Print
 
 قه‌یران باوكی‌ درۆ و دزی‌
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Thursday, July 3, 2014
هه‌ركاتێك قه‌یران زیاد ده‌بێت، ئیدی‌ درۆو ساخته‌و دزیش زیاد ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌م رۆژانه‌دا مرۆڤ دزینی‌ به‌نزین و شێوازه‌ جیاجیاكانی‌ ئه‌و دزیه‌ ده‌بینێ‌ هیچ كاتێك نه‌یبینیوه‌، هاوڵاتی‌ ئاسای‌ ئه‌گه‌ر قه‌یران نه‌بێت ئه‌و شێوه‌ دزیه‌ ناكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ته‌كسی‌ هه‌یه‌ گوتویه‌تی‌ ئێستا رۆژانه‌ سێ‌ جار به‌نزین وه‌رده‌گرم و ئیدی‌ كاری‌ ته‌كسێتی‌ ناكه‌م، من خۆم زۆر ئۆتۆمۆبێلی‌ جۆراوجۆر ده‌بینم كاتێ‌ له‌ ئه‌وه‌ نزیك ده‌بنه‌وه‌ به‌نزینه‌كه‌ وه‌ربگرن په‌یتا په‌یتا ئه‌وه‌ی‌ له‌ ته‌نكی‌ تورمبێله‌كه‌دایه‌ به‌تاڵی‌ ده‌كه‌نه‌ ناو جلیكانه‌وه.

وه‌ك چۆن له‌ قه‌یرانی‌ له‌م شێوه‌یه‌دا هاوڵاتی‌ ئه‌م جۆره‌ دزیه‌ ئه‌كات، به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌سه‌ڵاتیش له‌ كاتی‌ قه‌یراندا درۆ زیاتر ده‌كات وه‌ك له‌ كاتی‌ ئاسایی‌، ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌دا گوێمان له‌ قسه‌و به‌ڵێنی‌ ناڕاستی‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌ساته‌ سروشتیه‌كان بوه‌، مه‌گه‌ر له‌ هه‌ندێ‌ بۆنه‌ی‌ زۆر تایبه‌تا وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ رۆژێك پێمان وترا ئه‌و كاره‌بایه‌ ده‌سكه‌وت نیه‌، له‌ كاتێكا بونی‌ رێگاوبانی‌ باش و كاره‌با و ئاو یه‌ك له‌ سه‌ره‌تایی‌ ترین مافه‌كانی‌ هه‌ر هاوڵاتیه‌كن، له‌ وڵاتێكی‌ به‌ ئاكارا، دروستكردنی‌ قه‌یران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ هه‌ندێك ده‌سه‌ڵات به‌ هۆیه‌كی‌ ده‌بینن بۆ مانه‌وه‌ی‌ خۆیان له‌سه‌ر كورسی‌، دیاره‌ هۆیه‌كیشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ری‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ بخوات كه‌ ناتوانن ببنه‌ هۆی‌ دروستكردنی‌ هاوڵاتیه‌كی‌ دروست و راستگۆ، بۆیه‌ ده‌بێت دان به‌و راستیه‌دا بنه‌ین ئه‌وه‌قه‌یرانه‌ مرۆڤی‌ ساخته‌ چی‌ و فێڵباز دروست ده‌كات، وڵاته‌ ره‌شیق و دیموكرات و رێكوپێك و به‌ دیسپیلینه‌كان، بۆیه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ خاوه‌نی‌ سیستمێكی‌ باش بن و هه‌میشه‌ خۆیان له‌ قه‌یران ده‌پارێزن، چونكه‌ ده‌زانن ئه‌وه‌ قه‌یرانه‌ مرۆڤی‌ چه‌وت و دیارده‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ده‌باته‌ هه‌مو كونج و كه‌له‌به‌رێكی‌ نیشتمانه‌وه.

هه‌ربۆیه‌ له‌ هه‌ندێ‌ شوێن هه‌ر كه‌ حكومه‌ت ناتوانێ‌ به‌سه‌ر قه‌یراندا زاڵبێت، به‌ رێزه‌وه‌ كورسی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ جێدێڵێت، كه‌چی‌ له ‌وڵاتی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌دا تا قه‌یرانه‌كه‌ قوڵتر بێته‌وه‌ وه‌زیری‌ تایبه‌تمه‌ند زیاتر خۆی‌ به‌ كورسیه‌كه‌وه‌ گرێ‌ ئه‌دات و رۆژانه‌ش بێ ئه‌وه‌ی‌ شه‌رم بكات قسه‌ی‌ هه‌له‌ق و مه‌له‌قی‌ زیاتر ئه‌كات، بۆ ئه‌مه‌ نمونه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان، نمونه‌یه‌كی‌ زۆر به‌رچاوه‌، ئه‌وه‌ته‌ی‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ دروست بوه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ بری‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ره‌و كه‌ناری‌ ئارامی‌ بڕوات قه‌یران له‌ دوای‌ قه‌یران روی‌ تێده‌كات و نه‌توانراوه‌ به‌سه‌ر هیچ قه‌یرانێكیشدا سه‌ركه‌وین، ته‌نانه‌ت وای‌ لێهاتوه‌ هه‌ندێ‌ جار به‌ناچاری‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ئامێزی‌ ناوه‌ند بۆ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانه‌كه‌، راستی‌ ئه‌وه‌ته‌ی‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ دروست بوه‌ شێوازه‌كانی‌ دزی‌ ناجۆری‌ هاوڵاتی‌ و درۆی‌ چاره‌سه‌ری‌ بێبنه‌مای‌ ده‌سه‌ڵاتیش زیادی‌ كردوه‌، ئه‌وه‌ش عیلله‌تێكه‌ پێویسته‌ تازوه‌ چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ین، ده‌نا ئه‌گه‌ به‌م جۆره‌ ببینه‌ خاوه‌نی‌ فۆڕمی‌ خۆیشمان، ده‌بێت هۆنراوه‌كه‌ی‌ گۆرانی‌ شاعیر بڵێینه‌وه‌ "بڵێن به‌یار" ئیتر خۆتان ته‌واوی‌ كه‌ن.
Sbeiy.com © 2007