Print
 
 شەنگال لەنێوان بێباکی و داکۆکی و ناکۆکیدا
نوسه‌ر:  مەحمود عەبدوڵا
Sunday, August 10, 2014
هێزە کوردییەکان هەمیشە ناکۆکیان زیاتر بوە لەداکۆکی لەسەر خاکی کوردستان، مەخابن ئێزیدیەکان بونە قوربانی ناکۆکی و بێباکی.

ئێزیدیەکان هەمیشە ستەمیان لێکراوە، هەر لەکۆنەوە ئەم کەمایەتییە ئاینییە مەترسی پەلاماردان و کۆمەڵکوژییان لەسەر بوە، هەر لەگەڵ هاتنی سوپای ئیسلام و پاشان لەسەردەمی خەلافەتی عوسمانیدا هەوڵدراوە لەبۆتەی ئاینی ئیسلامدا بتوێنرێنەوە. ئێزیدییەکان دو بەرابەری دانیشتوانی تری کوردستان مەترسییان لەسەرە لەهەر پەلاماردانێکی داگیرکەران بۆ سەر خاکی کوردستان، ئەمەش لەبەرئەوەی هەم کوردن و هەم ئاینی تایبەت بەخۆیان هەیە، بۆیە ئەوان دوجار روبەڕوی مەترسی دەبنەوە. داگیرکەرانی کوردستان جارێک بەهۆی رەگەزپەرستی و جارێک بەهۆی توندڕەوی ئاینی بونە هۆی مەترسییەکی گەورە بۆسەر ئێزیدیەکان؛ کە پێویست بەدەسەڵاتی کوردی بایەخێکی زیاتری بە ئێزیدیەکان و ناوچەی شەنگال و شێخان بدایە دەسەڵاتێک روداوە مێژوییەکانی ئەم ناوچەیەی لەبەر چاوبێت چۆن وا بەئاسانی دەرگا بۆ گروپێکی توندڕەوی وەک داعش واڵا دەکات؟! ناوچەی شەنگال لەمێژودا چەندینجار داگیر کراوە لەمێژودا دیارە ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگە و لەزۆربەی پەلامارەکاندا کەوتۆتە بەر شاڵاوی داگیرکەران هەر لەسەردەمی ئاشوری و میتانی تا سەردەمی فەتحی ئیسلام و دواجار پەلاماری داعش.

دیارە پەلامارەکان لەقۆناغە جیاوازەکانی مێژودا دو ئامانجیان هەبوە، یەکەم لەبەر گرنگی ناوچەکە کە باشوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە و دوەم بەمەبەستی لەناوبردنی ئاینی ئێزیدیەکان و توانەوەیان لەناو ئاینی ئیسلامدا، کە ئەمەیان لەسەرەتای هاتنی سوپای ئیسلامەوە دەست پێدەکات تا رۆژگاری ئەمڕۆ.

ئەگەرچی لەڕابردودا ئێزیدیەکان خۆیان بەرگرییان لەناوچەکەی خۆیان کردوە و چیای شەنگال هەمیشە پەناو پشتیوانیان بوە بۆ رزگاربون و مانەوەیان و هەروەها بۆ بەرگریکردن، کە هەمیشە مێژوی ئێزیدیەکان پڕە لە نەبەردی و سەربەرزی ئەوان، تەنانەت ئامادە نەبون ببن بەسەربازیش بۆ سوپای بێگانە مەگەر بەزۆری زۆرداری. جا ئەگەر ئێزیدیەکان بەرلەوەی هەرێمی کوردستان دەسەڵات و حکومەتی هەبوبێت چیای شەنگال پشتیوانیان بوبێت، ئەوا لەسەردەمی دەسەڵاتی کوردیشدا هەر پەنایان بۆ چیای شەنگال بردەوە! ئیتر دەوڵەت و دەسەڵات چ واتایەکی هەیە بۆ ئێزیدیەکان؟

لێرەدا من دەپرسم بۆچی هێزی پێشمەرگە بەرگری لەو ناوچەیە نەکرد؟ ئایا توانای روبەڕوبونەوەی نەبو لەگەڵ چەکدارانی داعش؟ ئەی بۆچی لەناوچەکانی تر توانایان هەیە؟ یان شەنگال هێندەی ناوچەکانی دیکە گرنگ نییە، ئایا بۆ دەسەڵات هاوڵاتیان و ئاسایشی هاوڵاتیان گرنگە یان شتێکی دیکە؟

من گومانم نییە لەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان توانای پاراستنی ئەم ناوچەیەی هەبو، بەڵام گومانم هەیە لەپاشەکشەی هێزی پێشمەرگە.

کێ بەرپرسیارە لەوەی لەشەنگال رودەدات؟ پێموایە هەمومان بەرپرسین بەڵام بەپلەی یەکەم فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە. دەبوایە بەپشتبەستن بەمێژو و جوگرافیای ناوچەی شەنگال گرنگییەکی زۆری بەو ناوچەیەدابایە و ئەو چەکە قورسەی باسیدەکرد بەشێکی بۆ ئەو ناوچەیە دانرابایە. ئاخر بە بیری کێ دەهات پێشمەرگە لەشەنگال بەرگری نەکات؟! بەڕاستی دەرکەوت کە هیچ ستراتیژێکی گرنگ نییە لەم هەرێمە کە هاوڵاتیان دڵنیابن لە داهاتوی خۆیان. لەلایەکی دیکەوە دەوترێت تاکتیکە، بەڵام بەڕەچاوکردنی ئەوەی لەسەرەتادا باسمانکرد ئەمە تاکتیک نییە، چونکە تاکتیک لەپێناو زیانگەیاندنە بەدوژمن نەک بە پێچەوانەوە. گیان و سەرو ماڵی هاوڵاتیان بخەیتە مەترسییەوە و بیخەیتە دەست قەدەر ئەمە چ تاکتیکێکی سەربازییە. لەلایەکی ترەوە ئەگەر سەرۆکی هەرێم دەزانێت توانای پاراستنی شەنگالیان نییە، بۆچی رێگەی نەدا زو هێزەکانی (یەپەگە و پەکەکە) بێن ئەم ناوچەیە بپارێزن؟!

دوای سەرۆکی هەرێم، وەزیری پێشمەرگە بەرپرسیارە لەم روداوە و پاشان ئەو فەرماندەیەی بەرپرسی پاراستنی ئەم ناوچەیە بوە.

لەڕوی یاساییەوە ئەمانە بەرپرسیارن. پاشان پێویستە پرسیارێک لەو رۆشنبیرو حیزبیانە بکەین کە هەمیشە لەشاشەی تیڤیەکانەوە خەڵکی کوردستان دڵنیادەکەنەوە کە دنیا شامی شەریفە و دەسەڵاتێکمان هەیە لەکەم شوێنی دنیا هەیە، ئەرێ لەسەر چ بنەمایەک هاوڵاتیان دڵنیابن؟ ئەوەی لە شەنگال رودەدات هەمان شت نییە کە لەبەهاری (١٩٩١) گەلی کورد دوچاری بۆوە، کە رێکخراوەکانی جیهان خۆراکیان بۆ خەڵک دەهێناو بە فڕۆکە ئەوکات حکومەتمان نەبو ئێستا چی؟ ئایا ئەم وڵاتە ئەوەندە هەژارو بێدەرەتانە کە داوا لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات هاوکاری خەڵکی شەنگال بکەن؟ ئیتر سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی بەمن چی؟ چاودێری سیاسی و رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی و پەرلەمان و چاودێری سیاسی بەمن چی. بۆچی کەس پێشبینی نەدەکرد چی بەسەر شەنگال دێت.

ئەرێ ئەم نوسینەی من بەتۆچی؟ مەخابن! ئێمە هەر دوای روداو دەتوانین شیکردنەوە بۆ روداو بکەین و پێشبینیمان پاش بینینە.

داوای لێبوردن دەکەم ئێزیدیەکانی یەزدان، لەبەر ئەم هەمو گەشبینییەی دەسەڵات پێمانیدا، نەمتوانی پێش ئەوەی هاواری ئێوە ببیستم نەمتوانی گوێی ئەم دەسەڵاتە بزرینگێنمەوەو بڵێم: بڕۆن بۆ شەنگال (جیلوە) بپارێزن (مسحەفاڕەش) بپارێزن*.

* مسحەفاڕەش و جیلوە دو کتێبی ئاینی ئێزیدیەکانن.
Sbeiy.com © 2007