Print
 
 خه‌ڵكینه به‌ چ زمان و پێوه‌رێك پیتان بڵێم؛ ته‌ندروستی‌ له‌مه‌ترسیدایه‌!
نوسه‌ر:  د.محه‌مه‌د ئه‌مین
Wednesday, June 11, 2014
 
زۆرم به‌لاوه‌ سه‌یره‌ كۆمه‌ڵگایه‌ك خۆی‌ به ‌كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ سه‌رده‌م و پۆست مۆدێرن وپیشكه‌وتو بزانێت، كاربكات له‌پێناو به‌دیهێنانی‌ ئازادی‌ مرۆڤ و دادی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ گوێ‌ به‌ته‌ندروستی‌ نادات، نه‌ك به‌ته‌نیا به‌رپرسه‌باڵاكانی‌، به‌ڵكو نوخبه‌و به‌ناو رۆشنبیره‌كانیشی‌ چه‌مكی‌ ته‌ندروستیان پشتگوێخستوه‌ به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ به‌رپرسن له‌خراپبونی‌ ره‌وشه‌كه‌ به‌گشتی‌.
لای‌ هه‌موان به‌بێ‌ جیاوازی‌ چه‌مكی‌ ته‌ندروستی‌ چه‌مكێكی‌ له‌ڕاده‌به‌ده‌ر بچوك وبێ‌ بایه‌خه‌، ته‌نیا نه‌خۆشی‌ و بابه‌ته‌ پزیشكیه‌كان له‌خۆده‌گرێت، عه‌قڵیه‌ته‌كان له‌زۆنێكی‌ زۆر بچوكدا ده‌خولێنه‌وه‌، یه‌ك لای‌ دیمه‌نه‌كان ده‌بینن، ئه‌ویش زۆنی‌ پاره‌ی‌ كلینیك و(عقده‌ی‌) گرێی‌ خۆبون به‌پزیشك، كۆی‌ گرفت و كێشه‌كان ئه‌ده‌نه‌ ئه‌ستۆی‌ پزیشك به‌بیانوی‌ ئه‌وه‌ی‌ كاره‌كه‌ كارێكی‌ مرۆڤانه‌یه‌، له‌نه‌زانی‌ بێت یا نا، به‌مه‌به‌ست بێت یان بێ‌ مه‌به‌ست له‌و ئاسۆیه‌ به‌ولاوه‌ هیچی‌ تر به‌دیناكه‌ن، ئه‌و راستییه‌ له‌بیركرده‌كه‌ن ((عه‌قڵی‌ ته‌ندروست له‌جه‌سته‌ی‌ ته‌ندروستدایه‌)).

چه‌مكی‌ ته‌ندروستی‌ وه‌ك گشت چه‌مكه‌كانی‌ تری‌ ژیان فه‌لسه‌فه‌یه‌كی‌ مه‌زنی‌ له‌پشته‌وه‌یه‌ و بیروڕای‌ جیاواز له‌خۆده‌كرێت، ده‌ریایه‌كه‌ له ‌زانست و فیكر، ئه‌كرێت به‌هه‌مان كه‌ره‌سه ‌و مه‌تیریاڵ و به‌هه‌مان سامانی‌ مرۆیی‌، به‌ڵام به‌هزرو عه‌قڵیه‌تێكی‌ جیاواز له‌بری‌ ته‌ندروستیه‌كی‌ مه‌ترسیدار ته‌ندروستیه‌كی‌ ره‌وشه‌ن بۆ تاك و كۆمه‌ڵگا دابین بكه‌ین، كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ به‌كۆمه‌ك و ده‌رۆزه‌ ناڕوات به‌ڕێوه‌، به‌ڵكو به‌عه‌قڵیه‌تێكی‌ زانستی‌ پرۆفیشناڵ.

پێویستمان به‌نوسین و رۆشنبیری‌ ته‌ندروستی‌ هه‌یه‌، مه‌رج نییه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌ندروستیانه‌ی‌ ئه‌نوسرێن هه‌مویان بابه‌تی‌ پۆزێتیڤ و باشبن، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ پانتاییه‌ك له ‌گفتوگۆ به‌دوای‌ خویدا بهێنێت و ده‌رئه‌نجامی‌ باشی لێبكه‌وێته‌وه‌ بە ‌قازانجی‌ ته‌ندروستی‌ كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگاكه‌ بێت.

نامه‌وێ‌ لێره‌دا باسی‌ ره‌وشی‌ ته‌ندروستی‌ بكه‌م به‌شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌ پشت به‌پێوه‌ره‌ ته‌ندروستیه‌ جیهانییه‌كان، تابیسه‌لمێنم ته‌ندروستی‌ له‌مه‌ترسیدایه‌، چونكه‌ كه‌م تازۆر له ‌نوسینه‌كانمدا ئاماژه‌م پێداوه‌ و كه‌سیش به‌كێشه‌ی‌ خۆی‌ نه‌زانیوه‌! ته‌نانه‌ت به‌رپرس و رۆشنبیره‌كانیش به‌كێشه‌ی‌ خۆیان نه‌زانییوه‌ تاكاری‌ له‌سه‌ر بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بابه‌تێكی‌ وائاسان نییه‌ تابه‌چه‌ند نوسینێكی‌ ئه‌م گۆڤار و ئه‌و گۆڤار بخرێته‌ڕو، هه‌ربۆیه‌ ئه‌مجاره‌ ئه‌مه‌وێ‌ به‌ زمانێكی‌ میللی‌ ناو خه‌ڵك و ناو بازاڕ، به‌زمانێكی‌ زۆر ساده‌ و ساكار ئه‌و راستیه‌ بسه‌لمێنم جانازانم كه‌س گوێم لێده‌كرێت، كه‌س كێشه‌كه‌ به‌كێشه‌ی‌ خۆی‌ ده‌زانێت؟! تا دواجار به‌قازانجی‌ گشتمان بگه‌ڕێته‌وه‌.

 كاتێك نرخی‌ ده‌رمانێك سێ‌ بۆ چوار قات به‌رز ئه‌بێته‌وه‌ به‌هۆی‌ سیاسه‌تی‌ ته‌ندروستی‌ وه‌زیرێكه‌وه‌ كه‌س به‌كێشه‌ی‌ خۆی‌ نازانێت؟ له‌وانه‌یه‌ به‌رپرسه‌باڵاكانی‌ حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان گوێنه‌ده‌نێ‌ و به‌كێشه‌ی‌ خۆیانی‌ نه‌زانن له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ تانرخی‌ ده‌رمان له‌به‌رزبونه‌وه‌دا بێت سوده‌كه‌ی‌ زیاتر بێت! له‌هه‌مان كات پێویستیان به‌سێكته‌ری‌ ته‌ندروستی‌ كوردستان نه‌ماوه‌ بۆ هه‌ڵامه‌تێكیش رو له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات ئه‌كه‌ن، ئه‌م به‌ڕێزانه‌ له‌ خه‌ڵك دابڕاون نازانن كڕینی‌ ده‌رمان به‌ونرخه‌ به‌رزه‌ له‌توانای‌ زۆر كه‌سدا نییه‌، به‌ڵام بۆئه‌بێ‌ ئێمه‌و ئه‌وانی‌ دی‌ به‌ده‌ر له‌ به‌رپرسه‌باڵاكان به‌كێشه‌ی‌ خۆمانی‌ نه‌زانین، رۆژانه‌ ئێمه‌ باجه‌كه‌ی‌ ئه‌ده‌ین، چ له‌ڕوی‌ ته‌ندروستی‌ جه‌سته‌یی‌ یا ته‌ندروستی‌ ده‌رونی‌، باجه‌كه‌ی‌ له ‌گیرفانی‌ من و تۆ و گشت هاوڵاتی‌ ئه‌چێته‌ گیرفانی‌ كه‌سانێكی‌ تایبه‌ته‌وه‌ دورو نزیك په‌یوه‌ندیان به‌سێكته‌ری‌ ته‌ندروستیه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌نین خاوه‌ن كۆمپانیاكانین، جاوه‌زیری‌ واباش و به‌ئه‌زمون نمونه‌ی‌ كه‌مه‌ و ده‌ست هه‌موكه‌س ناكه‌وێت!

كاتێك وه‌زیرێكی‌ ته‌ندروستی‌ دائه‌نرێت كه‌س به‌كێشه‌ی‌ خۆی‌ و خێزان و كۆمه‌ڵگاكه‌ی‌ نازانێت! تا ئه‌وكاته‌ی‌ خودی‌ خۆی‌ یاخود خۆشه‌ویستێك له‌ئه‌ندامانی‌ خیزانه‌كه‌ی‌ یا كۆمه‌ڵگاكه‌ی‌ له‌چاودێری‌ ورد یا به‌شێك له‌به‌شه‌كانی‌ نه‌خۆشخانه‌ ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌وكات دنیای‌ لێده‌بێت به‌دۆزه‌خ وبه‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك په‌له‌قاژه‌ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ری‌ به‌ڵاكه‌.

كاتێك شارێكی‌ پزیشكی‌ وه‌ك شاری‌ پزیشكی‌ فاروق ده‌كرێته‌وه‌ كه‌س به‌كێشه‌ی‌ خۆی‌ نازانێت! ته‌نانه‌ت له‌كونجێكی‌ تاكه‌ گۆڤارێكیشدا نه ‌به‌ئه‌رێنی‌ یا نه‌رێنی‌ بابه‌تێكت چنگ ناكه‌وێت تا به‌رچاوڕونییه‌ك بدات به ‌كۆكه‌ڵگاكه‌، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌س نییه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ بنوسێت، به‌ڵكو میدیایه‌كی‌ بیلایه‌نیشت ده‌ستناكه‌وێت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی،‌ چونكه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بابه‌تێكی‌ وژێنه‌ر نییه‌، وه‌ك خۆم بابه‌تێكم له‌سه‌ر شاری‌ پزیشكی‌ فاروق نوسیوه،‌ به‌ڵام بڵاونه‌كرایه‌وه‌! له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كه‌س به‌كێشه‌ی‌ خوی‌ نازانێت.

كاتێك به‌هۆی‌ سیاسه‌تی‌ ته‌ندروستی‌ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك كوێرده‌بن كه‌س به‌كێشه‌ی‌ خۆی‌ نازانێت! هه‌موان شوكری‌ خواده‌كه‌ن خۆیان و كه‌سه نزیكه‌كانیان له‌نێو ئه‌و خه‌ڵكانه‌دا نه‌بون كه‌ كوێربون، كوێربونی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكه‌ كێشه‌ی‌ كه‌س نییه‌! كێشه‌ی‌ رۆشنبیره‌كان نییه‌! كێشه‌ی‌ جه‌نابی‌ وه‌زیریش نییه‌! ئه‌گینا وه‌ك ئه‌ركێكی‌ ئه‌خلاقی‌ ده‌ستی‌ له‌كارده‌كێشایه‌وه‌، ئایا كه‌ستان بیرتان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌جیاتی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بونایه‌ كه‌ كوێربون چیتان ده‌كرد.

كاتێك خه‌رجی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ به‌ڕێژه‌یه‌كی‌ به‌رچاو زیاد ده‌كات، به‌ڵام خزمه‌تگوزارییه‌ پزیشكیه‌كان له‌جێگای‌ خۆیانن، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی‌ كه‌س نییه‌!

كاتێك وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ دو سیاسه‌تی‌ دژ به‌یه‌كی‌ جیاواز ته‌به‌نی‌ ده‌كات یه‌كێكیان له‌زۆنی‌ زه‌رد و پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ له‌زۆنی‌ سه‌وز، ئه‌مه‌ش كێشه‌ی‌ كه‌س نییه‌!

كاتێك له ‌دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كانی‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ و كه‌رتی‌ تاییبه‌تیش ژورێكی‌ گونجاو یاخود قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كت نه‌بێت بۆ سه‌رۆك و به‌رپرسه‌ فره‌باڵاكان نه‌ك كێشه‌ی‌ كه‌س نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی‌ سه‌رۆك و به‌رپرسه‌كانیش نییه‌! ئه‌ی‌ ئه‌مه‌ كێشه‌ی‌ كێیه‌؟ ئه‌م هه‌مو سه‌رۆك و به‌رپرسانه‌ نه‌توانن ژورێكی‌ گونجاو یاخود قه‌ره‌وێڵه‌یه‌ك بۆخۆیان ته‌رخان بكه‌ن له ‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كدا، ئه‌ی‌ چۆن ئه‌توانن ته‌ندروستی‌ وڵاتێك ببه‌ن به‌ڕێوه‌، له‌وه‌ ئه‌چێت ته‌ندروستی‌ وڵاته‌كه‌شیان لامه‌به‌ست نه‌بێت!

 به‌چ لوجیك و فه‌لسه‌فه‌یه‌كه‌ وه‌زاره‌تێكی‌ زل و زه‌به‌لاح به‌ بوجه‌یه‌كی‌ مام ناوه‌ندیه‌وه‌ ناتوانێت قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كی‌ گونجاو بۆ سه‌رۆكه‌كانی‌ دابین بكات! ئایا سه‌رۆك و به‌رپرسه‌باڵاكان ئه‌وانه‌ی‌ چه‌ند ساڵه‌ خه‌بات ده‌كه‌ن مافی‌ ئه‌وه‌یان نییه‌ وه‌ك هاوڵاتی‌ ئاسایی‌ قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كی‌ گونجاویان هه‌بێت بۆ پاراستنی‌ ژیان و خزمه‌تكردنیان له‌كاتی‌ پێویستدا، وابزانم ئه‌مه‌ كێشه‌ی‌ كه‌س نییه‌! باچون رۆیشتوه‌ وا بڕوات، با باشی‌ نه‌كه‌ین نه‌ك خراپتر ببێت!

كاتێك خواردنی‌ به‌سه‌رچو و كوالیتی‌ نزم له ‌بازاڕه‌كاندا ساغ ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌س به‌كێشه‌ی‌ خۆی‌ نازانێت! كاتێك ژینگه‌ پیس ده‌كرێت كه‌س به‌كێشه‌ی‌ خۆی‌ نازانێت! كاتێك ته‌ندروستی‌ شارێك ئه‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ كه‌س به‌كێشه‌ی‌ خۆی‌ نازانێت! هه‌ڵبه‌ته‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ و به‌رپرسه‌ باڵاكانی‌ به‌كێشه‌ی‌ خۆیانی‌ نازانن.

به‌ڵام كاتێك نه‌خۆشێك یاخود هاوڵاتیه‌ك گیان له‌ده‌ست ئه‌دات به‌بێ‌ ره‌چاوكردنی‌ زانستی‌ پزیشكی‌ هه‌كوی‌ به‌كێشه‌ی‌ خۆی‌ ده‌وانێت! وه‌ك سه‌ده‌ی‌ جاهلیه‌ت ده‌ستده‌كه‌ین به‌هاوار و گریان و لاوانه‌وه‌ بێئه‌وه‌ی‌ بگه‌ینه‌ راستیه‌كان و سودی‌ لێوه‌رگرین بۆ داهاتو، خۆمان و میدیا كاره‌كانیشمان وژێنه‌رین نه‌ك تێگه‌یه‌نه‌ر ئه‌وان ئه‌و هاوارو گریان و لاوانه‌وه‌یان مه‌به‌سته‌ نه‌ك خستنه‌ڕوی‌ كێشه‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان، بابه‌ته‌كان به‌بێ‌ بنه‌مای‌ زانستی‌ ئه‌وروژێنین بێئه‌وه‌ی‌ بیر له‌چاره‌سه‌ر بكه‌نه‌وه‌ ده‌رئه‌نجام خۆمان و هاوڵاتیش ئه‌گه‌وجێنین.

كاتێك داوا له‌خه‌ڵك ده‌كرێت ویژدانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ یارمه‌تی‌ و كڕینی‌ ده‌رمانی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ توشبوان به‌ناوی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ ژیانه‌وه‌، ئه‌توانم بڵێم ته‌ندروستی‌ له‌مه‌ترسیدایه‌! تاوانه‌ وڵاتێك خاوه‌نی‌ نه‌وت و سامانێكی‌ سروشتی‌ بێشومار بێت كه‌رته‌ ته‌ندروستیه‌كه‌ی‌ به‌ سواڵ و سه‌ده‌قه‌ ببات به‌ڕێوه‌، ته‌ندروستی‌ وڵات به‌ویژدان ناڕوات به‌ڕێوه‌ له‌بری‌ ویژدان سیستم هه‌یه‌ سیستم، داوا له‌خه‌ڵك ده‌كرێت به‌پاره‌ی‌ گیرفانیان یارمه‌تی‌ توشبوانی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ بده‌ن، به‌ڵام ئایا به‌و یارمه‌تییه‌ باری‌ ته‌ندروستی‌ توشبوانی‌ نه‌خۆشی‌ شێرپه‌نجه‌ باش ده‌بێت؟! ئایا هه‌رهه‌مان كۆمپانیاكانی‌ پێشو به‌و پاره‌یه‌ی‌ كه‌ له‌ خه‌ڵك كۆكراوه‌ته‌وه‌ ده‌رمان و پێداویستی‌ پزیشكی‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌ دابین ناكه‌ن، ئایا ئه‌و پاره‌یه‌ ناچێته‌ گیرفانی‌ ئه‌و كۆمپانیا ته‌ندروستیانه‌ی‌ كه‌ خاوه‌نه‌كانیان دورو نزیك په‌یوه‌ندیان به‌سێكته‌ری‌ ته‌ندروستیه‌وه‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر سواڵكردن و ده‌رۆزه‌كردنی‌ پاره‌ بۆ دروستكردنی‌ نه‌خۆشخانه‌ ئاسایی‌ بێت، به‌ڵام بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ئاسایی‌ نییه‌، مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ ته‌ندروستی‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ كێشه‌ی‌ كه‌س نییه‌، به‌ڵێ‌ دڵنیام جه‌نابی‌ وه‌زیریش به‌كێشه‌ی‌ خۆی‌ نازانێت!

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌مو كێشه‌ ته‌ندروستیانه‌ بونیان هه‌یه‌و كێشه‌ی‌ كه‌س نین، به‌ڵام تۆبڵێیت ئه‌مجاره‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان كه‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ وه‌رگرتوه‌ كێشه‌ ته‌ندروستیه‌كان به‌كێشه‌ی‌ خۆی‌ بزانێت، یاخود وه‌ك هه‌میشه‌ سه‌لماندویه‌تی‌ به‌كێشه‌ی‌ خۆی‌ نازانێت و هه‌مان سیاسه‌تی‌ ته‌ندروستی‌ پێشو پیاده‌ ده‌كاته‌وه‌.


* پسپۆری‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ گشتی‌
Sbeiy.com © 2007