Print
 
 وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ چی‌ بكات؟
نوسه‌ر:  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
Tuesday, August 5, 2014

له‌ به‌رده‌م بارودۆخێكداین، ده‌بێت ده‌ستوپه‌نجه‌ی‌ له‌ گه‌ڵ نه‌رم بكه‌ین، بارودۆخێك پێویستی‌ به‌ پشودرێژی‌ و هه‌ندێك خۆگردكردنه‌وه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ تێیپه‌ڕێنین، له‌دوای‌ بڕینی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ به‌غداوه‌ دۆخه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و موچه‌خۆرانی‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ قورس بوه‌، راستی‌ له‌ رابردودا هیچ به‌رنامه‌یه‌ك نه‌بوه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تێكی‌ رێك و ته‌ندروست دروست بكه‌ین، حكومه‌تێكی‌ ته‌خشان و په‌خشانكه‌ر و ده‌ستبڵاو و بێبه‌رنامه‌مان هه‌بوه‌، ئه‌وه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ بۆ كڕینی‌ خه‌ڵك، بۆ جۆرێك له‌ رامكردن، بۆئه‌وه‌ی‌ من پێشتر ناوم ناوه‌، سۆسیالی‌ به‌ تڕومنه‌ت، بۆئه‌وه‌ی‌ له‌ بری‌ مرۆڤی‌ ئازاد كۆیله‌ی‌ ئیدۆلۆژی‌ دروست بكرێت، به‌ بڕینه‌وه‌ی‌ موچه‌ خه‌ڵكی‌ كه‌وی‌ كراوه‌، ئه‌وه‌ش وای‌ كردوه‌ هه‌مومان وه‌كو ئه‌و به‌چكه‌ چۆله‌كانه‌مان لێبێت كه‌ ده‌نوكیان بۆ دایكه‌كه‌یان ده‌كه‌ن به‌ حه‌وادا و پێكه‌وه‌ هه‌مویان ده‌ڵێن بێنه‌، سیاسه‌تی‌ دارایی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ساڵانی‌ رابردودا، نه‌ك هه‌ر سیاسه‌تێكی‌ حیزبی‌ زۆر خراپ بوه‌، بگره‌ سیاسه‌تی‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ئابوری‌ كوردستانیش بوه‌، ئه‌وه‌ جگه‌له‌وه‌ی‌ له‌په‌نای‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌یه‌وه‌، سه‌دان ملوێنێر و ملیاردێری‌ ته‌وه‌زه‌ل و هیچ له‌بارا نه‌بو دروست بون، هه‌روه‌ها دۆخێكیش ره‌خسا كه‌ فه‌رمانده‌ی‌ سه‌ربازی‌ و براو كه‌س و كاری‌ وه‌زیرو خزم و دۆستی‌ پارله‌مانتار و كه‌سوكاری‌ نزیكی‌ مه‌كته‌ب سیاسی‌ حیزبه‌ سه‌ره‌كیه‌كان ببنه‌ بازرگان و خاوه‌ن كۆمپانیا و مشه‌خۆری‌ سه‌ر لاشه‌ی‌ دارایی‌ حكومه‌ت و گه‌نده‌ڵی‌ بگاته‌ ئاستێكی‌ زۆر ترسناك، له‌ راستیدا له‌م دۆخه‌دا هه‌نگاو به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌نرێت، له‌ كاتێكا وه‌ك وتم بودجه‌ له‌ به‌غداوه‌ نایه‌ت.

داعش جموجۆڵی‌ بازرگانی‌ به‌ راده‌یه‌كی‌ به‌رچاو په‌ك خستوه‌. ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی‌ كوردستان له‌ بری‌ پاره‌ له‌ بانكه‌كان دابنه‌ن خۆیان وته‌نی‌ له‌ناو موجه‌میده‌ی‌ ژێر زه‌مینه‌كاندا دایده‌نه‌ن.

نه‌وتی‌ كوردستان وه‌ك پێویست بۆشاییه‌كه‌ پڕ ناكاته‌وه ‌و تاكه‌ ئومێدیشه‌ بۆ چاره‌سه‌ر قه‌یرانه‌كه‌، ئه‌مه‌ له‌ عێراقیش هه‌ر وایه ‌و نزیكه‌ی‌ 95%ی‌ داهاتی‌ وڵات پشتی‌ به‌ نه‌وت به‌ستوه ‌و هه‌مو حكومه‌ت چاوی‌ له‌ ده‌ستی‌ وه‌زاره‌تی‌ نه‌وته‌.

ده‌روازه‌ گومرگیه‌كان به‌ راده‌یه‌كی‌ به‌ر چاو په‌كیان كه‌وتوه‌، كوردستان هیچ كارگه‌ و كارخانه‌ و مانیفاكتۆرێكی‌ پێشكه‌وتوی‌ به‌رهه‌مهێنی‌ نیه‌، كه‌رتی‌ گه‌شتوگوزار له‌ ئاستێكی‌ زۆر خراپدایه‌ و ناتوانێ‌ چاره‌سه‌ری‌ كه‌مترین كێشه‌ بكات، سیستمی‌ باج و زه‌ریبه‌ زۆر ناڕێك و ناقۆڵایه‌ و هه‌ندێ‌جار له‌ خزمه‌تی‌ ده‌وڵەمه‌ندكردنی‌ زیاتری‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندایه‌.

له‌م دۆخه‌دا وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ چی‌ بكات؟
ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌یه‌ كه‌ هه‌مومان ده‌یكه‌ین، چونكه‌ به‌رده‌وام موچه‌ دوا ده‌كه‌وێت، كه‌رتی‌ پڕۆژه‌كان تا راده‌یه‌كی‌ زۆر وه‌ستاوه‌، چالاكیه‌ جۆراوجۆره‌كان په‌كیان كه‌وتوه‌ هه‌یه‌ و نیه‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان هه‌یه‌ "كه‌ من هه‌ر كاتی‌ خۆی‌ ناوم ناوه‌ وه‌زاره‌تی‌ كاره‌ساته‌ سروشتیه‌كان" ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌و گرفتی‌ هه‌یه‌، له‌ چۆنێتی‌ گرێبه‌سته‌كان، هێنانی‌ كۆمپانیاكانی‌ نه‌وت، پرسی‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ داهات و تادوای‌، له‌سه‌رو هه‌مو شیانه‌وه‌  كێشه‌ی‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ له‌ گه‌ڵ به‌غدا كه‌ من لاموایه‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ بیانویه‌كی‌ باشی‌ داوه‌ته‌ ده‌ست به‌غداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم ببڕێت، بۆیه‌ ئه‌ركی‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ بۆ دابین كردنی‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم قورس ده‌بێت و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ری‌ سه‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌ركه‌كانی‌، ئه‌گه‌رچی‌ حكومه‌تی‌ عێراق خۆی‌ له‌بیانو بو، به‌ڵام كاره‌كانی‌ ئه‌م وه‌زاره‌ته‌و چه‌ندین هه‌نگاوی‌ تر بیانوه‌كه‌یان دایه‌ ده‌سته‌وه‌.

وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ ناچاره‌ له‌ دۆخی‌ ئاوادا چاوی‌ له‌ داهاته‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان بێت، ئه‌مه‌ش نه‌عه‌یبه‌ و نه‌ عار، خۆ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ مه‌ریخه‌وه‌ پاره‌ نایه‌نێ‌، پاره‌كه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌ موڵكی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌و هی‌ نه‌وتی‌ خاكی‌ كوردستانه‌، بۆ من جێگه‌ی‌ شه‌رمه‌ له‌بری‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ چاره‌سه‌ری‌ پێكه‌وه‌یی‌ ئه‌م كاره‌ ئێستا ئیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت چۆن یه‌كتربشكێنن.

ئه‌گه‌ر بڕیاره‌ ئه‌م دۆخه‌ تێپه‌ڕێنین، پێویسته‌ به‌ خێرایی‌ سیسته‌می‌ باج و زه‌ریبه‌ رێكبخرێت و ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان ناچاری‌ ئه‌وه‌ بكرێن كه‌ وه‌ك پێویست باج و زه‌ریبه‌ بده‌ن، هه‌روه‌ها بایه‌خ به‌ كه‌رتی‌ گه‌شتوگوزار بدرێت، ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی‌ لای‌ سه‌رمایه‌داره‌كان به‌ وشكی‌ هه‌ڵگیراون، وا بكرێت بگێڕدرێنه‌وه‌ بانكه‌كان و متمانه‌ بۆ بانكه‌ كان دروست بكرێت، ناكرێ‌ به‌ ملیاره‌ها دینار و دۆلار له‌ناو ماڵه‌كان و لای‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بن و بانكه‌كانیش وه‌ك له‌پی‌ ده‌ست خاڵی‌ بن، بۆ ئه‌مه‌ پێویسته ‌بیر له‌ رێگایه‌ك بكرێته‌وه‌، رێگایه‌ك كه‌ لانی‌ كه‌م چاره‌سه‌رێكی‌ كاتی‌ بۆ قه‌یرانه‌كه‌ دابنێت تا ئه‌وه‌ی‌ ده‌گه‌ینه‌ كه‌نارێكی‌ ئارامتر.
Sbeiy.com © 2007