Print
 
 پێویستمان به‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ سه‌ربازییه‌
نوسه‌ر:  د.محه‌مه‌د ئه‌مین
Sunday, July 13, 2014


به‌داخه‌وه‌ به‌رپرسه‌كانی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ له‌سه‌روبه‌ندی‌ هه‌رمه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان بیرده‌كه‌وێته‌وه‌، وه‌ك خۆده‌رخستنێك بۆ سه‌روی‌ خۆیان گوایه‌ هه‌رخۆیان رۆڵه‌ی‌ به‌وه‌فای‌ ئه‌م خاك و نیشتمانه‌ن وێنایه‌كی‌ زۆرجوان و پۆزێتیڤ ئه‌ده‌نه‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی‌ هه‌رێم، سه‌باره‌ت به‌ئاماده‌باشی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ بۆهه‌ر كاره‌ساتێكی‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو بێئه‌وه‌ی‌ راستیه‌ دڵته‌زێنه‌كان بۆسه‌روی‌ خویان بخه‌نه‌ڕو.

لای‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ ئاماده‌باشییه‌كان له ‌خۆده‌رخستن و چه‌ند كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌كانی‌ خوار خۆیان و دروستكردنی‌ چه‌ند تیمێكی‌ روكه‌ش تێناپه‌رێت، سیستمی‌ ته‌ندروستی‌ كوردستانیان ئه‌وه‌نده‌ پێشخستوه ‌و هه‌ر بریندارێك پێویستی‌ به‌چاره‌سه‌ر هه‌بێت ره‌وانه‌ی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتی‌ ئه‌كه‌ن.

له ‌به‌ڕێوه‌بردن و سیاسه‌تی‌ ته‌ندروستی هه‌ر وڵاتێكدا بابه‌تێك هه‌یه‌ به‌ناوی‌ كاره‌ساته‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كان، واته‌ كاره‌ساته‌ سروشتی‌ و ناسروشتیه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كان و ئاماده‌باشی مرۆیی‌ و پێداویستیه‌ ته‌ندروستی‌ و پزیشكیه‌كان، به‌ڵام تائێستا لای‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ بابه‌تێك به‌ناوی‌ كاره‌ساته‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كان بونی‌ نییه‌، ته‌نانه‌ت داتاییه‌كی‌ رون و ئاشكرا نییه‌ به‌خه‌زینی‌ ده‌رمان و پێداویستیه‌ پزیشكییه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی‌ نه‌خوازراو، بۆیه‌ له‌م كاتانه‌دا نه‌خۆشخانه‌كان پشت به‌خه‌زینی‌ خۆیان ئه‌به‌ستن، ئه‌و خه‌زینه‌ی‌ به‌هۆی‌ په‌یڕه‌وكردنی‌ سیاسه‌تی‌ نیمچه‌تایبه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ كه‌میكردوه‌ ته‌نانه‌ت به‌شی‌ بارودۆخی‌ ئاسایی ناكات، بۆیه‌ له‌م ساته‌وه‌خته‌دا پێویستییه‌كی‌ زۆرمان به‌ده‌رمان و پێداویستیه‌پزیشكیه‌كان ده‌بێت، ئه‌مه‌ش له ‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ بازرگانه‌كانی‌ ده‌رمان و پێداویستیه ‌پزیشكیه‌كانه‌ نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بازرگانه‌كانی‌ شه‌ڕ به‌ئاره‌زوی‌ خۆیان نرخه‌كان به‌رزئه‌كه‌نه‌وه‌ بێئه‌وه‌ی‌ كاردانه‌وه‌یه‌ك هه‌بێت له‌بری‌ لێپرسینه‌وه‌ و سزادان دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستیه‌كانی‌ سه‌ربه‌وه‌زاره‌تیش پێداویستیه‌كانیان له ‌بازرگانه‌كانی‌ شه‌ڕ ده‌كڕن، فرسه‌تی‌ واكه‌م دروست ئه‌بێت بۆ روتاندنه‌وه‌ی‌ داهاتی‌ میلله‌ت به‌شێوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌؟!

كاتی‌ خۆیه‌تی‌ بپرسم كوا خه‌زینی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌، ئایا وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ به‌خێر و سه‌ده‌قه‌ی‌ ئه‌م و ئه‌و یاخود خێروسه‌ده‌قه‌ی‌ رێكخراوی‌ ته‌ندروستی‌ جیهان ئه‌ڕوات به‌ڕێوه‌، كوا چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانی‌ ده‌رمان و ئامێر و پێداویستی‌ پزیشكی‌، كوا ئه‌و كۆمپانیا تێكه‌ڵه‌ی‌ كه‌ كه‌سایه‌تیه‌ شاره‌زاكانی‌ بواری‌ ته‌ندروستی‌ ساڵه‌های‌ ساڵه‌ پێشنیاری ده‌كه‌ن، خه‌ڵكی‌ له‌به‌ره‌ی‌ جه‌نگ شه‌هید ئه‌بێت بازرگانه‌كانی‌ شه‌ڕیش ده‌وڵه‌مه‌ند ئه‌بن! حكومه‌تیش باكی‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ كاره‌سات و شكستی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ نه‌بێت به‌چی‌ ناوی‌ ئه‌به‌یت.

به‌بۆچونی‌ من و زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌زۆری‌ پزیشكان كه‌رتی ته‌ندروستی‌ سیڤل ((مه‌ده‌نیی)) ناتوانیت وه‌ك پێویست خزمه‌ت به‌هێزه‌ چه‌كداره‌كان بكات له‌گشت ئه‌گه‌ره‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كان وه‌ك له‌ رابردودا خزمه‌تی‌ كردوه‌، كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتوه‌ راستگۆبین و هه‌ڵه‌كانی‌ رابردو دوباره‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌، بارودۆخی‌ ئێستای‌ كوردستان هه‌مان بارودۆخی‌ جاران نییه‌ گۆڕانكاری‌ زۆری‌ به‌سه‌ر هاتوه‌، ئه‌و شه‌ڕ و جه‌نگه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌ی‌ ئێستا هه‌مان شه‌ڕ و جه‌نگه‌كانی‌ پێشو نین، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا به‌ به‌رفراوانی‌ شه‌ڕ ده‌ستی‌ پێنه‌كردوه‌، به‌ڵام گشت ئه‌گه‌ره‌كان له‌ڕێگه‌دان پێویسته‌ پێش رودانی‌ كاره‌ساته‌كه‌ ئاماده‌باشی‌ بۆ بكرێت، كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتوه ‌به‌ڕاستگۆیانه‌ بڵێین پێویستمان به‌ نه‌خۆشخانه‌ و ته‌ندروستییه‌كی‌ سه‌ربازی‌ تاییبه‌ته‌ تابتوانێت وه‌ك پێویست خزمه‌ت به‌هێزه‌ چه‌كداره‌كان بكات، له‌كاتێكدا خۆمان له ‌وڵاتێكدا ژیاوین خاوه‌نی‌ ئه‌و جۆره‌ سیستمه‌بوه‌ له‌هه‌مان كات ئه‌زمونێكی‌ باشیشمان هه‌یه‌ له‌و بواره‌دا و كه‌سانی‌ زۆر شاره‌زاشمان هه‌یه‌.

یه‌كێك له‌ پرنسیپه‌كانی‌ بون به‌ده‌وڵه‌ت ته‌ندروستی‌ سه‌ربازیه‌ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ته‌ندروستی‌ مه‌ده‌نی‌، نه‌ك خه‌ڵه‌تاندنی‌ خۆمان و ده‌وروبه‌ر و سه‌روخۆمان گوایه‌ به‌كه‌رتێكی‌ ته‌ندروستی‌ سیڤیله‌وه‌ ((مه‌ده‌نیی)) ئه‌توانین خزمه‌ت به‌هێزه‌ چه‌كداره‌كان بكه‌ین له‌كاتی‌ شه‌ڕ و جه‌نگدا و دواتر بیان نێرین بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات! به‌ڵێ‌ پێویستمان به ‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ سه‌ربازیه‌، به‌ڵام چ جۆره‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌؟ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ ئێستادا به‌دیده‌كرێت ((ده‌زگای‌ ته‌ندروستی‌ پێشمه‌رگه‌ و نه‌خۆشخانه‌كانی‌ شۆڕش)) كه‌ جه‌نابی‌ وه‌زیر راسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كات! به‌ڵێ‌ راسته‌ ئه‌م نه‌خۆشخانانه‌ له‌ رابردودا خزمه‌تێكی‌ باشیكردوه‌، به‌ڵام هه‌رێمی‌ كوردستان گۆڕانكاری‌ باشی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینییوه‌ له‌بری‌ پێشخستن و به‌سیستماتیكردنی‌ ئه‌م نه‌خۆشخانانه‌وه‌ فراوانكردنی‌ بۆ گشت ناوچه‌كانی‌ تری‌ كوردستان و به‌ڕێوه‌بردنی‌ له‌لایه‌ن كه‌رتی‌ سه‌ربازیه‌وه‌، ئێستا ئیفلیج كراوه‌، ته‌نانه‌ت برینداره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ش له ‌نه‌خۆشخانه‌ سیڤیله‌كاندا چاره‌سه‌ر ده‌كرێن نه‌ك له ‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌، له‌كاتێكدا نه‌خۆشخانه‌ی‌ شۆڕش له‌ رابردودا ئه‌م ئه‌ركه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ له‌كۆڵ نه‌خۆشخانه‌ مه‌ده‌نیه‌كان كردبۆوه‌.

له ‌رابردودا زۆرجار بیر له ‌دروستكردنی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ سه‌ربازی‌ كراوه‌ته‌وه‌، كه‌م تازۆر هه‌نگاوی‌ باشیشی‌ بۆنراوه‌، هه‌نگاوه‌كانیش سه‌ركه‌وتوبون، به‌ڵام به‌هۆی‌ عه‌قڵییه‌تی‌ به‌رپرسان كه‌ عه‌قڵیه‌تێكی‌ دژ به‌سیستم و یاسابوه‌ ئه‌م هه‌وڵانه‌ له‌باربراون.

دیارترینیان نه‌خۆشخانه‌كانی‌ شۆڕش بوه‌، خزمه‌تی‌ به‌گشت هێزه‌ چه‌كداره‌كان كردوه‌ به‌بێ‌ جیاوازی‌ به‌یارمه‌تی‌ پزیشكه‌ سیڤیله‌كان، مه‌گه‌ر تاكوته‌را بریندارێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ سیڤیله‌كاندا چاره‌سه‌ركرابێ‌، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌بونی‌ چه‌نده‌ها تیمی‌ پزیشكی‌ تایبه‌ت له‌گشت به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ قوربانییه‌كان، ئه‌وكات نه‌خۆشخانه‌كه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ نیمچه‌ سه‌ربازی‌ بو، به‌ڵام كاتێك هه‌وڵی‌ جیدی‌ درا به‌گۆڕینی‌ به ‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ سه‌ربازی‌ نیزامی‌ له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ و حیزبی‌ هه‌ندێك كه‌س، ده‌زگا ته‌ندروستیه‌كه‌ به‌سه‌رگه‌ردانی‌ مایه‌وه‌ تازۆرێك له ‌پزیشك و ئه‌ندامانی‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ وازیانهێنا و گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ركه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ مه‌ده‌نی‌، ئه‌و به‌رپرسانه‌ سه‌ر به‌كوێ‌ بونایه‌ ده‌زگاكه‌یان له‌گه‌ڵ خۆیان ئه‌برد و ئه‌یانخسته‌ ژێرده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ ((رۆژێك سه‌ر به‌فه‌رمانده‌یی‌ دواتر وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌، وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، ئیداره‌ی‌ گشتی‌...هتد)).

به‌و ئاواته‌ی‌ كابینه‌ی‌ تازه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك كابینه‌كانی‌ پێشو نه‌بێت، به‌ڵكو به‌نه‌فه‌سێكی‌ تازه‌وه‌ خزمه‌ت به‌ گشت هاوڵاتی‌ سیڤیل و هێزه‌ چه‌كداره‌كان بكات، لایه‌ك پێش لاكه‌ی‌ تر نه‌خات پێویستمان به‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ سه‌ربازی‌ نیشتمانیه‌ له‌گشت شار و شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان، به‌ڵام به‌ ناوه‌رۆك سه‌ربازی‌ بێت نه‌ك به‌ڕوكه‌ش، به‌ڵێ‌ ده‌زگای‌ ته‌ندروستی‌ پێشمه‌رگه ‌و نه‌خۆشخانه‌كانی‌ شۆڕشمان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌كۆتایی‌ ساڵی‌ 2006وه‌ برینداره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌كان له ‌نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتنی‌ سلێمانی‌ چاره‌سه‌ركراون نه‌ك نه‌خۆشخانه‌ی‌ شۆڕش، كه ‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نییه‌ و زیاد له‌پێویست لۆدی‌ له‌سه‌ره‌!

وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ به‌رپرسی‌ یه‌كه‌مه‌ له‌كۆی‌ سه‌ركه‌وتن و شكسته‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تەكه ‌سه‌ركه‌وتوبێت سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ بۆ خودی‌ وه‌زیره‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه،‌ بۆیه‌ به‌باشمزانی‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بوروژێنم تا له‌داتویه‌كی‌ نزیكدا چاره‌سه‌ری‌ ئه‌م تێكه‌ڵاوییه‌ی‌ سێكته‌ری‌ ته‌ندروستی‌ گشتی‌ بكات.

به ‌حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رپرسی‌ یه‌كه‌مه‌ له‌ ته‌ندروستی‌ هاوڵاتی‌ سیڤیل و سه‌رپه‌رشتیاری‌ ده‌زگای‌ ته‌ندروستی‌ پێشمه‌رگه‌ و نه‌خۆشخانه‌كانی‌ شۆڕشیشه‌، پێمان باشه‌ به‌رچاوڕونیه‌كمان بداتێ‌ سه‌باره‌ت به ‌سیستمی‌ ته‌ندروستی‌ داهاتوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و پێشخستنی‌ بواره‌كه ‌و پاراستنی‌ ژیانی‌ هاوڵاتی‌ سیڤیل و هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌م پرسیارانه‌ی‌ لای‌ ئێمه‌ وه‌ڵامی‌ نییه‌.

- ئایا كه‌رتی ته‌ندروستی‌ سیڤل ((مه‌ده‌نیی)) ئه‌توانیت وه‌ك پێویست خزمه‌ت به‌هێزه‌ چه‌كداره‌كان بكات له‌گشت ئه‌گه‌ره‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كان، وه‌ك له‌ رابردودا خزمه‌تی‌ كردوه‌ و ‌به‌ چ یاسایه‌ك رێكخراوه‌.
- ده‌زگای‌ ته‌ندروستی‌ پێشمه‌رگه‌ و كارمه‌نده‌كانی‌ سه‌ر به‌چ وه‌زاره‌تێكن و ‌له‌كوێوه‌ موچه‌ وه‌رده‌گرن؟ ئایا ئه‌توانین ئه‌م ده‌زگایه‌ به‌ده‌زگایه‌كی‌ سه‌ربازی‌ ناوببه‌ین؟
- بۆچی‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ وه‌ك جاران برینداره‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له نه‌خۆشخانه‌كانیدا چاره‌سه‌ر ناكات و زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌زۆری‌ برینداره‌كان ره‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتنی‌ سلێمانی‌ ئه‌كرێن؟
- ئایا تیمه‌ پزیشكیه‌ تایبه‌ته‌كانی‌ جاران ماون بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ قوربانییه‌كان له‌به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ؟ له‌كاتێكدا ئه‌م تیمه‌ پزیشكیه‌ تایبه‌تانه‌ مابن وابزانم پێویست به‌تیمی‌ نه‌خۆشخانه‌ مه‌ده‌نییه‌كان ناكات!
- ئایا ئه‌وه‌نده‌ خه‌زینی‌ ده‌رمان و پێداویستی پزیشكیمان هه‌یه‌ بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی‌ نه‌خوازراوی‌ درێژخایه‌ن بێئه‌وه‌ی‌ توشی‌ كاره‌سات ببین؟
- ئایا له ‌داهاتویه‌كی‌ نزیكدا واته‌ له‌م كابینه‌ تازه‌یه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا ئه‌م ده‌زگایه‌ ئه‌چته‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ یان ئه‌خرێته‌سه‌ر وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی،‌ یاخود وه‌كو هێزه‌كانی‌ هه‌فتا راده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناكرێن و ئه‌خرێنه‌سه‌ر شوێنێكی‌ تر؟ ئایا له‌وكاته‌دا چۆن له‌ سیستمی‌ ته‌ندروستیدا جێگه‌ی ئه‌كه‌نه‌وه‌؟ ئایا به‌شێك ئه‌بن له‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ گشتی‌ یاخود كه‌رتی‌ تایبه‌ت؟
- به‌ بۆچونی‌ جه‌نابت ئه‌م نه‌خۆشخانانه‌ له‌گه‌شه‌دان یاخود به‌ره‌و ئیفلیج بون ئه‌چن؟
- چۆن بتوانرێت سود له‌م ده‌زگایه‌ بكرێت له‌كۆی‌ گشتی‌ سیستمی‌ ته‌ندروستی‌ داهاتوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان؟
- ئایا كاتی‌ ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ مه‌ده‌نی‌ و سه‌ربازی‌ جیابكریته‌وه، وه‌ك چۆن له‌ هه‌وڵدان بۆ جیاكردنه‌وه‌ی‌ كه‌رتی‌ گشتی‌ له‌كه‌رتی‌ تاییبه‌ت؟
- ئایا به‌باشتری‌ نازانیت كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ سه‌ربازی‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ ببرێت به‌ڕێوه‌ وه‌ك له‌گشت دنیادا باوه‌؟
- ئایا كاتی‌ ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌ چیتر پزیشك و كارمه‌ندی‌ سیڤیل دوربن له‌به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له ‌رابردودا ئه‌گوزه‌را؟
وه‌ڵامه‌كان هه‌رچۆنێك بن ئه‌توانم بڵێم پێویستمان به‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی‌ سه‌ربازییه‌.


* پسپۆری‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ گشتی‌
Sbeiy.com © 2007