Print
 
 به‌ڵێ کاک نه‌وشیروان ''تاکڕه‌وه‌''
نوسه‌ر:  چیا عه‌باس
Thursday, June 19, 2014

ساڵی پار هه‌ڵسوڕاوێکی گه‌نچ له‌م وڵاته‌ی منی لێده‌ژیم ‌سه‌ردانی کوردستانی کردبو، له‌ گه‌ڵ کاک نه‌وشیروان بۆ ماوه‌ی 2 سه‌عات داده‌نیشێت، باس و قسه‌کردنیان له‌سه‌ر گۆڕان ده‌بێت. له‌ میانی دانیشتنه‌که‌دا هه‌ڵسوڕاوه‌که‌ زۆر به‌توندی ره‌خنه‌ له‌ چه‌ند هه‌ڵوێست و کاری کاک نه‌وشیروان و گۆڕان ده‌گرێت و به‌ڕێزیشی زۆر هێمنانه‌ و له‌سه‌رخۆ گوێی لێده‌گرێت و وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌. له‌ کۆتایی دانیشتنه‌که‌دا هه‌ڵسوڕاوه‌که‌ لێی ده‌پرسێت: "کاک نه‌وشیروان من زۆر توند بوم له‌ گه‌ڵت و تۆش زۆر هێمن و ئارام بویت و رێگریت له‌ قسه‌کانم نه‌کرد". له‌ وه‌ڵامدا پێی ده‌ڵێت: "من له‌و باوه‌ڕه‌دام هه‌رچی ئێوه‌ی گه‌نجه‌ ده‌بێت به‌م شێوازه‌‌ ره‌خنه‌ و گله‌ییه‌کانتان ده‌ربڕن و لێشتان قبوڵ ده‌که‌م، تا سبه‌ینێ چونه‌ به‌رده‌م هه‌ر به‌رپرسێک له‌ کوردستان به‌هه‌مان بوێری و راشکاوانه‌ بتوانن قسه‌ی خۆتان بکه‌ن".

له‌ دوا رۆژه‌کانی پێکهێنانی کابینه‌ی هه‌شته‌مدا که‌ ناوی کاندیده‌کان بۆ پۆسته‌ وه‌زار‌یه‌کان له‌لایه‌ن هێزه‌ به‌شداربوه‌کانه‌وه‌ پێشکه‌ش کراوه‌ گوێبیستی چه‌ند ده‌نگۆیه‌کی‌ ناڕه‌زاین سه‌باره‌ت‌ به‌شێوازی دیاریکردنی کاندیده‌کانی گۆڕان. ناڕه‌زایی و تانه‌دانی چاوه‌ڕوانکراو له‌لایه‌ن ‌پاشماوه‌کانی که‌له‌پورێكی سیاسی و فیکری فره‌‌ ره‌گ و‌ هه‌ریسه‌ ئاسای باشوری کوردستان.

راگه‌یاندنه‌کان مافی خۆیانه‌ بیروڕای جیاواز، تایبه‌ت وروژێنه‌ره‌کان، بکه‌نه‌ سه‌کۆیه‌کی سه‌رنجراکێش بۆ ره‌واجیان، جار هه‌یه‌ به‌زه‌قی به‌رچاو ده‌که‌وێت که‌ به‌شێک لێیان به‌په‌رۆشی سه‌رگه‌رمێکه‌وه‌ حوجره‌یه‌کی ماڵه‌که‌یان بۆ دوعا و خه‌مخۆری ره‌خنه‌گران ته‌رخان ده‌که‌ن و به‌شێوازێک ئه‌و حوجره‌یه‌ ده‌رازێننه‌وه‌ خۆشیان بوێت یاخود تاڵ ده‌که‌ونه‌ خزمه‌تی ‌ئاراسته‌یه‌کی سیاسی تایبه‌ت له‌ دۆخی باشوری ته‌نراو به‌فره‌ ‌ململانێی و ناکۆکی گه‌وره‌ و خه‌ست.

راستیه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ که‌ به‌شێک له‌ میدیای ئه‌هلی له‌م هاوکێشه‌یه‌دا ده‌خولێته‌وه، چاودێرێکی رۆژنامه‌گه‌ری یاخود سیاسی بێت و بۆماوه‌ی 1-2 هه‌فته‌ سه‌یری مانشێته‌ گه‌وره‌کانی یه‌کێک له‌و جۆره‌ میدیایانه‌ بکات ئاڕاسته‌یه‌کی بێلایه‌نی و له‌ سودی لایه‌نێکی سیاسی دیاریکراوی تێدا به‌ده‌ی ده‌کات.

من لێره‌دا ناچمه‌ سه‌ر باسکردنی ئه‌و که‌سایه‌تی و تاقمانه‌ی چۆن توره‌که‌ی پاره‌ و زانیاری دروست و نادروستی ئه‌و قوژبنانه‌ی راگه‌یاندن پڕده‌که‌ن و‌ ناوبه‌ناو خۆبه‌خشانه‌ و ئاره‌زومه‌ندانه‌ بۆ مه‌رامێکی سیاسی تایبه‌ت به‌کارده‌هێنرێن، چونکه‌ به‌شێکی ئه‌و جۆره‌ راگه‌یاندنانه‌ بۆته‌ بازرگانیکردن‌، به‌ڵام ناشێت ئه‌م بێده‌نگیه‌ مانای بێده‌نگی بێت به‌رامبه‌ر به‌چه‌واشه‌کاری و عه‌رزکردنی روداوه‌کان دور له‌ واقیع و مه‌نتق، ره‌خنه‌ و ناڕه‌زایه‌تیه‌کان‌ بخزێنرێنه‌ نێو هه‌بگه‌یه‌کی ئاراشته‌کراو و رازاوه‌ی‌ دڵگیر و قه‌شه‌نگ بۆ مه‌رامی تر‌.

له‌ رابورد و ئێستاشدا هه‌ر وا رۆیشتوه‌‌ که‌سانی خۆماتکه‌ر خۆیان ده‌که‌نه‌ ‌خاوه‌نی فکر و چه‌مکی راست و ئه‌وانه‌شی هه‌ڵگری قورسایی و ئازاری راستیه‌ مه‌زنه‌کانن ده‌که‌نه‌ قوربانی حه‌ز و ئاره‌زوه‌ وردیله کاتییه‌کانی خۆیان.

بۆیه‌ کاتێک ئه‌و بۆچون و ره‌خنانه‌ش چه‌ند راستیه‌ک له‌خۆ بگرن ئه‌وا نمایشکردنیان به‌و شێوازه‌ گومانێکی ره‌وا له‌ زه‌مینه‌ی نیه‌ته‌ راسته‌قینه‌کانی پشتیان دروست ده‌کات.‌

ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ئه‌م دواییه‌، له‌ کاتێکدا گۆڕان یه‌که‌م ئه‌زمونی پشکی خۆی له‌ حوکمڕانی ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، پێیانوایه‌ رێکخه‌ری گشتی گۆڕان، به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا، بێ راوێژ و پرسکردن کاندیده‌کانی بۆ پشکی گۆڕان له‌ وه‌زاره‌ته‌کان دیاریکردوه‌ و به‌م کارانه‌ی گۆڕان به‌ئاراسته‌ی تاکڕه‌ویدا ده‌بات و به‌دیارده‌یه‌کی مه‌ترسیداری ده‌زانن. سه‌یره‌ ئێمه‌ی گۆڕانخوازان ئه‌و جۆره‌ ده‌نگۆی ناڕه‌زایی و گله‌ییانه‌ ته‌نها له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان و کاتی دابه‌شکردنی پۆسته‌کاندا ده‌بیستین و روخساری خاوه‌نه‌کانیشیان هه‌ر له‌و ساته‌ وه‌ختانه‌دا له‌‌ قوژبن و حوجره‌کانی راگه‌یاندنه‌کاندا به‌رچاو ده‌که‌ون.

گریمان کاک نه‌وشیروان تاکڕه‌وه‌، دڵنیام "تاکڕه‌وێکی" دادپه‌روه‌ر و به‌ئه‌مه‌که‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ و خاک، "تاکڕه‌وێک" 5-6 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر شانی دایه‌ به‌ر ئه‌رکێک، کاتێک ته‌حه‌دای ده‌سه‌ڵاتێکی به‌هێزی به‌توانای پارتی و یه‌کێتی کرد به‌ دو سه‌رکرده‌ی مێژوییانه‌وه، زۆر که‌س و لایه‌ن به‌خه‌یاڵ پڵاویان ده‌دایه‌ قه‌ڵه‌م و پاڵیان لێدابوه‌و و چاوه‌ڕوان بون، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کاک نه‌وشیروان سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا، کاک نه‌وشیروان "تاکڕه‌وه‌ێکه‌" یه‌ک و دوی نه‌کردوه‌ و نایکات له‌ به‌خشینی هه‌رچی هه‌یه‌تی له‌ توانا و ده‌سه‌ڵات و جاه‌ و نیعمه‌تی ژیان بۆ میلله‌ته‌که‌ی، "تاکڕه‌وێکه‌" نه‌ که‌می کردوه‌ و نه‌ دره‌نگ هاتوه‌ و نه‌ سه‌نگه‌ری گۆڕیوه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌رامی خۆی، "تاکڕه‌وێکه‌" به‌درێژایی ته‌مه‌نی خه‌باتی ئه‌وه‌ی لای گرنگ نه‌بوه‌ منداڵ و خانه‌واده‌ی خۆی و که‌سوکار و دۆسته‌کانی بکاته‌ به‌رپرس لێره‌وله‌وێ وه‌ک به‌شێکی زۆر له‌ سه‌رکرده‌کانی کورد چاوقایمانه‌ به‌به‌رچاومانه‌وه‌ ده‌یکه‌ن، "تاکڕه‌وێکه‌" ویژدان پاک و ده‌ستپاک و راستگۆ و ساده‌، "تاکڕه‌وێکه‌" به‌درێژایی ژیانی گۆڕان کاری کردوه‌ بۆ دروستکردنی چه‌ندین هه‌ڵسوراوی گه‌نج و نه‌ناسراو له‌ کێڵگه‌ به‌رینه‌که‌ی گۆڕاندا و له‌م پرۆسه‌یه‌شدا دوچاری ئه‌سته‌نگ و ململانێی خه‌ست بۆته‌وه‌، به‌ڵێ کاک نه‌وشیروان "تاکڕه‌وێكه‌" یه‌ک چرکه‌ کاری نه‌کردوه‌ تا خزمه‌ نزیکه‌کانی خۆی بێنێته‌ پێشه‌وه‌ یا له‌ هه‌ڵبژاردنێکدا بانگه‌شه‌ی تایبه‌تیان بۆ بکات یا کار بۆ ده‌رچونیان بکات، کاک نه‌وشیروان "تاکڕه‌وێکه‌" له‌ زۆربه‌ی بڕیاره‌ گرنگه‌کانی گۆڕاندا پێشوه‌خت پرسی به‌ زۆربه‌ی هه‌ڵسوراوه‌ کۆن و تازه‌کانی گۆڕان کردوه‌ و من بێگومانم که‌ له‌ پرسی کاندیده‌کانیشدا کردویه‌تی، ئه‌وه‌ ئه‌مه‌کی ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌یه‌ ده‌بێته‌‌ سه‌نگی مه‌حه‌ک‌ بۆ راستی و دروستی ئه‌م واقیعه‌...تاد.

من بۆخۆم و بێگومانیش ده‌یان هه‌زار گۆرانخواز و هه‌ڵسوراوی گۆڕان "تاکڕه‌وێكی" خاوه‌ن ئه‌و خه‌سڵه‌ته و به‌ها به‌رزانه‌مان زۆر پێباش و قبوڵه‌ وه‌ک له‌وه‌ی "جادو‌گه‌رێکی دیموکراسی" به‌زمانی لوس و قسه‌ی سواو و درۆ و ده‌له‌سه‌ بیه‌وێت له‌ خشته‌مان به‌رێت.

سه‌رکرده‌ی تاکڕه‌و زۆرن که‌ تاکڕه‌ویان بۆ خزمه‌تکردنی مه‌رامه‌ تایبه‌تیه‌کانیانه‌، بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبون و قۆرخکردنی‌ ده‌سه‌ڵاته، بۆ سه‌پاندنی فکر و عه‌قیده‌ی چه‌قبه‌ستوه‌‌ و ته‌نانه‌ت بۆ سه‌پاندنی نه‌مری خۆیانه‌ له‌ مێژودا، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌زمونی میلله‌تان چه‌ندین نمونه‌ی سه‌رکرده‌ی‌ "تاکڕه‌و‌مان" پیشان ده‌ده‌ن که‌ سه‌رکه‌وتنی زۆر گه‌وره‌یان بۆ میلله‌ته‌کانیان به‌ده‌ستهێناوه و ده‌هێنن‌، ئه‌وانه‌شی ناوبه‌ناو و سه‌رکه‌شانه‌ فویه‌ک به‌ "بوقه‌ی دیموکراسیدا" ده‌که‌ن بێگومان‌ له‌ ریزه‌کانی دواوه‌ی ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌دا خۆیان ده‌دۆزنه‌وه‌.

راسته‌ وتویانه‌ یه‌کێک له‌ ناخۆشیه‌کانی دیموکراسی ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت گوێ له‌ زۆر شت بگریت، له‌وه‌ش ناخۆشتر گوێگرتنه‌ له‌ قسه‌ی به‌تاڵ و بێ بنه‌ما.
Sbeiy.com © 2007