆ کاریگه‌رکردن له سه‌ر شێواز و ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق، ئه‌م راپۆرته هه‌ڵسه‌نگاندنێکه بۆ هه‌وڵه‌کانی ئێران بۆ کاریگه‌رکردن له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان له کانونی دوه‌می ئاینده‌دا.
3- ئامانجه سیاسیه‌کانی ئێران و ئامرازه‌کانی:
گه‌وره‌ترین ئامانجی ئێران دوباره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیه‌کی ئیسلامی شیعه‌یه که له‌لایه‌ن نزیکترین دۆسته‌کانی ئێرانه‌وه سه‌رکردایه‌تی بکرێت، وه‌ک ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی و سه‌دریه‌کان، له ژێر چه‌تری هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقی. به‌هۆی نزیکی ئه‌مانه له ئێران و هاومه‌زهه‌بیان، شیانی گه‌وره‌ترین بایه‌خی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی ئێرانن به‌مه‌به‌ستی سه‌پاندنی ئایدۆلۆژیا و نفوزی له ناوچه‌که‌دا. عێراقێک ئابوری و سیاسی به ئێرانه‌وه به‌سترابێته‌وه باشترین قوڵایی ستراتیژی بۆ ئێران دروست ده‌کات، وه‌ک چۆن سه‌رۆک کۆماری ئێران له‌دوا لێدوانه رۆژنامهگهریهکانیدا باسیکردوه که عێراق "بنکه‌ی شیعه‌یه" و به‌ره‌نگاری ناحه‌زه‌کانی ده‌بێته‌وه.
4. شێوازی مامه‌ڵه‌کردنی عێراق له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه له به‌ڕێوه‌بردنی سنورداری سیاسیه‌وه ده‌ست پێده‌کات تا ئاراسته‌کردنی به‌رفراوانی سیاسی، که راسته‌وخۆ خهماینی له ته‌هران سه‌رپه‌رشتی ده‌کات. حکومه‌تی ئێران ده‌رک ده‌کات به‌وه‌ی بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجانه ده‌بێت نه‌رمی ئایدیۆلۆژی و مه‌یدانی بنوێنێت. بۆیه بۆ ئێران نائاسایی نیه هاوکاری دارایی و پشتگیری هێزه‌کانی شیعه و کورد و تا راده‌یه‌ک سوننه ناکۆکه‌کان بکات، تا به‌ستنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی سیاسی عێراق به ئێرانه‌وه توندتر و به‌رفراوانتر بکات. هه‌رچه‌نده ته‌واوی ژماره‌که نازانرێت، به‌ڵام مه‌زه‌نده ده‌کرێت هاوکاری دارایی ئێران بۆ کاره تێکده‌ره‌کان له عێراق 100-200 ملیۆن دۆلار ساڵانه بێت له گه‌ڵ 70 ملیۆن دۆلار بۆ جانتاکانی هێزه‌کانی به‌در ده‌چێت.
5. به‌لایه‌نی که‌مه‌وه له ساڵی 2003ه‌وه ژه‌نه‌راڵ قاسم سلێمانی، کۆماندۆی هێزه‌کانی قودس، به‌رپرسی یه‌که‌مه له ئاراسته‌کردن و جێبه‌جێکردنی سیاسه‌تی ئێران له عێراق، له‌و بواره‌دا دوای خامنەیی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی پێدراوه. له رێگه‌ی کارمه‌نده‌کانی هێزی قودس و پیاوه‌کانی له عێراق، تایبه‌ت باڵیۆزی ئێران و به‌رپرسی باڵای سوپای پاسداران، حه‌سه‌ن کازمی قومی، سلێمانی سه‌رجه‌م ئامرازه دیبلۆماسی و هه‌واڵگری و ئه‌منی و ئابوریه‌کان به‌کارده‌هێنێت بۆ کاریگه‌رکردن له‌سه‌ر دۆسته عێراقیه‌کانی تا زامنی حکومه‌تیكی زیاتر گوێرایه‌ڵی ئێران له به‌غدا و پارێزگاکان بخوڵقێنێت.
6. سلێمانی له‌مێژه په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی له گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێک له حکومه‌تی عێراق هه‌یه. له‌وانه سه‌رۆک تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆک عادل عبدالمهدی، سه‌رۆک وه‌زیران مالیکی، سه‌رۆک وه‌زیرانی پێش‌و جه‌عفه‌ری، له‌م دواییانه‌دا سه‌رۆکی په‌رله‌مان سامه‌رایی.
7. ئامرازه‌کانی ئێران بریتین له هاوکاری دارایی بۆ به‌شێکی به‌رچاوی حیزب و کارمه‌نده عێراقیه‌کان و هاوکاری دارایی تایبه‌ت بۆ رێکخراوه ئاینییه‌کان، یارمه‌تی بۆ کاره کوشنده و تێکده‌ره‌کانی میلیشیا شیعه‌کانی سه‌ر به‌خۆیان، پاراستنی ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ی ترسیان له‌سه‌ره و ده‌یانه‌وێت ژیانی سیاسیان ببوژێننه‌وه، وه‌ک موتله‌گ.
8. هه‌نگاوه‌کانی پێش هه‌ڵبژاردن
ئێران به‌خه‌ستی کار له‌سه‌ر هه‌مو هێزه سیاسه‌کان به ره‌نگه جیاکانیانهوه و به سوننه‌کانیشه‌وه ده‌کات تا دڵنیا بێت له به‌دیهێنانی حکومه‌تێک به‌سه‌رۆکایه‌ی هاوپه‌یمانیه‌کی شیعه، بۆ ئێران گرنگه که بلۆکی شیعه دوای هه‌ڵبژاردن یه‌کگرتو بمێنێته‌وه ...هتد.
9. کورده‌کان له مێژه له ئه‌نجومه‌نی باڵای شیعه‌کانه‌وه نزیکن، وه‌ک ده‌نگێکی گرنگی نادیار تا دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان نیه‌تی خۆیان بۆ هاوپه‌یمانی به‌یان ناکه‌ن، سه‌رکرده‌کانی کورد، تاڵه‌بانی و بارزانی، وه‌ک مامۆستای مه‌وسمی بۆردی شه‌تره‌نجی عێراق نفوزی خۆیان له ناو شیعه و سوننه گه‌شه پێده‌ده‌ن تا کاریگه‌ری کورد له حکومه‌تی ئاینده‌دا زیاتر بکه‌ن. په‌یوه‌ندیه مێژویه‌کانی ئێران به یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه و تاڕاده‌یه‌کی که‌متر به پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه کورده‌کان ده‌کاته خاڵێکی گرنگ بۆ زامنکردنی سه‌رکه‌وتنی شیعه‌کانی سه‌ر به ئێران له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. یه‌کێک له فاکته‌ره‌کان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا لیستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانی ئۆپۆزسیۆنه به سه‌رکردایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فا. ئه‌گه‌ر ئێران هاریکاری گۆڕان بکات ئه‌وا په‌یوه‌ندیه گرنگه‌کانی حکومه‌تی ئێران له گه‌ڵ تاڵه‌بانیدا ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه.
10. گرنگه ئاماژه بکرێت به‌وه‌ی وێڕای ئه‌وه‌ی هێز و نفوزی ئێران له عێراق زۆر گه‌وره و چڕه، به‌ڵام بێ سنور نیه. گه‌وره‌ترین ئه‌سته‌نگ له‌به‌رده‌م ئێران‌دا ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها و متمانه‌ی بێئه‌ندازه‌ی خه‌ڵکه به ئایه‌توڵلا سیستانی، که مه‌رجه‌عی شیعه‌یه و ده‌سه‌ڵاتێکی سیاسی گه‌وره‌ی هه‌یه. بۆ نمونه پشتگیری ئاشکرای سیسیتانی بۆ لیستی کراوه پێچه‌وانه‌ی ویستی ئێران بو بۆ لیستی داخراو.
واقیعی سیاسی ناوخۆی عێراق ناچاری هێزه سیاسیه‌کانی شیعه، وه‌ک ئه‌نجومه‌نی باڵا و ده‌عوه و ره‌وتی سه‌در که په‌یوه‌ندی مێژوییان به ئێرانه‌وه هه‌یه، ده‌کات تا هاوسه‌نگی نێوان ئه‌جێندایه‌کی به‌رفروانی شیعه‌کانی عێراق (وه‌ک سیستانی داوای ده‌کات) له گه‌ڵ ئه‌جێندای ئێران که ده‌یه‌وێت به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی عێراق بخاته خزمه‌تی ئامانجه‌کانی ئێرانه‌وه، رابگیرێت.
هێزی نه‌رم به‌رامبه‌ر هێزی توند
11. پاش تێکشکاندنی میلیشیاکانی سه‌دری سه‌ر به ئێران له به‌سره له ئازاری 2008، ئێران جموجۆڵ و ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی له عێراق به‌شێوازێک گونجاندوه که زیاتر که‌ره‌سته‌کانی پشتگیریکردنی "هێزی نه‌رم – ئابوری، ئاینیی، خوێندن" و وه‌به‌رهێنانی له خۆگرتوه، ئه‌مه‌ش وه‌ک به‌شێکی که‌مپینی "دڵ و مێشکی کراوه"ی ئێران، له هه‌مان کاتیش‌دا یارمه‌تی خه‌ستی میلیشیاکانی سه‌ر به ئێران به‌رده‌وامه. هه‌رچه‌نده وه‌ک جاران ئه‌وه‌نده به‌زه‌قی ناکرێت. قه‌باره‌ی بازرگانی ساڵانه‌ی هه‌ر دولا به 4 ملیارد دۆلار مه‌زه‌نده ده‌کرێت، کاڵای هاورده‌کراو له ئێران 48% هاورده‌ی گشتی عێراق پێکده‌هێنێت. حکومه‌تی ئێران کاری جدی ده‌کات تا ئابوری عێراق به ئێرانه‌وه ببه‌ستێته‌وه، به‌هۆی فاکته‌ره‌کانی جوگرافیا و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و لۆجیستیک ئه‌م سیاسه‌ته باش سه‌رکه‌وتوه. تورکیا گه‌وره‌ترین رکابه‌ری ئابوری ئێرانه له عێراق، به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.
له کۆمێنتی باڵیۆز Hill بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌که‌ی هاتوه:
12. خه‌مخۆری سه‌باره‌ت به کاریگه‌ری مه‌دا دوری ئه‌مەریکا که به‌کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی که‌م ده‌بێته‌وه، وایکردوه که بڕیارده‌ران له حکومه‌تی ئێران به‌رده‌وام کار بۆ زامنکردنی پێگه‌ی ستراتیژیان له عێراق بکه‌ن. ئێران سه‌یری عێراق وه‌ک شهریكێکی سروشتی (زۆر بچوکتر)ی خۆیان ده‌کات. له ئاکامی ئه‌م سیاسه‌ته‌دا ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت له نمایش‌کردنی ماسولکه‌کانی، ئه‌م گرژکردنهی ماسولکه ناگاته ئاستی مه‌ترسیدار یاخود ره‌تدانه‌وه‌ی ئێمه. حکومه‌تی ئایندهی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت له توندتۆڵ کردنی په‌یوه‌ندیه‌کانی له گه‌ڵ ئێران. له‌لایه‌کی تره‌وه نابێت کاریگه‌ری و نفوزی ئێران له عێراق زۆر زل بکرێت. |
|
|