|
په‌رله‌مان و یاسای کۆمه‌کی دارایی حیزبه‌کان |
نوسه‌ر: مه‌لا فه‌رمان
|
Wednesday, July 30, 2014 |
له 19/5/1992 واته له یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه، یاسای کۆمه‌کی دارایی حیزبه‌کان که‌وتۆته به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه، پارتی و یه‌کێتی 22 ساڵه نه‌ک کاریان نه‌کردوه بۆ ده‌رکردنی ئه‌م یاسایه، به‌ڵکه ئه‌ونده‌ی بۆیان کرابێت به‌ربه‌ستیان بۆ ده‌رکردنی ئه‌م یاسایه دروست کردوه. ئێستاش له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان بوێرانه، هه‌رزو ده‌ست بۆ ئه‌م بابه‌ته براوه، تواندراوه ههنگاویێک بنرێت و به‌رگێکی یاسایی به‌به‌ردا بکرێت، راسته کارێکی زۆر باشه ئه‌م بابه‌ته له‌به‌ر ده‌ستی حیزب ده‌رهێندراوه و له‌مه‌ودوا جۆرێ له شه‌فافیه‌ت له داهات و سه‌رفکردنی ده‌بێت، به‌ڵام یاسایه‌کی پڕ که‌موکوڕییه، هێشتا قه‌پێکی زۆر گه‌وره‌یه له قوتی خه‌ڵک و بودجه‌ی هه‌رێم دراوه. حیسابکردنی کورسی په‌رله‌مان له خوله‌کانی پێشوی په‌رله‌مان جگه له گاڵته‌کردن به هه‌ستی خه‌ڵک و هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی به‌ربه‌ست بۆ ده‌رکردنی ئه‌م یاسایه هیچی تر نیه! ده‌بو لێی بێده‌نگ نه‌بونایا و هه‌ر له‌یه‌که‌م هه‌نگاودا شه‌قامی لێ ئاگادار بکرایاته‌وه.
له‌به‌رئه‌وه‌ی سیسته‌می حوکمڕانی له‌م هه‌رێمه به‌تایبه‌تی جومگه گرنگه‌کانی جگه له حوکڕانی فه‌له‌ستین و حیزبه‌کانی ئه‌وێ له هیچ سیسته‌میکی ئه‌م دونیایه ناچێت، زۆر قورسه یاسای کۆمه‌کی حیزبی وڵاتێک بکه‌یته پێوه‌ر و کاری له‌سه‌ر بکه‌یت. بۆیه له‌م باره‌وه درێژه‌دان به‌م بابه‌ته به زیاده ده‌زانم، نامه‌وێت ئه‌م بابه‌ته دوباره بکه‌مه‌وه، له‌م باره‌وه بڕوانه ئه‌م لینکه، که له 23/4/2010 بڵاوم کردۆته‌وه و وه‌ک پرۆژه‌یه‌کیش داومه به په‌رله‌مان.
بودجه‌ی پارته سیاسییه‌کان
http://sbeiy.com/article_detail.aspx?ArticleID=2991&AuthorID=47
قه‌په گه‌وره‌که به ژماره
یاسای ژماره ( 1 ) ساڵی 2013، یاسای بودجه‌ی گشتی هه‌رێمی کوردستان – بۆ ساڵی 2013
به‌شی یه‌که‌م، داهاته‌کان، ( 15257849000000 ) پانزه تریلیۆن و دوسه‌د و په‌نجا و حه‌وت ملیار و هه‌شت سه‌د و چل و نۆ ملیۆن دینار)، بودجه‌ی خهمڵێندارو. به دۆلاری ئه‌مەریکی ده‌کاته 12404755258 دوازده ملیار و چوارسه‌د و چوار ملیۆن و حه‌وسه‌د و په‌نجا و پینچ هه‌زار و دو سه‌د و په‌نجا و هه‌شتا دۆلار.
هاوکاری حیزبه‌کان له 2013
146341463 سه‌د و چل و شه‌ش ملیۆن و سێ سه‌د و چل و یه‌ک هه‌زار و چوار سه‌دو شه‌ست و سێ دۆلار. ده‌کاته رێژه‌ی 1.2 % بودجه‌ی گشتی هه‌رێم.
به‌پێی ئه‌م یاسا نوێیه ( کۆمه‌کی دارایی حیزبه‌کان) ده‌کاته؛ 124047553سه‌دوبیست و چوار ملیۆن و چل و حه‌وت هه‌زار و پێنج سه‌د و په‌نجا وسێ دۆلار.
ده‌کاته رێژه‌ی 1% بودجه‌ی گشتی هه‌رێمی کوردستان.
جیاوازی
146341463 - 124047553 = 22293911 دۆلار ( بیست و دو ملیۆن و دوسهدونهوهد و سێ هه‌زار و نۆسه‌دو یازده).
واته به‌پێی ئه‌م یاسا نوێیه 22293911 دۆلار (بیست و دو ملیۆن و دوسه‌دو نه‌وه‌د سێ دۆلار و نۆسه‌دو یازده) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بودجه‌ی هه‌رێم. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا قهپهکه هێشتا زۆر گه‌وره‌یه. لێره‌دا جێی خۆیه‌تی هاوڵاتی بپرسێت، ئه‌رێ به‌ر له 2013 ئه‌م بابه‌ته چۆن بوه؟ کۆی ئه‌و بڕه پاره‌یه چه‌نده له 21 ساڵی رابردودا؟.
پێشنیار ده‌که‌م
0.2% بودجه‌ی هه‌رێم بۆ کۆمه‌کی حیزبه‌کان ته‌رخان بکرێت، ساڵانه ده‌کاته : 24809511 دۆلار (بیست چوار ملیۆن و...)
ئه‌م بڕه پاره‌یه به‌گوێره‌ی ژماره‌ی ئێستای کورسیه‌کانی په‌رله‌مان دابه‌ش بکرێت.
داهات و خه‌رجی حیزبه‌کان له‌ژێر چاودێری لیژنه‌ی وه‌زاره‌تی داراییدا بێت.
مه‌به‌ست له‌م یاسایه هه‌وڵدانه بۆ به‌ره‌وپێشچونی گه‌نجان و پرۆسه‌ی ژیانی دیموکراتی، بۆیه پێویسته حیزبه‌کان رێژه‌یه‌کی به‌رچاوی ئه‌م کۆمه‌که بۆ ئه‌م بواره خه‌رج بکه‌ن و حکومه‌تیش لێی ئاگادار بێت.
بۆ ئه‌و حیزبانه‌ی له په‌رله‌مان کورسیان نیه، ده‌کرێت له یاسای رێکخراوه‌کان له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری کۆمه‌کی دارایی بکرێن.
ئه‌وه‌نده‌ی بکرێت کۆمه‌کی دارایی حیزب که‌م بکرێته‌وه، چونکه ده‌وڵه‌مه‌ندبونی حیزب وه‌ک له رابردو بینیمان له کوردستان نه‌ک هه‌ر کۆسپی بۆ پرۆسه‌ی دیموکراتی و سیاسی هه‌رێمی دروست کردوه، به‌ڵکه زۆرجار کاره‌ساتی گه‌وره‌ی به‌دوادا هاتوه، شه‌ڕی ناوخۆ به نمونه. نمونه ساده‌کانی وه‌ک کڕینی ویژدان و ده‌نگی تاکی ده‌نگده‌ر، فریودان و گه‌وجاندنی ده‌نگده‌ر و چه‌واشه‌کردنی راستیه‌کان به‌هۆی مه‌کینه‌ی راگه‌یاندنه حیزبیه‌کانه‌وه، به‌تایبه‌تی به‌هۆی پاره‌داری و هێزداری پارتی و یه‌کێتییه‌وه. بۆیه، هه‌قه په‌رله‌مانتاران و کادره‌کانی ئه‌م دو حیزبه له هه‌مو که‌س زیاتر کار بۆ هینانه‌دی ئه‌م یاسایه بکه‌ن، چونکه زۆربه‌یان نه‌ک هه‌ر نادادپهروهریهکانیان بینه‌وه، به‌ڵکو به‌رامبه‌ر به خۆیان کراوه. جگه له‌مانه‌ش کۆتایی به حیزبی موچه و مۆچهخۆر دێت و حیزبایه‌تی رێچکه‌ی سه‌رده‌میانه‌ی خۆی ده‌گرێت.
له کۆتاییدا ده‌ڵێم "ده‌ستان خۆش بۆ ئه‌و هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه زۆر بچوکه، چاوه‌ڕوان ده‌که‌م له ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا ئه‌م یاسایه هه‌موار بکه‌نه‌وه و رێژه‌ی کۆمه‌کی حیزبان بکه‌نه 0.2 % ). |
|
|