Print
 
 عێراق وڵاتی مۆر و ساخته‌
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Monday, May 26, 2014

له‌ ئه‌وروپا کاروباری هاوڵاتیان هێند به‌خێرایی ده‌ڕوات به‌و راده‌یه‌ی ناسنامه‌ و پاسپۆرت یان  گۆڕینی تۆماری ئۆتۆمبێل...هتد له‌ چه‌ند خۆله‌کێک تێپه‌ڕناکات... بۆ سه‌ردانیکردنی هه‌ر دائیره‌یه‌ک جگه‌ له‌ ناسنامه‌ی باری شارستانی یان پاسپۆرت یان هه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی دی پێویست به‌هیچی دیکه‌ نیه، کۆپیکردن گوێت لێ نابێت‌. ئیمزا و مۆر مه‌گه‌ر له‌سه‌ر دۆکیومێنتی زۆر گرنگ ئه‌گینا به‌ دیناکرێت، هه‌شبێت 1 تا 2 تێپه‌ڕ ناکات.

له‌ عێراق به‌ هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌، تا کارێکت له‌ دائیره‌یه‌ک ته‌واو ده‌بێت جگه‌له‌وه‌ی توشی سه‌ره‌ گێژکه‌ ده‌بێت به‌ لای که‌مه‌وه‌ ئاسانترین کار رۆژێکی پێ ده‌چێت. جاری واش هه‌یه‌ موعامه‌لاته‌کانت بزر ده‌بێت، له‌م باره‌وه‌ شایه‌د حاڵێک بۆی گێڕامه‌وه‌، له‌ هاتوچۆی هه‌ولێر، دوای ئه‌وه‌ی کارمه‌نده‌که‌ زۆر دڵسۆزانه‌ به‌ دوای موعامه‌لاتی هاوڵاته‌یه‌ک ده‌گه‌ڕێت و بۆی نادۆزرێته‌وه‌، ده‌یه‌وێ هاوکاری هاوڵاتیه‌که‌ بکات پێی ده‌ڵێ؛ "کاکه‌ سبه‌ی دو که‌سی خوێنده‌وار له‌گه‌ڵ خۆت بێنه‌ له‌ناو ئه‌و هه‌مو فایله‌ با به‌دوای موعامه‌له‌که‌تدا بگه‌ڕێن و بۆت بدۆزنه‌وه‌"، هاوڵاتیه‌که‌ش بۆ رۆژی دوایی دو خزمی خوێنده‌واری خۆی دێنێ، دوای گه‌ڕانێکی زۆر موعامه‌له‌که‌ ده‌دۆزنه‌وه‌. ئه‌م نمونه‌یه‌ مشتێکه‌ له‌ خه‌روارێک.

عێراق وڵاتی مۆر ناونیشانی بابه‌تێکه‌ له‌ رۆژنامه‌یه‌کی هۆڵه‌ندی خوێندمه‌وه‌، له‌گه‌ڵ وێنه‌ی چه‌ند موعامه‌له‌یه‌کی هاوڵاتیان به‌ هه‌مو مۆره‌کانه‌وه‌، بڕوام نه‌کرد، کاتێ له‌ هه‌ولێر، سلێمانی و که‌رکوک سه‌ردانی چه‌ند دائیره‌یه‌کم کرد له‌ وانه‌ تاپۆ، موعامه‌له‌ی وام بینی 12 مۆری پێوه‌ بو، به‌ڵێ وڵاتی مۆره‌، زۆری مۆریش به‌ موعامه‌له‌وه‌ نیشانه‌ی زۆری رۆتینه‌، بیرۆکراتیه‌ته‌، دوا مه‌به‌ستیش گه‌نده‌ڵی و به‌رتیله‌.

 له‌ دائیره‌کانی که‌رکوک له‌مباره‌وه‌ شایه‌دحاڵ زۆره‌. بۆ نمونه‌: ئه‌گه‌ر بیتاقه‌ی نیشته‌جێبون ون ببێت به‌ 65 – 70 هه‌زار دینار ده‌توانی ده‌ری بێنیته‌وه‌. وه‌ک بزانم‌ جیا له‌ هه‌مو شاره‌کانی عێراق بۆ هه‌ر موعامه‌له‌یه‌ک له‌ که‌رکوک پێویسته‌ وه‌ک هاوڵاتیان ناویان ناوه‌،  کۆپی ره‌نگاوڕه‌نگی چوار حه‌به‌که‌ت پێبێت، که‌ نرخه‌که‌ی ده‌کاته‌ 2000 دو هه‌زار دینار، ده‌فتر نفوس، جنسیه‌ عێراقی، سه‌که‌ن و کارتی خۆراک، پێده‌چێت ئه‌گه‌ر حکومه‌ت قسه‌ی خۆی بباته‌سه‌ر کۆپی کارتی ده‌نگدانیشی بێته‌سه‌ر...

له‌م وڵاته‌ مۆرکراوه‌، زۆرکه‌س ده‌توانێ مۆر دروستبکات، نه‌ک هه‌ر بۆ موعامه‌لات به‌ڵکه‌ بۆ ده‌نگدانیش. له‌ 1992 تا 30/4/2014 ئه‌گه‌ر گوێ له‌ چیرۆک و شایه‌تحاڵه‌کانی رۆژانی هه‌ڵبژاردن و دواتر بگری بۆت ده‌رده‌که‌وێ عێراق به‌ هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر وڵاتی مۆره،‌ به‌ڵکه‌ ناهه‌ق نیه‌ ناوی وڵاتی ساخته‌کاری لێ بنێی...هتد.

له‌م باره‌وه‌ فه‌رمون له‌گه‌ڵ ئه‌م چه‌ند نمونه‌یه‌ که‌ به‌ڵگه‌کان له‌به‌ر ده‌ستدایه‌‌، ئه‌گه‌ر دادگا یان میله‌ت لێی ده‌پرسێته‌وه‌ ده‌یخه‌مه‌ به‌رده‌ست.

له‌ 29/4 /2014 رۆژێ به‌ر له‌ هه‌ڵبژارن به‌رپرسی ده‌زگایه‌کی حیزبی له‌ که‌رکوک به‌ نوسراوی ره‌سمی داوا له‌ سه‌روی خۆی ده‌کات زه‌وی بۆ هاوڵاتیه‌ک دابین بکات، ئه‌مه‌ به‌ڵگیه‌که‌ له‌و سه‌دان به‌ڵگه‌یه‌ی له‌ به‌رده‌ستدایه‌. خانه‌نشیکردن به‌ 125000 سه‌دوبیست و پێنج هه‌زار دینار باوه‌ له‌ که‌رکوک به‌رامبه‌ر ده‌نگدان به‌ حیزب، بایی نرخی کورسیه‌کی په‌رله‌مان خه‌ڵک خانه‌نشین کراوه‌.

مێردمنداڵێکی ته‌مه‌ن 15 ساڵ به‌ ناسنامه‌ی پیاوێکی موالید 1965 ده‌نگ ده‌دات، وێنه‌ی مێرد مناڵه‌که‌مان لایه‌ به‌ مۆری په‌نجه‌یه‌وه‌ له‌ کاتی ده‌نگداندا. جگه‌ له‌م گه‌نجه‌ زۆرن ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ که‌رکوک به‌ شانازیه‌وه‌ باس ده‌که‌ن، که‌ چه‌ند باره‌ ده‌نگیان داوه‌‌ به‌ قازانجی کاندیدی حیزبێک. ده‌نگ دێنێ و به‌ ساخته‌ حوکمی شار ده‌کات.

بۆیه  مه‌ترسیه‌که‌ له‌وێیه‌، وڵاتان  و هه‌مو که‌سێکی راستگۆ  نه‌ک عێراق ته‌نها به‌ وڵاتی مۆر، به‌ڵکه‌ به‌ وڵاتی ساخته‌ و ته‌قه‌لوبی و بێ سیاده‌ ناوزه‌ند بکات، ناوێکیش له‌ سه‌رۆکه‌کانی بنێ!

http://www.trouw.nl/tr/nl/4324/Nieuws/article/detail/1160675/2009/08/10/Irak-is-stempelland.dhtml



له‌ نوسینی Judit Neurink
 

Sbeiy.com © 2007