|
سه‌ربه‌خۆیی به‌ئیجازه‌ی ده‌ستور |
نوسه‌ر: چیا عه‌باس
|
Monday, July 7, 2014 |
پیته‌ر گاڵبرایت، دیبلۆماتکار و سیاسه‌تمه‌داری ناوداری ئه‌مەریکا و دۆستێکی زۆر دێرینی کورد، له 2003 تا 2005 وه‌ک راوێژپێکراوێکی کورد رۆڵی به‌رچاوی بینیوه له داڕشتنی ده‌ستوری کاتی و هه‌میشه‌یی عێراق و هانی سه‌رکرده‌کانی کوردی داوه کار بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی حکومه‌تی عێراق بکه‌ن. له کتێبه‌که‌ی به‌ناوی کۆتایی عێراق: چۆن لێنههاتویهتی ئه‌مەریکا شه‌ڕێکی بێ کۆتایی به‌رپا کرد، له 2006دا بڵاوکرایه‌وه، له لاپه‌ڕه 166 دا گاڵبرایت نوسیویه‌تی: "له مانگی مایسی 2003 ده‌رکم به‌وه کرد که سه‌رکرده‌کانی کورد کێشه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی سنورداریان هه‌یه له پلاندانان بۆ عێراقێکی فیدراڵ. ئه‌وان بیریان له شۆڕکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌کرده‌وه، به واتایه‌کی تر به‌غداد مافه‌کانیان پێ ببه‌خشێت. من جه‌ختم ده‌کرده‌وه هاوکێشه‌که پێچه‌وانه بکرێته‌وه... تاد". گاڵبرایت نایشارێته‌وه که هه‌واداری دابه‌شکردنی عێراقه و سیاسه‌تی ئه‌مەریکا بۆ هێشتنه‌وه‌ی عێراق به‌یه‌کپارچه‌یی به‌هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره ده‌زانێت.
کارێکی چاوه‌ڕوانکراوه ناحه‌ز و دوژمنانی کورد و داگیرکه‌رانی کوردستان به فه‌رمانڕه‌واکانی به‌غداشه‌وه زۆر به‌توندی دژ به هه‌ر هه‌نگاوێک بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌ر بستێکی کوردستان بوه‌ستنه‌وه. هه‌ڵگرانی ئه‌م چه‌مکه بۆ هێنانه‌وه‌ی پاساو بۆ هه‌ڵوێستیان په‌نا ده‌به‌نه‌به‌ر ده‌ستوری عێراق، پێیانوایه ئه‌و په‌رتۆکه سحریه مافه‌کانی کوردی دابینکردوه و هه‌وڵی کورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ رۆحی ده‌ستوردا ناگونجێت.
مه‌خابن ئه‌م پاساو و بیانوانه له‌نێو چه‌ند ناوه‌ند و نوسه‌ری کوردیشه‌وه به‌کار ده‌هێنرێن، به‌تایبه‌ت کاتێک ماده‌ی 140 و راپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ستوری عێراقه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه. هه‌رچی پاساو وبیانوی "یاسایی" و "ده‌ستوری" ئه‌و جۆره هه‌ڵسه‌نگاندن و هه‌ڵوێستانه‌یه له‌دوا ئاکامدا روشاندن و برینداربونی یه‌کڕیزی و ئیراده‌ی کوردی له‌م ساته وه‌خته‌دا لێده‌که‌ویته‌وه.
سه‌رکرده مێژوییه‌کانی دنیا وه‌ک: جەمال عەبدولناسر، سوکارنۆ، تیتۆ، غاندی، بن به‌لا، مه‌ندێلا، مجیب ره‌حمان، عه‌ره‌فات، شێخ محمودی نه‌مر، پێشه‌وا قازی محەمەد، ماوتسی تۆنگ، هۆشی منه، کاسترۆ و چه‌ندین سه‌رکرده‌ی ناوداری تر پشتئه‌ستور به ده‌ستور و یاسا و رێسای دوژمنان و داگیرکه‌ران سه‌ربه‌خۆییان بۆ نه‌ته‌وه و وڵاته‌کانیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه. ئه‌و ئه‌زمونانه‌ی دنیاش نامۆ نه‌بون به‌ده‌نگی نه‌شاز تێیاندا و مه‌له‌کردن دژ به‌ئاراسته‌ی شه‌پۆلی سه‌ربه‌خۆیی.
ده‌ستوری سێکتاریزم و ته‌وافق
ده‌ستوری عێراقی په‌سندکراو زاده‌ی سه‌رده‌مانێک بو زۆر جیاواز له عێراقی ئه‌م سه‌رده‌مه، سه‌رده‌می ئیفۆریای روخاندنی یه‌كێک له دڕه‌نده‌ترین رژێمه‌کانی دنیا، سه‌رده‌می تینویه‌تی بێئه‌ندازه‌ی شیعه و کورد بۆ چونه ده‌سه‌ڵات، سه‌رده‌مێک سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد ئاره‌زومه‌ندانه جارێکی تر ئایندهی کوردیان به عێراقێکی وێران و له‌تله‌تکراو به‌سته‌وه. هه‌رچۆنێک بێت ره‌وایه‌تی ئامانجه سه‌ره‌کیه‌کانی ده‌ستوره‌که‌ی عێراق (پاراستنی یه‌کپارچه‌یی و سه‌روه‌ری عێراق به‌رێگه‌ی پره‌نسیپی ته‌وافقی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی) به‌رده‌وام له ژێر پرسیاردا بوه، چونکه به‌چاودێری و له‌سایه‌ی هێزێکی زه‌به‌لاحی داگیرکه‌ر و بۆ پاراستنی بهرژهوهندیهکانیشی دارێژراوه، هێزێک که رژێمه دڕنده‌که‌ی سه‌دامی له‌ناوبرد. سه‌ره‌داوه‌کانی ئه‌م ده‌ستوره هه‌ر له یاسای کاتی بۆ به‌رێوه‌بردنی عێراق له قۆناغی گواستنه‌وه‌دا چنێنراوه و له‌نێو دێره‌کانیدا ئیراده‌ی ئه‌مەریکا زۆر به‌هێز بوه، بۆیه بێگومان ده‌ستورێکه کورد به‌ناچاری و به‌شێکیشی له هه‌ڵسه‌نگاندن و دیدێکی ساده‌ی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد و چه‌ند چه‌مكێکی سه‌پێنراو به‌سه‌ریدا، پێشوازی لێکراوه و ده‌نگی پێدراوه. به‌ره‌ی شیعه ده‌ستبه‌رداری خه‌ونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بو له به‌رامبه‌ر ده‌ستورێکی سێکتاریزم، به‌شێک له سه‌رکرده‌کانی کوردیش به‌شداری ئه‌م کوده‌تا مهزههبیهیان به‌سه‌ر دیموکراسیدا کرد. ده‌ستوره‌که له‌لایه‌ن عه‌ره‌بی عێراق و تایبه‌ت به‌ره‌ی شیعه ژیرانه به‌کارهێنرا تا کورد و سوننه‌شی له‌خشته پێبه‌رن و تێشیدا زۆر سه‌رکه‌وتو بون. ده‌ستورێکه به رۆحی سێکتاریزم و که‌ره‌سه‌کانی ته‌وافق داڕێژراوه بۆیه گه‌راکانی ئیفلیجی و بهلاوهدان و پێشێلکردن پێش له‌دایکبونی جه‌سته‌که‌ی ته‌نیبو، هه‌ربۆیه ئه‌م ده‌ستوره تا ئه‌م ساته‌ش ته‌نها بهشهرهشهق رێژه‌یه‌کی له داهاتی عێراق بۆ کورد دابینکردوه، جێبه‌جێکردنی 140، یاسای سامانه سروشتیه‌کان، ئایندهی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه، پێگه‌ی شیاوی کورد له ده‌زگا گرنگ و باڵاکانی عێراقدا و چه‌ند ته‌وه‌رێکی گرنگی تری کردۆته قوربانی رۆحی سێکتاریزم و شۆڤێنزمی نه‌ته‌وه‌یی. راسته به‌رپرسانی دو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له به‌غدا له‌سایه‌ی ئه‌و ده‌ستوره‌دا پله و پێگه و پاره‌یان ده‌ستکه‌وتوه، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ سه‌لماندنی عێراقچیهتیان و رازیکردنی چه‌ند هێزی ده‌ره‌کی ئه‌و ده‌ستوره‌یان له کورد کردبوه سوننه‌تی سیاسه‌ت و ژیان و ئاینده، هۆش و مێشکیان بۆ ئه‌ڵته‌رنه‌تیڤی تر نه‌خستبوه گه‌ر، بۆیه پاشه‌کشه و زنجیره شکسته‌کانی کورد له 4-5 ساڵی رابوردو له به‌غداد و تا ئه‌م ساته‌ش نیشانه‌ی شکستێکی زۆر گه‌وره‌ی به‌رپرسانی کورده له به‌غداد. ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌بی عێراق به‌پێچه‌وانه‌وه به‌رده‌وام ده‌ستوریان وه‌ک ته‌ڵه‌یه‌ک بۆ مانه‌وه‌ی کورد له که‌لاوه‌ی عێراقدا به‌کارهێناوه. مالیکی نوێنه‌ری شۆڤینزم و توندڕه‌وی عه‌ره‌بی شیعه کاتێک رسته‌یه‌کی ده‌ستوری به‌بیردا هاتۆته‌وه که کورسیه‌که‌ی ژێری له‌رزۆک بوه. ئه‌زمونه‌کانیش له گه‌ڵ ئه‌م زاته‌دا ده‌یسه‌لمێنن پیاوی به‌ڵێن و قسه‌کانی نیه، وه‌ک پاشگه‌زبونه‌وه‌ی له رێکه‌وتنی هه‌ولێر. به‌رپرس و نوێنه‌رانی کوردیش به‌رامبه‌ر به ده‌ستور فریشته نه‌بون، چه‌ندین پێشێلکاری زه‌قیان کردوه، تێڕامانیان بۆ ده‌ستور هه‌روه‌ک "قه‌میسه‌که‌ی عوسمان" بوه و زیاتر له روانگای حیزبی و به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانیانه‌وه مامه‌ڵه‌یان پێکردوه، بۆیه ئه‌وان و ده‌ست و پێوه‌نده‌کانیان سودمه‌ندی یه‌که‌می ئه‌و دۆخه بون.
عێراقچیه‌کان
ئێستا به‌شێک له پاشماوه‌کانی عێراقچیه‌تی و عاشقانی به‌غداد به ئه‌قڵیه‌تی سه‌رده‌می ئۆپۆزسیۆنبونی کورد و هێزه‌کانی شیعه بۆ سه‌دام میلۆدیای نهستۆڵژیا ده‌چرنه‌وه و چاوهڕهوانیهکانیان داده‌رێژنه‌وه و کورد ده‌گێڕنه‌وه سه‌ر خاڵی سه‌ره‌تا. کاره‌ساته ئاستی سیاسی و رۆشنبیری چه‌ند کاراکته‌رێکی کورد له‌م دۆخه هه‌ستیاره‌ی باشوردا بهزهنگه کۆن و شکاوه‌کانی مێژو و خڵته‌ی ئاوازه لهبیرچوهکان زه‌نگی بانگه‌شه بۆ په‌رستگاکانیان لێده‌ده‌ن
کورد له باشور پاش نزیکه‌ی ده ساڵ له‌و ده‌ستوره بێ‌ئومێد بوه، مافی خۆیه‌تی ره‌تیکاته‌وه یا گۆڕانکاری پێویستی تێدا بکات.
ده‌ستور هه‌بێت یا نه‌بێت کورد به‌رده‌وام ئیراده‌ی خه‌باتکردنی بۆ ئاینده هه‌بوه و ده‌بێت، تاکه ده‌ستورێک که ده‌بێت به‌رده‌وام ته‌واو پێڕه‌و بکرێت ده‌ستوری به‌رژه‌وه‌ندیه باڵاکانی کورده.
که‌س رێگا نادات ئه‌م هاوکێشه‌یه بکه‌نه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی که‌سایه‌تی و حیزبی، بیکه‌نه گورزێک بۆ تۆڵه‌سه‌نده‌وه و شکاندنی یه‌کتر، بیکه‌نه پارویه‌کی ئاسان بۆ تێرکردنی برسیه‌تی و چاوچنۆکی میحوهرگهری مه‌زهه‌بی ناوچه‌که.
هیچکات له مێژودا وه‌ک ئه‌م ساته‌وه‌خته بزافی کوردایه‌تی له باشور و کوردستانی گه‌وره نهوروژاوه، دۆخێکه تێیدا چه‌ند سه‌رکرده و هێزو خه‌ڵکی به‌جدی بیر له ئایندهی نه‌ته‌وه‌که‌یان ده‌که‌نه‌وه، بۆیه دۆخه‌که چه‌قبه‌ستو نیه و ئه‌سیری فکرێکی نه‌گۆڕی ئیفلیج و بێهوده نیه.
ئاساییه له دۆخی گۆڕانکاریدا ته‌ره‌فی زه‌ره‌رمه‌ند هه‌بێت، ئاساییه به‌رگری له پێگه و فکریان بکه‌ن، ئه‌وه‌ی ئاسایی نیه ئه‌م هاوکێشه‌یه به فکر و بۆچونی چه‌قبه‌ستوی قیرسچمه، ره‌شبین له تێڕامان بۆ ئاینده، وره روخێنه‌ر له هه‌ڵسه‌نگاندن و کارکردن‌دا، خۆباییبو و هه‌ڵگری گه‌راکانی نهیڵیزم سه‌رچۆپی شاییه‌ک بکه‌ن که‌س نازانێت بۆ چ بوک و زاوایه‌که.
هه‌ر هێز و لایه‌نێک به‌هه‌مان نه‌فه‌سی 2003 و بێ هه‌موارکردنه‌وه‌ی بنه‌ڕه‌تی له چه‌ند خاڵێکی ده‌ستوردا (کارێکی زۆر ئه‌سته‌مه)، بیه‌وێت به‌ئیجازه‌ی ده‌ستور کێشه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌کانی پێش‌و بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ دۆخه ئاڵۆزه‌که‌ی جاران بچێته‌وه ناو که‌لاوه‌که‌ی عێراق خزمه‌ت به ره‌وشی کورد له باشور و ئایندهی ناکات.
تورکیا و ئیسرائیل و خیانه‌ت... چی بکه‌ین؟
هه‌ر له‌م سیاقه‌دا چه‌ند به‌ڕێزێک پێیانوایه نابێت کورد پشتئه‌ستور بێت به پشتگیری ئیسرائیل و تورکیا بۆ سه‌ربه‌خۆیی، چونکه ئه‌وان خیانه‌ت له کورد ده‌که‌ن. من له گه‌ڵ به‌شێکی ئه‌م بۆچونهدام بهزیادهکردنی ئه‌وه‌ی نابێت کورد به‌راده‌ی سه‌ره‌کی پشتئه‌ستور بێت به پشتگیری هیچ هێز و وڵاتێک، به‌تایبه‌ت داگیرکه‌رانی کوردستان. هاوکاتیش هه‌ر وڵاتێک پشتگیری سه‌ربه‌خۆییمان بکات ده‌بێت پێشوازی له‌و پشتگیریکردنه بکه‌ین، خۆ ئێمه‌ی کورد له دورگه ئیتۆپیا ئاساکه‌ی ده‌سکردی خه‌یاڵی تۆماس مۆر له ساڵی 1516دا ناژین تا به‌ئاره‌زوی دڵی خۆمان بیرازێنینه‌وه. ئه‌مڕۆ دنیا بۆته گوندێکی بچوک، تێیدا ئاو و هه‌وا و خۆڵ و هه‌مو گیانله‌به‌ره‌کان به ملیارده‌ها تاو و گرێ به‌یه‌که‌وه گرێدراون، پساندنیان به‌مانای دابڕان و خۆکوژی دێت.
چی بکه‌ین، بۆ نه‌گبه‌تی کورد "به‌ره‌ی سۆشیالیستی" نێوده‌وڵه‌تی جاران روخاوه تا پشتگیریمان بکات وه‌ک چۆن پشتگیری سه‌دامی دژ به کورد ده‌کرد، چی بکه‌ین، بزافه رزگاریخوازه‌کانی دنیا بونه‌ته دۆستی نزیکی ئیستیعمار و ئه‌مەریکا تا ببنه په‌نا و پشتمان، چی بکه‌ین، فه‌له‌ستینیه‌کان وه‌ک جاران پشتگیریمان ناکه‌ن کاتێک له ریزدا چاوه‌ڕوانی مه‌دالیا و پاره و پولی سه‌دام بون، چی بکه‌ین، کاتێک کیمیاباران و ئه‌نفال و دواتر کۆڕه‌وه‌که‌ی کورد ویژدانی گه‌ردونی هه‌ژاند، هه‌ر هه‌مو دنیای پێشکه‌وتوخواز و سۆشیالیست و موسڵمان وێرای ئه‌وه‌ی پارچه نانێكی وشکیان پێ ره‌وا نه‌بینین به‌شان و باڵی سه‌دامدا هه‌ڵیانده‌دا، چی بکه‌ین، سه‌رکرده شۆڕشگێڕه‌که‌ی فه‌له‌ستینیه‌کان هاواری ده‌کرد کورد چیان ده‌وێت ئه‌وه نیه ئه‌مەریکا سهندویجیان به‌سه‌ردا ده‌رێژێت (ئاماژه‌یه‌ک بۆ فرێدانی نان له‌لایه‌ن فرۆکه‌کانی ئه‌مەریکا به‌سه‌ر ئاوراه کورده‌کانی گیرساوه له‌سه‌ر سنوری تورکیا له کاتی کۆره‌وه‌که‌دا)، چی بکه‌ین، هه‌ر له‌و سات و ئانانهدا چه‌ندین رێکخراوی خێرخوازی دنیای کاپیتاڵیزم و ئه‌وروپای مه‌سیحی و ته‌نانه‌ت رێکخراوه‌کانی جوله‌که‌ش به‌گه‌رمی و په‌له فریای کورد که‌وتن (بۆ زانیاری خوێنه‌ری به‌ڕێز به‌شداری خادم الحرمین الشریفین له به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی سێ پارێزگاکه‌ی هه‌رێم له ساڵی 1993-1994 به‌پێی راپۆرتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان 1.300 هه‌زار و سێ سه‌د دۆلار بو)، ئه‌وه تورکه‌ت ئۆزاڵی سه‌رۆک کۆماری تورکیا بو پێشنیازی دورگه‌یه‌کی ئارام و دواتر بوه ناوچه‌یه‌کی ئارامی بۆ کوردی باشور کرد.
من له مانای راسته‌قینه‌ی چه‌مکی خیانه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌دا تێناگه‌م، هه‌رچی وڵات و هێزه‌کانی پۆلێنکراو له به‌ره‌ی دوژمنانی ئه‌جێندای سیاسی سه‌رده‌می خه‌باتی رزگاریخوازه بونه‌ته پارێزه‌ر و "هاوپه‌یمان" و دۆستی کورد، به‌شه‌ق و زه‌بری ئه‌وان کورد گه‌رایه‌وه زێدی خۆی و بۆ 12 ساڵ ئاسمان و خاکمان پارێزرا و نان و ئاو بۆ میلله‌ته‌که‌مان دابینکرا، به‌شه‌ق و زه‌بری ئه‌وان حکومه‌ته مه‌زهه‌بیه عه‌ره‌بیه‌که‌ی به‌غدا دوای سه‌دام پشکێک پاره و پێگه‌ی داینێ.
ئه‌وه فه‌له‌ستینیه‌کانن، بێجگه حه‌ماسه توندڕه‌وەکان، خواخوایانه له گه‌ڵ ئیسرائیل رێککه‌ون و گوزه‌رانی و ئاینده‌یان گه‌شه پێبده‌ن، ئه‌وانن ژێربه‌ژێر و ئاشکرا سه‌دان دانیشتن و رێکه‌وتن له گه‌ڵ حکومه‌ته جیاکانی ئیسرائیل ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆ ده‌بێت ئێمه‌ی کورد له پاپا مهسیحتر بین و بێ هیچ هۆکار و زه‌مینه‌یه‌کی هه‌نوکه‌یی یه‌کێک له زلهێزه‌کانی ناوچه‌که بکه‌ین به دوژمنی کورد. وێرای ئه‌وه‌ی کورد ده‌بێت هه‌میشه له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی مافه ره‌واکانی فه‌له‌ستینیه‌کاندا بێت، وه‌لێ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی سیاسیه دوژمنایه‌تی سیاسی ئیسرائیل بۆ خاتری خاتران بکه‌ین، ده‌بێت کورد له بازنه‌ی پاشکۆیه‌تی و کڕوزانه‌وه و چه‌مانه‌وه ده‌ربازی بێت و خۆی وه‌ک یه‌کسان له گه‌ڵ سه‌رجه‌م میلله‌ت و وڵاتانی ناوچه‌که بسه‌لمێنێت. سه‌رده‌می به‌ڵگه‌ی عبوریهتی قه‌رارگای ره‌مه‌زان و جه‌ندرمه‌ی تورکی به‌سه‌رچو.
ئاستی په‌یوه‌ندی و بازرگانی کورد له باشور له گه‌ڵ تورکیا و ئێران بۆته فاکته‌رێكی سه‌ره‌کی بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ئابوری و بۆ دابینکردنی لۆجیستیکی به‌هێز بۆ گواستنه‌وه‌ی سامانه سروشتیه‌کانمان، سه‌دان کۆمپانیا و نوێنه‌رایه‌تی و ده‌زگا جیاکانی دنیا (به دۆست و ناحهزانیشهوه) بونه‌ته ئه‌مرێکی واقیع له ژیانی سیاسی و ئابوری و کەلتوری باشور، خۆ ئه‌گه‌ر به‌و پێوه‌ره بێت کورد له راپه‌ڕینه‌وه هه‌ر له گه‌ڵ ناحه‌ز و خائین مامه‌ڵه‌ی کردوه.
له کۆتاییدا پێموایه ئه‌م سه‌رده‌مه ته‌نها سه‌رده‌می عه‌قیده‌ی نه‌ته‌وه‌ییه به شێوازه کراوه و سه‌رده‌مه‌که‌ی له گه‌ڵ پێکه‌وه‌ژیان له گه‌ڵ عه‌قیده و فکر و پێکهاته جیاکانی تردا له‌سه‌ر بنه‌ماکانی یه‌کسانی و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و رێز له سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی یه‌کتر.
|
|
|