Print
 
 داعش بۆ روی لە کوردستان کرد
نوسه‌ر:  مه‌لا فه‌رمان
Saturday, August 16, 2014
داعش چه‌که‌کانی فیرقه‌ی 17 له‌شکری سوریا،  له‌ موسڵ و تکریت و دیالەش چه‌کی 3 فیرقه‌ی سه‌ربازی و چەندین لیوای که‌وته‌ ده‌ست. له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا ده‌ستی به‌سه‌ر زه‌ویه‌کی زۆردا گرت: پارێزگاکانی رومادی، دیالا، سه‌لاح الدین، به‌شێ له‌ پارێزگای که‌رکوک و پارێزگای موسل و روی لە بەغدا کرد. له‌م ناوچانه‌ هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی سامانی سروشتی ده‌وڵه‌مه‌ند که‌وته‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی. که‌واته‌ تائێره‌ توانی ببێته‌ خاوه‌نی ئه‌و فاکتەرانەی بتوانێت لەسەر پێێ خۆی بوەستێ؛ لەو  فاکته‌ره‌ گرنگانه‌ : 1- خاک 2- خه‌ڵک و ئاوه‌دانی و هێزێکی مرۆیی باش 3- چه‌ک 4- ئابوریه‌کی به‌هێز و سه‌رچاوه‌ی ئاو. بۆ لایەنی بەرامبەریش شەڕێکی پێشوەختی دەرونی زۆر گەورەی ترسناکی دەست پێکرد. ئەوەی لەم وڵاتە دەستی کەوت و بۆی لوا، نە لە ئەفغانستان، نە لە یەمەن و نە لەهیچ وڵاتێکی تر دەسستی نەکەوتوە. بۆ لێرە؟ ئەمەش پرسیارە هەرە گەورەکەیە.

وا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌م هێزه‌ زۆری پێخۆشبێت به‌ رۆژی روناک ته‌حه‌دای نه‌یاره‌کانی بکات و زۆر زو ده‌رکه‌وێت و به‌رامبه‌ر لێی بترسێ. تەحەدا و دەرکەوتن و ناو دەرکردن بە گرتنی پایتەخت دەردەکەوێ، هۆلاکۆ بە گرتنی بەغدا ناوی دەرکردو بەو شێوەیە چوە مێژوەوە، بەڵام داعش پشتی لە بەغدا کرد و روی کردە هەرێمی کوردستان، لە کوردستانیش روی کردە هەردو سنوری تورکیا و ئێران. لە سوریاش ئەوەندەی روی لە کۆبانی کرد ئەوەندە روی لە دیمەشق نەکرد. بۆ؟ ئەمەش پرسیارێکی ترە. دەبوایا هەرزو سەرکردایەتی کورد وەڵامەکەی لابوایا.

سەرکردایەتی کورد بە تایبەتی ناوەندەکانی بڕیار بەر لە هاتنی داعش بە چەند مانگێک ئاگاداری حکومەتی عێراقیان کردۆتەوە لە هاتن و خەتەری ئەم هێزە، بەڵام بەغدا بە هەندی وەرنەگرتوە.

دەپرسم، تۆ بڵێی بەغدا ئاگادار نەبوبێت؟ یان ئاگادار کرایەوە بۆ هەنگاوی نەنا، بۆ خەڵکەکە و سوپای توشی ئەو دەردەسەری و شکستە گەورەیە کرد. دەربارەی هەرێمی کوردستانیش، بۆ سەرکردایەتی کورد بۆ خۆی بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و هێزەکەی چارەسەری پێشوەختی نەدۆزیەوە؟. دوای هاتنی داعشیش، چۆن چەکەکانی سوپای عێراق کەوتە دەست ئەوان بە هەمان شێوەش کەوتە دەست هێزی پێشمەرگەی کوردستان. کەواتە لە روی ژمارە و چەک و باری جوگرافی، راهێنان ... تاد، لە قازانجی سەرکردایەتی کورد بو، بەڵام هاوکێشەکە بە جۆرێکی تر کەوتەوە، بۆ....؟ ئەمەش پرسیارێکی ترە.

ئەمانە و دەیان پرسیاری تر جێی ئەوەیە بکرێن و وەڵام بدرێنەوە، بەڵام باشتروایە لای خۆمان تۆماری بکەین و هەڵیانگرین بۆ سبەیەکی نزیک.

ئێستا، زۆرن ئەوانەی ویژدانیان جوڵاوە و بە دەنگمانەوە دێن، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش بڕیاری خۆیدا. کاتی ئەوە هاتوە خۆمان هەنگاو بنێین و پارتی و یەکێتی پێویستە دڵی ئەو دۆستانە نەشکێنن و چیتر میلەت و ئەوانیش خەجاڵەت نەکەن. بۆیە دەبێت هەرچی زوە:
١- هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەک خەن. کۆتایی بە ٧٠ و ٨٠ بێنن.
٢- ئەو چەک و هاوکاریانەی دێنە کوردستان بدرێنە وەزارەتی پێشمەرگە. چونکە زۆر خەتەرە بکەونە دەست حیزب.
٣ - دورخستنەوەی سەرکردە حیزبیەکان لە فەرماندەکردن و دەرخستنی سەر تەلەفزیۆن. بواردان بەو گەنجانەی کۆلیژە سەربازیەکانیان تەواوکردوە.

وەزارەتی پێشمەرگە

کاتی ئەوە هاتوە، پەیامە گرنگەکەی بزوتنەوەی گۆڕان و هەمو دڵسۆزانی میلەت لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە نیشتمانی کردنی ئەو هێزە بە کردەوە جێبەجێ بکرێت. چونکە ئەوەی تائێرە رویداوە باجی سیاسەتی چەوت و میراتەی حیزبیە، بە داخەوە تا ئێستاش لە زاخۆ وە تا خانەقین پیادە دەکرێت و بە بەردەوامیش زیانمان لێدەدات و بە رونی پێمانەوە دیارە، بۆیە چارەسەری ئەم دەردە لە مێژینەیە لە ئەستۆی وەزارەتی پێشمەرگەیە. بەڵێ زۆر قورسە، خۆ هەڵکردنی مەیدانی و پشتیوانی گشتی دەوێ، دەبێت دەست پێبکەین. ئەگەر نا پێویستە  بۆ ئەم ئەرکە و وەڵامی پرسیارەکان شەقامی بۆ بجوڵێ. چونکە:
 داعش و نەیارانمان هەولێریان مەبەستە نەک بەغدا.
Sbeiy.com © 2007