|
یه‌کڕیزی و بژارده‌ی دیکه |
نوسه‌ر: مه‌لا فه‌رمان
|
Friday, May 30, 2014 |
له ساحه‌ی سیاسی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی له‌و کاتانه‌ی کێشه‌کانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا یان دروستر وایه بڵێین کێشه‌ی نه‌وت و بودجه خه‌ریکه به روکه‌ش ده‌گه‌یه‌ننه بن به‌ست، هه‌ردو وشه‌ی یه‌کڕیزی و بژارده‌ی دیکه له هه‌مو کات زیاتر ده‌که‌وێته سه‌ر زوبانی هه‌ندێ له سیاسیه‌کانی هه‌رێم، له کاتی دامرکردنهوهی بارودۆخه‌که‌ش ئیدی ئه‌م دو وشه‌یه‌ش له بیر ده‌چنه‌وه و فه‌رهه‌نگه‌کانیش ده‌برێنه‌وه سه‌ر رهفتهکان.
یه‌کڕیزی و بژارده‌ی دیکه له فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا دو ده‌سته‌واژه‌ی زۆر قوڵ و پڕمانا و پڕ بایه‌خن، بڕیاردان له‌سه‌ر دوه‌میان به‌بێ بونی یه‌که‌م بڕیارێکی ناکامڵ و هه‌ڵه‌یه. جگه له‌مه‌ش یه‌کڕیزی و هه‌ر بژارده‌یه‌کی دیکه پێویستیان به زه‌مینه‌یه‌کی ئارام و بێ ته‌نگه‌ژه‌یه، به‌ر له‌هه‌مو شت گرنگتر، پێویسته بچوکترین قه‌یران به‌رۆکی ژیانی سیاسی و ژیانی ساده‌ی هاوڵاتیانی نه‌گرتبێت، په‌یوه‌ندیه نێوخۆییه‌کانی هه‌رێم باش بێت و متمانه‌ی خه‌ڵک به حیزب و حکومه‌ت له باشترین حاڵه‌تدا بێت. ئایا ئه‌م زه‌مینه‌یه ساز کراوه:
له‌م هه‌رێمه تائێستا له‌سه‌ر ده‌ستی جوتحیزب سه‌دان که‌س سزای سیاسی دراون و نان‌بڕاو کراون.
له‌م هه‌رێمه دایک، باوک، خێزان و مناڵ و که‌سوکاری که‌سانی بێسه‌روشوێنکراو دێنه به‌ر ده‌رگای په‌رله‌مان و ده‌نگ به‌رز ده‌که‌نه‌وه.
له‌م هه‌رێمه که‌م رۆژ هه‌یه ژن نه‌کوژرێ و بکوژه‌که‌ی به‌ر لێبوردنی گشتی نه‌که‌وێ.
له به‌شێکی ئه‌م هه‌رێمه دژ به رۆژئاوای کوردستان رێپێوان ده‌کرێ، باره‌گا داده‌خرێ له به‌شه‌که‌ی دیکه به پێچه‌وانه‌وه پشتیوانی ده‌کرێن.
جگه له ناوخۆ، بۆ ده‌ستبردنی دروست و بڕیاری سه‌رکه‌وت و له‌هه‌ر بژارده‌یه‌ک: پرسی نه‌وت، پێشمه‌رگه، خاک، بودجه، یان سیسته‌می کۆنفدرالی و جیابونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان له عێراق بێت که زۆرجار هه‌ڕه‌شه‌کان و بژارده‌که لێکدانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی دوایینی بۆ ده‌کرێ. له‌کاتێکدا ده‌بێ په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردولا له‌و په‌ڕی باشیدا بێت و به‌لای که‌مه‌وه به‌شێ له به‌غدا له‌و هه‌نگاوه پشتیوانی بکات. له‌م باره‌وه جێی ئه‌وه‌یه بپرسین و بڵێین:
کورد له به‌غدا چی ده‌وێ؟ له 11 ساڵی رابردودا پرۆژه‌ی چی بوه؟ ماده‌ی 140 جێبه‌جێ نه‌کرا جێ کرد؟ کێشه‌کانی کورد له گه‌ڵ کێیه، سونه یا شیعه؟ ئه‌مانه و ده‌یانی پرسیار و داوای نادیاری تر به‌ر له‌هه‌ر هه‌نگاونانێک پێویسته وه‌ڵامیان هه‌بێت. لای منی تاکی کورد و که‌رکوکی نه پرسیاره‌کان، نه داواکان، نه وه‌ڵامه‌کان نه بونی جدیه‌ت له هه‌مویان رون نیه!
جگه له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه له‌هه‌ر بژارده‌یه‌کی نوێ یان هه‌ر داواکاریه‌کی تازه له‌م عێراقه فره خاوه‌نه پێویست ده‌کات نه‌ک هه‌ر حیساب بۆ فاکته‌ری ده‌ره‌کی بکرێت، به‌ڵکه زۆر زه‌روره پێشوه‌خت پرسی پێبکرێت و ئیجازه‌ی لێوهبگرێ و خوازبێنێ لێببکرێت.
به‌ده‌ر له هه‌مو بارودۆخێک و هه‌مو ئه‌و فاکته‌رانه‌ی سه‌ره‌وه، رێگه‌ی سه‌پاندنی ئه‌مری واقیع رێگه‌یه‌کی کراوه‌یه له‌به‌رده‌م هه‌ر میله‌ت و سه‌رکرده و حیزبێک بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی خۆی ده‌یه‌وێ بینێت، پرسیاره‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایا سه‌رکردایه‌تی حیزب و کورد له هه‌ولێر زه‌مینه‌یان بۆ ئه‌م هه‌نگاوه سازاندوه، یان له ئێستادا ته‌نها راکێشانی بۆری نه‌وت بۆ تورکیا و نیه‌تی بردنی بۆڕی گاز بۆ ئه‌وروپا به ته‌نیشت روسیادا زامن و گه‌ره‌نتی سه‌رکه‌وتنی بژارده نوێیه لولکراوهکه ده‌کات؟
بۆ رای میله‌تیش، گه‌لی کوردستان له باشوری کوردستان له 2005 له ریفڕاندۆمێکدا له گه‌ڵ ده‌نگدان به ده‌ستوری عێراق قسه‌ی خۆی کرد، وتی "به‌ڵێ بۆ جیابونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی"، به‌ڵام گوێیان لێنه‌گرت. |
|
|